. . . .


9 Dec 2014

سمینارێک لە ژێر ناوی داوای بە پەلە بۆ یارمەتی بۆ کوردستان لە لەندەن ?


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: دوێنی دووشەممە ڕێکەوتی ٨ی دێسامبری ٢٠١٤ی زایینی، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بریتانیا، کۆبوونەوەەکی بۆ ئەو کەسایەتی و پەیامنێرانە ساز کرد کە لە دوای هێرشی تاقمی تێرۆریستی داعش بۆ سەر باشوور و خۆرئاوای کوردستان و ئاوارە و پەڕیوەبوونی خەڵکێکی زۆر و هەڵکەندیان لە ماڵ و زیدی خۆیان، سەردانی باشووری کوردستان کردبوو. ئەو سمینارە لە یەکێک لە هۆڵەکانی پارلەمانی بریتانیا ڕێکخرا و جگە لە ئەو کەسانەی کە بۆ سمینارەکە بانگهێشت کرابوو، دەیان کەس لە سیاسەتوان، پارلەمانتار و کەسایەتیییە سیاسییەکانی بریتانیا بەشدار بوون.
لە سەرەتای سمینارەکە دا بەڕێز بەیان سامی عەبدوولڕەحمان،ی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بریتانیا، لە وتەیەک دا سپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە بە دەنگ خەڵکی کوردستانەوە چوون و هاوکاری و هاودەردی لایەن و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانی بەرز نرخاند. بەڕیزیان ئاماژەی بەوە دا کە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری کۆمپانییەکی خێزخواز، ژمارە حسابێکی بانکییان لە وڵاتی بریتانیا کردووەتەوە کە تایبەتە بە گەیاندنی هاریکار بۆ ئاوارەکانی کوردستان و ناردنی پوڵ و هاوکاری دارایی بۆ دابین کردنی کەل و پەل و پێداویستیی ئاوارەکان.
پانێلگێڕ و وتەبێژانی ئەو سمینارە، ئەو کەسانەی بوون کە سەردانی کودستانیان کردبوو و لە نزیکەوە لەگەڵ کارەساتی ئاواریی و نەهامەتییەکانی پاش هێرشی تاقمی تیرۆریستی داعش بۆ سەر باشوور و خۆرئاوای کوردستان ئاشنا ببوون و فیلم و دێکۆمێنت و بەڵگەنامەی تایبەت بەو دۆخەی ئێستای کوردستانیان لەگەڵ خۆیان هێنابووە. پیویست بە ئاماژەیە کە چەند گرتە ڤیدیوییەک لەو سمینارە دا نیشانی ئامادەبووان درا کە باسی لە دۆخی نالەباری ئاوارەکان بە گشتی دەکرد. ئەوە جگە لەوەی چەند گێرانەوە و وتووێژێک کە لەگەڵ ئاوارەکان ئامادە کرابوون و ئاماژەیەکی راستەخۆ بوون بەو کارەساتەی کە بە هۆی هێرشی ئەو تاقمە توندرەوە ئیسلامییەوە یەخەی خەڵکی کوردستانی گرتووە، خرایە بەردیدەی ئامادە بووان، کە بووە هۆی دڵگرانی بەشدارانی سمینارەکە.
لە پەڕاوێزی ئەو سمینارە دا بەڕێز مەولوود سوارە نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بریتانیا کە بۆ سمینارەکە بانگهێشت کرابوو، لەو هەلە کەڵکی وەرگرت مێزێکی تایبەت بەو بەڵگەنامە و ڕاگەیاندراو، بەیاننامە، نامەی پشتیوانی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکارتی کوردستانی کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا سەبارەت بەو زینداییە سیاسییە کوردانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەوە زیاتر لە ١٩ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، بڵاو کراونتەوە ئامادە کردبوو کە بووە جێی سەرنجی ئامادە بووانی ئەو سمینارە. بەڕیز سوارە بە بڵاو کردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە کە بە زمانی ئینگلیسی ئامادە کرابوون بە سەر بەشدارانی سمینارەکە دا دابەش کرد، ئەوە جگە لەوەی کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ چەندین کەسایەتی سیاسی، ئەندام پارلەمان، لۆرد و ڕۆژنامە نووس دا قسەی کرد و بارودۆخی نالەباری ئەو بەندکراوانە و هەموو زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە چاڵە ڕەشەکانی ڕژیمی ئیسلامی دا دەستبەسەرن بۆ شی کردنەوە و دەنگی مەزڵوومییەتی ئەو بەندکراوانەی بە گوێیان گەیاند. لە ناو ئەو کەسانە دا کە نوێنەری حیزب لە بریتانیا قسەی لەگەڵ کردن دەکرێ ئاماژە بە بەڕیزان: بارۆنێس نیکۆلسۆن وینتەر بۆڕن، بۆب سی وورد- ئەندام پارلەمان لە حیزبی کۆنسێرواتیڤ، خاتوو سالیی ویلیامز لە ڕۆژنامەی دەیلی تێلێگراف بکرێ.
پێویست بە ئاماژەیە کە بەڕیز گاری کێنت بەرپرسی کومیتەی پارلەمانتارانی پارلەمانی بریتانیا بۆ کاروباری کوردستان بەڕێوەبەری سمینارەکە بوو.

نوێنەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان- بریتانیا

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 511 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact