. . . .


1 Dec 2014

بەڕێوەچوونی سمینارێک لە ژێر ناوی " سڵامەتی دەروونی ژنان " لە لایەن ی?


ناوەندی هەواڵ- سوید: رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٩ی نوامبر یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان سێمینارێکی لە ژێر ناوی " سڵامەتی دەروونی ژنان" بۆ بە ئاگا کردنەوەی ئەندامانی خۆی لە سەر بار و دۆخی ژنانی کوردستان و بەتایبەتی ژنانی ئاوارە بوو لە ماڵ و نیشتەجێ لە کەمپەکان پێک هێنا.
بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە سێ خاتوونی شارەزا لەو بوارە دا، بەڕیزان: کەژاڵ ئەحمەدی سێلمانی ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی، زێنەب کاواک ناسراو بە هێڤی ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و دوکتور سۆزان فەتحی کردبوو کە هەرسێ خاتوون بەشێوەی جیاواز و ڕاستەو خۆ پێوندیان لەگەڵ بەشێک لە ئاوارەکان هەبووە.
سەرەتا لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامە و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان خاتوو سکاڵا حەکیمزادە یەک خولەک بێدەنگی و هاو کات هەڵکردنی مۆم لە لایەن بەشدار بووان بۆ گیانی قوربانیانی توندوتیژی و بەتایبەتی ئەو ژنانەی لە سەنگەری خەبات بۆ وەدەست هێنانی مافی یەکسانی و دژی توندوتیژی دەوڵەتی گیانیان بەخت کردووە ڕاگەیندرا.
دوای خوێندنەوەی ڕیزی بەرنامە، پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو لەیلا محەممەدی خوێندراویە. لە پەیامی یەکیەیتی ژنان دا هاتبوو: ئێمەی ژنانی کورد کە لە جوغرافیای تایبەتی کوردستان و لە دڵی مێزۆپۆتامیا دا دەژین، بە چەندین شێواز دەچەوسێندرێینەوە و بۆ زانینی شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئەو چەوسانەوەیەش پێمان‌وایە خوێندنەوەیەکی مەیدانی و قسە کردن لە گەڵ چەند ژن بەس بێت بۆ ئەوەی کە هەست بە قوڵایی ئەو تراژیدیایە بکەین کە دژ بە ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمە دا روو دەدەن.
لە درێژەی پەیامەکەدا هاتبوو کە: رۆژ نییە لە مێدیاکان دا گوێمان لە هەواڵی خۆسووتاندن، کوشتن، لێدان و سووکایەتی کردن بە ژنان نەبێ. رژێمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی ئیران، نیزام و دەسەڵاتی سیاسی و قانونی خۆی لەگەڵ بیری کۆنەپەرستی و مەزهەب لێک گرێداون و توندوتیژی بەشێوەی سیستماتیک لەدژی ژنان بەڕێوەدەبا. لەبەشێکی دیکەی پەیامی یەکیەتیی ژنان دا هاتبوو کە: بێکاری، بڵاو بوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە نێو لاوان و بەتایبەت توێژی ژن، بێ‌هیوایی بە داهاتوو و ژیانێکی ئاسایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەرۆش بوون بەو دۆخە، هۆی سەرەکین. لەلایەکی دیکە نەبوونی یاسای پاراستنی تاک بەگشتی‌و بەتایبەتی بۆ ژنان لە سیستمی بەرێوەبەری هەر وڵاتیک دا، ئەو نەهامەتیانەی لێدەکەوەێتەوە کە ئێستا لە سیستمی کۆماری ئیسلامی دا زۆر بە رۆنی دینە بەر چاو، هەروەها ئاماژە بە خۆراگری ژنانی کۆبانی و یاسانامەی بەڕێوەبەری کانتۆنی جەزیرە کرابوو کە لە ٣٠ خاڵ پێک هاتووە ماف و ئەرکە بنەڕەتیەکانی ژنانی تێدا دیاری کراوەن و دەڵێ ئەو خەبات و ئەزموونە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتایی شۆڕشی گەلانی ئێران یەکەکانی ئەو شۆڕش و بەرخۆدانە بوون و ئێستاش کچان و ژنانی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵات درێژەدەری ئەو ڕێگایەن.
دوای خوێندنەوەی پەیام کۆرتە کلیپێک کە هەر لە پێوەندی لەگەڵ خەبات دژ بە توندووتیژی ژنان لە لایەن کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات کۆمیتەی سوئێد، ئاماد کرابوو نیشانی بەشداربووان درا.
لە یەک بەشی پانێل دا، داوا لە خاتوو کەژاڵ ئەحمەدی سلێمانی کرا تا باسەکەی پیشکەش باکا، خاتوو کەژاڵ باسی لە چەندین جۆری نەخۆشی و چۆنیەتی تووش بوون و هەروەها چارەسەریەکانی کرد و کوتی نەخۆشیە دەروونیەکان لە لای زۆربەی ئێمەی کورد گرینگیان پێ نادرێ.
ئەو کوتی توندووتیژی بەگشتی و بە تایبەتی توندوتیژی سێکسی کاریگەری خەراپ لە سەر ڕووح و ڕەوانی مرۆڤ دادەنێ. خاتوو کەژاڵ باسی کار کردنی خۆی لە گەڵ پەنابەران کرد و کوتی: بەداخەوە ئەو ماوەیە لەگەڵ زۆر لە هاونیشتیمانانم لە پارچەکانی دیکە کوردستان کە پەڕیوە هەندەران بوون بەرەوڕوو بووم کە بەشی هەرە زۆریان تەندورووستی دەروونیان هیچ باش نەبووە و لە ناو ئەوانیش دا ئەو پەنابەرانەی لە سوریە ڕا هاتوون و هەروەها هاوڵاتیانی ئیزیدی کە دوای شەڕی داسەپاوی داعش ناچار بە کۆچ بوون زۆر خەراپتر لە بەشەکانی دیکە بووە.
لە بەشی دووهەم دا خاتوو هێڤی سەبارەت بە سەفەری خۆی بۆ کوردستان و یارمەتی کردنی بە هاووڵاتیە ئێزیدیەکان دواو و گوتی: جیا لەوەی هەستی خۆشەویستی بە هاونیشتیمانیانم هاندەری سەرەکی بوو بۆ گەڕانەوەم دووهەم هۆی چوونەوەم ئەوە بوو کە نەنکەم ئێزیدیە و کاتی خۆی حکۆمەتی تورکیە لە شوێنی ژیانی خۆی دووری خستبۆوە. ئاوارە بوونی هاووڵاتیانم لە زێدی خۆیان ئەو بیرەوەریە ناخۆشەی نەنکمی بیر خستمەوە و بڕیارم دا بگەڕێمەوە.
هێڤی ئاماژەی بەوە کرد کە هاوولاتیە ئێزیدیەکان پێیان وابوو" هەر بە سەد ساڵ کۆمەڵکوژی ئیزیدیەکان دەکرێ بۆ ئەوەی ژمارەیان زۆر نەبێ"
لەدرێژەی قسەکانی دا هێڤی گووتی: لەگەڵ کچێک قسەم کرد کە داعش ڕفاندبووی و لە ماوەی سێ مانگ دا سێ جار فرۆش‌رابوو بەڵام دیتنی ئەو کچە زۆر ئاسان نەبوو چونکوو پیاوان دەورەیان دابوو و بەڕاستی نەمدەتوانی بەڕاشکاوی پرسیارەکانمی لێ‌بکەم و هەستم دەکرد کاتێ پرسیاری لێدەکەم تەفرە دەڕوا و خۆی لە وەڵام دانەوە دەبوێرێ. دیارە بیستبووم کە یەک دوو لەو کەسانەی لە دەستی داعش ڕزگاریان بووە دواتر بەدەست عەشیرەی خۆیان کوژراون. هەر بۆیە لە کاتی پرسیار کردن دا دبوا زۆر وریا بین.
هێڤی جیا لەوەی بەداخ بوونی خۆیی لە ڕەوشی ئاوارەکان و شوێنی نیشتەجێبوونیان و کەم‌و کوڕی لە هەموو بوارێک و سەرەتاییترینیان خواردن، پاک و خاوێنی و پۆشاک، ڕاگەیاند زۆریش بەداخ بوو لەوەی کە ئێستاش ئەو کۆمەڵە خەڵکە پێڕەوی لە کولتورێکی کۆن دەکا، وەک بڕواێکی قوڵی ئایینی و فرەژنی، زاوزێی زۆر و بێ کۆنترۆڵی بە نموونە هێنایەوە.
سێهەم کەس دوکتور سوزان فەتحی قسەکانی بە وتەیەکی ئەنشتاین دەست پێ کرد و گووتی: "دونیا شوێنێکی خراپە، نەک لەبەر ئەوانەی کاری خەراپ دەکەن، بەڵکوو لەبەر ئەو کەسانە کە هەر تەماشاچی ڕووداوەکانن" گوتی: لەژێر تیشکی ئەو وتەیەدا بڕیارم دا کە تەماشاچی نەبم بەڵکوو ئەوەی لەدەستم دێ دریغی نەکەم بۆ یارمەتی دان بە هاونێشتیمانانم.
خاتوو سۆزان گووتی: هەر لە یەکم ڕۆژەکان دا، هەوڵی داوە لانیکەم پشکنین بۆ سەد کەس بکا و هۆی سەرەکی نەخۆشیەکانی گەراندەوە بۆ نەبوونی ئاوی خاوێنی خواردنەوە و پاک و تەمیزی شوێنکە. ناوبراو گوتی: بێگۆمان ئەو وەزعەی ئاوارەکان تێدا دەژین جێگای نیگرانیە و لە هێندێ شوین سەد کەس لە ژورێکدا بەیەکەوە دەژین و ئەوش دەبێتە هۆی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی زیاتر و ئاماژەی بە جۆری نەخۆشیەکان کرد کە بەشی زۆری ئاوارەکان تووشی هاتوون لە نێوواندا نەخۆشی چڵک، زگ چوون، نەخۆشی قارچی لە سەر پێست بەهۆی گەرماو تینی هەتاو، خەراپتر بوونی باری تەندورووستی ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەک دیابێت، ئاسم و فشاری خوێن و لە نێو کچان و ژنانیش دا خەمۆکی و تێک چوونی سیستێمی هۆرمۆنی سووری مانگانە و لەناو مندڵانیشدا بەهۆی تێک چوونی باری دەروونی منداڵان سترێس واتە قەلەق بوون و شەومیزی زۆر بەرچاو بوون.
دوابەدوای تەواو بوونی هەرکام لە باسەکان ئەندامان چالاکانە پرسیار و تێبینی خۆیان باس کرد و لە لایەن ئەو سێ خاتوونە وەلامی پێویست بە پرسیاری بەشداربووان درایەوە. بەشی کۆتایی سێمینار خوێندنەوەی سپاسنامەی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆڕ وسێمینارەکان بوو کە لەلایەن خاتوو کوێستان بابایی خوێندرایەوە و بەو شێوەیە کاتژمێر ١٥.٤٥خولەک کۆتایی سێمینارکە لە لایەن بەرێوەبەریەوە راگەیندرا.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی سوئێد
٢٩-١١-٢٠١٤

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 577 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact