. . . .


26 Nov 2014

بەشداریی نوێنەری ح د ک لە سوئێد لە سمیناری د. ئەحمەد شەهید نێردەی تایب


ناوەندی هەواڵ- سوید: دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاویی بەرامبەر بە ٢٦ی نوامبری ٢٠١٤، سمینارێک بۆ '' ئەحمەد شەهید'' نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە پاڕلمانی سوئێد بەڕێوەچوو.
سەرەتا ئەندام پاڕلمانی حیزبی چەپ لە پاڕلمانی سوئێد'' ئامینە کاکەباوە'' بەخێرهاتنی دوکتور ئەحمەد شەهید و بەشدارانی کرد و لە وتەیەکی کورت‌دا مەبەستی سمینارەکەی شی کردەوە.
پاشان دوکتور ئەحمەد شەهید لە ماوەی ٢٠ خولەک‌دا باروودۆخی مافی مرۆڤی لە ئێران بۆ بەشداران باسکرد و لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەیان ساڵە مافی مرۆڤ لە ئێران پێشێل دەکرێ و رژێم گوێ ناداتە لۆمە و سەرکۆنەی جیهانیی سەبارەت بەو مەبەستە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە لە زیندانەکانی ئێران ئەشکەنجە و ئازاری زیندانییان بەردەوامە و ئێعدام بێ پسانەوە درێژەی هەیە. ناوبراو هەروەها ئەوەشی باسکرد کە هاتنە سەرکاری رووحانی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر باشبوونی مافی مرۆڤ لە ئێران دانەناوەو ئەو رەوتە بەداخەوە هەروەک جاران بەردەوامە و کەمەنەتەوەکانی ئێران و شوێنکەوتووانی ئایینەکانی تر جگە لە شێعە و هەروەها ژنان، مافەکانیان دەخرێتە ژێر پێ. رژێم بە بیانووی جۆراوجۆر خۆ لە بەرپرسیاریەتییەکانی سەبارەت بە شارۆمەندانی دەدزێتەوە و بیانووشی بۆ ئەم کارەی ئەوەیە کە گوایە ئەوان مافی مرۆڤی ئیسلامیی رەچاو دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەحمەد شەهید باسی ئەوەی کرد کە ئەوان هەوڵ دەدەن دۆسییەی ئەتۆمیی و دۆسییەی مافی مرۆڤ وەک دوو دۆسییەی سەربەخۆ کاری بۆ بکرێ و شوێندانەرییان لەسەر یەکتر نەبێ.
دوای قسەکانی ئەحمەد شەهید، نورەی پرسیار و تێبینییەکانی بەشداران هات کە لەو بەشەدا هاوڕێ کەمال گروێسی، نوێنەری حیزب لە ئەحمەد شەهیدی پرسی کە : بەپێی یاساکانی مافی مرۆڤ کە نەتەوەیەکگرتووەکان پەسندی کردووە، نابێ هیچ وڵاتێکی ئەندامی ئەو رێکخراوە سیاسەتی هەڵاواردن لە نێوان دانیشتوانی پەیرەو بکا، کەچی رژێمی ئیسلامیی ئێران بە پێی بڕگەکانی یاسای بنەرەتی ئێران هەڵاواردنی ئاشکرا بەڕێوەدەبا، بۆ وێنە: ئەسڵێک کە لەو دا کەسێک کە خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماری هەڵدەبژێرێ دەبێ شێعە و ملکەچی ویلایەتی فەقێ بێ.
لەوەڵامدا ئەحمەد شەهید وێڕای پشتراستکردنەوەی پرسیارەکە، ئەوەشی لێ زیاد کرد کە ئەو هەڵاوارنە '' یاساییە''ی رژێمی ئیسلامیی ئێران، جگە لە کەمە نەتەوایەتی و ئایینییەکان، ژنانیش دەگرێتەوە.
ahmad-shahid.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 653 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact