. . . .


18 Nov 2014

وتووێژی بەڕێز مەولوود سوارە، ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری ح د ک لە بریتا??


نامانەوێ وەکوو جارەکەی دیکە بە سەقەتی یەکبگرینەوە
لە ژمارەی ڕۆژی دووشەممەی دا ، ڕۆژنامەی باسنیوز، کە بڵاوکراوەیەکی ڕۆژانەیە و لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بڵاو دێتەوە، ستووێژی لەگەڵ هاوڕێ مەولوود سوارە، ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بریتانیا بڵاو کردەوە. لەو وتووێژە دا بەڕیز سوارە، سەبارەت بە دووایین ڕووداوەکانی ناوچە و سیاسەتەکانی حیزب دەدوێ، کە لە خوارەوە سەرنجتان بۆ دەقی ئەو وتووێژە ڕادەکێشین.

ئاستی پیوەندیەکانی ئیستاتان لەگەل باڵەکەی دیکەی دیموکرات چۆنە؟

بە پێی ئەوەی کە هەرلە ئەوەڵ را ئێمە خوازیاری لەت بوون نەبوین، و پێمان باش بوو بەیەکەوە بین، ئێمە هیچ کێشەیەکمان دەگەڵ هاورێیانی بەشەکەی دیکەی حیزب نەبوو. بە خۆشێوە هاورێیانی پێشوشمان پاش ماوەیەک سیاسەتی ئاشتی و کەمکردنەوەی ئالۆزیان رەچاو کرد و نەتیجەی ئەم بریارانە بۆتە هۆی پەیوەندێکی باشتر. بەڵام لە روانگەی ئێمەوە ئەوە کافی نییە و باشترە هەنگاوەکانمان بەرەوە تێکەڵکردنەوەی دوو بەشی حیزب توندتر بکەین

دواین دانیشتنی نێوانتان کەی بووە؟

ئاخرین دانیشتنمان مانگی ژوئییەی 2014 بووە، کە بەداخەوە ئەو نەتیجەی کە ئێمە و خەڵکەکەمان لە رۆژهەڵات چاورەروانی دەکەن، لەم دایشتنەشدا بەدی نەهاتوە
تا چەند ئامادەی ئەوەن بڕۆنەوە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چونکە بەردەوام ئەوان دەڵێن ئێمە حیزبی دایکین، ئایا مەرجە هەر دەبێت کوڕ بۆ لای دایك بگەرێتەوە؟
لە مڵملانی سیاسیدا وشە و چەمک باسەکان، لە روانگەی ئەم کەسەی کە بەکاریان دێنێ زۆر دەگۆردرێن.
بێ گۆمان ئەگەر ئێمە رۆیشتباین ، ئیستعداد و توانایی ئەوە دەخۆماندا دەبینم کە، بۆ بەرژەوەندی میللەتەکەمان تەوازوع نیشانبدەین. هەروەک ئیستاش دەیکەین. بەڵام بەداخەوە ئەم رستە یان ئەم پرسیارە بەم جۆرە لە جێگای خۆیدا نییە. کەس نەرۆیشتوە و کەسیش دڵی لە دایک و بابی نەهێشاوە، تا بگەرێتەوە باوەشی دایکی. بەڵکو حیزبی دێمۆکرات زۆر بەداخەوە بۆتە دووپارچە، کامیان دایکە، ئەگەر بۆ مێژوو بگەرێنەوە، ئەوە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانە کە دەبێتە دایک، چونکە ئەوە راست ئەو ناو و حیزبەیە کە پێشەوا قازی دروستی کردوە. بەڵام ئەم باسە هیچمان بە ئامانج ناگەینێ. دروست وایە هەڵەکانمان ببینین و رێگا چارەیان دەست نیشان بکەین و بزانین چ بکەین ، چۆن تێکەڵ بینەوە کە هیچمان نا، بەلکوو حیزبی دێمۆکراتی کوردستان خێر بکا.

گرێکوێرەی یەکنگەگرتنەوەتان چیە؟ ئایا هەردوولاتان بەهەمان شێوە پەرۆشی یەکگرتنەوەن؟

باسەکە لەسەر بە پەرۆش بوونی ئێمە یان ئەوان نییە، ئێمە بە پەرۆشین بۆیەش هەوڵی یەکگرتنەوە دەدەین.
ئەوەی کە گرینگە ئەهمیەتی پێبدرێ، ئەوەیە کە حیزبی ئێمە ئەوە جاری یەکەمی نییە کە توشی لەت بوون و ئینشعاب دەبێ. پێشتریش پاش کۆنگرەی هەشت لەت بوونێکی دیکە روویدا و پاش چەندین ساڵ تێکۆشانی هەردووک بەش بە جییا، ناچارەن تێکەڵ بووینەوە. بەڵام چونکە ئەسڵی تێکەڵ بوونەوەکە دروست موهەندیسی نەکرا و نییەتی چاکی لە پشت نەبوو و ئەو خاڵانەی کە لەسەریان حیزب دووچاری لەت بوون ببو، چارەسەر نەکران، تێکەڵ بوونەوەکە سەقەت بوو.
ئەوکات هەرکامە لە 2 لەتەی حیزب 2 کۆنگرەی بە جییایان گرت، ئیستاش پاش کۆنگرەی 13 کە ئەم لیکدابڕانە روویداوە، ئێمە 2 کۆنگرەی دیکەمان گرتوەو بەرەو کۆنگرەی 16 دەچین، ئەوانیش کۆنگرەیان گرتون. هەموو ئەم رووداوانە ژیانی سیاسی و مێژویی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ، چ پاش کۆنگرەی 8 و چ پاش کۆنگرەی 13 ، پیک دێنن و نکۆلێان لێ ناکرێ. ئەمە لەلایەک ئەو کێشانەش لەهەردووک کۆنگرەی 8 و 13 وەک تەکرەوی و نەپاراستنی دێمۆکراسی دەرون تەشکیلاتی کە بوونە هۆی دابرانەکان دەبێ رێگا حەلیان بۆ بدۆزرێتەوە. دەنا ئەم تێکەڵ بوونەوەش بە سەقەتی لە دایک دەبێ. کە ئەوەش کەس خوازیاری نییە.

باس لەوەدەکرا کە دانیشتن لەنێوان ئێوەو کۆماری ئیسلامی هەبووە،ئەوە تاچەند راستە؟ ئەگەر بووە مەبەست چی بووە؟ ترسی ئەوەتان نەبووە وەکو سەرکردە قاسملوو تیرۆر بکرێن؟ ئیستا خەباتی ئێوە لەرووی چەکداری لاوازە لە رووی سیاسیەوە ئەگەر لەگەل ئێران دانەنیشتوون، ئەی چاوەروانی چین؟

راستە کۆماری ئیسلامی دوو سکرتێری ئێمەی شەهید کردوە، بەڵام ئەگەر قەرار بێ لەمە بترسین خۆ هەر نابێ خەبات بکەین. خەبات بۆ رزگاری قوربانی دەوێ. ئەوەش بەو مانایە نییە، کە لەرابردوو ئەزمونمان وەرنەگرتبێ. بە ئەزمونی ئەم روداوانە ئێمە خوازیاری چارەسەری و دیالۆگین.
راستە خەباتی چەکداری ئێمە بە ئەندازەی 80 کان بە گوروتین نییە، بەڵام خەبات بە هەموو شیوەکانی هەر بەردەوامە و کۆماری ئیسلامیش بەم نەتیجە گەیشتوە کە بە رێگای سەرکوت، داخوازیەکانی کوردی بۆ دانامرکێ. ئەم دیدارانەش نەگەیشتونە قۆناخی دانو ستان بە مانای خۆی و لە روانگەی ئێمەشەوە ئەم مەسەلە گرینگە و ئەگەر کۆماری ئیسلامی خوازیاری ئیدامە بێ ، بێ گومان بۆ بەشداری هەموو لایەک باسی خۆمانمان هەیە.

داوای ئێوە لە ئێران لەم قۆناخە چیە؟ سەربەخۆی بۆ رۆژهەڵات یان فیدرالی یا حوکمی زاتی؟ کامە بۆ ئیستا شیاو گونجاوە بۆ رۆژ‌هەڵات؟

بە حوکمی ئەوەی کە ئێران فرەنەتەوەییە ئێمە پێمان وایە فیدرالیزم گونجاوترین
گوزینە کە هەموو نەتەوەکان بتوانن بەمافەکانی خۆیان بگەن.

پیوەندیتان لەگەل پەژاك چۆنە، پێتانوانیە ئەو لە دەرەوەی حیزبەکانی رۆژ‌هەڵات سیاسەتێکی تاکرەوانە پیادە دەکات؟

هەولی ئێمە ئەوە بووە ئەوەش دەبێ کەدەگەل هەموو هێزە رەسەنەکانی کورد پیوەندیمان هەبێ و لەگرژی و ئالۆزی لەبینی هێزە رەسەنەکان خۆ دەبوێرین، بەلام پێمان باش نیە هیچ حیزبێك شوعبەی خۆی لەهیچ پارچەیەکی دیکەی کوردستان بکاتەوە
بارودۆخی هەرێمی کوردستان.

ژمارەیەك پێشمەرگەی دێموکرات رۆشتنە بەرەکانی شەری داعش،پێشمەرگەی ئێوەی لەگەلدا بوو؟

ئێمە بەنوسراوەو لە دیداری تایبەتیش دا لەگەل رێبەرایەتی کورد لە باشووری کوردستان و هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی خۆمان راگەیاندوە بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان، بەلام ئەوان جیا لە دەست خۆشی و سوپاس وتوویانە کە پێویستان نیەو ئەگەریش پێویست بوو ئاگادارمان دەکەنەوە.

تاچەند برواتان بە تەداخولکردن لەکاروباری هەرێمی کوردستان هەیە؟

ئێمە هەمیشە خۆمان بەپالپشت و پشتیوانی بەشەکانی تری کوردستان دەزانین و هەموو بەشەکانی تری کوردستان بەبەشێك لەو ئاو خاکە دەزانین بەلام دەبێ ئەوەش قبول بکەین کە هەرکام لەو بەشانە سەرکردایەتی و رێبەرایەتی خۆی هەیەو نە ئێمە و نەکەسێکی تر بۆی نیە دەست تێوەران لەسەروەی بەشەکانی تردا بکات.

تاچەند پێتانوایە شەری داعش بەقازانجی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکە دەبێت؟

راستەکە ئێمە لەباری مرۆی و ئینسانییەوە زۆرمان زیان بەرکەوتووەو خەلکی کوردستان زۆر زەرەمەند بوون و لەپێناوەش دا زۆرمان خوێن داوە، بەلام ئەو شەرە جێگەو پێگەی کوردی بەهێزتر و تەسبیت تری کرد و کوردی کردە فاکتەرێکی گەورە و سەرکردایەتی کوردیش العەق بەیەک ریزی توانیان ئەو هەلە بقۆزنەوە، شەقامی کوردیش بە ئابدەیت بوونەوەو یەکریزی و یەک دەنگی و هەستی نەتەوایەتی ئاودرایەوەو بەهێزترو یەکگرتوو تر لەجاران لەهەرچوار پارچەی کوردستان دەنگ و رەنگی خۆیان بەدونیا گەیاند، ئەمانە هەموو دەسکەوتی مێژووین و ئەو حەرەکەتانە لە مێژووی نەتەوایەتی دا تۆمار دەبن.
لەباری نێونەتەویەوە ئەگەر بروانینە کێشەکە ئەم حەرەکەتی داعش وڵاتەزلهێزەکانی هێنا ساعەی سیاسیەوەو کوردستان و نێوی پێشمەرگە بوو بە سمبولی خۆراگری و لەخۆ بوردن و بووە جێگای باسی هەموو میدیاکانی دونیا.

هاوکێشەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان دابەشی سەر دوو بەرە بووە، بەرەیەکیان پارتی و بەشێك لەلایەنەکانی دیکەن، کە نزیکن لە ئەمریکا و رۆژیاوا، بەلام یەکیەتی لە لایەکی دیکە لە ئێران و روسیاو چینەوە نزیکە، ئێوە لە کوێی ئەو میحوەر بەندیە جیهانیەن؟

کورد پێوستی بە دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا نییە. زامن و کلیلی سەرکەوتنی کورد دەیەک بەرەیی و یەک ریزیدایە. ئێمە بە هەموو جۆرێک دەبێ خۆ لەدابەش بوون رزگار بکەین و یەکریزی خۆمان بپاریزین.
ئێمەش دەبەرەی یەکگرتویی کورداین و بۆ ئەم جەبهەش هەوڵ دەدین

کام حیزبەی کوردستان لەم قۆناغەدا سیاسەتێکی راست و رەوانتری پیادە کردوە بە قازانجی خەلکی کوردستان بەگشتی بێت؟

ئەم حیزبە سیاسەتێکی دروست و کارای هەیە کە بە مەسیری بەرژەوەندی کوردا بڕواو ، کورد لە ستراتیژیەکانی نزیک بکاتەوە.

دەوری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا چۆن دەبینن؟

ئەرکی سەرۆکی هەریمی کوردستان، قەت بە ئەندازەی ئیستا ئاستەم و گرینگ نەبووە. هەم دەبێ یەک ماڵی و یەکریزی کوردبپاریزێ و هەم بازیگەرێکی بەتوانا بێ لە روداو کێشەکانی ناوچەدا.

بۆ بینینی ئەو بابەتە لە ماڵپەڕی باس نیوز کرتە لێرە بکە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 559 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact