. . . .


16 Nov 2014

بەڕێوەچوونی کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی خاتوو زینەتی کەریمی (قازی).


ناوەندی هەواڵ- سوید: دوانیوەڕۆی رۆژی ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاویی کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی خاتوو زینەتی کەریمی، ئەندامی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دایکی هاوڕێیان قاسم، رەشید و سەلاحی قازی، لە رێستورانی دارینی پێشوو، لە باکووری شاری ستۆکهۆڵم بە بەشداری ژومارەیەکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی سوئێد و وڵاتانی دەوروبەری بەڕێوەچوو.
سەرەتا پەیامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوئێد لە لایەن کاک ئەسعەد یۆسفی، ئەندامی کۆمیتەی حیزب سەبارەت بە کۆچی‌دوایی زینەت خاتوون خوێندرایەوە.
دواتر کاک قاسمی قازی وتەیەکی سەبارەت بە ژیانی خاتوو زینەتی دایکی و زەحمەت و تێکۆشانی ئەم خاتوونەی چ لەبارەی ژیانی ئاسایی خۆی و بنەماڵەکەی و چ وەک کەسێکی نیشتمانپەروەر و لایەنگری شۆڕشی نەتەوەیی کوردستان باسکرد و رایگەیاند کە لەسەر یارمەتیدانی ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هێزە خەباتکارەکانی دیکەی کوردستان، چوار جار ماڵی لە لایەن رژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە لێ سووتێندراوە و هەموو جارێ سەرلەنوێ ماڵی پێکهێناوەتەوە و وەک جاران ماڵەکەی بووەتەوە مەکۆی ئازادیخوازان و شۆرشگێران.
پاشان کاک رەشیدی قازی یەکێکی دیکە لە کوڕەکانی خاتوو زینەت بەوردیی باسی ورەی بەرز و دەروون گەورەیی ئەم خاتوونەی کرد و رایگەیاند کە پێشمەرگەی هەموو پارچەکانی کوردستان هاتووچۆی ماڵی ئەوانیان کردووە و پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا بە هەق نازناوی دایکی پێشمەرگەکانیان پێدا بوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا، کاک سارمی قازی نەوەی زینەت خانم، بە وتەیەکی هەست بزوێن، هەستی خۆی سەبارەت بە کۆچی‌دوایی نەنکە زینەتی دەربڕی و سپاسی کرد کە کەسێکی وەک بابی سارمی عاملاندووە و بەڵێنی دا ئەویش لە داهاتوودا منداڵەکانی وەک ئەوان بعاملێنێ.
دواتر کاک سەلاح گادانی وەک دۆستی نیزیکی بنەماڵە سەرەتای ناسیاوی خۆی و ئەو بنەماڵەی گێڕاوەو باسی دڵ گەورەیی و رووح سووکی و دەرک‌ئاواڵەیی ئەوانی کرد و رایگەیاند کە لە ماڵە دایە زینەت کەس هەستی بە غەریبی نەدەکرد.
کۆڕی پرسە و سەرەخۆشییەکە کاتژمێر ١٧ی ئێوارە بە وتەیەکی کاک سەعیدی بیگزادە کە لە لایەن بنەماڵەی زینەت خانمەوە پێی سپێرابوو، سپاسی هاتن و بەشداریکردنی ئەو خەڵکەی کرد کە بۆ پرسە و سەرەخۆشی هاتبوون، کۆتایی هات.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 621 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact