. . . .


16 Nov 2014

بەڕێوەچوونی مێزگردێک بۆ پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری یۆتێ??


ناوەندی هەواڵ- سوید: رۆژی شەممە رێکەوتی ١٥ ی نۆڤێمبری ٢٠١٤، بە هەوڵی ئا بێ ئێفی یۆتێبۆری سوئید، میزگردێک لە ژێر ناوی " ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی داهاتوو" بۆ پێنج حیزبی بەڕابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان رێکخرا. لەو میزگردە دا، بەڕێزان: حەسەن حاتەمی ئەندامی رێبەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، مەنسوور عەزیزی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، ناهیدە بەهمەنی ئەندامی دەفتەری سیاسی رێکخراوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، رەزا کەعبی ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و جەماڵ بزرگپوور ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە- حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بەشدار بوون.
لە دەستپێک دا، کاک کامیل کە یەکێک لە فەرمانبەرانی ڕێکخراوی ئا، بێ ئێف،ی سویدیە، پاش بە خێر هێنانی کۆڕگێڕ و میوانان، سەبارەت بە ئامانجی میزگردکە دوا و لە بەشێکی قسەکانی دا، کوتی: دۆستی نوێ، دوژمنی نوێ، هاوپەیمانەتی تازە دێتە کایەوە، بە میلیاردەها دۆلار لە بژیوی گەلان ئەکرێ بە سووتەمەنی ئەو گەمە و پێشبڕکێ نارەوایانە. ئەوەی کە ئیمڕۆ بە سودی خۆت ئەژماری ئەکەی، لە زووترین ماوە دا ئاڕاستە ئەگۆڕی و ئەبێتە مەترسی مەزنی شکست خواردنت. کوردستانیش و ئێرانیش بە دەر نین لەم بە سەرهاتانە و هەمیشە لە بازنەی گۆڕانکاری دان، بۆیە بە گرینگ دەزانرێ کە هەمیشە ئامادە بین لە لێکدانە و پێشبینی و بەرخوردی باش بۆ دەرئەنجامی گونجاو. هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ بە پیویستمان زانی دەرفەتێک بڕەخسێنین بۆ رەوەندی کوردی تا لە نزیکەوە گۆهداری ڕوانگە هەندێ لە هیزە سیاسییەکان بکەن لەو بارەوە.
پاشان خاتوو دڵنیا وەک یەکێکی دیکە لە بەڕێوەبەرانی کۆبوونەوەکە، تەوری میزگردەکەی کە لە ژێر سەردێڕی "ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و گۆڕانکاری یەکانی داهاتوو" بوو، بە چوار پرسیار بۆ نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە بەشدارەکان، درێژە دا. پرسیارەکانیش بریتی بوون لە:
١- حیزبەکەتان لە ئەمڕۆی کوردستان دا، رۆڵی چییە؟
٢- لەکاتی هاتنەکایەی هەل و مەرجی گۆڕانکارییەکان دا، رۆڵتان چی ئەبێ بۆ مافەکانی گەلی کورد لە ئێران دا؟
٣- ئاستەنگ چییە، لەبەر دەم پلاتفورمێکی کوردی هاوبەش بۆ نوێنەرایەتی دۆزی کوردلە ئاستی ئێران؟
٤- ئایا لە ڕێڕەوی حیزبە کوردییەکان دا، خاڵی جیاوازی زۆرترە یا خاڵی هاوبەش؟
قسەکەری یەکەم هاوڕێ حەسەن حاتەمی، ئەندامی ڕێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو. بەڕێز حاتەمی لە بەشێک لە قسەکانی دا، باسی بەردەوامی ئەوجۆرە کۆبوونەوانە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات لە ئاستی جۆراجۆر دا، حەفتایەمین ساڵی دامەزرانی حدک و کۆماری کوردستان، پارتی دێموکڕات و حکوومەتی هەرێم و پێک هاتنی کیانێکی کوردی، گۆرانکاری رۆژهەڵاتی نێوڕاست و ئەگەری رووداوە لەناکاوەکان لەنێو ئیران و کوردستانی کرد.
حاتەمی، یەکگرتوویی و هاوخەباتی هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و تێکۆشەرانی مەیدانی بە پێویستییەکیی هەنووکەیی زانی و تێکۆشانی چەند رەهەندی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان، رۆژهەڵات تەوەری، دیپلۆماسی نیو دەوڵەتی و ئالوگۆڕی سەرانسەری لە ئیران دا، و قواستنەوەی فرسەتەکان دوا و ئامادیی حدک ی بێ قەید وشەرت بۆ دیالوگ و لێک نزیک بوونەوە و تانەتە یەککرتنەوەی ئوسووڵی دەربڕی.
پاشان ناهیدە خانم بەهمەنی باسی شۆڕشەکانی باشووڕ، باکووری، رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرکەوتنی راپەڕین لە ئێرانی لە ساڵی ١٩٧٩ زایینی کرد. بەڕێزی پشتیوانی لە شەنگالی و کۆبانی بەشێوەی مەدەنی و خەباتی رۆشنبیری، ژنان، کرێکاران دوا و پێیوابوو خەڵک لە کوردستانی رۆژهەڵات نابێ تەنیا بە پشتیوانی لە خەباتی پارچەکانی دیکە رازی بێ. گەڵاڵەی هاوبەش لەپێش دا، دارێژراوی بە رێکارێک زانی و هەوڵ بۆ بەرەی کوردستانی " کە لەمێژە کۆمەڵە بانگەوازی بوو دەکا" بۆ خەباتی ئەم قۆناخە پێشنیار کرد.
بە دوای ئەو دا کاک جەماڵ بزرگپوور، باسی ستراتێژی سیاسی و وەزعییەتی رۆژهەلاتی کوردستان و کێشە سەرەکییەکانی، جم و جۆڵی خەڵک و تەئسیری جیهانی ئەمڕۆ و رووداوەکان لەسەر یەکتر و باسی ئیران و رۆژهەڵاتی نیوڕاستی کرد. ناوبراو لە روانگەی چەپ و کومونیستی رێکخراوەکەی، ئالوگۆریەکانی ناوچە و قەیرانی سەرمایەداری هەڵسەنگاند و کێشەکانی نەتەوەیی و گوزرانی رۆژانەی لەسەرقاڵییە گرینگەکانی کوردستانی ئێران زانی و مانعی جیدی گۆڕانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ناوبرد. بەڕێزی، هاوکاری ئەحزابی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە پێویست زانی، بە ستراتێژی جیاوازەوە.
ئینجا بەڕێز ڕەزا کەعبی، باسی گۆڕانکاری لە رۆژهەلاتی کوردستان لە ٣٠ . ٤٠ ساڵی رابردوو تا ئێستای کرد و تێیدا شۆڕش و مەقاومەت کورد، مەوقعیەتی ژن، کۆمەڵگا و حیزبە سیاسییەکان، شانۆ، سینەما و خوێندکارانی کرد. بەڕێزی کوڵانی رۆژهەلاتی نێوەڕاست و هاتنی داعش و ئەگەری گۆڕانی سایکس- پیکۆ کرد و پێیوابوو، سەردەمی تاکە حیزبی بەسەرچوە و بێ قبووڵی فرەرێکخراویی و ستراتێژیژی نەتەویی هەنگاوەکانی داهاتوومان کاراییان نابێ.
لە کۆتایی دا کاک مەنسوورعەزیزی گوتی: دوای قوناخە جۆراوجۆرەکانی پێکهاتن و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە باسی ئاستەنگ و چارەسەری دا، کوتی:"ئۆرگان لە تەعریفی زانستی دا، یانی کۆنفلێکت. کێشە ململانێ و نەزەراتی جیاواز، یەکتر قبوول کردن و نکردن، دیالۆگ لەسەردیالوگ، دیالۆگ پێکەوە کردن، کە ئێمە وەک حدکا ئەو ئاستەنگانە دەبینیین کە لەسەر زۆر خاڵ لە قوناغی جیا جیا کێشەمان پێکەوە هەبووە، رای جیاوازمان هەبوە، ئایدلۆلوژی جیاواز لە قۆناخێک دا، هەڵوێست و پراکتیزەکردنی سیاسەتی تاکتیکی و ستراتژیمان لە قوناخێکی دیکە دا، ئەو ئاستەنگانە بوون لەبەر دەم خەباتی ئێمە. هیج لایەنێک بەتەواوی تاوانبار هەموو بابەتەکە نییە. و هیچ لایەنێکیش بەتەواوی راستگۆی هەموو بابەتەکە نییە. پێش لە هەمووان خودی ئێمە. بۆ ئەوەی بە خاڵێکی هاوبەش بگەین پێویستە هەر لایەکەو لە ئاست خۆی لە هێندێک خاڵی خۆی دابەزێ. ناوبراو دوو فاکتی بۆ پشت راست کردنەوەی جیدی بوون بۆ نزیک بوونەوە، بڕیاری کۆنگرەی ١٥ی حدکا و رێککەوتن لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگیر هێنایەوە.
لە بەشی دووهەمی ئەو مێزگردە دا، چەندین پرسیاری جۆراوجۆر لە لایەن ئامادە بووانەوە ئاراستەی کۆڕگێرەکان کرا کە هەر یەکە و لای خۆیەوە ولامی چەند پرسیاریان دایەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری یۆتێبۆری و شارەکانی دەرەووبەری، بەشداری ئەو کۆنفڕانسە بوون و کومیتەی حیزبیش لەو شارە، بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی مێزگردەکە هەوڵی بەرچاویان دا.
مێزگردەکە لە نێوان ڕەزامەندی میوانان دا کاتژمێر ٥،٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ کۆتایی پێ هات. بە وتەی ڕێکخەرانی ئەو مێزگردە، ئەوان نیازیان وایە کە ئەو باس و خواسانە، لە داهاتوو دا و بە بەشداری هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەگەر بکرێ لە تەوەری بەرینتر و بەربڵاوتر دا درێژە پێ بدەن.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 741 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact