. . . .


9 Nov 2014

کۆنفڕانسی کومیتەی گشتی ح د ک لە وڵاتی سوید، کۆنفڕانسی نەمر ڕەسووڵ لی?


ناوەندی هەواڵ- سوید: بە بەشداری نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کومیتەی شار و ناوچەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید، کۆنفڕانسی ساڵانەی کومیتەی گشتی حیزب لەو وڵاتە بەڕیوەچوو. کۆنفڕاس کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٨ی نۆڤامبری ٢٠١٤ی زایینی بە سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و پاراستنی یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان، بە تایبەت سێ هاوڕێی گیان بەخت کردوومان، شەهید هەژار قاسمی، هاوڕێیانی کوچکردوومان کاک تۆفیق عەبدووڵاهی و نەمر کاک ڕەسووڵ لیلانەیی، دەستی بە کارەکانی کرد. بە دوای ئەو دا هاوڕێ کەمال گروێسی پەیامی کومیتەی سویدی خوێندەوە، پاشان هاوڕێ حەسەن ئەهوەن ڕیزی بەرنامەکان پێشکەشی ئامادەبووان کرد و دیوانەکان ناوهێنران و بە زۆرینەی دەنگی بەشدارانی کونفڕانس پەسند کران. پاشان خاتوو سەکینە حوسێنی بە چەند وتەیەک کۆنفڕانسی کردەوە. خاتوو سەکینە حوسێنی لە وتەکانی دا وێڕای سپاس لە کاروچالاکی کومیتەی پێشوو، شانازی کرد بەوەی کە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانە. خاتوو سەکینە باسێکی سەبارەت بە کاروباری ژنان و لاوان لە دەرەوەی وڵات کرد و داوای لە کومیتە و ئەندامانی حیزب کرد کە هاریکاری ئەو دوو توێژە گرینگەی کۆمەڵگە بکەن و بە شێوەیەکی باشتر و بەرینتر کەڵک لە وزە و توانای بە تایبەت لاوان وەرگرن.
دوابەدوای وتەکانی هاوڕێ سەکینە حسێنی، ڕێز لە خەبات و ماندوو بوونی ئەو شیڕە زن و کچانە گیرا لە ماوەی نێوان ئەو دوو کۆنفڕانسە دا بە شێوەی جۆراجۆر هاوکاری کومیتەیان کردووە و لە راپەراندنی ئەرک و کارە حیزبییەکان ئەرکیان گرتبوو ئەستۆ.
پاشان هاوڕێ ڕەحیم محەمەدزادە بە نوێنەرایەتی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. ناوبراو باسی لەوە کرد کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان چاوەڕوانی ئالووگٶری گەورەن و بێگومان ئەو رووداوانە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی خۆیان بە شێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەسەر قەزییەی کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ بەشی ناوچەکە دادەنێ. ناوبراو باسی لەوە کرد کە پێویستە ئەندامی حیزب خۆی بۆ تاوتوێ هەموو رووداوەکان ئامادە بکا. پاراستنی یەکییەتی تەشکیلاتی یەکێکی دیکە لە خاڵە گرینگەکانی باسە بوو و بە بنەمای سەرکەوتنی خەبات داندرا. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەندامی حیزبی نابێ هیچ کات ڕازی بەو ڕادەی کار و تێکۆشانە بێت کە ئەنجامی داوە و پێویستە هەمووی ئێمە بە چاوی تەماع بۆ تێکۆشانی زیاتر هەنگاو باوێژین.
بە دوای ئەو کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی بەرپرسی کومیتەی حیزب لە وڵاتی سوید ڕاپۆرتی کاروچالاکییەکانی کومیتەی حیزب لە وڵاتی سویدی لە نێوان دوو کونفڕاس دا پێشکەشی ئامادە بووان کرد. لەو بەشە دا ئاوڕ لەو چالاکییانە درابووەوە کە ئورگان و کومیتەکانی حیزب لەو وڵاتە بە ئەنجامیان گەیاندبوو.
دوای وتەکانی بەڕێز کاک حەمەرەسووڵ کەریمی، چەندین کەس لە هاوڕێ تێکۆشەر و ماندووەکانی حیزب لە وڵاتی سوید، لەوحەی تەقدیر و ڕێزلێنانی کومیتەیان پێشکەش کرا.
لە بەشی دووهەمی کاری کۆنفڕانس دا ڕاپۆرت و بڕیارنامەی کۆمیتەی شارەکان پێشکەش کران، کە لە لایان ئەندامانی حیزبەوە پێشنیار کرابوون. پاشان کات بە هاوڕێیانی حیزبی درا کە بێن و سەبارەت بە ڕاپۆرتی کاری کومیتە و ئاڵوگۆڕەکانی ناوخۆ، سیاسەت و ستراتیژی حیزب و هەروەها بەرنامەی کاری داهاتووی کومیتە بە وردی قسە و باسیان کرد، ئەوە جگە لەوەی کە خاڵە لاواز و بە هێزەکانی کاری کومیتەی پێشوو باسیان لێوە کرا و داوا کرا کە خاڵە بە هێزەکان بە هێند بگیرێن و هەوڵی بە هێزکردنی خاڵە لاوازەکانی بدرێ.
بەشی کۆتایی کۆنفڕانس، هەڵبژاردنی کومیتەیەکی نوێ بوو بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری حیزب لە وڵاتی سوید. لەو بەشەش و دا لە پڕۆسەیەکی تەواو دیموکراتیک دا کومیتەیەکی نوێ هەڵبژێردرا.
سەرەئەنجام پاش زیاتر لە ١٠ کاتژمێر کاری بەردەوام، کۆنفڕانسی ساڵانەی کومیتەی سویدی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ناو خۆشی و شادی هاوڕێیانی حیزبی دا کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی سوید

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 790 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact