. . . .


27 Oct 2014

لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە بریتانیا، کۆنفڕانس


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: ڕۆژی یەکشەممە و بە ئامادە بوونی نوێنەری زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، کۆنفڕانسی ساڵانەی حیزبە کوردستانییەکانی بریتانیا بەڕێوە چوو. مەبەست لەو کۆنفڕانسە، نوێژەن کردنەوە و هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێیە بۆ بەڕێوەبەری کاروباری کورد لەو وڵاتە گرینگ و بڕیار بەدەستە و گەیاندنی ڕەوای گەلەکەمان بە حکومەت و کاربەدەستانی بریتانیا.
سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە خولەکێک بە بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان بەڕێز ئێحسان قادر سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی ئەو کومیتەیە لە دەورەی پێشوو دا و ووردەکاری دانیشتن و پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەت و دەسەڵات دارانی بریتانیا، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. ئینجا دەرگای خۆپاڵاوتن بە ڕوی بەشداران دا کرایەوە کە لەو بەشەش دا ئەو سێ کەسەی خوارەوە خۆیان پاڵاوتن و وەک سەرۆکی دەورەیی کومیتەی هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان دەستنیشان کران.
فوئاد جەمال سەلام نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان
مەولود سوارە نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان
عەزیز عوسمان یەکێتی کوردستانی- سوریا
ئەو سێ کەسە هەر یەکە و بۆ ماوەی ٤ مانگ سەرۆکایەتی کومیتەکە دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنفڕانسە دا چەند بڕیارێکی گرینگ بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکان پەسند کران.
١- بۆ باشتر کردنی باری دارایی کومیتەی هاوکاری، دەبێ هەمو لایەنەکانی بەشدار، هاریکاری دارایی ئەو کومیتەیە بکەن.
٢- بڕیار درا کە سەرجەم ئەو بەڵگەنامە و دێکۆمێنتانەی کە لە ڕابردوو دا ئارشیف کراون، کۆبکرێنەوە و لە داهاتوویەکی نزیک دا بکرێنە کتێب و نامیلکە.
سەبارەت بە وردەکاری ئەو کۆبوونەوەیە(مەولوود سوارە) نوێنەری هەڵبژێردراوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە لەندەن بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند : زۆربەی هێزە سیاسییە گەورەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان لەو کۆنفرانسەدا بەشداربوون.

بەگوتەی ئەو بەزۆرینەی دەنگیش سێ کەس وەکو سەرپه‌رشتیاری کۆمیتەی لایەنە سیاسییەکان هەڵبژێردراون، کەبریتین لە(فواد جەمال لە بزوتنەوەی گۆران، مەولوود سوارە لە حزبی دیموکراتی کوردستان وعەزیز عوسمان لە یەکێتی کوردستانی سوریا) بەگوتەی مەولوود سوارە ئەو سێ کەسە بۆ ماوەی چوار مانگ سەرپرشتی کاروچالاکییەکان دەکەن و، دوای ئەوەش گۆرانکاریان بەسەردا دێت.

سەبارەت ئامانجەکانی کۆمیتەی لایەنە سیاسییەکانی چوارپارچە لە لەندەن مەولوود سوارە بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند:ئێمە هەوڵ دەدەین دەنگی یەکگرتووی کورد بەناوەندەکانی بەریتانیا و ئەورووپا و ئینجا جیهان بگەیەنین.

ئەو ئاشکراشیکرد: ئەو کۆمیتەیە توانیویەتی کاریگەری لەسەرچەندین پەرلەمانتاری بەریتانیاو راوێژکاری شاژنی بەریتانیا بۆدۆزینەوەی هاوپەیمانی زۆرتر بۆ کورد دابنێت.

ئەوەشی ڕوونکردەوە: لایەنە سیاسییەکان خۆیان خەرجییەکانی ئەو کۆمیتەیە دابین دەکەن و، کۆمیتەکە بەتەنیا سەر بەهیچ حیزبێکی سیاسیی نیە، بەڵکو هەمووان وەکو یەک خاوەنی ئەو کۆمیتەیەن.
پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو حیزب و لایەنانە بەشداری کۆنفڕانسەکە بوون:

- فوئاد جەمال سەلام بزوتنەوەی گۆڕان
- شاناز ئیبراهیم یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
- جەلال شوان پارتی دیموکراتی کوردستان
- محمد سالح یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان
- سامان ڕەباتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
- ژیلوان مەحمەد حیزبی سۆشیالیستی کوردستان
- مەولود سوارە حیزبی دیموکراتی کوردستان
- فەرید دەهام حیزبی دیموکرانی کوردسانی ئێران
- هوشیار کۆمەڵەی زە حمەتکێشانی کوردستانی ئێران
- عەزیز عوسمان یەکێتی کوردستانی- سوریا
- هارون سەفەری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی باکور
- مەحمەد سعید حیزبی دیموکراتی پێشرەوی کوردی سوریا
- حسن سعدو پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا
- ئیبراهیم مستەفا یەکیەتی دێموکراتی کورد لە سوریا

حیزبی دیموکراتی کوردستان- بریتانیا



بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 582 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact