. . . .


18 Oct 2014

بەرێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی ئامووزشی‌و رێپێوانێکی جەماوەری لە نۆر


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: نیوەرۆی ئەمرۆ واتە ١٨مانگی ١٠ی ٢٠١٤ی زایینی، کومیتەی ئۆستفۆڵدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی ئۆستفۆلد کۆبوونەوەیەکی ئامووزشی‌و سیاسی بۆ بەرێزان هاشم رۆستەمی‌و سۆران شێرزاد پێکهێنا
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد دواتر کاک نادر ئەمینی لە لایەن کومیتەی حیزبەوە وێرای بەخێرهاتنی ئەندامانی حیزبی‌و خوێندنەوەی پلانی کۆبوونەوەکە، داوای کرد کە هاورێ سۆران شێرزاد باسەکەی پێشکەش بکات
هاورێ سۆران شێرزاد بەشی سێهەمی باسەکەی خۆی لە سەر پێرەوەی ناوخۆی حیزب پێشکەش بە بەشداربووان کرد کە لە درێژەی کۆبوونەوە ئاموزشییەکانی پێشتر دابوو کە لە لایەن بەرێزیانەوە پێشکەش کرابوو. ناوبراو وێرای خوێندنەوەی خاڵەکانی پێرەوی ناوخۆی حیزب و شیکردنەوەی بۆ ئەندامانی حیزب، لەو شوێنانەش کە پێویست بوو تەوزیحی زیاتری لە سەر دا، هەر لەو باسە ئامووزشییەدا، بەرێز کاک هاشم رۆستەمی بە چەند تێبینی‌و سەرنج بەشداری باسەکەی کرد.
دوا بە دوای پرسیاری بەشدار بووان وڵامی پرسیارو تێ بینییەکانی ئەندامانی حیزب لە لایەن هاورێ سۆران شێرزادەوە درایەوە، دوای بابەتە ئاموزشییەکە، هاورێ هاشم رۆستەمی باسێکی سیاسی لە سەر کوردستان بە گشتی‌و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی پێشکەش کرد، بەرێزیان هەڵسانگاندنێکی رووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان‌و هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان کردو لەو راستایەدا زیاتر بۆ بەشداربووان دوا.
بەشێکی تر لە باسەکەی بەرێز کاک هاشم رۆستەمی شیکردنەوەیەک بوو لە سەر چەمکی رۆژهەڵات میحوەری کە بەم دواییانە لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بۆ گرینگی دانی هەرچی زیاتر بە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە ئاراوە کە هەر لەم پێوەندییەدا دەستی کردووە بە خەبات و تێکۆشان هەم بە بەشداری هەرچی زیاتر لە ناوخۆی کوردستان‌و لە ژێر ناوی پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەمیش بە چالاک کردنەوەی رەهەندە جۆر بە جۆرەکانی خەبات لە شێوەی سیاسیی‌و دیپلۆماسیی‌، جەماوەری‌و مەدەنی گڕو تینێکی زیاتری بە تێکۆشانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان داوە، دوای وتەکانی کاک هاشم کاک حەسەن غەمبار بەرپرسی کومیتەی حیزب لەو ناوچەیە ئاڵای کوردستانی پێشکەش بە کاک هاشم رۆستەم کرد.
وەک رێزگرتنێک لە یەکیەتی لاوان، ئاڵای کوردستان لە لایەن بەرێزان یوسف پووری‌ ئەندامی کومیتە‌و کاک نامیق قادری پێشمەرگەی دێرینی حیزب پێسکەشی لاوان کرا دواتر کۆبوونەوەکە کۆتایی پێ هات..
هەر دوا بە دوای کۆبوونەوە ئاموزشیەکە ئەندامانی حیزب بەشدارییان لە رێپێوانێکی جەماوەریدا کرد کە لە لایەن کوردانی ئەم ناوچەیە لە ژێر ناوی کومیتەی پشتیوانی لە کوبانی رێکخرابوو،
خۆپێشاندەران بە وتنەوەی دروشم بە کوردی‌و نۆروێژی توانیان سەرنجی هاوڵاتیانی نۆروێژی بۆ لای خۆیان رابکێشن کە بە بەردەوامی دروشمـەکانی نا بۆ تیرۆریزم، نا بۆ توندوتیژی‌و وەحشیگەری داعش ، بژی یەکیەتی ناوماڵی کورد‌و هەتا کوردێک بمێنێ کوبانی هەر دەمێنێت دەوتەوە، دوا بە دوای رێپێوانەکە، کوردان لە بەر دەرکی شارەوانی فرێدریکستاد کۆبوونەوە
سەرەتا پەیامی کومیتەی پشتیوانی لە کوبانی لە لایەن خاتوو نهایەت عومەرو هۆگر قەرەداغی بە هەر دوو زمانی کوردی‌و نۆروێژی پێشکەش کرا، دواتر سەرۆکی کۆمۆنی فرێکدریکستاد چەند وتەیەکی بە مەبەستی پشتیوانی لە کوردان‌و هاوسۆزی لە گەڵ کوردستان پێشکەش کرد کە بەرێزیان وێرای بەرزنرخاندنی خەبات‌و تێکۆشانی رۆڵەکانی کوردستان بە دژی تیرۆریسم پشتیوانی خۆشی لە هەوڵەکانی کوردان بە دژی تیرۆریسم دووپاتکردەوە
هەر لەو خۆپێشاندانەدا سۆران شێرزاد بە نوێنەرایەتی کومیتە ناوچەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی ئۆستفۆڵدی نۆروێژ پەیامێکی پێشکەشی کوردانی بەشدار لەو رێپێوانە کرد
لە پەیامەکەی بەرێزیان‌دا باسی هاتبوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەم لە بواری سیاسیی‌و هەمیش لە بواری نیزامی داو بەهەر شیوەیەک کە بۆی بگونجێت پشتیوانی خوشک‌و براکانێتی لە پارچەکانی تری کوردستان، لە باشور هەتا رۆژئاوا و ئەوەی لە توانای دا بێت دەریغی ناکات هەروەها لە درێژەدا وتی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەورەترین قوربانی دەستی تیرۆریزمی دەوڵەتی واتە کۆماری ئیسلامی بووەو بەردەوام خەباتی نەتەوەیی حیزب لە رۆژهەڵات بە دژی هێزی سەرەکی تیرۆریسم کە کۆماری ئیسلامە بووە و لەو خەباتەدا رەوایەدا دوو رێبەری مەزنی د.قاسملوو د.شەرەفکەندی بەخت کردووە، لە کۆتایی‌دا داوای یەکیەتی‌و یەکگرتوویی ناماڵی کوردی کرد.
خۆپێشنادانەکە ئێوارەی هەمان رۆژ تا درەنگانێکی هەر بەردەوام بوو.


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 856 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact