. . . .


17 Oct 2014

دیداری هەیئەتی نوێنەرایەتی کوردانی شاری بێڕن،ی سویس لەگەڵ باڵویزخا?


ڕۆژی چوارشەممە ١٥ ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤ هەیئەتێک بە نوێنەرایەتی خۆپێشاندەرانی پشتیوانی لە كۆبانی، کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۱۱ی ئۆکتۆبر به بەشداری كوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان و چەندین کەسی ئێرانی بۆ پشتیوانی لە کۆبانی لە بەردەرگای باڵوێزخانەی ئەمریکا لە شاری بیرنی وڵاتی سویس بەڕێوەچوو،سەردانی باڵوێزخانەی نابراوی کرد و لە لایەن بەرپرسی سیاسی ئەو باڵوێزخانەوە خانمی ڕاچایل دۆهێرتی بە گەرمی پێشوازیان لێکرا.
لەم دیدارەدا، بارۆدۆخی کۆبانی، هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان، بارودۆخی زیندانیانی سیاسی و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دا کەوتنە بەر باس و ئاڵوگۆڕی بیرورایان لە سەر کرا.
هەیئەتی ناوبراو نیگەرانی خۆپێشاندەرانیان سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری کۆبانی گەیاندە
بەررپرسانی ئەمریکی و لە بەرپرسانی ئەمریکی داوایان کرد کە هەرچی لە توانایان دایە بۆ
بەرگری لە ڕەشەکوژی و کۆمەڵ کۆژی داعش لە کۆبانی دا ئەنجام بدەن. هەروەها لەو وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا داوایان کرد کە فشار بخاتە سەر حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی دەروازەی سنووری خۆی بە ڕووی ئاوارەکانی کۆبانی دا و ناردنی یارمەتی بۆ خەڵکی خۆڕاگر و نەبەزی کۆبانی بکاتەوە. نوێنەرانی خۆپێشاندەران جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کەتورکیا لە شەڕ لەگەڵ داعش دا دەبێ خۆی یەکلا بکاتەوە و کۆتایی بە پشتیوانی کردن لەو گروپە تیرۆریستە بێنێت. هەر لەو بارەشەوە ئاماژە بە کۆماری ئیسلامی ئێران کرا کە بە سیاسەتە دژەمرۆیی و ئاژاوە گێڕیەکانی لەناوچەکەدا لە ماوەی ئەو ٣٥ ساڵەیتەمەنی خۆیدا بۆتە سەرچاوە و کانگەیەک بۆ سەرهەڵدانی بیرۆکەی توندڕەوو گرۆپە تیرۆریستەیەکانی وەکو داعش لە ناووچەکەدا.
خانمی دۆهێرتی لای خۆیەوە هاوسۆزی خۆی بۆ خەڵکی کۆبانی بە تایبەتی و شەڕی گەلی کورد لەگەڵ گروپی تیرۆریستی داعش بەگشتی دەربڕی. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە لەسەرەتادا وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گروپی تیرۆریستی داعشی بەکەم گرتبوو، بەڵام ئەو ڕووداوانەی ئەو دوایانەی سوریا و عێڕاق ڕووی دڕندەی ئەو گروپە تیرۆریستیەیان دەرخست. هەربۆیەشە ئێستاکە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا زۆر بە جیددی خەریکی دروستکردنی بەرەو هاوپەیمانیەکی بەرفراوانە دژی ئەو گروپە تیرۆریستیە، کە بێ گومان ئەوەش ئاسان نیە، چونکە هەریەک لە وڵاتانی هاوپەیمان بەرژەوەندی و داوای تایبەتی خۆیان هەیە کە کۆبونەوە و ڕێک کەوتن لە سەر پالتفۆرمێکی جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەک دژوارتر دەکات.
سەبارەت بە بارودۆخی زیندانیان و هەڕەشەی جیددی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ، هەیئەتی ناوبراو ڕاپۆرتێکی تێرو تەسەلەیان که له لایەن تۆڕی ناونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێرانەوه ئامادە کرابوو پێشکەش بە بەرپرسی سیاسی باڵوێزخانەی ئەمریکای کرد و بە تایبەتی جەختیان لە سەر ئەو دوو خاڵە کردەوە کە لە لایەکەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو ڕووداوانەی ئەو دوایانەی بە هەل و دەرفەتێک زانیوە بۆتەسفیە حیساب کردن لەگەڵ چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێران و کوردوستاندا و دەست بەسەرکردنیان و ڕەوانە کردنیان بۆ کونجی زیندانەکان، وە لەلایەکی دیکەوە سەرقاڵیی کۆمەڵگای نێونەتەوەی بە شەڕی داعش و بێ دەنگیان لە ڕاست رووداوەکانی ئێراندا بە فرسەتێک زانیوە بۆ لە سێدارەدانی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی. هەیئەتی ناوبراو نیگەرانی خۆی دەربڕی و لەو بارەیەوه هوشداری دا.
شایانی باسە خانمی دۆهێرتی کۆمەڵێک پرسیاری سەبارەت بەو پرسانە ئاراستەی هەیئەتی ناوبراو کرد و بە پەرۆشەوە و بە ووردی گوێی بۆ وەڵام و داواکاریەکانی هەیئەتەکە گرت و بەڵێنی ئەوەی دا کە بڕیارنەمەکە و تەواوی ئەو داواکاریانە بە ئامانەتەوە بگەینێتە واشێنگتۆن.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 563 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact