. . . .


12 Oct 2014

کودانی دانیشتووی لەندەن، بۆ جارێکی دیکە و بۆ پشتگیری لە کۆبانێ، ڕژان


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: لەدرێژەی کارو چالاکیەکانی کۆمیتەی هاوکاری حیزبەکوردستانیەکان و هەروەها لیگی هەرێمەکانی کوردستان کە لەژێر ئەو دوو ناوەدا لە بریتانیا دا کاروچالاکیەکانی دەکات، ئەمرۆ یەکشەممە ١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤ کاتژمێری ٣ی پاشنیوەرۆ بەمەبەستی پشتیوانی لە کوردانی رۆژئاوا و بەتایبەت شاری کۆبانی، خۆپیشاندانێکی بەرین بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردستانییانی نیشتەجێی بریتانیا رێکخست. ئەم خۆپێشاندانە بە پشتیوانی رەوەندی کوردی لەبریتانیا گروتینێكی زیاتری بە خۆیەوە بینی و بە دروشـمی جۆراجۆر بۆ پشیوانی لە کوبانێ، ڕێز لە خۆراگڕی و نەبەزینی کچان و کوڕان، دایکان و باوکانی ئەو شارە دوژمن بەزێنە گیرا. لەو خۆپێشاندانەدا رۆل و نەخشی گەلی کوردمان لە رۆژهەڵات کوردستان و هەروەها زیندانیانی سیاسی کوردیش کە بە وەڕێخستنی خۆپیشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵات و مانگرتن لە بەندیخانەکانی ڕژیمی ئیسلامی دا پشتگیری خۆیان بۆ کوردانی خۆرئاوای کوردستان دەربڕی، بەرز نرخاند.
لەو خۆپێشاندانە دا بەیاننامەی پشتیوانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کورد کاک کەمال شەریفی و عەلی مورادیمان بە کوردی و ئینگلیسی بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی خۆراگری کۆبانی لەنێو بەشداربووان بلاو کرایەوە و هاوکات سیاسەتی دوو فاقی ڕژیمی تاران کە بێشك لەگەڵ تێرۆریستانی داعش هیچ جیاوازیەکایان نیە سووک و ڕیسوا کرد.
جێگای خۆشحاڵی و سەربەرزیە بۆ هەموو لایەکمان کە کورد لەهەموو بەشە دابراوەکانی کوردستانی خۆشەویست بەیەکگرتووی و یەك دەنگی دەستیان داوەتە دەستی یەک. هیواخوازین کە بۆ پشتگیری زیاتری خەڵکی خۆرئاوای کوردستان و بەرپەرچ دانەوەی تێرۆریستان کە ئەوە ماوەیەکە شەر و هێرشەکانیان بۆ سەرکوردستانی خۆشەویست چڕتر کردووەتەوە، کورد هەروا بەیەکگرتووی و یەکریزی بمێنێتەوەو ئەو مال وێرانی و دەربەدریشە دواین ناخۆشیەکانی نەتەوەی کوردمان بێت لەهەموو پارچەکانی کوردستان و کوردستانی گەورە کە ئارەزووی هەموو تاکێکی کوردە بێتە دی.
لە لایەکی دیکەوە و هەر لە درێژەی کاروچالاکییەکانی کوردانی نیشتەجێی بریتانیا، دوێنی واتە ١١ ئۆکتۆبری،ش خۆپیشاندانێکی دیکە هەر بەمەبەستی شەرمەزارکردنی تیرۆر و تیرۆریستان کە هێرشیانە هێناوەتە سەر کوردستان لە بەر پارلمانی بریتانیا بە بەشداری کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان بەڕێوەچوو.

هاوهەنگاو لەگەڵ خۆپیشاندان و دەربڕینی نارەزایەتی کوردان لە شەقام و گوڕەپانەکانی وڵاتانی ئوروپایی، کاری دیپلۆماسی و بڵاو کردنەوەی زانیاریش بۆ ئاژانەسەکانی هەواڵ و تیشک خستنە سەر ئەو کاروچالاکییەکانەی لە ماوەی ڕابردوو دا لە وڵاتی بریتانیا ئەنجام دراون ڕێکخرا. ڕۆژی هەینی رێکەوتی ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤پرێس کۆنفرانس بۆ لیگی هه رێمانی کوردستان، لە بارەگای کۆمەڵەی کوردی کۆمکار لە شاری لەندەن بەڕیوەچوو.
بەئامادە بوونی ئەندامانی لیگی هەرێمانی کوردستان کە نوێنەرانی زۆربەی پارتە سیاسیەکانی کوردستانی تێدا ئەندامن، پرێس کۆنفرانسێک سەبارەت بە کارو چالاکیەکانی حیزب و ڕێکخراوەکان و ڕەوەندی کورد لە وڵاتی بەریتانیا و ئەو چەندین کۆبونەوانەی کە لە ماوەی ڕابردوو دا ئەنجامدراون و لە ڕێگەیانەوە پەیامی میلەتی کورد بە چەندین شوێنی پەیوەندی دار وەک وەزارەتی دەرەوە و دەسەڵات دارانی پلە بەرزی بەریتانیا گەیێندراوە و وڵامی ئەرێنیش وەرگریراوەتەوە.
لەم پرێس کۆنفرانسەدا ئەندامانی لیگی هەرێمانی کوردستان باسیان لە کارو چالاکیەکانیان کرد کە لە ماوەی ڕابردوو دا لەسەر هێرش وپەلامارەکانی گروپی تیرۆریستی داعش کە دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجامی داوە لە باشور و رۆژئاوا.
.
لیگی هەرێمانی کوردستان سەرەڕای ناردنی نامە بۆ سەرۆکی ئەمەریکا { باراک ئۆباما} و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا { دیڤد کامیرۆن } داوایان لێکراوە کە بەدەنگ میلەتی کوردەوەبێنو هاوکاری بکرێن، لە هه مان کاتدا نامەیەکیشیان ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان { مەسعود بارزانی} کردووە سەبارەت بەوەی داوا لە وڵاتە بەهێزەکان بکات کە پشتیوانی لە دروست کردنی هه رێمێکی پارێزراو بکەن لە رۆژ ئاوا.
ئەندام پەرلەمان { جێرمی کۆبون} جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە بەریتانیا بە ناردنی پەیامێک بۆ لیگی هەرێمانی کوردستان، دەست خۆشی لە لێکردبوون سەبارەت بە کاورچاکاییەکانی ماوەی رابردوویان و بەڵێنی داوە کە بەدوادا چون بکات بۆ گەیاندنی داخوازیەکانمان بە پەرلەمانی بەریتانیا کاری جدی لەسەر دەکات. هاوکات ئاشكرای کردووە کە کۆبونەوەیەکی لەگەڵ باڵوێزی تورکیا لە بەریتانیا ڕێک خستووە بۆ ئەوەی داوای لێبکات کە حکومەتی تورکیا هاوکاری رۆژئاوا بکات لەبەرامبەر تیرۆریستانی داعش دا.
هەروەها بەرێز لۆرد تیم کلیمت جۆنس نامەیەکی ئاراستەی لیگی هەریمانی کوردستان کردووە و تیایدا نوسیویەتی کە پەرلەمانی بەریتانیا حەفتەی داهاتوو دەست بەکۆبونەوەکانی دەکاتەوە و لەگەڵ چەند هاورێیەکی کارلەسەر ئەوەدەکەن کە چۆن پەرلەمانی بەریتانیا داوای لەحکومەت کردوە لە باشور شەر دژی گروپی تیرۆریستی داعش بکات بەهەمان شێوەش پەرلەمان ڕەزامەندی دەربێبڕیت لە رۆژئاواش حکومەت دەست کراوە بێت بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە داعش. داواش دەکات حکومەتی بەریتانیا چەک بۆ پێشمەرگە و شەرڤانانی یەپەگە دابین بکات و مەشقیان پێبکرێت لەسەر چەکە پێشکەوتوەکان و داواشدەکات کە تورکیا ڕۆڵی خۆی بیبینێت لە ڕۆژئاوا دژی داعش شەربکات و کوبانی بپارێزێت.
لیگی هەرێمانی کوردستان داوای لە حکومەتی بەریتانیا کرد کە بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا و هەموو خاکی کوردستان هاوکاری پێشمەرگە و شەرڤانانی رۆژئاوا بکەن و رۆژئاوا وەک هەرێمێکی پارێزراو لە لایەن ئەمەریکاو بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیانەوە پارێزگاری لێ بکرێ.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 629 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact