. . . .


21 Sep 2014

بەرێوەچوونی یادی ٢٢ ساڵەی شەهیدانی میکۆنوس لە نۆروێژ


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: دوانیوەرۆی رۆژی یەکشەممە، ٢١ی سێپتامبری ٢٠١٤ کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی میکۆنووس، بەرێزان شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک فەتاح عەبدولی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، کاک هومایون ئەردەڵان کادری حیزب‌و کاک نوری دێهکوردی دۆستی دێرینی حیزبی دێموکرات، سمینارێکی لە ژێر ناوی " تێرۆری میکۆنووس و ئاکامەکانی" بۆ بەرێز حەسەن حاتەمی، ئەندامی رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەڤەری ئۆسڵۆ پێکهێنا، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە حیزب و رێکخراوەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، دۆستان، لایەنگران و ئەندامانی حیزب بەشداری ئەو کۆڕیادە بوون. سەرەتای سمینارەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. دواتر هاورێ جەعفەر شەریعەتی وەک بەرێوەی کۆڕەکە کورتەیەکی لە سەربردەو خەباتی شەهید دوکتور شەرەفکەندی باس کرد. دواتر سمینارەکە کە بە شێوەی پانێلی پرسیارو وەڵام لەگەڵ هاورێ حەسەن حاتەمی، بە وتەیەکی بەنرخی شەهید دوکتور شەرەفکەندی کە دەڵێ: "ئێمە سیاسەتی خۆمان بۆخۆمان دیاری دەکەین، چونکە حیزبێکی سەربەخۆین، چ چووک بین، چ گەورە بین، چ بێ هێز بین و چ بە هێز، سیاسەتی سەربەخۆیی خۆمان ناگۆرین!"، بەرێوەچوو. هاورێ حاتەمی لە وەڵامی پرسیاری بەرێوەی پانێل دا کوتی ئەو هەل و مەرجە نوێیەی کە لە دوای شەری سارد و ئاڵ و گۆڕەکانی دوایی کە زنجیرەیەک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئوروپایی گرتەوە و دیاری کرانی هێڵی٣٦ دەرەجە بۆ باشووری کوردستان، وەزعییەتی نوێی کوردان، ترسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێکهێنانی هاوکاری هێزە ئازادیخوازەکان، مێحوەرییەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات و جێگرەوەی دوویەمین رێبەری لێوەشاوەی خۆی دوکتور سەعید، هۆگەڵێک بوون بۆ تێرۆری میکۆنووس. لەو پێوەندییەدا چونە نێو باسەکانی گیرانی ژمارەیەک لە بکوژانی ئەو جینایەتە، هاوکاری کردنی بەشی قەزایی ئاڵمان لە لایەن بەشی سرویسی ئیتلاعاتی بریتانیا کە ماوەی ٢٠ ساڵ بوو کازم دارابی یان لە ژێر چاوەدێری دا بوو، بوو بە هۆی ئاشکرا بوونی شوێنپێ ئێران. درێژەکێشانی لێکۆڵینەوەکان و رەوتی دادگا و شاهیدانی ئێرانی و ئاڵمانی کە بوون بە هۆی مەحکوومییەتی چوار کەس لە تاوانباران و ئاشکرا کردنی کۆمیتەیەکی تایبەت بۆ کوشتنی موخالیفانی رێژیمی ئێران کە ئەو کۆمیتەیە لە دەسەڵاتدارانی هەرە بەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێران یانی خامنەیی رێبەر، رەفسەنجانی، سەرکۆمار، ولایەتی وەزیری دەرەوە، فەلاحیان وەزیری ئیتلاعات و موحسین رەزایی فەرماندەی سپای پاسداران، پێکهاتبوو. لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکانی دا هاورێ حەسەن حاتەمی ئاماژەی بە بەشێک لە ئاکامەکانی ئەو پەروەندەیە کرد کە قەیرانی باڵوێزخانەکان، تێکچوونی رەوتی بازرگانی ١٢٢ ساڵە دەگەڵ ئاڵمان، دانانی مێنۆمێنت لە نیزێک رێستۆرانی میکۆنووس، سەرەرایی موخالەفەتی توندی ئێران نووسینی چەند کتێب‌و دروستکرانی فیلمی سینەمایی وەک " جینایەتی موقددەس"، رەنگدانەوەی ئەو تێرۆرە لە کتێبی پێوەندییەکانی ئێران‌و ئاڵمان لە لایەن حوسێن موسەوی باڵوێزی پێشوویی رێژیمی ئێران لە ئاڵمان‌و باسکرانی بەشداری هەیئەتی سوسیاڵ دێموکراتی سۆئێد لە کۆبوونەوەی میکۆنووس دوایی ١٨ بە سەر تێپەرینی ئەو تێرۆرە کە دەکرێ وەک گرێ کوێرەیەکی دیکە لەو رووداوە چاوی لێبکرێ. لێکۆڵینەوەی مەیدانی نوسرانی کتێبی "پیاوکوژانی کۆشکی فیرۆزە" بە زمانی ئینگلیسی و وەرگێرانی بۆ کوردی‌و سەرنجراکێشانی خوێنەرانی ئەو کتێبە لە ئەمریکا و هەڵبژێرانی ئەو کتێبە لە ساڵی رابردوو وەکو باشترین کتێبی ساڵ‌و خەڵاتکرانی دادستانەکانی ئەو پەروەندەیە لە بەر ئیجرایی عەداڵەت لە جیاتی سات و سەودای سیاسی بەشێکن لە ئاکامەکانی دوای حکومدانی ژمارەیەک لە بکوژانی ئەو جینایەتە. لە بەشێکی دیکەی سمینارەکە دا کە تایبەت بوو بە پرسیار و تێبینی بەشداران کە لە لایەن هاورێ حەسەن حاتەمی، ئەندامی رێبەری حیزب بە وردی وەڵامیان پێدرایەوە. پێویست بە ئاماژەکردنە کە ئەو حیزب و رێکخراوانە بەشداری ئەو سمینارە بوون: ـ پارتی دێموکراتی کوردستان ـ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ـ ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕان ـ پارتی کرێکارانی کوردستان، پێ کا کا ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ـ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ـ رێکخراوی خەباتی شۆڕشگێری کوردستان ـ حیزبی زەحمەتکیسانی کوردستان ـ پارتی یەکێتی دێموکراتی، پ ی د ـ کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان

بەشی راگەیاندنی حدک لە نۆروێژ


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 753 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact