. . . .


14 Sep 2014

خۆپێشاندانی رەوەندی کوردی لەبریتانیا بۆ پشیوانی ‌هەرێمی کوردستان


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: لە درێژەی کارو چالاکیەکانی هاوپەیمانی هەرێمەکانی کوردستان لە بریتانیا، ئەمرۆ شەممە ١٣ی سپتامبری ٢٠١٤ بە پشتگیری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا هەروەها سەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی جێگیر نیشتەجێی ئەو وڵاتە، خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی و پشتگیری لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پشتیوانی کردنی پرسی کورد دژی تیرۆر و تیرۆریستان ڕێکخست.
خۆپیشاندانەکە لە لینکۆڵنس فێڵد پارک کاتژمێر دوو و نیوی پاشینیوەڕۆ دەستی پێ کرد و لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەری هۆڵبۆرن بە پیادە بەرەو نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی بەریتانیا لە ژمارە ١٠ داونین ستریت درێژەی کێشا. خۆپیشاندەران بە درێژایی ئەو ڕێگایە بەدەیان درووشمیان بۆ سەرکۆنە و ڕیسوا کردنی تاقمی تێرۆریستی داعش وتووە و پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەت و گەلی باشووری کوردستان دووپات کردەوە. پاشان هەموو خۆپیشاندەران کە بریتی بوون لە نوێنەری زۆربەی هەرە زۆری حیزب و ڕیکخراوەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و کۆمەڵێکی زۆر لە کوردستانیانی نێشتەجێی بریتانیا، لەبەر دەرگای داونینگ ستریت نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی بریتانیا کۆبوینەوە و لەوێش بەدروشم وشعار پشیوانی خۆیان لە کوردستان و پێشمەرگەی کوردستان و ئاوارەکان دەربڕی.
پاشان نوێنەری هەر یەکە لەو حیزبانەی خوارەوە کە بریتی بوون لە:

- پارتی دیموکراتی کوردستان
- حیزبی دێموکراتی کوردستان
- بزووتنەوەی گۆران
- یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان
- یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
نامەیەکیان ئاراستەی نوسینگەی سەرۆك وەزیران کرد کە تێدا داوای پشتگیری تەواو لە حکومەتی بریتانیا کرابوو و هەروەها داوای پڕچەک کردنی هێزی پێشمەرگە و ڕاهێنانیان لەسەر چەکە پێشکەوتوەکان لە چۆنیەتی بەکار هێنانیان
و هاوکاری مرۆیی زیاتر بۆ ئاوارەکان کە نزیکەی ١،٤٠٠،٠٠٠ ملوێنێک و چوارسەد هه زار کەس دەبن کرابوو. ئەوە جگە لەوەی کە داوا لە حکومەتی بریتانیا کرابوو کە کار بکەن بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی کوردانی ئیزەدی و
هەروەها دانی یارمەتیەکان بەشێوەی راستەوخۆ بەهەرێمی کوردستان بە بێ گەڕانەوە و ئیزن خواستن لە حکومەتی ناوەندی عێراق.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 658 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact