. . . .


11 Sep 2014

"قەیران لە عێراق، هاوپەیمانی چاوەرواننەکراو ، بەشداری رۆژئاوا و کێ??


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: ڕۆژی سێشەممە رێکەوتی ٩ی سپتامبری ٢٠١٤ لە پارلمانی بریتانیا کاتژمێری ٧ی ئێوارە بۆ ٩ی شەو کۆبوونەوەک لە لایەن 'ناوەندی پەرەسەندەنی کورد' Kurdish Progress Centre، بەمەبەستی تاوتوێ کردنی قەیرانی عێراق و باشووری کوردستان بەرێوە چوو. لەو کۆبوونەوەیەدا پانێڵێک لە سیاسەتمەدارن و پاڕلمانتاران و رۆژنامەنووسانی ناسراوی بڕیتانیایی و هەروەها نوێنەری حکومەتی کوردستان لە بڕیتانیا، خاتوو بەیان سامی عەبدوولرەحمان، باسیان لە سەر قەیرانی ئێستای عێراق و کێشەی کورد پێشکەش کرد.

ئەندامانی پانێڵەکە لە سەر ئەو خاڵە کۆدەنگ بوون کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش نه‌ك ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر گەلی کورد و کوردستان وکەمینە نەتەوەییەکانی دیکەی عێراق، به‌ڵکو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر هێمنایەتی و ئاسایشی جیهان به‌ گشتی و پێویسته‌ هه‌موومان ده‌ست بخه‌ینه‌ ناو ده‌ستی یه‌ک بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستیه‌.
لە هەمانکاتدا ئەندامانی پانێڵەکە باسی ئەوەیان کرد کە داعش له‌ پاش گرتنی موسڵ ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و چه‌که‌ پێشکه‌وتووانە داگرت که‌ سوپای عیراقی له‌ دوای خۆی به‌جێی هێشتبوو و توانی خۆی لە باری سەربازیەوە پێش هێرشکردن بۆ کوردستان بە تەواویی پڕچەک و ئامادە بکات، هەر بۆیەش پێویسته‌ بڕیتانیا به‌ زووترین کات هاریکاری زیاتری هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بکا به‌ ناردنی چه‌کی قورس و پشتیوانی کردنی سه‌ربازی کە ئێستا لە بەرەیەکی نیزیک بە هەزار کیلۆمتر شەری داعش دەکا.
خاتوو بەیان سامی عبدالرەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ بەشێک لە وتەکانی دا سوپاس و پێزانینی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی سەبارەت بە بڕیاری حکومه‌تی به‌ریتانیا ده‌ربڕی به‌ هه‌نارده‌کردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بۆ پێشمه‌رگه‌ و ووتی ئه‌وه‌ بڕیارێکه‌ له‌ کات و شوێنی خۆی هات.
له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان خاتوو بەیان سامی عبدالرەحمان له‌ به‌ریتانیا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ تیرۆریستانی داعش جینۆسایدیان ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵکی ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆلی خۆیان ئه‌نجامداوه و‌ تەنیا بیانووشیان بۆ ئەو کارە پاساوی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یییە، بۆیە پێویسته‌ هه‌موومان کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچون له‌سه‌ر ئه‌و جینۆسایده‌ بکرێت و خۆشحاڵی خۆی به‌ بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یەکگرتووه‌کان به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ ده‌ربڕی. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ ڕۆشنایی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی سه‌ختی په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێم که‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ ملیۆنێك و 400 هه‌زار په‌نابه‌ر و ووتی: " ته‌نها بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بۆ نموونه حکومه‌تی به‌ریتانیا بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سکۆتله‌ندا به‌ ته‌واوی ببڕێت، له‌ هه‌مانکاتیشدا ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی په‌نابه‌ران ڕوو له‌وێ بکه‌ن، ئایا چ کاره‌ساتێکی مرۆیی ڕوو ده‌دات؟ ئایا که‌سێک له‌ ئێوه‌ بیری له‌وه‌ کردۆته‌وه‌؟ ئه‌وه‌ بارودۆخی سه‌ختی کوردستانه‌. حکومه‌تی عیراق له‌ سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌ بودجه‌ی کوردستانی بڕیوه‌ و ئاماده‌ نیه‌ پرسی په‌نابه‌ران به‌ جیددی‌ وه‌ربگرێت." هه‌روه‌ها ووتی گه‌لی کوردستان ئاماده‌ نیه‌ جارێکی تر جینۆساید بکرێته‌وه‌. ده‌رباره‌ی پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی عیراقیش، خاتوو به‌یان سامی عبدالرحمان ووتی هیوادارین حکومه‌تی نوێ گشتگیر بێت و گه‌لی کورد هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ی حوکم و بڕیاردان بێت له‌ ووڵات و هه‌مان هه‌ڵه‌کانی حکومه‌تی پێشوو دووباره‌ نه‌کاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی ئه‌و 3 مانگه‌ی که‌ سه‌رکردایه‌تی کوردستان بۆ حکومه‌تی نوێی عیراقی داناوه‌ داواکاریه‌کانمان جێبه‌جێ نه‌کرێن ئه‌وا پێداچوونه‌وه‌ به‌و بڕیاره‌مان دا ده‌که‌ین.
لە بەشیکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەدا ئەندامانی پانێڵەکە؛ د. لیام فۆکس پارلمانتار (حزبی پارێزگاران) لورد کلیمنت جۆن ( لیبڕال-دیموکرات) و لورد مۆریس گلاس مەن( حزبی کرێکار)، جەختیان لە سەر باروودۆخی مه‌ترسیداری ناوچه‌که‌ کرد و باسی دەوری گرینگی کوردیان لە شەری لە دژی داعش کرد. ئەوە جگە لەوەی کە ویستی ئەویان زەق کردەوە کە حکومەتی بڕیتانیا دەبێ ‌ کورد به‌ هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کی خۆی دابنێت و په‌یوه‌ندیه‌کی ستراتیژی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم دروست بکا و ته‌واوی پێداویستییه‌ سه‌ربازی و مرۆییه‌کانیانی بۆ دابین بکا.
لە بەردەوامی ئەو باسەدا لورد کلیمنت جۆن ئاماژە بەوە دا کە لە ماوەی دە ساڵ پاش رووخانی رژیمی سەدام، پەیوەندی ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەریمی کوردستان لە چوارچێوەی ئابووری- بەریوەبەریدا قەتیس ببوو، بەڵام لە ئێستاوە دەبێ هەموو دەرگاکانی ئابووری، بەریوەبەری، سەربازی و سیاسی بە مەبەستی هاریکاری بۆ هه‌رێمی کوردستان ئاواڵە بکەین.
لورد جۆن وتی لە راستیدا دەبی بڵین لە ماوەی دەساڵەی رابردوودا ئێمە لە حالێکدا کە پەیوەندی خۆمان لە باری سیاسی لە چوارچیوەی پەیوەندی فەرمی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بەرتەسک کردبووەوە، بەڵام کاربەدەستانی بەغدا رێگر بوون لە پەرسەندنی هێزی سەربازی حکومەتی هەریمی کوردستان، هەرچەندە سەرەرای ئەوەش بینیمان کە هێزی پێشمەرگە سەرەرای کەموکوڕی کەرەستەی سەربازی و چەک و تەقەمەنی، بەڵام زۆر ئازایانە بەرگریان لە خەڵک و خاکی خۆیان کرد، و هەر ئێستاش حکومەتی هەریمی کوردستان میوانداری یەک میلیۆن و چوارسەدهەزار پەنابەری مەسێحی، شەبەک، ئیزەدی، تورکەمەن و عەربە کە لە بەر مەترسی داعش پەنایان بۆ کوردستان هێناوە.
لورد جۆن وتی: من لەگەڵ نوێنەری حکومەتی هەریمی کوردستان خاتوو بەیان هاودەنگ و هاورام کە ئێمە رووبەرووی جێنۆسایدین لە کوردستان"، هەر بۆیە دووپاتی دەکەمەوە کە ئێمە سورین لەسەر پاراستنی کوردستان، چونکە نەتەوەی کورد خوازیاری هەمان سیستمی بەها و شارستانیەتە کە ئێمە لە رۆژئاوا سەقامگیرمان کردووە. چون دڵنیانین کە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، فاکتۆرێکی گرینگە لە ئارامی و ئاسایەشی ناوچەکەیە، چونکە دەزانین کە نەتەوەی کورد توانای ئەوەی هەیە کە سیستمێکی سیاسی دێمۆکراتیک دابمەزرێنێ کە مافی مرۆڤ و مافی کەمینەکان بە تەواوی بپارێزێ، هەر بۆیەش هەرچی بۆمان بکرێت هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکەین‌ و هەمو بژاردەکان بە کراوەیی دێڵینەوە تەنانەت بژاردەی سەربازیش بۆ پارێزگاری لەهەرێمی کوردستان.
پێویست بە ئاماژەیە کە باسەکانی پانێڵەکە زۆر بە گەرمی لە لایەن بەشدارانی کۆبوونەوەکە پێشوازی لێکرا و بە پرسیار و تێبینی و وتووێژی ئەوان دەوڵەمەنتر بوو.
جێگەی باسە کە نوێنەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەشداری ئەو کۆبونەوەیە بوو.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 617 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact