. . . .


6 Sep 2014

خۆپیشاندانی کوردانی نیشتەجێی شاری لینشۆپینگ بۆ پشتیوانی لە کوردانی


ناوەندی هەواڵ- سوید: خۆپێشاندانی کوردانی نیشتەجێ لە شاری لینشۆپینگ بۆ پشتیوانی لە ئێزدی‌یەکان ئێوارەی ڕۆژی ٠٥ ـ ٠٩ ـ ٢٠١٤ کاتژمێر ٥ ی ئێوارە کوردانی دانیشتووی شاری لینشۆپینگ،ی سوید، بۆ پشتیوانی لە ئاوارەکانی ناوچەکانی شەنگال و هەروەها مەحکووم کردنی هێرشی دڕندانەی خەلافەتی ئیسلامی داعش بۆ سەر کوردستان، خۆپێشاندانێکی هێمنانەیان لە ناوەندی ئەو شارە بەرێوەبرد. سەرەتا لە لایەن بەرێز جەلال خوشکەلام و ئەسرین کوردی بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی ئامادەکاری خۆپێشاندان وتارێکیان بە دوو زمانی کوردی و سوئێدی وەک پشتیوانی لە ئاوارەکانی شەنگال و هەروەها ڕیسوا کردنی هێرشی داعش و ڕفاندن و بازرگانی کردن بە کچانی ئێزیدی پێشکەش کرد و داوایان کرد کە هەموومان پشتیوان و هاریکاری خەڵکی شەنگال و ئاوارەکانی کوردستان بین و بە یەکگرتوویی و بەیەکەوە بەگژ پیلانەکانی داعش و هەموو دوژمنە ڕەنگاوڕەنگەکانی گەلەکەماندا دا بچینەوە. لە درێژەی خۆپێشاندانەکە دا نوێنەری حیزبەکانی سوئێدی کە بریتی بوون ‌لە: حیزبی مودێرات، پارتی گەل و سوسیال دێموکرات وتاریان پێشکەش کرد و هەر یەکە و بە نۆبەی خۆیان، هاوخەمی و پەرۆشی خۆیان لە ئاست ڕەوش و بارودۆخی ئێستای باشووری کوردستان و هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان دەربری و کارە نامرۆڤانەکانی داعشیان مەحکووم کرد. دوایین بەشی خۆپێشاندانەکە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب بوو کە تێکرای خۆپێشاندەران سروودەکەیان لە ناوەندی شار وەک کۆرس خوێندەوە. شایانی باسە کە کوردەکانی نیشتەجێ لە شاری لینشۆپینگ،ی سوید، هاوکات هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی یارمەتی ماددی و کەل‌وپەلی جۆراوجۆریان دەست پێکردووە و ئەو هەڵمەتە تا ٧ ڕۆژ درێژەی دەبێ.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 724 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact