. . . .


31 Aug 2014

لە شاری ئۆپسالای سوید، بە ئامادە بوونی نوێنەری ٦ حیزبی سویدی، دێباتێک


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ ئاگوستی ٢٠١٤ی زایینی، بە ئامادە بوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی شاری ئۆپسالا، لە خوێندگای " ڤاسکا سکولان، کۆبوونەوەیەک بۆ نوێنەری ٦ پارتی سوید پێک هات. نوێنەری ئەو ٦ حیزبە کە بریتی بوون لە سوسیال دێموکراتەکان، پارتی ژینگە، پارتی مۆدێراتی دەسەڵات دار، پارتی گەل، پارتی سەنتەر و پارتی چەپی سویدی، لە سەر بانگهێشتی کۆمەڵەی کوردی سویدی، بۆ باس لە سەر سیاسەتەکانی خۆیان لە چوارساڵ دەسەڵاتی داهاتووی ئەو وڵاتە، ئامادەی ئەو دێباتە ببوون.
تەوەرەی سەرەکی ئەو دێباتە پرسیارێکی بوو کە لە لایەن کۆمەڵەی کوردی سویدییەوە ئاراستەی نوێنەری هەموو حیزبەکان کرا، ئەویش ئەوە بوو کە بۆچی دەبێ ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دا دەنگ بە ئێوە بدەین؟
لە وڵامی ئەو پرسیارە دا هەر حیزبە و لای خۆیەوە بە باس لە سەر سیاسەت و پلانی کار و گەشە پیدانی کۆمەڵایەتی و هەروەها بەرنامەی چوارساڵی داهاتوویان بۆ ئیدارە کردنی وڵات، بە تێروتەسەلی قسەیان کرد. لە بەشی دووهەمی ئەو دێباتەدا، باس هاتە سەر کێشەی کورد و سیاسەتی ئەو حیزبانە دەرحەق بە کێشەی گەلەکەمان، بە تایبەت لە ئێستا دا کە کورد لە باشووری کوردستان بەرەوڕووی هێرشی دڕندانەی گروی ئیسلامی داعش بووەتەوە و ناوچەیەکی بەبڵاوی خاکی کوردستان لە لایەن ئەو تاقمە داگیر کراوە و سەدان هەزار کەس ئاوارە دەربەدەر بوون. لەو پەیوەندییە دا هەمو حیزبەکان پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ حکومەت و گەلی باشووری کوردستان دەربڕی و هەموو تێکڕا لەو بڕوایە دا بوون کە کورد هەر بڕیارێک سەبارەت بە مافەکانی خۆی بدات ئەوان بە هەموو تواناوە پشتگیری دەکەن، تەنانەت ئەگەر سەربەخۆییش ڕاگەیەنێت.
بەشێ کۆتایی ئەو سمینارە تەرخان کرا بۆ پرسیار و وڵامی ئامادە بووان، کە لەو بەشە دا چەندین پرسیار ئاڕاستەی نوێنەری حیزبەکان کرا کە ئەوانیش بە پێی توانا وڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە لە پەڕاوێزی ئەو سمینارە دا، بەڕێز عەزیز سەیدنژادیان، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە سویدیەکانی کومیتەی سوید، توانی لەگەڵ نوێنەری ئەو حیزبانە دا چاوپێکەوتن بکات، هاوکات لەگەڵ خاتوو ئورلیکا کارلسۆن،ی نوێنەری حیبی مۆدێراتەکان دیدارێکی تایبەتی پێک هێنا و پێکەوە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی مۆدێراتەکان قسە و باسیان کرد. ئورلیکا کارلسۆن خۆشحاڵی خۆی لەو دیدارە دەربڕی و ئاواتی خواست کە لە داهاتووش دا ئەو دیدار و چاوپێکەوتنانە بەردەوام بن.
جێی باسە کە لە ئێستا دا، بە هۆی ئەوەی کە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دا هەڵبژاردنی پارلەمانی سوید بەڕێوە دەچێ، پارت و ڕیکخراوە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بەلای خۆیاندا، هەڵمەتێکی بەربڵاویان دەست پێکردووە.
کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 626 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact