. . . .


24 Aug 2014

ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ، ٦٩مین ساڵڕۆژی دامەزرانی حدک، لە وڵاتی نۆروێژ


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: ئێوارەی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی ئووتی ٢٠١٤ کۆمیتە ناوچەکانی ئۆستفۆڵد و وێستفۆڵدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بە هاوکاری یەکیەتیەکانی ژنان و لاوانی دێموکرات، ٦٩ مین ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان جێژن گرت.
لەو جێژنە دا ژمارەیەکی زۆر لە دۆستان، لایەنگران و ئەندامانی حیزبەکەمان بۆ رێز گرتن لەو رۆژە پیرۆزە لە مێژوویی خەباتی سیاسی گەلەکەمان دا کۆ ببوونەوە. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاویش لە نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی و نۆروێژی بەشدار بوون.
سەرەتای رێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی " ئەی رەقیب" لە لایەن کۆری هونەری یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندرایەوە و دواتر بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە رووحی پاکی شەهیدانی کوردوکوردستان دەستی پێکرد. ئینجا لە لایەن کچان و کورانی یەکیەتی لاوان مۆمی ٦٩ ساڵەی تەمەنی حیزبی دێموکراتی کوردستان داگیرسێندرا.
دواتر پەیامی کۆمیتەی ئامادەکاری جێژنی ٢٥ ی گەڵاوێژ لە لایەن هاورێ حەسەن خەمبار خوێندرایەوە کە وێرای پیرۆزبایی ئەو رۆژە مەزنە لە گەلی کوردستان، ئاماژەی بە رووداوەکانی ئەم دوایەی کوردستان کرد و وتی: " مخابن دوو بەشی کوردستانی دابەشکراومان، واتە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە کەوتوونەتە بەر هێرشی دوژمنانی کورد و کوردستان. لەم چەند رۆژەی دواییدا تێرۆریستەکانی ناسراو بە داعش، بە شێوەیەکی زۆر وەحشیانە و دوو لە هەر چەشنە پرنسیپ و ئەخلاقێکی مرۆڤایەتی دەستیان بە کوشتار و تاڵانی خەڵکی ئەو ناوچانە کردوە کە لەم دواییانە دا دەستیان بە سەر دا گرتوون. دڵرەشانی تاریکی پەرستی داعش تەنانەت رەحمیان بە منداڵی ساوا و ژن و پیاوی بەساڵداچووشدا نەهاتووە و بە سەدان کەسیان هەر ئاوا لە بەر چاوی خەڵک تیرباران کردووە، یا سەریان بریون. جگە لەمەش سەدان هەزار کەس لە ترسی گیانیان، ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێ هێشتوە و ئاوارەی شوێنەکانی دیکە بوون. ئەو کارەساتەی بە سەر خەڵکەکەمان بە گشتی و بە تایبەتی بە سەر کوردە ئیزەدیەکانی ناوچەی شەنگال هات، شتێک نییە کە هەرگیز فەرامۆش بکرێ."
لە بەشێکی دیکە پەیامی ٢٥ی گەلاوێژ دا باس لە بە دەنگ هاتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە باشووری کوردستان و لێقەوماوانی شەری داسەپێنراو بە سەر کوردستاندا کرا و کووتی:" وەدەنگ هاتنی سەرجەم حیزب و رێکخراوەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و ئامادەبوونیان بۆ دیفاع لە خاکی هەرێمی کوردستان، هەست و گورێکی دیکەی نەتەوەیی دا بە خەڵکی کوردستان و بووە بە هەوێنی ورووژاندنی زیاتری هاوسۆزی کۆمەڵانی خەڵک و هەر ئەوەش وای کردکە لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەمپەینی پشتیوانی لەو بەشەی کوردستان و بە تایبەتی کوردە ئیزەدییەکانی شەنگال وەرێ خرێ و برێکی زۆر خۆراک و پێداویستیەکانی دیکەی ژیانیان کۆ کردەوە و رەوانەی هەرێمی کوردستانیان کرد."
بەرێز خەمبار لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دا هاتە سەر پێویستی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و وتی:
٦٩ ساڵ به‌ر له‌ ئیستا کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی رووناکبیر ،شورشگیر و خه‌م خۆری گه‌لی کورد لە شاری مەهابادی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، حیزب دێموکراتی کوردستانیان وەک پێویستیەکی سیاسی و نەتەوەیی دامه‌زراند. ئەوان حیزبێکیان دامه‌زراند که‌ هه‌موو چین و توێژه‌کانی گه‌له‌که‌مان بی جیاوازی خۆی تێدا دەبینێتەوە.ئەو حیزبە لە ماوەی ٦٩ساڵ خەباتی پر لە سەروەری خۆییدا زۆر قۆناخی جۆراو جۆری بریون. دەستکەوتی گەورەی وەک دامەزراندنی کۆماری کوردستانی هەبووە، لەهەمانکاتدا لەرەوتی خەباتی خۆیدا توشی نسکۆ و پاشەکشەش بووە. ئەو حیزبە لەو ماوە دوور و درێژەدا، کە هەم لە لایان حکومەتی پاشایەتی و هەم لە لایان کۆماری ئیسلامیەوە هێرشی کراوەتەسەر،وێرای بەربەرەکانیەکی قارەمانانە، بەهەزاران تێکۆشەریشی لە رێی رزگاری کوردستاندا گیانیان بەخت کردوە، کە لە سەرووی هەمویانەوە ناو و وێنەی سێ شەهیدی سەر کردوە و رێبەر، شەهیدان پێشەوا قازی موحەممەد، دوکتور قاسملو و دوکتور شەرەفکەندی دەبیندرێن."
لە کۆتایی پەیامی کۆمیتەی ئامادەکاری ٢٥ی گەلاوێژ دا بەرێز حەسەن خەمبار وتی:" ئێمە ئەوساڵ لە دەرەوەی ولات لە کاتێکدا یادی دامەزرانی حیزب بەرز رادەگرین، کە لەهەمووکات زیاتر خەڵکەکەمان لە نێوخۆی کوردستانرا چاوەروانییان لێمان هەیە. ئاگاداری ئەوە هەین کە هەمووتان لێرا را لەگڵ ئێش و ئازارەکانی نەتەوەکەمان دەژین و زۆر جار بۆ پشتیوانی لە خەباتی خەڵک و پێشمەرگە، خۆ پێشاندان ساز دەکەن و دەچنە بەردەرگای سەفارەتەکان، ئەوکارانە هەمویان جێگەی رێزن، بەلام هەل و مەرجی خەبات و پێداویستی ئەمرۆ، زیاتری لە ئێمە دەوێ. پێویستە زیاتر لە کات و ساتی خۆمان مایە دابنێن و زیاتر ببینە دەنگی ئەو خەڵکە ماف زەوت کراوە و زیاتر لە جاران هاواری مافخوازی نەتەوەکەمان بە گوێی کاربەدەستان و خەڵکی ولاتانی ئوروپایی بگەیەنین."
دواتر پەیام و بروسکەی پیرۆزبایی ئەو کەسایەتی و حیزب و رێکخراوە کوردی و نۆروێژییانە خوێندرانەوە کە بریتی بوون لە:
ـ دوکتور شێخ مورشید خەزنەوی، کەسایەتی ئایینی رۆژئاوای کوردستان
ـ حیزبی سوسیالیستی چەپی نۆروێژ
ـ حیزبی دێموکرات مەسیحی نۆروێژ
ـ یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ سازمانی خەباتی کوردتسانی ئێران
ـ بزووتنەوەی گۆران
ـ پارتی دێموکراتی کوردستانی سوریە
ـ کۆمیتەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان
ـ کۆمەڵەی کولتووری کوردی ئۆستفۆڵد
ـ یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان
لە بەشێکی دیکەی رێورەسمی ٢٥ ی گەلاوێژ دا، هاورێی بەرێز و ئەندامی رێبەری حیزبی دێموکرات کاک برایم زێوەیی کە بە سەردانێک هاتبووە وڵاتی نۆروێژ، چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد و وێرای پیرۆزبایی ئەو رۆژە لە هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات، باسێکی لە سەر رەوشی هەنووکەیی کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی کردو بەرێزیان وتی:" فاکتەری دەرەکی بە خۆشییەوە ئەورۆ پشتیوانی لە جەڵانەوەی کورد دەکا و پێویستیمان بە فاکتەری نێوخۆییە کە ئەویش یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی گۆرەپانی خەباتە. راستە ئێمە لە بوارە جۆراجۆرەکانی فکر و بیروبۆچوون دا جیاوازیی حیزبیمان هەیە، بەڵام ئامانجی نەتەوەییمان دەبێ لە سەروویی هەمووان بێ. هەر ئەوەش بۆتە هۆی وەی کە دوایی هێرشی داعش بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان ئیمە یەکەم حیزب بووین کە ئامادەیی خۆمان لە هەموو بواریکدا بە گوێرەی پێویست راگەیاندووە." بەرێز زێوەیی ئاواتی خواست کە باشووری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پوتانسیل و هێز و توانای هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان کەڵک وەرگرێ.
پێویست بە ئاماژە کردنە کە نێوئاخنی جێژنی ٢٥ ی گەڵاوێژ، بە شێعر و پەخشان لە لایەن بەرێوەبەرانی بەرنامەکە، لوقمان حوسێنی و مەحبوبە رەحیمی زیاتر رازابۆوە و هەروەها چەندین سروود و گۆرانی شۆرشگێری لە لایەن کۆری هونەری یەکیەتی لاوان و هەر دوو هونەرمەندی گۆرانی بێژ، موسا مەریوانی و شێرکۆ مەریوانی پێشکەش بە بەشدارانی رێورەسمی ٦٩مین ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرا

بەشی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، نۆروێژ


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1115 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact