. . . .


10 Aug 2014

بەڕێوەچوونی کۆڕی پرسە و سەرخۆشی مستەفا شاریکەندی لە شاری ستۆکهۆڵم


ناوەندی هەواڵ- سوید: دوانێوەڕۆی رۆژی ١٩ی گەلاوێژ، کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی لە لایەن خزم و ئاشنایانی مستەفا شاریکەندی، لە رێستورانی '' کارتە بلانژە''، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە کوردانی ستۆکهۆڵم و دەوروبەری بەڕێوە چوو.
لەو کۆڕەدا سەرەتا کاک سەید حەسەنی هاشمی، خاڵی کاک مستەفا باسێکی لەسەر بنەماڵەی شاریکەندی و شەهید مەلا کەریمی شاریکەندی، مەلا حامید شاریکەندی و مستەفای شاریکەندی کرد و داخ و پەژارەی خۆی بۆ لەدەست چوونی ئەوان دەربڕی.
دواتر کاک حەسەن رەستگار باسێکی کورتی لەسەر مستەفای شاریکەندی کرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو درەنگ لەگەڵ مستەفا ئاشنا بووە، بەڵام هەر لەو ماوە کورتەدا بۆی دەرکەوتووە کە ئاسۆی بیری نەتەوەیی کاک مستەفا زۆر بەرین بووە و وەک بەڵگەی ئەم قسەشی باسی ئەوەی کرد کە لەم دواییانەدا مستەفا شاریکەندی لە ئەمریکاوە گەڕاوەتەوە کوردستان و دوو کوڕی خۆی دەگەڵ خۆی هێناوەتەوە کوردستان کە ببنە پێشمەرگە. کاتێک لێیان پرسیوە بۆ لێیان ناگەڕێی لە ئەمریکا بمێننەوەو بخوێنن، لە وەڵامدا کوتوویەتی دەترسم لەبیریان بچێتەوە خەڵکی کوێن و سەر بە نەتەوەیەکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕن. هەروەها کاک مستەفا هەرکام لە کوڕەکانی بۆ لایەنێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان ناردووە و بەم کارەشی بێزاریی خۆی لە دوولەت بوونی حیزب دەربڕیوەو خوازیاری کۆتایی هاتن بەم دۆخە بووە.
دواتر پەیامی سەرەخۆشی رێزدار مەسعوود بارزانی سەرۆکی باشووری کوردستان کە لە لایەن وەفدێکی پارتی دێموکراتی کوردستانەوە ناردبووی، خوێندرایەوە.
کاک حامیدی گەوهەری باسێکی کورتی سەبارەت بە مامۆستا مەلا کەریمی شاریکەندی و خاوەن هەوڵوێست بوونی ناوبراوی باسکرد و کوتی کاتی ناشتنی تەرمی سەرۆک مستەفا بارزانی لە شنۆ، مامۆستا مەلا کەریم کوتوویەتی ماددەی هەشت، ویست و داخوازی نەتەوەی کورد نیە.
پاشان پەیامی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە لایەن کاک حەسەنی حاتەمی‌یەوە خوێندرایەوە و هەروەها کاک بیژەنی قارەمانی باسێکی لەسەر خەباتی نهێنی و ناوشاری کاک مستەفا و خۆی کرد و باسی تێبینی و لێکدانەوە وردەکانی کاک مستەفای لە کاتی خەباتی نهێنی ناوشاردا باسکرد.
کۆرەکە کاتژمێر ٢تا ٦ی ئیوارێ درێژەی هەبوو.
koryadi-sharikandi.jpg

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 552 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact