. . . .


15 Jul 2014

به‌ڕێوه چوونی سیمیناری پارلمانی بریتانیا به‌بۆنه‌ی 25 ساڵه‌ی تێر?


له 25 ساڵه‌ی شه‌هید بوونی دوکتور قاسملووی نه‌مردا، به ده‌سپێشخه‌ری و رێکخستنی نوێنه‌رایه‌تیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له بریتانیا، ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه 14 ی ژوئیه‌ی 2014 سیمینارێک به به‌شداریی خاتوو به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان نوێنه‌‌ریی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و نوێنه‌رانی حیزب و لایه‌نه‌کانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان و کۆمه‌ڵێک رێکخراوی ئێرانی و ده‌یان که‌س له که‌سایه‌تییه سیاسی و فه‌رهه‌نگییه کورد و ئێرانی و بیانییه‌کانی دانیشتووی له‌نده‌ن، سیمینارێک له یه‌کێک له هۆڵه‌کانی پارلمانی بریتانیا به‌ڕێوه چوو.
له‌ سه‌ره‌تای سیمیناره‌که‌دا به‌ڕێوه‌‌به‌ری کۆڕه‌که خاتوو رۆزا بۆرک به‌ناوی هاوڕێ مه‌ولود سواره نوێنه‌ری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له بریتانیا و "سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی کورد"ه‌وه به‌خێرهێنانی به‌شدارانی سیمیناره‌که‌ی کرد و وێرای ئاماژه‌ به ئامانجی سیمیناره‌که کۆڕگێڕه‌کانی ناساند.
بابه‌تی یه‌كه‌‌می سیمیناره‌که له‌لایه‌ن د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانه‌وه پێشکه‌ش کرا. د. ئاسۆ له‌ سه‌‌ره‌تای باسه‌که‌یدا ئیشاره‌ی به گرینگیی بیره‌وه‌ری و یادکردنه‌وه‌ی دوکتور قاسملوو کرد و گوتی ئه‌م یادکردنه‌وه‌یه هه‌ر ته‌نیا بۆ ده‌ربڕینی ئه‌مه‌گناسی و رێزدانان له که‌سایه‌تیی دوکتور قاسملوو نیه که هه‌موو ژیانی خسته‌ پێناو ئازادیی نه‌ته‌وه‌ی کورد، به‌ڵکوو کرده‌وه‌یه‌کی سیاسیشه له چوارچێوه‌ی مێژووی به‌رده‌وام و زیندووی پرسی کورد له ئێران و له ناوچه‌دا چونکه دوکتور قاسملوو به که‌سایه‌تیی مه‌زن و بیروباوه‌ڕی به‌رزی خۆی مۆرکی خۆی له خیسڵه‌ت و ماهیه‌تی ئه‌م پرسه دابوو. پاشان ناوبراو باسی هۆکاری تێرۆری دوکتور قاسملوو له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه کرد که به باوه‌ڕی ئه‌و بریتی بوو له‌وه که نه‌ک هه‌ر دوکتور قاسملوو رێبه‌رایه‌تیی خه‌باتێكی جیددی و مه‌یدانیی ده‌کرد و کۆماری ئیسلامی وه‌ک مه‌ترسییه‌کی جیددی بۆ سه‌ر هه‌رمانی خۆی لێی ده‌ڕوانی، به‌ڵکوو له بنه‌ڕه‌ت ڕا دوکتور قاسملوو نوێنگه‌ی هه‌ره دره‌وشاوه‌ و ناوبه‌ده‌ره‌وه‌ی جه‌هانبینیه‌کی سیاسی بوو که له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی وجوودیی کۆماری ئیسلامیدا له ناکۆکییه‌کی ئاشتیی هه‌ڵنه‌گردا بوو.
ئاسۆی حه‌سه‌ن زاده له به‌شێكی دیکه‌ی باسه‌که‌یدا ئاماژه‌ی به به‌شێك له بیروباوه‌ڕ و تایبه‌تمه‌‌ندییه‌كانی دوکتور قاسملوو کرد. ناوبراو لێره‌دا به‌تایبه‌تی جه‌ختی له‌سه‌ر نێوە‌رۆکی ئه‌قڵانی و بنیاتنه‌ری روانگه و ره‌فتاری سیاسیی دوکتور قاسملوو، خاوه‌ن هه‌ڵوێستی و سه‌ربه‌خۆیی ناوبراو له کرده‌وه‌ی سیاسیدا، و پراگماتیسم و ره‌تکردنه‌وه‌ی حوکمی دۆگمه‌کان له فه‌زای ئیدئۆلۆژیک و ئارامانگه‌رایانه‌ی ئه‌وسادا کرد. ئه‌و هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ی کرد که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ستراتژیی دوکتور قاسملوو وه‌دیهێنانی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی کورد له ئێراندا بوو، به‌‌ڵام باوه‌ڕی قووڵی به مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی کورد و وه‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان هه‌بوو. ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه کرد که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که دوکتور قاسملوو رێبه‌رایه‌تیی بزوتنه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی و شۆڕشگێڕانه‌ی ده‌کرد، باوه‌ڕی به جێبه‌جێکردنی بایه‌خه ئینسانی و شارستانییه‌کان له‌‌و خه‌باته‌دا هه‌بوو و هه‌میشه‌ش رێکاره سیاسی و ئاشتییه‌کانی ته‌رجیح ده‌دا.
د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده له کۆتایی قسه‌کانیدا وێڕای وه‌بیرخستنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوده‌ستیی ده‌وڵه‌تی ئوتریش له بێ‌ئاکام کردنی په‌روه‌نده‌ی ئه‌م جینایه‌ته‌دا، سه‌باره‌ت به‌م پرسه و به‌گشتی سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی له‌‌گه‌‌ڵ کۆماری ئیسلامیدا رایگه‌یاند که دره‌نگ یا زوو ده‌سه‌ڵاته نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌بێ مل به‌و راستییه بده‌ن که ئاشتی و هێمنایه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی که ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و قازانجه ئابوورییه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی پێ به‌ستراوه‌ته‌وه ته‌نیا کاتێک وه‌دی دێ که له ناوچه‌ی ئێمه‌دا حکومه‌تی به‌رپرسیار بێنه سه‌ر کار که پێش هه‌موو شتێک رێز له مافی هاووڵاتییانی خۆیان بگرن.
پاشان دوکتور فریدرێک تیسۆ کۆنسوولی گشتیی پێشووی فه‌ڕانسه له کوردستان و دۆستی نزیکی دوکتور قاسملوو باسێکی له‌باره‌ی رابردووی دۆستایه‌تیی خۆی له‌گه‌ڵ دوکتور قاسملوو و تێگه‌یشتنی له که‌سایه‌تی و بیروباوه‌ڕی ناوبراو کرد. ناوبراو له سه‌ره‌تادا باسی ئه‌و هۆکارانه‌ی کرد که بوونه‌ته هۆی ئه‌وه که یاد و بیره‌وه‌ریی دوکتور قاسملوو ئه‌وه‌نده به زیندوویی له نێو دڵی هۆگران و ئه‌ویندارانیدا بمێنێته‌وه. ئینجا هاته سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دوکتور قاسملوو و باسی ئه‌وه‌ی کرد که دوکتور قاسملوو خه‌بات و تێکۆشانی وه‌ک ئامرازێک بۆ گه‌یشتن به پۆست و ده‌سه‌ڵات چاو لێ نه‌ده‌کرد، به‌ڵکوو بنه‌ما و پاڵنه‌ری سه‌ره‌کی و هه‌تا سه‌ری کاری سیاسی بۆ ئه‌و بیروباوه‌ڕ بوو و که‌سێکیش بوو که هه‌تا سه‌ر پابه‌ندی ئه‌و پره‌نسیپ و ئامانجانه بوو که ژیانی خۆی بۆ ته‌رخان کردبوو.
له به‌شێکی دیکه‌ی باسه‌که‌یدا دوکتور فرێدریک تیسۆ باسی ئه‌وه‌ی کرد که ئێستاش که‌سانێک هه‌ن که لۆمه‌ی دوکتور قاسملوو ده‌که‌ن که بۆچی بۆخۆی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دژمن وتووێژی کردووه و بۆچی ئه‌و ریسکه‌ گه‌وره‌یه‌ی کرد، به‌‌ڵام به ناسیارییه‌ک که له که‌سایه‌تیی دوکتور قاسملوومان هه‌یه ئایا به‌ڕاستی که‌س ده‌توانێ له‌وه‌دا که دوکتور قاسملوو له مه‌نتقی ئاشتیخوازانه‌ی خۆیدا تا سه‌ر رۆیشتووه، لۆمه‌ی دوکتور قاسملوو بکا؟
دوکتور تیسۆ پاشان وێڕای ئاماژه‌ به‌و ئامانجانه‌ی دوکتور قاسملوو خه‌باتی بۆ ده‌کردن که شتێک نه‌بوو جگه له ویستی ره‌وای کورده‌کان بۆ به‌ره‌سمی ناسین و رێزگرتن له زمان و کولتور و ناسنامه‌یان، باسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کرد که دوکتور تیسۆ و پزیشکانی دیکه‌ی جیهانی له‌سه‌ر خواستی دوکتور قاسملوو هاتبوونه هانای خه‌ڵکی کوردستان و ئیشاره‌ی به‌ هه‌موو ئه‌و ده‌رس و زانیارییه به‌نرخانه‌ کرد که دوکتور قاسملوو له پێوه‌ندی له‌‌گه‌ڵ گه‌لی کورد و واقیعییه‌تی ناوچه‌که‌دا فێری کردووه.
له به‌شێکی دیکه‌ی باسه‌که‌‌یدا کۆنسولی پێشووی فه‌ڕانسه ئاماژه‌ی به بارودۆخی ئێستای باشووری کوردستان و هه‌نگاونانی کورده‌کانی باشوور به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی کرد. ناوبراو وێڕای خستنه‌ڕووی روانگه‌ی خۆی له‌و پێوه‌ندییه‌دا و پشتیوانی له مافی سه‌ربه‌خۆیی کورد، گوتی له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم که ئه‌گه‌ر ئێستا دوکتور قاسملوو مابا به هۆکاری به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و دیپڵۆماسی موخالفه‌تی له گه‌یشتنی کورده‌کانی باشوور به سه‌ربه‌خۆیی کردبا.
دوکتور تیسۆ له کۆتایی قسه‌کانیدا هیوای خواست که ساڵی داهاتوو دۆستان و لایه‌نگرانی قاسملوو هه‌‌موو پێکه‌وه یه‌ک رێوڕه‌سمی هاوبه‌ش له گۆڕستانی پێرلاشێز به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و ئه‌‌مه هه‌نگاوێک بێ بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆدا په‌نجه‌ره‌یه‌کی نوێ به‌‌سه‌ر کورده‌کانی رۆژهه‌ڵاتیشدا بکرێته‌وه.
ئینجا نۆره‌ گه‌یشتنه په‌یامی لویس ئه‌یالا سکرتێری گشتیی رێكخراوی ئه‌نترناسیۆنالی سۆسیالیست که به‌هۆی کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌‌ڵ جۆرج پاپاندریۆ سه‌رۆکی ئه‌و رێکخراوه له سه‌فه‌‌ر بوو و نه‌یتوانیبوو بۆخۆی به‌شداری سیمیناره‌كه بێ. له سه‌ره‌تای ئه‌و په‌یامه‌دا که له‌لایه‌ن خاتوو له‌تیفه پێری‌ به‌رپرسی باره‌گای ناوه‌ندیی ئه‌نترناسیۆنالی سۆسیالیست له له‌نده‌ن خوێندرایه‌وه، لویس ئه‌یالا ئیشاره‌ی به پێوه‌ندیی مێژوویی ئه‌نترناسیۆنالی سۆسیالیست له‌گه‌ڵ کورده‌کان کردبوو که له‌ڕێگای دوکتور قاسملوو‌ه‌وه دامه‌زرابوو و گوتی هه‌روه‌‌ک چۆن دوکتور قاسملوو به‌شێكی به‌رچاوی تێکۆشانی سیاسیی خۆی بۆ ناساندنی پرسی کورد له ئێران به‌دنیای ده‌ره‌وه له‌ڕێگای ئه‌‌نترناسیۆنال سۆسیالیسته‌وه کردبوو، کۆتایی ژیانیشی به چه‌شنێک به‌و رێكخراوه به‌سترایه‌وه چونکه ته‌نیا سێ حه‌فته‌ پاش به‌شداریی له کۆنگره‌ی هه‌ژده‌هه‌می ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست له ستۆکهۆڵم، تێرۆر کرا.
لویس ئه‌یالا وێڕای وه‌بیر خستنه‌وه‌ی پێکه‌وه گرێدراویی ئه‌و بایه‌خانه‌ی دوکتور قاسملوو خه‌باتی بۆ ده‌کردن له‌‌گه‌ڵ ئامانج و پره‌نسیپه‌کانی سۆسیالیسته‌کانی جیهان، باسی ئه‌وه‌ی کردبوو که مه‌رگی دوکتور قاسملوو بووه هۆی ئه‌وه که زۆر له بزوتنه‌وه و هێزه پێشکه‌وتنخوازه‌کانی هه‌موو قاڕڕه‌کانی جیهان له‌دوای ئه‌وه‌ زیاتریش سه‌رنج بده‌نه پرسی کورد و هه‌وڵ بده‌ن زیاتر له‌‌گه‌ڵ که‌سایه‌تیی قاسملوو و خه‌باتی کورده‌کان ئاشنا ببن. به‌تایبه‌تی که ماوه‌یه‌کی که‌م پاش تێرۆری دوکتور قاسملوو، جێنشینه‌که‌ی واته دوکتور سادق شه‌ڕه‌فکه‌ندیش هه‌ر له په‌راوێزی کۆنگره‌ی ئه‌نترناسیۆنالی سۆسیالیستدا تێرۆر کرا.
سکرتێری گشتیی ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست له كۆتایی په‌یامه‌که‌یدا ئاماژه‌ی به روانگه‌‌کانی رێکخراوه‌که‌ی بۆ پرسی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ له وڵاتاندا کردبوو و له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که به‌بێ دانپێدانان و به‌ڕه‌سمی ناسینی به‌کرده‌وه‌ی ناسنامه‌ و مه‌وجوودییه‌تی پێکهاته جۆربه‌جۆره‌کانی نێو ئه‌م وڵاتانه دێموکڕاسی نه ده‌توانێ مانای هه‌بێ و نه ده‌توانێ پایه‌دار بێ. لویس ئه‌یالا هه‌روه‌ها رایگه‌یاندبوو که میراتی دوکتور قاسملوو به‌شی هه‌ره به‌نرخی ناسنامه‌ی سیاسیی کورد و مه‌سه‌له‌ی کورده و له‌و رێگایه‌دا که کورده‌کان له خه‌بات بۆ وه‌دیهێنانی مافه‌کانیاندا له‌پێشیانه، رێنیشانده‌ر و ئیلهامبه‌خشی خه‌بات و تێکۆشانی ئه‌وان و پشتیوانی و هاوپێوه‌ندیی دۆسته‌کانیان له دنیای ده‌ره‌وه‌دایه.
دوایین کۆڕگێری سیمیناری 25 ساڵه‌ی تێرۆری دوکتور قاسملوو له پارلمانی ئینگلستان بریتی بوو له به‌ڕێز جێرێمی کۆربین ئه‌ندامی پارلمانی بریتانیا و جێگری به‌رپرسی کۆمیته‌ی مافی مرۆڤ له پارلمانی ئه‌و ‌وڵاته. جێرێمی کۆربین له سه‌ره‌تای باسه‌که‌یدا وێڕای ده‌سخۆشی و خۆشحاڵی ده‌ربڕین له به‌‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م بۆنه‌یه وه‌ک ده‌رفه‌تێک بۆ هێنانه‌ به‌ر باسی پرسی کورده‌کانی ئێران، باسی بیره‌وه‌ریی خۆی له کاتی تێرۆری دوکتور قاسملوو کرد که چ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی له به‌ستێنی سیاسی و مێدیایی بریتانیادا هه‌بووه و بۆخۆیشی هه‌ر ئه‌و کاته به‌دواداچوونی بۆ کردووه.
به‌ڕێز کۆربین پاشان هاته سه‌ر ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی مێژوویی بۆ پرسی کورد و باسی رووداوه‌کانی پاش شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی و نه‌خشی بریتانیا و زلهێزه‌کان له کێشانه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست کرد که ئاکامه‌که‌ی بۆ کورد له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌دا که کوردیان به‌سه‌ر دابه‌ش بوو شتێک نه‌بوو جگه له بێمافی و چه‌وسانه‌وه‌ و سه‌رکوت له خراپترین شێوه‌کانیدا. ناوبراو ئینجا روانگه‌کانی خۆی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دۆخی کورد له هه‌ر کام له به‌شه‌کانی کوردستاندا و مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تی بریتانیا له‌گه‌ڵ هه‌ر کام له ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا کرد و له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که پێویسته له به‌رامبه‌ر ره‌فتاری خراپی ئه‌م حکومه‌تانه‌ له‌گه‌ڵ کورده‌کاندا هه‌نگاوی ئه‌وتۆ هه‌ڵبێننه‌وه که ئه‌‌م ده‌وڵه‌تانه ناچار به وڵامدانه‌وه و به‌خۆداچوونه‌وه بن.
له کۆتایی قسه‌کانیدا جێرێمی کۆربین وێڕای جه‌ختکردن له‌سه‌ر پێویستیی یه‌كگرتنی کورده‌کان و ئیشاره به هێندێک رێکار له‌‌و باره‌وه له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارلمانی ئینگلستاندا، رایگه‌یاند که خه‌باتی کورده‌کان خه‌باتێكی ره‌وایه و به داخ و په‌ژاره‌وه بۆ تێرۆری دوکتور قاسملووی روانیه‌وه و گوتی قاسملوو مرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانی دیکه باشتر بژین.
به‌شی دووه‌می سیمیناره‌که‌ بۆ پرسیار و را و بۆچوونی به‌شدارانی سیمیناره‌كه ته‌رخان کرابوو که له‌و به‌شه‌دا ژماره‌یه‌کی زۆر پرسیار سه‌باره‌ت به په‌روه‌نده‌‌ی تێرۆری دوکتور قاسملوو و پرسی کورد له ئێران و ئاینده‌ی دێموکڕاسی له‌و وڵاته‌دا و بارودۆخی سیاسیی ناوچه و به‌رپرسیارێتیی وڵاتانی رۆژئاوا سه‌باره‌ت به هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه رووبه‌ڕووی هه‌ریه‌ک له دوکتور فرێدرێک تیسۆ و دوکتۆر ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده و به‌ڕێز جێرێمی کۆربین کرابوونه‌وه که له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه وڵام درانه‌وه.
شایانی باسه که ده‌یان که‌سی دیکه که بۆ به‌شداری له‌و سیمیناره‌دا هاتبوون به‌هۆی نه‌بوونی جێگه نه‌یانتوانی له سیمیناره‌که‌دا به‌شدار بن. هه‌ربۆیه کۆمیته‌ی یادی 25 ساڵه‌ی شه‌هیدانی ڤییه‌ن به پێویستی ده‌زانێ سه‌باره‌ت به‌‌و بابه‌ته داوای لێبوردن له‌ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه بکا.
کۆمیته‌ی یادی ٢٥ ساڵه‌ی شه‌هیدانی ویه‌ن

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1000 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact