. . . .


13 Jul 2014

به‌ڕێوه چوونی رێوره‌سمی ٢٥ ساڵه‌ی شه‌هیدانی ڤییه‌ن له گۆڕستان?


دوانیوه‌ڕۆی رۆژی یه‌کشه‌مه رێکه‌وتی ١٣ی جولای ٢٠١٤ به ئاماده‌بوونی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، به‌رێز خالید عه‌زیزی و به‌شێک له ئه‌ندامانی رێبه‌ری و ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و میوانانی ئێرانی و کوردستانی، بە بۆنەی یادی ٢٥ ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، مه‌راسمێکی به‌شکۆ لە گۆڕستانی پێرلاشێز لە شاری پاریس به‌ڕێوه‌چوو.
پێشەکی هاوڕێ مەولوود سوارە، ئەندامی رێبەریی حیزب و به‌رپرسی کۆمیتەی یادی ٢٥ ساڵەی شەهیدانی وییەن وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان و به‌شدارانی رێوره‌سمه‌که و سپاس کردن له کۆمیتەکانی حیزب لە وڵاتەکانی سویس و فەرانسە و ئاڵمان و بێلژیک و بریتانیا کە هاوکاریی بەڕێوەچوونی مەراسمەکەیان کردوە رایگەیاند کە ئێستا دوو میوانی بەڕێز لە کوردستانەوە بەشدارن کە بریتین لە کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب و کاک عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب و داوای لێکردن پێکەوە چەپکەگوڵی رێز و وەفاداری لە سەر گۆڕی شەهیدان دابنێن.
دواتر هاورێ ئاره‌ش زه‌مانی ده‌قیقەیە‌ک بێده‌نگی بۆ رێز له گیانی پاکی شه‌هیدانی وییه‌ن و هه‌موو شه‌هیدانی رێگای ئازادی راگه‌یاند و وێڕای به‌خێرهاتن کردنی هه‌موو لایەک داوای له به‌رێز کاک خالید عه‌زیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد بۆ پێشکه‌ش کردنی وته‌کانی.
به‌رێز سکرتێری گشتی له سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا وێڕای به‌خێرهێنانی هاورێیانی حیزبی، نوێنه‌رایه‌تیی حیزب و لایه‌نه سیاسیه‌ کوردستانی و ئێرانییەکان، ئاماژه‌ی به نوێکردنه‌وه‌ی په‌یمان له‌گه‌ڵ شه‌هیدانی وییه‌ن و درێژه‌ پێدانی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی تا وه‌دیهاتنی ئامه‌نجه‌کانی شه‌هید دکتور قاسملوو کرد و به داخبوونی خۆی ده‌ربڕی که دوو مه‌راسم له‌لایه‌ن دوو لایه‌نی دێموکراته‌وه بۆ یه‌ک قاسملوو به‌رێوه‌ ده‌چێ. به‌رێزیان له درێژه‌دا سه‌باره‌ت کۆماری ئیسلامی و ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجامی داوه وتی که باشترین سزا بۆ رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، نه‌مانی ئه‌و نیزامه‌یه. کاک خالید ئینجا باسی ته‌جرووبه‌ی ئێستاکه‌ی عێراق و کێشه‌کانی نێوان کوردستان و به‌غدا و به ئاکام نه‌گه‌یشتنی هه‌وڵه‌کانی کورده‌کان له گه‌یشتن به رێگه‌ حه‌لێکی دێموکراتیک و ئاشتیانه کرد و وتی کێشه‌ی کورد له ئێرانیش نابێ وه‌ک هه‌ڕه‌شه چاو لێ بکرێ به‌ڵکوو وه‌کوو ده‌رفه‌ت سەیربکرێ و ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵ بده‌ین مه‌سه‌له‌ی کورد له رێگه‌ی ئاشتیانه‌وه حه‌ل بکرێ. به‌رێز سکرتێری گشتی هه‌ر له‌‌م پێوه‌ندییه‌دا هه‌ڵسوکه‌وت و هه‌وڵه‌‌کانی دکتور قاسملووی به شارستانیانه‌ وه‌سف کرد و له درێژه‌دا ئاماژه‌ی به رۆڵی به‌رچاوی شه‌هید قاسملوو له بنیاتنانه‌وه‌ی ئێراندا کرد هه‌ر بۆیه‌ش که‌وته به‌ر رق و کینی سه‌رانی کۆماری ئیسلامی.
له به‌شێکی دیکه‌ی به‌رنامه‌که‌دا دکتور سیروسی ئاموزگار چالاکی سیاسی و رۆژنامه‌نووسی ئێرانی وێڕای رێزدانان بۆ دکتور قاسملوو ئاماژه‌ی به رۆڵی کورد له ئێرانی قه‌دیم و ئێستاکه‌ کرد و باوه‌ڕمه‌ندبوون به پلوڕالیسمی سیاسی وه‌ک لایه‌نێکی به‌رچاوی که‌سایه‌تی سیاسی دکتور قاسملوو پێناسه‌کرد. له درێژه‌دا ناوبراو وتی که دکتور قاسملوو که‌سێک بوو که له خۆی گوزه‌رابوو و خۆی فیدای غه‌یره خۆی کرد. له کۆتاییدا به‌رێزیان وتی که کوشتنی قاسملوو ته‌نیا نه‌هێشتنی جه‌سته‌ی ئه‌و بوو به‌ڵام له راستیدا به نه‌مانی دکتور قاسملوو هه‌زاران قاسملووی به دونیا هێنا و هه‌ر ئه‌وانه‌شن که فریای خه‌ڵک دێن.
کاک عه‌زیزی ماملێ ماف ناس و چالاکی سیاسی وێڕانی به‌خێر هاتنی هه‌موولایه‌ک ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که دکتور قاسملوو وه‌دوای حه‌لی مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران که‌وتبوو. به‌رێزیان له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا وتی که وه‌زعیه‌تی ئێستاکه‌ی عێراق به گشتی و کوردستان به تایبه‌تی هه‌ڵده‌گرێ که ئێرانییه‌کان به دیدێکی دیکه‌وه بڕواننه مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران.
دواتر دکتور جمشید اسدی چالاکی سیاسی و مامۆستای زانکۆ له پاریس وتارێکی پێشکه‌ش کرد و وێڕای ڕێز بۆ دکتور قاسملوو و هاورێیانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که که‌سانی وه‌ک دکتور قاسملوو و دکتور به‌ختیار کوژران، به‌ڵام ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه که لەمڕۆدا ده‌بێ چی بکه‌ین؟ ئایا ببورین یان نا؟ ئایا ده‌توانین قاتڵه‌کان سزا بده‌ین یان بیان بوورین؟ ئایا مادام که ناتوانین سزایان بده‌ین، لێبوردنی ئێمه‌ش بێهووده نیه؟ به‌رێزیان له درێژه‌دا وتی که به باوه‌ڕی من قاتله‌کان ئێستاش ده‌توانن قه‌تڵ بکه‌ن بۆیه ناتوانین بیانبوورین و له کۆتاییدا هیوای خواست که رۆژێک بتوانین پێکه‌وه له کوردستان رێز له شه‌هیدانمان بگرین.
لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا دکتور حوسێن لاجه‌وه‌ردی سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی لێکۆله‌رانی ئێران وتاریان پێشکه‌ش کرد. به‌رێزیان وتی که دوو جاری دوکتور قاسملوو دیوه و له دووهه‌مین جاردا پێموابوو که دکتور قاسملوو رێبه‌رێکه بۆ داهاتووی ئێران. ناوبراو له درێژه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که ئازادی به بێ به‌رابه‌ری پێکنایه و ده‌بێ له پێشدا به‌رابه‌ر بین. له درێژه‌دا وتی که کۆماری ئیسلامی به‌هه‌موو لقه‌کانییه‌وه وه‌ک یه‌ک ده‌چن و ده‌بێ ته‌کلیفی خۆمان له‌گه‌ڵ کۆی کۆماری ئیسلامی مه‌علووم بکه‌ین و له هه‌موو زه‌رفیه‌ته‌کان بۆ دامه‌رزانی ئێرانێکی نوێ که‌ڵک وه‌رگرین.
شایانی باسه که نوێنه‌رایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له ئوروپا، رێکخراوی سکولار دێموکراتی ئێران و ئه‌نجومه‌نی دژی سه‌رکووت وئه‌شکه‌نجه له ئێران وێڕای به‌شداری کردن په‌یامی خۆیان پێشکه‌ش به کومیته‌ی یادکردنه‌وه‌ی ٢٥ ساڵه‌ی شه‌هیدانی وییه‌ن کرد.
لە کۆتایی‌دا ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە چوونە سەرگۆڕی شەهیدانی میکۆنوس و بە دانانی چەپکەگوڵی رێزو وەفاداری رێزیان لە یادی شەهید دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی گرت. لەوێ کاک عومەر باڵەکی بۆ سپاس له به‌شدارانی ئه‌و رێوڕه‌سمه چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە لەگەڵ شەهیدانمان بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە هەتا سەر وەفادار و رێبواری رێگایان بین و بەم شێوەیە کۆتایی بە رێوڕەسمەکە هات.
کۆمیتەی یادی ٢٥ ساڵەی شەهیدانی وییەن

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 656 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact