. . . .


13 Jul 2014

کۆڕیادی ٢٥ ساڵەی شەهیدانی وییەن لە ئۆسڵۆی پایتەختی نۆڕوێژ بەرێوەچ??


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ:
رۆژی شەممە، ٢١ی پوشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ، کۆڕیادی ٢٥ساڵەی تێرۆری شەهیدانی وییەن لە ئۆسلۆی پایتەختی نۆروێژ بەرێوەچوو.
کۆریادەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد کە بابەت و هەڵسەنگاندنی ٥ کەسایەتی سیاسی کورد و غەیرە کوردی لە خۆ گرتبوو .
کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە مەبەستی رێزگرتن لە یادی ٢٥ساڵەی تیرۆری ناجوامێرانەی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان دکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەستی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی، لە ئۆسڵۆی پایتەختی نۆڕوێژ، رێوڕەسمێکی پێکهێنا، کە جگە لە کۆرگێرانی ئەم کۆڕیادە، سەدان کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتانی سوئێد، نۆروێژ، دانمارک و فینلاند و بەشێک لە ئەندامانی رێبەرایەتی حیزب، هاوکات بەڕێزان مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە و کاک حەسەن رەستگار لە راوێژکارانی دەفتەری سیاسی و سیما ناسراوەکانی ناو ریزەکانی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا بەشدار بوون.
پاشان لە لایان هاوڕێ ئەسعەد خزری، بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی ئامادەکاری یادی ٢٥ ساڵەی شەهیدکرانی دکتوور قاسملوو و هاوڕێیانی و کومیتەی نۆڕوێژەوە بەخێرهاتنی میوانان کرا و هاوڕێ کوێستان بابایی ریزی بەرنامەکانی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزب و بەرپرسی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزب، سمایل بازیار، کەسایەتی و تێکۆشەری دێرینی ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و مامۆستای زانکۆ، ئەحمەدی رەئفەت رۆژنامەوان و نووسەر و ئامادەکاری بەرنامەی تەلەفزیونی و دکتور گوڵمراد مرادی وتەبێژی ئەنجووومەنی نێونەتەوەیی قەڵەمی ئێران و یان بۆیەر نوسەرو دۆستی گەلی کورد لە کۆڕگێڕانی ئەم کوڕیادە بوون کە هەریەک لایەنێکی ژیانی سیاسی دکتوور قاسملوویان خستە روو.
سەرەتا بەڕێز مستەفا شەڵماشی لە لایان حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سوپاسی هەموو بەشدارانی ئەم یادە کرد و گوتی: لە دەوری یەک کۆبووینەوە تا یادی کارەساتێکی دڵتەزین بکەینەوە کە تێیدا رێبەرێکی بێ هاوتای حیزبی دێموکراتی کوردستان و نەتەوەی کورد، شەهیدی رێبەر دکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو، هاوڕێ لەگەڵ کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر ئەندامی کومیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات و دکتور فازڵ رەسووڵ کەسایەتی سیاسیی کوردی باشووری کوردستان بوونە قوربانیی وەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سوپاستان دەکەم کە لە یادی ٢٥ ساڵەی ئەو بیرەوەریە تاڵەدا لە گەڵمان بەشدارن.
شەڵماشی وێڕای ئاماژەدان بە رابردوو و ژیانی سیاسی شەهید دکتور قاسملوو، گوتی: ئەو تیرۆرە تەنیا دژی حیزبی دێموکرات و دکتوور قاسملوو نەبوو، بەڵکوو لە هەمانکاتدا دژایەتییەکی کوێر و قین لە دڵانە بوو لەگەڵ ئاشتی، دێموکراسی و ئازادی. رژیمی کۆماری ئیسلامی لە چەند بواردا دوژمنی سەرسەختی دکتوور قاسملوو بوو. رژیم دژی کەسایەتییەک بوو کە لە لایەکەوە گەورەترین هێزی نەتەوەیی، مافخواز، دێموکراسیخواز، پێسکەوتوو و شۆڕشگێری رێبەری دەکرد. لە لایەکی دیکەوە دیارترین کەسایەتی سیاسی، ئاشتیخواز، دێموکراسیخواز، بەتوانا لە بواری زانستیدا و بەناوبانگ لە دیپلۆماسی و پەیوەندیدا بوو.
سەبارەت بە بۆچوونی دکتوور قاسملوو لە هەمبەر ئاشتی گوتی: دکتوور قاسملوو نەزەری وابوو کە شۆڕشگێری راستەقینە ئەو کەسە نییە کە شەڕ ساز دەکات، بەڵکوو ئەو کەسەیە کە بە هەموو هێزییەوە هەوڵ دەدا بۆ ئاشتی، بەڵام ئەگەر هێرش کرایە سەر گەلەکەی، بەو پەری تواناوە بەرگری دەکا، کەوابوو مێتۆدی خەباتی دکتوور قاسملوو ئەوە بوو کە بەرگری بکا بۆ سەپاندنی وتووێژ و ئاشتی.
بەڕێز شەڵماشی لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەندەی ئەو جینایەتە گەورە و تیرۆری شەهیدانی وییەن، رایگەیاند: پەروەندەی ئەو جینایەتە بە داخێکی گرانەوە هەروا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و تەنانەت بەدواداچوونی قەزاییشی بە تەواوی بۆ نەکراوە. حکوومەتی ئوتریش هەر لە یەکەم رۆژەکانی ئەو جینایەتەدا، بازرگانی بەو مەسەلەیەوە کرد و لە جیاتی تاقیبی جینایەتکاران و بەندکردنیان و سپاردنیان بە دادگا، ئەو کەسەری کە گیرابووش رەوانەی ئێرانی کردەوە.
سەبارەت بە وەگەڕخستنەوەی ئەو پەروەندەیەش ئاشکرای کرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قۆناغی جیاوازدا ئەوەی لە توانایدا بووبێ هەوڵی داوە ئەو پەروەندەیە زیندوو رابگرێ و لە دەرفەتێکدا بیگەیەنێتە دادگایەکی سەڵاحییەتداری نێونەتەوەیی. گوتیشی: تەنانەت دوو ساڵ لەمەوبەریش ئیمە لە دەرەوە کامپینێکمان وەڕێخست و زۆر ئیمزامان لە کەسایەتی ناودار کۆ کردەوە. سەردانی حکوومەتی ئوتریشمان کرد و لە رێگای حیزبەکانی ئەوێوە، بە تایبەت لە رێگای سەوزەکانەوە مەسەلەکەمان گەیاندە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، بەڵام تا ئێستاش مخابن بە جێگایەکی مەتڵوب نەگەیشتووین. بە باوەڕی من پێویستە هەر هەردووک لای دێموکرات پێکەوە بەو ئەرکە گرینگە هەستن و کومیتەیەکی هاوبەسی بۆ دابنێن تا بە جدییەتی زۆرترەوە بەدوای ئەو مەسەلە گرینگەدا بچن. هەر لێرەوە دەستی هاوکاری بۆ هاوڕێیانی حدکا درێژ دەکەم و هیوادارم ئەوانیس رازی بن تا پێکەوە لە دەرەوەی وڵات کومیتەیەک پێک بهێنین و هەوڵی زۆرتر بدەین. هەروەها لەو تریبوونەوە داوا لە شارەزایانی بوار قانوونی نێونەتەوەیی دەکەم کە هەر پێشنیارێکیان لەو پەیوەندییەدا بە زەین دەگات، پێمانی رابگەیەنن تا بەڵکوو بە هەمووان بتوانین رێگایەک بۆ هێنانەوە بەرباسی ئەو جینایەتە لە دادگا نێونەتەوەییەکاندا بدۆزینەوە.
بەڕێز مستەفا شەڵماشی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، باسی لەوە کرد کە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر ئاسۆی گەلی کورد بە گشتی روونە و وێڕای لێکدانەوەی بارودۆخی باکووری و رۆژئاوای کوردستان، لەسەر باشووی کوردستان هەڵوەستەی کرد و گوتی: لە باشووری وڵاتەکەمان بە خۆسییەوە حکوومەتیکی گەلی وەک بەرهەمی خەباتیکی دوور و درێژ و پر کارەسات، دامەزراوە. رووداوەکانی ئەم دواییانەی عێراقیش نیشانی دا کە کورد دەتوانێ پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی خۆی بکات لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا و بە خۆسییەوە بۆ یەکەم جار توانی هەموو سنوورەکانی باشووری کوردستان بخاتە ژێر فەرمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە هەمووشیان گرینگتر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لە پەرلەمانی کوردستان تا مەسەلەی رێراسندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان تاوتوێ بکاو بڕیاری لەسەر بدا و بیکاتە یاسا تا گەلی کورد لە باشوور بتوانێ لە رێفراندۆمێکی ئازاددا چارەنووسی خۆی دیاری بکات. بێگومان بەو دەست و بردەی پێشمەرگە و بەو هەڵوێستە نەتەوەییەی حکوومەتی هەرێم، روحی قاسملوو و هەموو شەهیدانی ریگای رزگاری کوردستان شاد دەبێ.
ئەوجار دکتوور ئەحمەد رەئفەت نووسەر و رۆژنامەوانی ئێرانی باسێکی لە سەر چۆنیەتی ئاشنابوونی لەگەڵ شەهید دوکتوور قاسملوو و روانگەو پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو رێبەرە کوردە هێنایە بەرباس و هاوکات سپاسی حدک ی کرد کە ئەو شانازییەی پێ بەخشیووە تا بتوانێ لەسەر کەسایەتی دکتوور قاسملوو بۆ ئامادەبووانی ئەو کۆریادە بدوێ.
رەئفەت لە باسەکەیدا خۆی وەک قوتابییەکی سیاسی دکتوو قاسملوو پێناسە کرد و گوتی لە ناوبراو فێری زۆر شت بووە، فێر بووە کە سیاسەت چییە.
بەڕێزیان هاتە سەر باسی جێگە و پێگەی ئەو کەسایەتییە مەزنەو ئاماژەی بەوەدا کە دکتوور قاسملوو تەنیا رێبەرێکی کورد نەبوو، بەڵکوو کەسایەتییەک بوو کە دەیتوانی کاریگەری لە سەر تەواوی ئێران هەبێ. دکتوور قاسملوو پێش حیزبەکەنی تری ئێران باسی لە دێموکراسی دەکرد، هەر بۆیە زۆربەی حیزبەکانی تری ئێرانی ناوبراویان وەک رێبەرێکی خۆیان قبووڵ بوو، هەر ئەمەش بوو کە دەتوانێ یەکێک لەو هۆکارانە بێ کە ببێتە هۆکاری ترۆرکردنی.
ئەحمەد رەئفەت رۆژنامەنووسی ئێرانی گوتی: قاسملوو قوربانی رێگای وتووێژ بوو، ئەو چەک بەدەست نەکوژرا، بەڵکوو چەکێکی گرینگتری بەدەستەوە بوو کە ئەویش چەکی دیالۆگ بوو. سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و داهاتووی ئێران گوتی: هەر کەسێک دژی پارچەبوونی ئێرانە، دەبێ بۆ دامەزراندنی سیستمێکی فێدراڵی هەوڵ بدا.
بەرێز سمایل بازیار، کەسایەتی و تێکۆشەری دێرینی ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و مامۆستای زانکۆ، یەکێکیتر لەو کەسایەتیانە بوو کە باسێکی لە ژێر ناوی قاسملوو، "ناسیونالیزم و ئەندێشەی چەپ" پێشکەش کرد. بازیار باسی لە دوو هێڵی سەرەکی سیمای قاسملوو کرد کە ئەویش نەتەوەیی بوون و چەپ بوونی بوو. لە باسەکەدا ژیانی سیاسی دکتور قاسملوو بەسەر سێ قۆناغدا دابەش کرابوو و کاریگەری ئەو فەزا سیاسییە و ئەو گوتارە چەپییەی کە بەسەر ئێران و زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهاندا زاڵ بوو، خرابووە روو.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەڵگانەی خستە روو کە چۆن دکتور قاسملوو لە چەپێکی کوردەوە دەبێتە کوردێکی چەپ و چۆن هەستی نەتەوەیی و بیری نەتەوەیی وا لە قاسملوو دەکات کە زیاتر وەک کوردێکی چەپ بۆ چارەسەر کێشەی کورد هەنگاو هەڵبگرێ و لە ئاسۆی دوورتری ستراتیژی قاسملوودا کوردستانی سەربەخۆ هەبێت و تەنانەت تێڕوانینی بۆ یەکگرتنەوەی هەر چوارپارچەی کوردستانیش هەبێت و بۆ سەرجەم ئەو باسانەش بازیار بەڵگە و دیکۆمێنتی خستە روو.
یان بۆیەر نوسەرو دۆستی نیزێکی گەلی کورد وەک سێیەم کۆرگێڕی ئەم کۆڕیادە، ئەویش باسی لە هزری پێشکەوتووی دکتوور قاسملوو و داهاتووی کورد کرد و لە بەشێک لە باسەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە دکتوور قاسملوو واگەورە ببوو کە سیاسەت بکات و بیر و هزر و خوێندنەوەی دروستی بۆ ئەو سەردەم و بۆ ئێستا هەبێت و ئەو لێکدانەوانەسی بۆ ئێستا دروست لە ئاو دەرهات. بە هۆی ئەوەی شارەزای زۆربەی زمانە دەستەڵاتدارەکانی ئەو کات بوو، دەیزانی چ میتۆدێکی سیاسی بۆ ئەو هەلومەرجەی ئەو کاتی کوردستان گونجاو بوو.
"بۆیەر" پێی وابوو کە کوردی باشوور سەربەخۆ دەبن، بەڵام کوردی باشوور و بارزانی نابێ بەشەکانی دیکەی کوردستان لەبیر بکەن.
دوا بەدوای"یان بۆیەر"، دکتوور گوڵمراد مورادی نووسەر و وتەبێژی ئەنجوومەنی نێونەتەوەیی قەڵەمی ئێران، وەک چوارەم کۆرگێری ئەو کۆڕیادە، وێڕای ئاماژە بە کەسایەتی دکتوور قاسملوو و ئەو پیلانانەی کە دوژمنان دژ بە رێبەرە هەڵکەوتەکانی گەلی کورد دەیگێڕن، گوتی: دکتوور قاسملوو بە پێچەوانەی بۆچوونە ناکۆکەکان، سیاسەتمەدارێک بوو ئاگا لە بواری بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەیزانی چۆن دەبی لەگەڵ دژبەراندا بجوڵێتەوە، هەر چەند ئامانجی دژبەران تەنیا لەنێوبردنی هەڵکەوتەکانی کۆمەڵگای کوردەواری وەکوو خودی خۆی و کەسانی وەک ئەو بوو.
ئەو بە دروستی ئەیزانی کە نائاگایی دەستەڵاتی هەیە بەسەر هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و دەبێ ئەو کەموکورییە لەنێو بچێت. ئەو بیگومان دەیزانی کە ئەوان شتێکیان لە سەوەتەکەیاندا نییە، بەڵام ئەو نمرە بۆ سەلماندن بە هەموو نەتەوەکانی ئێران ئاگایانە ئەو ریسکەی کرد و دەیویست هیچ بیانوویەک نەداتە دەستی دوژمنەوە کە بە خەڵک بڵێن پارتە کوردییەکان نایانەوێ لەسەر چارەسەری کێشەکان لەگەڵ ئێمەدا وتووێژ بکرێ. دکتوور قاسملوو بەدروستی لە خاڵە لاوازەکانی کەمایەتییە نەتەوەییەکانی، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە هەمان نائاگایی و ناکۆکی سیاسییە تێگەیشتبوو.
ئەو یەکێک بوو لە یەکەم رێبەرانی حیزبە سیاسییەکان کە بەو خاڵە گرینگانە گەیشتبوو و دەیزانی هەتاکوو نەتەوەکان ماف و مێژووی خۆیان نەزانن، ناتوانن لە رێگای یەکگرتندا دەست بدنە دەستی یەک و بە دڵ و گیان یەکگرتووانە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان خەبات بکەن.
ئەو هێز و لایەنانەی بەشداری ئەو کۆڕیادەی بوون، بریتین لە:
- پارتی دێموکراتی کوردستان
- یەکێتی نیشتمانیی کوردستان
- پارتی سەربەخۆی کوردستان
_ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد
_ پارتی یەکێتی دێموکراتی سوریە"پەیەدە"
_ کۆمیتەی هاوبەشی هێزەکانی رۆژهەڵات

بەشی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، نۆروێژ





بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1429 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact