. . . .


14 Jun 2014

سێمیناری "ئەمرۆو داهاتووی سیاسیی ئێران‌و رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن" لە نۆروێ


ناوەندی هەواڵ: لە ژێر ناوی "ئەمرۆو داهاتووی سیاسیی ئێران‌و رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن" سێمینارێکی سیاسی بۆ کۆمەڵێک لە چالاکانی سەربەخۆ‌و لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی‌و کوردستانی لە ئۆسڵۆ پێتەختی وڵاتی نۆروێژ بەرێوەچوو.
کاتژمێر ٢ی پاشنیوەرۆی شەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەرامبەربە ١٤ی ژووئەنی ٢٠١٤ی زایینی، لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی زانکۆی ئۆسڵۆ بە بەشداریی چەند چالاکێکی سیاسی: محەممەدرەزا حەیدەری وتەبێژی کەمپینی سەوز، عەبباسی شوکری رۆژنامەوان‌و لێکۆڵەری فەرهەنگی، فەروخ نێعمەتپوور لە رێکخراوی فیداییانی ئێران (ئەکسەرییەت)، عەبدوڵڵا حیجاب چالاکی سیاسی، پەرویز لاشاری لە حیزبی خەڵکی بەلووچستان‌و کاوە ئاهەنگەری لە حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهات.
پانێلی یەکەمی سێمینارەکە بۆ بەرێزان محەممەد رەزا حەیدەری، محەممەد شەکووری‌و فەروخ نێعمەتپوور تەرخان کرابوو تا باسەکانیان پێشکەش بکەن. حەیدەری باسەکەی‌ لەژێرسەردێری یەکێتی، ئۆپۆزیسیۆن‌و رێبەری بەمجۆرە دەست پێکرد: "لە مێژووی خەباتی خەڵکی ئێران بۆ وەدەستهێنانی دێموکراسی‌و ئازادی، رێبەریی کاریزماتیک رۆڵێکی تایبەتی‌و بەرچاوی بووە، لە رووداوەکانی دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی‌و فروفێڵی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی‌و دزینی دەنگەکان، خەڵکی ئێران بەبێ دارشتنی پلانێکی پێشوەخت هاتنە سەر شەقامەکان‌و بە هێنانە گۆرێ دروشمی دەنگی من کوا؟ لەبەرامبەر حکوومەت وەستان. لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئێران بە پەیرەو کردنی سیاسەتی هەرەشەو تۆقاندن توانی بزووتنەوەکە سەرکوت بکا. هەر لە سەرەتای رێگاکە لەنێوان سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگا ئەم پرسیارە گرنگە هاتە گۆرێ کە بۆ درێژەدانی رێگای خەبات‌و هێنانە گۆری رێکوپێکی داواکان چ کەس یان گرووپێک دەتوانێ سەرۆکایەتیی ئەو بزووتنەوە ئێعترازییانە بە دەستەوە بگرێ، چونکە هەرچی خەڵکی زیاتر لە رێپێوانەکان‌دا بەشدار دەبوون، حکوومەتیش درندانەتر هەڵسوکەوتی دەکردو لە لەلایەکی دیکەوە هیچ رێگایەکی بۆ درێژەدانی خەبات لە لایەن رێبەرانی سەمبولیکی بزووتنەوە، یانی موهەندیس حوسێنی مووسەوی‌و کەرووبی نیشان نەدەدرا. بێجگە لەوە ئەو بزووتنەوەیە، بزووتنەوەیەکی ئاشتیخوازەو بە دەرکردنی بەیاننامەو مەحکووم کردنی قەڵاچۆی خەڵک قەناعەتی دەکرد."
محەممەد رەزا حەیدەری لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆو دەرەوەی ئێران وتی: "ئۆپۆزیسیۆن لە گرووپی جۆراوجۆری سیاسی‌ پێکهاتووە کە بەداخەوە هێشتا نەیانتوانیوە یەکیەتییەکی لانی کەم لە داخوازە هاوبەشەکانیان‌دا بە پێکهێنانی شوورا یان کۆنگرەیەکی میللی سەرکەوتوو نەبووە. بۆیە ئێمە خوازیاری ئەوەیە کە بۆ رزگار کردنی وڵاتەکەمان لەو قەیران‌و کێشانەی داهاتوو رزگار بکەین، دەبێ هەرچی زووتر ئۆپۆزیسیۆن لە پێناوی ئەم گرفتە، واتە نەبوونی یەکیەتی کە هۆیەکەی لە هێنانەگۆڕی پلانە گڵاوەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا بدۆزینەوە کە لە ماوەی ٣٣ ساڵی رابردوو بە سازدانی کێشەو دووبەرەکی لەنێوان سەرجەم ئێرانییەکان ئەوانی پاسیڤ کردوە، بەرەوپێش بچین."
دووهەم کەسی بەشی یەکەمی پانێکی سێمینارەکە بەرێز عەبباسی شوکری باسەکەی لە گۆشە نیگای فەرهەنگەوە روانین بوو لە سیاسەت، ناوبراو وتی: "کاتێک کە باسی فەرهەنگ دەکەین ناتوانین لە سیاسەت خۆ بشارینەوە، ئەگەر تۆزێک دڵسۆزیمان بۆ ئەم وڵاتە هەبێ ناتوانین تەنیا لە گۆشەنیگایەکەوە بروانینە سەرجەم کۆمەڵگای سیاسی ئێران. بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەروانینە ئەو شادی‌و خۆشییە کاتییانەی کە بەداخەوە لە ئێران بۆ گەنجان دێتەپێش، لە پێناوی ئەو شتەی کە حکوومەت خوازیاری ماتەمین، گریان‌و خەمەو بەم دواییانەش مکارمی شیرازی بە فەرمی رادەگەیەنێ ئێمە بۆ دەبێ زۆر پێبکەنین؟ کۆمەڵگایەک کە خوازیاری داخرانی لێوەکانیەتی‌و پێکەنینیش لەوان دەستێنێ، کاتێک لاوەکان رووحانی هەڵدەبژێردرێ لەسەر شەقامەکانن، کاتێک خاتەمی هەڵدەبژێردرێ دێنەسەر شەقامەکان، کاتێک تیمی میللی سەرکەوتوو دەبێ دێنەسەر شەقامەکان، ئەم خۆشییە کاتییانە، من بە شادیی لە کۆیلەیی دا ناویان دەبەم.
شادیی لە کۆیلەیەتی‌دا بایەخی زۆر نیە، بریا تۆزێک لە ئومێدەکان‌و شادییە کاتییەکان ببێتە کۆمەڵێک لە هەڵبژاردنی تاکە کەسی‌و ویستی گشتیی بەردەوام. لە سیستمی کۆماری ئیسلامی‌دا مرۆڤەکان "دەنگ"ن، مرۆڤەکان ئیرادەی تاکەکەسی نین، هەڵبژاردنی تاکە کەسیش نین. هەر کاتێک پێویستان بوون ژنان دەبنە هێزی تێکۆشەر، خەڵکیش دەبنە ئەوە کە مافی خۆیانە دەنگ بدەن".
فەروخ نێعمەتپوور لە رێکخراوی فیداییانی ئێران (ئەکسەرییەت)، سێهەم کەسی بەشی یەکەمی پانێلی سێمینارەکە سەبارەت بە رەوتی سیاسی ئێران‌و گۆشەنیگایەی تایبەتی لەسەر باسی سەرەکی سێمینارەکە بە دوو خاڵ دابەشکرد، خاڵی یەکەم: هەلومەرجی سیاسیی لە ئێران‌‌دا چۆنەو بەتایبەتی مەسەلەی حاکمییەت‌و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی. خاڵی دووهەم: هەلومەرجی ئۆپۆزیسیۆن‌و کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێران‌دا. ناوبراو سەبارەت بە تەوەری باسەکەی وتی: "لە وڵاتی ئێمە بەهۆی هەلومەرجێکی تایبەتی کە هەیە جەرەیانێک یان رووداوێک کە لەناو حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی‌دا دێتەگۆرێ کاردانەوەی راستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگای ئێمە هەیەو کاردانەوەی راستەوخۆی لەسەر دەسەڵات‌و پێوەندیی دەسەڵات لەگەڵ کۆمەڵگا هەیە. لەم گۆشەنیگایەوە ئێمە وەک ئۆپۆزیسیۆن یان هێزەکانی جیابیر، یان هێزەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەمیشە ناچار بووین بە جۆرێک روانینمان بۆ دەسەڵاتی سەرەوە هەبێ. لێکدانەوە بۆ ئاڵوگۆرەکانی بکەین، کاردانەوەکانی بۆسەر کۆمەڵگاو ئەوە کە کۆمەڵگا چۆن دەتوانێ لە پێوەندیی لەگەڵ دەسەڵات‌دا کێشەو گرفتەکانی بەرەوپێش بەرێ".
پەرویز لاشاری لە حیزبی خەڵکی بەلووچستان یەکێکی دیکە لە بەشدارانی پانێلی دووهەم بیروبۆچوونی حیزبەکەی سەبارەت بە کێشەی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران حاکمییەتی ئیسلامی بۆ بەشدارانی سێمینارەکە شیکردەوە.
ئینجا عەبدوڵڵا حیجاب چالاکی سیاسی وتی: "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئێمە لە سەرجەم ئۆپۆزیسیۆنی ئێران‌دا زۆر ئاشکرا دێتە بەرچاو، ئەویش ئەوەیە لەجیاتی دەستپێکردنی گفتوگۆی سیاسیی لەنێوان هێزەکان، لەجیاتی دەستپێکردنی دیاڵۆگ لەنێوان هێزەکان‌دا، ئێمە زۆرتر لە کۆبوونەوە تایبەتییەکانی خۆمان‌دا بەشداریی دەکەین‌و زۆربەی بەشدارانی کۆبوونەوەکانیش یان ئەندامانی حیزبێک یان کەسانێکی تایبەتین کە لەو کۆبوونەوانەدا بەشدار دەبن، بۆیە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان لە دوارۆژی ئێران نەبوونی دیاڵۆگ یان گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکانە".
دوایین کەسی بەشداری پانێلی دووهەم، هاورێ کاوە ئاهەنگەری بوو کە باسەکەی سەبارەت بە وەزعی ئێستای ئێران بەمجۆرە پێشکێشی بەشداران کرد: "خەڵک لە رەوشێکی زۆر نالەباردا دەژین، بێجگە لەوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران بە شێوەی رێکوپێک پرۆژەگەلێکیان لە ماوەی ٣٥ ساڵی رابردوو بۆ جێبەجێ کردن‌و درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی خۆیان لەناو خەڵک‌دا بەرێوەبردوە، خەڵکیش توانایی ئەوەیان هەیە کە ببنە هۆی پێکهاتنی پچرانی جۆراوجۆر لەناو خۆی ئێران‌و لەنێوان گەلانی ئێران دا. کێشەگەلێکی کۆمەڵایەتی هەیە یان بوونی جیاوازیی لەناو کۆمەڵگا، کێشەی ئابووری یەکجار زۆر لە نێوان توێژەکانی کۆمەڵگا بوونی هەیەو بەتایبەتی لە بیست ساڵی رابردووەوە ئەو جیاوازییە زیاتر بووە. جیاوازیی سیاسی هەیە بەهۆی نەبوونی دیاڵۆگی بەردەوام‌و ئەرێنی لەنێوان هێزە سیاسییەکان‌دا".
دوا بە دوای تەوابوونی هەر بەشێکی پانێلەکە بەشدارانی سێمینارەکە بە هێنانەگۆری پرسیار لە هەر کام لە پانێلگێران چالاکانە بەشدارییان کرد.
پێویستە بگوترێ سێمینارەکە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر بەردەوام بوو کە هاورێ موختار نەقشبەندی بەرێوەبەری سێمینارەکە بوو.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1089 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact