. . . .


9 Jun 2014

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٧٠ ساڵ خەباتی سارم خان سادق وەزیری، لە وڵاتی ئاڵ???


ناوەندی هەواڵ- ئاڵمان: رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی جونی ٢٠١٤ی زایینی، بەرامبەر بە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە دەستپێشخەری کۆمەڵێک لە دۆست و هەڤاڵانی و بە بەشداری کۆمەڵێکی زۆر کەسایەتی سیاسی و ئەدەبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێورەسـمێکی پڕنێوەرۆک بۆ ڕێزگرتن لە ٧٠ ساڵ خەباتی تێکۆشەری ڕێگای ئازادی و سەربەستی مرۆڤەکان، دکتۆر سارم خان سادق وەزیری، لە شاری فڕانکفۆرت،ی وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو. ڕێوڕەسمەکە سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە پەیامی دەستەی ڕێزگرتن لە بەڕێز سادق وەزیری دەستی پێکرد. بە دوای ئەو دا فیلمێکی دێکۆمێنتاری لە سەر ژیان و خەباتی ناوبراو نیشانی ئامادە بووان درا. نێوەرۆکی فیلمەکە ئاوڕدانەوەیەکی هەرجەند بە پەلەش بوو، لە سەر ژیان و خەباتی ئەو تێکۆشەرە. بەڕێز سادق وەزیری لە وتەکانی دا لەو فیلەمە دا ئاماژەی بەوە کردبوو کە چەندین جار چاوی بە پێشەوای مەزنی گەلی کورد، قازی محمەد کەوتووە و هاوکات دۆستایەتی زۆر نزیکی لەگەڵ سەدری قازی هەبووە.
لە بەشی دووهەمی ڕێورەسمەکە دا کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامی خۆیان پێشکەش کرد. هەردووک تێکۆشەری دێرین بەڕێزان مامۆستا عەبدووڵا حەسەنزادە و کاک جەلیل گادانی بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە بوون و وتارێکیان پێشکەش کرد. هاوکات لە نێو پەیامەکاندا دەکرێ ئاماژە بە پەیامی بەڕێزان عەبدوڵڵا موهتەدی، پرۆفسۆر ئالان دیلان، پەیامی ئیبراهیم عەلیزادە، پەیامی عومەر ئیلخانیزادە و محەمەد سدیق کەبدوودوەند، سەرۆکی بەندکراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بکرێ. سەرجەم پەیام و بروسکەکان باسیان لە خەبات و تێکۆشانی بەڕێز سادق وەزیری لە پێناو ئازادی و پاراستی مافەکانی مرۆڤ و گەلی کورد دەکرد و ئاماژەیەک بۆ ئازایەتی و لە خۆبووردوویی مرۆڤی کورد، کە زیاتر لە نیوسەدە، بە بێ گوێدانە ماندوو بوون و زەحمەت و نەهامەتی و کەندوکۆسپەکانی ژیان، درێژەی بە خەباتی خۆی داوە و ئێستاشی لەگەڵ دابێت یەکێک لەو مرۆڤە خاوەن هەڵوێستانەیە کە جێی ڕێز و تەقدیری هەموو تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە دا بەڕیز سارم سادق وەزیری وتەیەکی پێشکەش کرد. بەڕێزیان بە ئاماژە بە دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی خۆی لە پێناو ئازادی و سەربەستی گەلەکەیدا کرد، هاوکات باسی لەو کەندوو کۆسپانە کرد کە بە درێژایی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی هاتوونەتە سەر ڕێی، بەڵام ئەو دیسانیش کۆڵی لە خەبات نەداوە، چونکا مەبەستی سەرەکیی بە دەست هێنانی ئازادی و سەرەبەستی بووە بۆ گەل و وڵاتەکەی. بەڕێز سادق وەزیری لە درێژەی گوتارەکەیدا، ٨ خاڵی وەک پێشنیار بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشنیار کرد کە بریتی بوون لە:
١- حیزبەکان هەوڵ بدەن پێگە کۆمەڵایەتییەکانیان لە کوردستان بپارێزن‌و پەرەی پێبدەن.
٢- مەودای نێوان حیزب ‌و خەڵک کەم بکرێتەوەو حیزب خۆی لە خەڵک پێ‌ گەورەتر نەبێ.
٣- حیزبەکان بە هاوفکریی لەگەڵ یەکتر لە کاتە پێویستەکان‌ دا هاوهەڵوێست بن.
٤- رەخنە بەشێوەی ئوسوولی ‌و لە کاتی خۆی ‌دا دەبێتە هۆی پێشگیریی لە جیابوونەوە و ئەو خاڵە لە ئەساسنامەی حیزبەکان‌دا بگونجێ.
٥- پاراستنی ئەدەب‌ و ئەخلاقی سیاسی.
٦- پشتیوانی لە دێموکراتیک بوونی پارچەکانی دیکەی کوردستان.
٧- پەرەپێدانی بیرو هزری کوردایەتی لە نەوەی نوێ‌دا.
٨- پشت نەبەستن بە وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی لەباری ماڵی‌ و مەعنەوییەوە.
لە کۆتایی ڕێورەسمەکە دا بەڕێزان مامۆستا عەبدووڵا حەسەنزادە و کاک جەلیل گادانی، دوو خەڵاتیان پێشکەش بە بەڕیز سادق وەزیری کرد.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- ئاڵمان

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1128 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact