. . . .


4 Jun 2014

کۆبوونەوەی کومیتەی دانمارک،ی حدک لەگەڵ وەزیری پێشووی ئەو وڵاتە


ناوەندی هەواڵ- دانمارک: دوای دیداری چەند مانگ لەمەوبەری بەڕێز خالید عەزیز سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک و چاوپێکەوتن و دیدار لەگەڵ لایەنە سیاسی و حکومی و کەسایەتییەکان و هەروەها داواکاری هەردووک لا بۆ درێژەدان بەو دیدارانە، کاتژمێر ١٠ سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣/٦/٢٠١٤، هەیئەتێکی کومیتەی دانمارکی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پێکهاتوو لە هاوڕێیان ئامانج پیرمە و ڕەشید قازی، لە دەفتەری تایبەتی خۆی، چاویان بە بەڕیز " پێرستی مولیر"، وەزیری پێشووی دەرەوەی دانمارک، کە ئیستا ئەندامی پارلەمانی ئەو وڵاتەیە کەوت. لەو دیدارە دا هەردووک لا باسێکی تێروتەسەلیان لە سەر دەور و کاریگەی ئوروپا و جێگەو پێگەی وڵاتی دانمارک لە داڕشتنی سیاسەتەکانی پارلەمانی ئوروپا کرد. سەرەتا هەیئەتی حیزب ڕخنەیان لە سیاسەتی دوو ڕووانەی وڵاتانی ئوروپایی لە هەمبەر ڕژیمی سەرەڕۆ و تێرۆریستی ئیسلامی ئێران گرت، بە تایبەت سەبارەت بەوەی کە حکومەتی دانمارک گرت کە ڕێگەی بە هێندێک لە دەمڕاستەکانی ڕژیمی ئێران دابوو کە بێن و لە زانکۆکانی ئەو ولاتە سمینار و کۆبوونەوەی گشتی، بە مەبەستی پڕۆپاگاندە بۆ ڕژیمی ئیران ساز کەن. پاشان بەڕێز ئامانج پیرمە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزب لە دانمارک، سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری ئێران و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەت گەلی کورد لە لایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە و هەروەها دەستوەردانی ئەو ڕژیمە لە کاروباری وڵاتانی جیهان و هاریکاری و پشتگیری ڕژیمی دژی گەلی بەعسی سوریە باسێکی پێشكەش کرد.
بە دوای ئەو دا بەڕێز پێرسی مولێر وێڕای بە خێرهێنانی هەیئەتی حیزب، باسێکی سەبارەت بە سیاسەتەکانی ڕژیمی تاران ڕوو بە دەرەوە و هاوکات سەرکوت و کوشتاری خەڵکی بێتاوانی ئێران بە تایبەت کوردەکان دەست پێکرد. بەڕێز مولێر پێی وابوو کە ڕژیمی ئێران سیاسەتی فریو و درۆی گرتووەتە بەر و لە ئێستا دا وڵاتانی ڕۆژئاوای بە وتووێژ و دانووستان سەبارەت بە بەرنامەی ناوەکی خۆی سەرقاڵ کردووە و لە راستی دا دەیەوێت لەو ڕێگەوەیە کاتی زیاتر بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی، کە بە دەست هێنانی چەکی ناوەکییە. ناوبراو پێی وا بوو کە ئەگەر ئێران بتوانێ چەکی ئەتۆمی بە دەست بێنێ، نەک لە وتووێژ و دانووستانەکان دەکشێتەوە، تەنانەت وڵامی هیچ داواکارییەکی نێودەوڵەتی ناداتەوە و ئەوەش بە کردووە دەرکەوتووە و پیشەی هەمیشەیی دیکتاتۆرەکانە. پاشان بەڕێزیان باسی لە دەورانی دەسەڵاداری خۆی وەک وەزیری دەرەوەی ولات کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەو هەموو کات پشتگیر و پشتیوانی گەلە چەوساوەکان بووە، هەر لەو سۆنگەشەوە چەندین جار سەردانی فەلەستین و سوریەی کردووەوە و یەكێک لە لایانگرانی لابرانی سەدام حسێن بووە لە سەر کورسی دەسەڵات. ناوبراو ئاماژەی بەوە داکە ئیتر جیهان دیکتاتۆرەکان قبووڵ ناکات و بە تایبەت ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەراست ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو دێموکراسی و سەقامگیری زیاتر دەچێ. کوردەکان فاکتەری سەرەکین لە دابەزینی و جێگیربوونی دیموکراسی لەو ناوچەیە و بە کردەوە و لە ڕێگەی ئەزموونی دەسەڵاتدارییەتی چەند ساڵەیان لە باشووری کوردستان نێشانیان داوە کە نموونەیەکی جوان و نوێن لە دیموکراسی و دەسەڵاتی خەڵک، هەر بۆیە هیچ ئاشتی و دیموکراسییەکی لە داهاتووی ناوچەکە دا بە بێ بەشداری کوردان ناگاتە ئامانج. بەڕێزیان لەو بروایە دابوو کە دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیش ناتوانێ لەوە زیاتر خۆی لە بەرامبەر گوشارە دەرەکی و ناوخۆییەکان دا ڕاگرێ و سەرئەنجام نەک تەنیا کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵکوو هەموو ئەو سیستەمانەی کە لە لایەن ئیسلامی سیاسییەوە ئیدارە دەکرێن، وەک حکومەت و دەسەڵاتە کومونیستییەکانی پێشوو و تەنانەت ڕەگەزپەرستی و نازیسم، ئەنجامەکەی فەوتان و لە ناوچوون دەبێ، چونکا هیچ سودێکی بە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوین نەگەیاندووە.
لەو کۆتایی ئەو دیدارە دا، هەیئەتی حیزبی جەپکە گوڵی ڕێزلێنان و چەندین نووسراوەی تایبەتیان سەبارەت بە مێژووی حیزب و ژیاننامەی ڕێبەرانی شەهیدمان و هەروەها کتێبی " ڕەحمانی کوردان" لە نوسینی کارۆل پرۆنهوبەر، پێشکەش بە ناوبراو کرا و ئەویش بەڵێنی دا کە تاکۆتایی بێخوێنێتەوە. هاوکات بەڕێز مولێریش کتێبێکی سەبارەت بە ژیانی سیاسی خۆی پێشکەشی هەیئەتی حیزب کرد.
کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- دانمارک

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 605 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact