. . . .


1 Jun 2014

بەرێوەچوونی سمینارێک بۆ رێزگرتن لە رۆژی جیهانی منداڵان لە نۆروێژ


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١/٦/٢٠١٤ ، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، بە بۆنەی رۆژی جیهانی منداڵان، سمینارێکی هاوبەشیان بۆ بەرێزان محەممەد ئەحمەدیان و مەجید پالانی پێکهێنا.
سەرەتای سمینارەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب بە دەنگی کۆڕی سرودی یەکیەتی لاوان و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان و بەتایبەتی منداڵە گیانبەختکردووەکانی شیناوێ دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی هاوبەشی یەکیەتیەکانی لاوان و ژنان لە لایەن خوشکە مەحبوب رەحیمی بەرپرسی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ بەو بۆنەوە پێشکەش کرا، لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتبوو: دیارە زیاتر لە ٢٥ ساڵ بە سەر راگەیاندنی جارنامەی مافەکانی منداڵان دا تێ درپەرێ وچۆوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بە دا‌خەوە تا ئەمرۆژ لە زۆر شوێنی دونیادا بە تایبەت لە ئێران وسوریە بارودۆخی منداڵان تادێت خراپتر دەبێت و زۆربە منداڵان بەهۆی نەبوونی پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانە توشی نەخۆشی دەردەسەری بونەوە .
ژۆمارەی ئەو منداڵانەی کە بە هۆی شەروئاژاوەو دەکوژرێن لە زیادبوندایە.
منداڵانێکی زۆریشمان هەن کە تەمەنیان لە ژێر هەژدە ساڵی دایە، چەکیان پێهەڵگرتون و بۆ شەر و کوشتار دەیان نێرنە بەرەکانی شەر. تا ئەمرۆش بە هۆی هەژاری و نەبوونیەوە بە میلوێنها منداڵ بە ناچاری کاردەکەن و زۆربەیان لە خوێندن بێبەشکراون.
رۆژی جیهانی منداڵان بۆنەیەکی لە بارە بۆ دووبارە پێداگرتنەوە لە سەر جێبەجێکردنی مافەکانیان.
گڕینکترین مافیش مافی ژیان و دابینکردنی خۆراک وجێی حەوانەوە، مافی خوێندن و چارەسەری پزیشکی و یاریکردن. رێزگرتن لە بیروراو بۆ چوونەکانیان و دابینکردنی پێداویستیکانیان، زەمینەرەخساندن بۆ گەشەکردنی بەهرە و ئارەزووەکانیان، جیاوازی نەکردنیش لە نێوانیاندا بە هۆی رەگەزو رەچەڵەکەوە.
دواتر بەرێز محەممەد ئەحمەدیان باسێکی تایبەتی لە سەر " گرینگی زمان و زمانی زگماکی" دەست پێکرد. بەرێزیان وێرای ئاماژە بە گرینگی زمانی زگماکی بۆ پاراستنی کولتور و نەتەوە، پاراستنی هەستی نەتەوایەتی لە رێگای پاراستن و بوژاندنەوەی زمان دا بەرز نرخاندو وتی:"گەورەترین ناسنامەی نەتەوەیەک زمانەکەیەتی و پاراستنی زمان یانی پاراستنی نەتەوە. رەمزی بوونی نەتەوەی کورد سەرەرایی ئەو هەمو سەرکوت و زەبروزەنگەی کە دوژمنانی کورد بەسەریان هێناوە، گەلی کورد زمانەکەی پاراستووە و بە کوردی قسەی کردووە و نوسیوێتی کە ئەوە بۆتە پاراستنی نەتەوەکەشمان." دواتر بەرێز ئەحمەدیان هاتە سەر تەوەرێکی دیکە کە ئەویش منداڵانی تاراوگە نشین بو. بەرێزیان وتی:" رۆڵی دایک و باوکان لە فێرکردنیان بە زمانی کوردی و هەروەها لە قۆناغی دواتر خوێندن و نوسین بە زمانی کوردی گرینگی تایبەتی دەبێ لە سەر دوارۆژی ئەو منداڵانە و جیلی دواتر کە لە تاراوگە دەژین. قسە کردن، خوێندن و نوسین بە زمانی زگماکی لە قۆناغە جیاجیاکانی منداڵییەوە، واتا هەر لە سەرەتای فام کردنی منداڵ، باخچەی ساوایان و دواتر چوونە قوتابخانە، بە تەجروبە دەرکەوتووە کە ئەو منداڵانە سەرکەوتووتر بوونە لە وانەی کە بە زمانی زگماکی فێر نەکراون و نەیانخوێندووە."
لە کۆتایی باسەکەی دا بەرێز مامۆستا محەممەد ئەحمەدیان هاتە سەر شوێندانانی زمانی زگماکی لە سەر هەستی نەتەوایەتی و کوتی: " بۆ ئێمەی کورد چ لە تاراوگە و چ لە نێوخۆیی کوردستان زۆر گرینگە کە منداڵەکانمان فێری زمان و خوێندن و نوسینی کوردی بکەین، چونکە ئێمە وەک فارس و عەرەب و تورک نین کە سیستمێکی زۆر گەورە و پشتیوانەیەکی قەوی مادی و مەعنویمان هەبێ تا زمانەکەمانی پێ بپارێزین. هەروەها لە هەمان کاتدا کە زمانەکە دەپارێزین، دەبێ هەوڵ بدەین کە لە دڵەوە منداڵەکانمان فێر کەین کە هەست و سۆزیان بۆ کوردایەتی و نەتەوەکەیان هەبێ."
لە پانێلی دووهەمی سمینار بە بۆنەی رۆژی جیهانی منداڵانەوە بەریز مامۆستا مەجید پاڵانی وتارێکی پڕ نێوەرۆک و زانستیانەی لە سەر پەروەردەی منداڵ هەر لە قۆناخەکانی سکپڕی دایک بە کۆرپەکەیەوە، دوای هاتنە دونیای منداڵ، دەسپێکی بە باخچەی ساوایان، قوتابخانە سەرەتاییەکان، ناوەندی‌و دواناوەندی، واتا لە تەمەنی لەدایک بوونەوە تا تەمەنی هەژدە ساڵی، پێشکەش کرد. بەرێزیان لە بەشێکی وتارەکەی دا پڕژایە سەر ئەرکی باب‌، دایک‌و بنەماڵە بە تایبەتی و لە قۆناغی دواتر کۆمەڵگا بە گشتی. لەو پێوەندییە دا بەرێز پاڵانی وتی:" منداڵ بە چاکە لە دایک دەبێ و ئەوە دوایەیە کە بنەماڵە و دواتر کۆمەڵگا منداڵ چ بە رەوشتی چاک یا خراپ باردێنن. هەر بۆیە پیویستە لە سەرەتا دایک و باوک و بنەماڵە بایەخ بۆ پەروەردەی منداڵەکەیان دابنێن تا ئەوەیکە دوارۆژی کۆرپەکەیان بە رەوشتی چاک و سەرکەوتوانە لە کۆمەڵگا دا دەرکەوێ." بەرێزیان لە بەشێکی دیکە باسەکەی دا ئاماژەی بە هەڵەو کەموکووڕییەکانی باب‌و دایکی کورد لەو پێوەندییەدا کردو چارەسەرییەکانی دەسنیشانکردن.
شایانی باسە کە بەشداربوان بە پرسیار وپێشنیاری بەکەلک بەشداری چالاکانەیان کرد.
پێویست بە ئاماژەکردنە کە نێو ئاخنی سمینارەکە بە خوێندنەوەی دوو پارچە شێعر لە لایەن دوو منداڵی خاوەن بەهرە، شەکیلا حاجی ئەحمەدی و بێریوان رۆستەمی و هەروەها وێنەیەکی جوانی هەڵپەرکێی کۆری هونەری یەکیەتی لاوان، رازابۆوە. لە کۆتایی سمینارەکەش دا خەڵات بە سەر هەموو منداڵەکان دا دابەش کرا.
یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، نۆروێژ


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 946 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact