. . . .


7 May 2014

بەشداری هەیئەتێکی حدک لە سمینارێکی حیزبی سوسیال دیموکراتی سوید


ناوەندی هەواڵ: لە سەر بانگهێشتی فەرمی حیزبی سوسیال دێموکراتی سوید، هەیئەتێکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کومیتەی سویدی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پێک هاتوو لە هاوڕێیانی عەزیز سەیدنژادیان و ئەسعەد یوسفی بەشدارییان کرد لە سمینارێکی تایبەت بە پرسی کورد لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. لەو کۆبوونەوەیە دا کە نوێنەری زۆربەی هەرە زۆری حیزب و ڕێکخراوەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان بەشدار بوون، دیالۆگ و قسە و باسێکی زۆر سەبارەت بە پرسی کورد لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بارودۆخی کوردستان لە هەر چوارپارچەی دابەشکراوی هاتە بەرباس. مەبەستی سەرەکی لە پێکهێنانی ئەو سمینارە وەک حیزبی سوسیال دیموکراتی سوید باسی لێوە دەکەن، زەق کردنەوەی کێشەی کوردە لەگەڵ ولاتانی ئێران، عێراق، سوریە و تورکیە و خستنە گەڕی هەوڵدانێکی جیددییە بۆ هێنانە بەرباسی ئەو گرفتە لە ئاستی نێودەوڵەتی دا.
لە درێژەی کۆبوونەوەکە دا نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە کێشەی سەدان ساڵەی کورد و جێگە و پێگەی کورد چ لە ئاستی نێودەوڵەتی و چ لە ئاستی ناوچەیی دا هێنایە بەرباس و هاوکات باسی لە گرینی پێگەی سیاسی و جوگرافی کوردستان چ لە ئاستی ناوچەکە و چ لە ئاستی جیهان دا بە هۆی بوونی سەرچاوەگەلێکی گرینگ و مەزنی وزە و چاوگە سرووشتییەکانی وەک ئاوی شیرین کرد. لە بەشیکی دیکەی قسەکانی دا نوێنەری حدک، ئاماژەی بە دەوری خراپکارانەی ڕژیمی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا کرد و وتی: ئێران دەورێکی خراپی و تێکدەرانەی هەیە لە شێواندنی ئاسایشی ناوچەکە و جیهان و هاوکات ئاماژەی بەو کەشی سەرکوت و عەزیەت و ئازارە کرد کە کاربەدەستانی حکومەتی ئێران دژ بە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان پەیڕوەی دەکەن. نوێنەری حیزب چارەسەری کێشەی کوردی لەو وڵاتانەی کە بە سەری دا دابەش کراوە، بەستەوە بە پیادە و جێگیر کردنی دێموکراسی لەو وڵاتانە دا.
نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان ٢ پێشنیاری دایە ڕێکخرانی سمینارەکە و داوای لێکردن کە لە بەرنامەی کاری داهاتووی خۆیاندا بیانگونجێنن کە بریتی بوون لە:
١- حیزبی سوسیال دێموکراتی سوید، بە هاوکاری و پشتگیری ئەو حیزبە و ڕیکخراوە سویدییانە دیکە کە پشتگیری لە دۆخی کورد دەکەن، هەوڵ بدات سمیناریكی تایبەت بە کێشەی کورد، پێکهاتوو لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بەو کێشەیە جا چ کورد و چ غیرە کورد، بە تایبەت لە وڵاتانی ئوروپایی و ئەمریکا، پێک بێنێ و هەوڵ بدات کە هەموو حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان بانگهێشت بکات و هەوڵبدرێ بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی گونجاو بۆ ئەو کێشە سەدان سالەیە.
٢- سوسیال دێموکراتەکانی سوید هەوڵ بدەن بۆ لێک نزیک کردنەوەی ئۆپۆزێسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئیستا دا لە باشوور جێگیرن لە دەوری یەکتر. ئەو سمینارە تایبەت بێت بە لێکنزیک کردنەوەی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری یەکتر و دانانی دەورە و ورکشۆپی سیاسی و ئەزموونی، کە تایبەت بێت بەو کێشانەی کە لە ئێستا دا بەرۆکی ئەو حیزبانەی گرتووە.
پێویست بە ئاماژەیە کە زۆربەی هەرە زۆری حیزب و ڕێکخراوەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و نوێنەرایەتی حکومەتی هەریمی کوردستان لە سوید، بەشداری ئەو کۆبوونەوە چەند سەعاتییە بوون.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 596 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact