. . . .


5 May 2014

ره‌زا قه‌باکه‌ندی و ته‌مه‌نێک فیداکاری


ئەوانەی مێژوویان دروست کرد
ئا: هەمزە ئاگوشی

-- پێشمەرگایەتی هاوڕێی خۆشەویست و دڵسۆزی پێ بەخشیم. فیداکاری پێ به‌خشیم
-- پەیوەندی خەڵک و پێشمەرگە لە پەیوەندی ئاو و ماسی بەهێزتره‌!

ده‌کرێ خۆت به‌ خوینه‌ران بناسێنی و له‌ قۆناغی مندالی و میرمنداڵیت بۆمان بدوێی؟
_ من رەزا ئەمینی، ناسراو بە رەزا قەباکەندی! قۆناغی منداڵێم بە شێوەیەکی سادە وەک باقی منداڵانی گوندەکەمان بردووه‌ته‌ سەر و ئەوەش بڵێم کە لە چوارچێوه‌ی بنەماڵەیەکی فەقیر و ته‌نگده‌ستدا چاوم به‌ دنیا هه‌ڵێناوه‌ و له‌ قوتابخانه‌ی گوندەکەمان قۆناغی سەرەتایی خوێندنم ته‌واو کردووه‌.

حیزبی دێموکراتت چۆن ناسی و چۆن ئاشناییت له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌دا په‌یدا کرد؟
_حیزبی دێموکراتم هەر لە گوندەکەی خۆمان ناسی، ئه‌ویش بە پێی وەیکە زۆرم لە پێشمه‌رگه‌کانی ناوچه‌که‌ی خۆمان دەناسی و عەلاقەیەکی زۆریشم بە پێشمەرگایەتی هەبوو.
10251.jpg
چۆن بوو بڕیارت دا چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تی بکه‌یه‌ شان؟
ئەوەی راستی بێت هەستێکی زۆرم هەبوو بۆ گەلەکەم و پێم خۆش بوو ببەم بە پ.م ، بەڵام لەبەر وەزعییەتی دایکم و برایەکی ٥ سالانه‌م، پێشمه‌رگایه‌تیم هێندێک وەدرانگی خست. ساڵی 1361ی هه‌تاوی به‌دوای هۆی قەتلوعامی گوندەکانی سه‌رچنار و قەرەگۆل و سەوزی لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان و کوشتاری خه‌ڵکی بێتاوان له‌ لایان کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ و شه‌هیدبوونی سوغرای ئه‌مینی خوشکی تاقانه‌مان که‌ بووکی سوڵتانی مارف بوو، بڕیارم دا بۆ تۆڵەی خوشکم و باقی شەهیدان، چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە شان بکه‌م.

یه‌که‌م بنکه‌ی حیزبی که‌ خۆت لێ ناساند کوێ بوو و له‌ کام هێز و کومیته‌ شارستان سازمان درای؟

_یەکەم بنکە حیزبی که‌ خۆم پێ ناساند، له‌ گوندی بەیرمی ناوچەی سارم و میرقازی ماهاباد بوو. هه‌ر ئه‌وکات لە پەلی ئەحەد رەحیم له‌ لکی ٢ی هێزی شەهید پێشەوا لە کومیتە شارەستانی مهاباد سازمان درام.
10001.jpg
پله‌کانی به‌رپرسایه‌تیت چۆن بڕی و دوایین به‌رپرسیایه‌تیت له‌ ناوچه‌ چی بوو؟
_به‌رپرسایه‌تیم له‌ سه‌رپه‌لی و جێگر په‌لییه‌وه‌ وه‌رگرت و لە ساڵەکانی 70و 71ی هه‌تاوی کادری ناوچەکانی چۆمی مەجید خان و شامات لە کومیتە ناوچەی چۆمی مەجیدخان بووم. ئاخرین به‌رپرسایەتیم جێگر هێزی بوو لە هێزی شەهید پێشەوا.

په‌یوه‌ندی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ و کادره‌کانی حیزبی له‌ ناوخۆدا له‌ چ ئاستێکدا بوو؟
_ئەوە پەیوەندی گەرمی خەڵک و پێشمەرگە بوو کە سات بە سات وره‌ی ده‌دا به‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزی پێ دەبەخشی. ئەوەنده‌ دەڵێم پەیوەندی خەڵک و پێشمەرگە لە پەیوەندی ئاو و ماسی بەهێزتر بووە.

قورسترین شه‌ڕ که‌ تووشی هاتووی کام شه‌ڕ بوو؟
شەڕی زستانی ساڵی ٦٣ لە ناوچەی شامات کە لەو شەڕەدا ٥ شەهید و ٢٣ بریندارمان هەبوو.
10301.jpg

به‌رپرسایه‌تی و فه‌رمانده‌یی به‌ لای تۆوه‌ چی ده‌گه‌یاند؟
_بە لای منەوە بەرپرسایەتی یانی هەست بە مەسئولێتکردن بە رانبەر بەو ئه‌رکه‌ی کە پێت دەسپێردەریت. بە کورتی یانی قورستربوونی ئەرکەکانی سەر شان.

له‌سه‌ر یه‌ک چه‌ند جار بریندار بووی؟
_لە سەریەک ٣ جار بریندار بووم. له‌ نێرخاسان، پایەگای لاچین و پایەگای وشکەدەرێی سەرشیوی مەریوان.

پێشمه‌رگایه‌تی چی پێ به‌خشی و چی لێ ئه‌ستاندی؟
_پێشمەرگایەتی هاوڕێی خۆشەویست و دڵسۆزی پێ بەخشیم. فیداکاری پێ به‌خشیم بۆ خاک و وڵاته‌که‌م، بەڵام جەوانی لێ ئەستاندم و بنەماڵەکەمی لێ دوور کردمەوە و له‌ ئازیزانی دابڕیم.

له‌ گونده‌که‌ی ئێوه‌ جگه‌ له‌ تۆ پێشمه‌رگه‌ی دیکه‌ش هه‌بوون؟
_بەڵێ گوندی ئێمە هەم پێشمەرگەی هەبووه‌ و هەم شەهیدیشی زۆرە و ئیستاش پێشمەرگەمان لە زیندانی رژیمدا هەیە.
1029.jpg

دوا وته‌ت بۆ خوێنه‌ران چییه‌؟
_هیوادارم بۆ رۆژێکیش بێت ئەو هەلەمان بۆ بڕخسێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەمان و بۆ گەل بژین و بۆ گەل بمرین. هەزاران سڵاو لە خەڵکی دڵسۆزی کوردستان. سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدان و هاورێیانی شەهیدم داده‌نوێنم. لە کۆتاییدا سوپاس بۆ تۆ کاک هەمزەی هاوڕێم.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 6278 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact