. . . .


29 Mar 2014

به‌رێوه‌چوونی سمیناری یادی ٦٧ ساڵه‌ی شه‌هیدانی ١٠ ی خاکه‌لێوه‌


ناوەندی هەواڵ-سوید: له‌ دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی ٢٩ ـ ٠٣ ـ ٢٠١٤ کۆمیته‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ به‌شداری چالاکانه‌ی ئه‌ندامانی حیزب و بنه‌ماڵه‌كانیان و دۆست و لایه‌نگرانی حیزب و چه‌ند که‌سایه‌تی له‌ شاری لینشۆپینگ یادی ١٠ ی خاکه‌لێوه‌ شه‌ست‌و حەوتە‌‌‌مین ساڵڕۆژی له‌ سێداره‌دانی سه‌رۆک کۆماری کوردستان پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و هاوڕێیانی به‌ شکۆوه‌ به‌رێوه‌ برد.
كاتژمێر ١:٣٠ ی دوانیوه‌رۆ‌، سمیناری سیاسی له‌ سه‌ر ڕووداو و کاره‌ساتی یادی ١٠ ی خاکه‌لێوه‌ ڕۆژی شه‌هیدانی كوردستان به‌ سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب‌و ساتێک بێ ده‌نگی بۆ گیانی شه‌هیدانی حیزب‌و گه‌ل ده‌ستی پێكرد، پاشان خاتوو سکاڵا حەکیم‌زادە وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێ‌وڕه‌سمه‌که‌ به‌شدارانی سمیناری ١٠ ی خاکه‌لێوه‌ی به‌ خێرهێنان کردن‌‌و سوپاسی کردن و ریزی به‌رنامه‌کانی پێشکه‌ش کرد.
سەرەتا داوا لە کاک ئێقباڵ عەبدوڵڵاهی ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری حیزب لە شاری لینشۆپینگ کرا کە پەیامی حیزب سەبارەت بە شەهیدانی ١٠ ی خاکەلێوە و ڕۆژێ شەهیدانی کوردستان پێشکەش بکات. بەرێزیان پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی خوێندەوە. کە لە پەیامەکەدا جیا لە ئاوردانەوە لە مێژووی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، هاوکات پەیمان نوێ کردنەوە بوو لە گەڵ شەهیدانی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرەزەکانیان.
پاشان نۆبه گه‌یشته پێشکه‌ش کردنی وتاری سیاسی به‌رێز کاک قادر نەبی‌زادە کادری دێرین و ئەندامی چالاکی حدک.
نێوه‌رۆکی وتاری به‌رێز نەبی‌زادە چه‌ند بڕگه‌ی له‌خۆی گرتبوون.
لە بڕگەی یەکەمی بەرنامەکەدا، کاک قادر نەبی‌زادە ٦٧مین ساڵوەگەری شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد- سەروک کۆماری کوردستان- ، ئەبولقاسم سەدری قازی- برای پێشەوا و نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە مەجلیسی چاردەیەمی شووڕای میللی- دا و حەمەحوسێن خانی سیفی قازی – ئامۆزای پێشەوا و وەزیری بەرگری کۆمار- ی، بە جینایەتێکی میژووی بە دژی نەتەوەی کورد، لەقەلەم دا. هەروەها باسێکی سەبارەت بە ژیان و تێکۆشانی پێشەوای نەمر پێکەشی بەشداربووان کرد.
پاشان باسێکی لە سەر چۆنیەتی دادگایی پێشەوا و هەل و مەرج و باردۆخی ئەو کات پێشکەش کرد. بەشێک لە ذاداگای قازی‌یەکانی باس کرد و گووتی: بازەرگانی کردنی نەوت لە گەڵ دەوڵەتی روسیە بە بڕی 51% بۆ دەوڵەتی روس و 49% بۆ کۆماری کوردستان بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی. هەر بۆیە ڕاست لەو دەلاقەیەوە دەچێتە نێو باسەکە کە مەسەلەی ئیمتیازی نەوتی باکوری ئێرانە. پێشەوا ئەوە رەد دەکاتەوە ودەڵێ: نەکا ئەو ئاوەی بەنێو شاری مەهاباد دا دەڕوا پێتان نەوت بێت!
پاشان نەبی زادە لە بڕگەیەیکی دیکە دا تیشک دەخاتە سەر ڕووداوەکان و دەڵێ:
لە کاتی شەری دووهەمی جیهانی دا کە حکوومەتی ڕەزا شا کۆتایی دێت و کوڕەکەی جێگەی دەگرێتەوە ، ئیدی لە تاران چەندین کابینەی یەک بەدوای یەک دا دادەمەزرێن. لە خەزەڵوەری 1323 دا خوشکەزای مووسەددیق(مصدق) بە ناوی بەیات دێتە سەر کار. ناوبراو ویستی مەسەلەی نەوت کە دەمێک بوو باسی لەسەر بوو لە گەڵ روسەکان چارەسەر بکات بەو شێوەیە کە 51% بۆ ئێران بێت و49% بۆ روسەکان ، بەڵام روسەکان قایل نابن. لە کۆتایی دا پاش چەند کابینەی دیکە قەوام دێتەوە سەر کار مەسەلەی وتووێژ بۆ چارەسەری کێشەی نەوت بە شێوەیەک کەڵک لێ وەردەگرێ هەتا (ستالین) فریو دەدا و ڕوسیە لە خۆشی وەرگرتنی ئیمتیازی نەوتی باکوری ئێران هەموو خاکی ئێرانی چۆل کرد وپشتی هەردووک کۆماری ئازەربایجان و کۆماری مهابادی بەردا.
نەبی زادە کوتی: قازی محەممەد لە سەرەتای سەدەی بیستەم، لە بنەماڵەیەکی مڵکدار و دەست ڕۆیشتوو، کە ڕابردوویێکی دوور و درێژیان لە ناوچەی موکریان دا هەبوو، لە دایکبوو. مێژووی ژیانی لە سێ قۆناخ دا، پڕ لە ڕووداو بوو، کە لەسەر پێگەیشتوویی پێشەوا کاریگەریان هەبووە. شۆڕشی مەشرووتە، شەڕی یەکەمی جیهانی و چەند پەیمان نامەیەک و شەڕی دووهەمی جیهانی و ڕووخانی ڕەزا شا، نەمانی دەسەڵاتی ناوەند لە بەشێکی کوردستان و دامەزرانی حیزبی تودە، کۆمەڵی ئازەربایجان و کۆمەڵەی ژ. ک. ژمارەیەک لە ڕووداوە گرینگەکان بوون.
دوای دامەزرانی کۆمار و ١١ مانگ حکوومەتی کۆمار و دەسکەوتەکانی کۆمار و هەموو لایەنە باش و لایەنە لاوازەکای کۆمار و تێکرووخانی کۆمار لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی ئێران و داداگایی قازی‌یەکانی بە شێوەیەکی گشتی بۆ بەشداران باس کرد و لە هەمان کات دا ڕوونی کردەوە و گووتی کە قازی لەگەڵ ئەوەی هەموو کەرەسەیەکی لەبەر دەست دا بوو بروا، بەڵام بە عەهد و پەیمانی خۆی وەفای کرد و لە سەر ئەو بەڵێنی و پەیمانە گیانی خۆی و برا و ئاموزا و کەس و کاری پێشکەش بە گەل و نیشتمان کرد.

شایانی باسە کە دوای وتارەکەی کاک قادر نەبی زادە پۆلێک لە بەشداربووان بە تێ‌بینی و قسەکانی خۆیان باسەکەیان دەوڵەمەند کرد و هاوکاتیش چەند پرسیارێکیان ئاراستەی بەرێز نەبی زادە کرد و ناوبراویش وێرای وەڵامدانەوە بە پرسیارەکان تیشکی خستە سەر بەشێکی دیکە لە ژیان و تێکۆشانی شەهیدانی ١٠ ی خاکەلێوە، هەروەها لە لایەن خاتوو سکاڵا حەکیم زادە چەندین هونراوەی تایبەت بە یادی شەهیدان وەک نێوئاخنی بەرنامەکە خوێندرانەوە.
دواین بڕگه‌ی سمیناری یادی ١٠ ی خاکه‌لێوه‌ چاو لێکردن لە وێنەگای شەهیدانی حیزب بوو کە نزیک بە ٣ هەزار وێنە لە ساڵۆنی مەراسیمەکەدا هەڵاوەسرابوون، هاوکات لە لایەن کۆمیتەی لینشۆپینگەوە گوڵی ڕێز و وەفا پێشکەش بە بنەماڵەی بەرێزی شەهیدان و بەشداران کرا و بەم شێوەیە کۆتایی بە ڕێوڕەسمی ١٠ خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان هات.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 677 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact