. . . .


17 Mar 2014

بەشداری هەیئەتێکی کومیتەی سویدی حدک لە کۆڕیادی ٢٦مین ساڵەوەگەڕی کی?


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی مارسی ٢٠١٤ی زایینی و لە ٢٦مین ساڵەوەگەڕی کۆمەڵکوژی شاری هەڵەبجە دا، بۆ جارێکی دیکە بە دەستپێشخەری ڕایەڵەی سویدی- کوردی و هاوکاری فدراسیۆنی کۆمەلە کوردستانییەکانی سوید، ڕێورەسمێکی ڕێزگرتن لە شەهیدانی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە، بە بەشداری کۆمەڵێکی زۆر لە کوردانی دانیشتووی ئەو شارە و نوێنەرایەتی حکومەتی عێراق و حکومەتی کوردستان و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان، لە کلیسای ئادۆلف فرێدریک،ی شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو.
ئەو ڕێورەسمە کاتژمێر ٦ ی ئێوارە بە کاتی سوید، بە خولەکیک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و کوردستان و پارچە موسیقایەکی حەزین دەستی پێکرد. پاشان دوو پارچە هۆنراوە بە زمانی کوردی و سویدی لە لایەن دکتۆر ئەڕشەد و ئینگێلا کارلسۆنەوە بۆ تەعبیر لە گەورەیی کارەساتی هەڵەبجە خوێندرانەوە. بە دوای ئەو دا نوێنەری فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان، باڵوێزی حکومەتی عێراقی فیدرال و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی خۆیان پێشکەش کرد. ئینجا دەروون عەلی و رەوەند شیخۆ و پرشنگ توانا چەند مقام و گۆرانییان چڕی. لە بەشێکی دیکە ئەو کۆڕیادە دا، نوێنەری کومیتەی هاوکاری حیزبە کورد و کوردستانییەکان، مارگێرێتا سیدەرفێلدت پارلەمانتاری حیزبی مۆدێراتەکان، جانێتێ ئێسکانیللا، نوێنەری حیزبی چەپی سویدی، فڕێدرێک مالم ئەندام پارلەمان لە سەر لیستی پارتی گەلی سوید، دێسیررە پێتروس، ئەندام پارلەمان لە لیستی پارتی دیموکرات مەسیحی، کۆردۆ باکسی بەربژێر بۆ پارلەمانی سوید لە سەر لیستی پارت ژینگە و لاوێن ڕێدار بەربژێری پارلەمان لە سەر لیستی سوسیال دیموکراتەکان پەیامی هاوپەشتی و هاودەردی خۆیان پێشکەش کرد. جێگەی ئاماژەیە کە لە ناوئاخنی بەرنامەکە دا لۆرین بەرزنجی لاوانەوەیەکی پڕ سۆزی پێشکەشی ئامادە بووان کرد، هەروەها لاوێن بەرزنجی گۆرانییەکی بە زمانی ئینگلیسی کە باسی لە منداڵانی هەڵەبجە دەکرد پێشکەش کرد.
ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر ٧ و ٢٥ خولەکی ئێوارە بە گۆرانییەکی ئەکتەری ناوداری سویدی ئینگێلا کارلسۆن کۆتایی پێهات.
پێویست بە ئاماژەیە کە هەیئەتێکی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ولاتی سوید پێکهاتوو لە هاوڕێیان حەسەن ئەهوەن و خاتوو سەکینە حوسینی، لە سەر داوای فەرمی ڕایەلەی کوردی- سویدی و فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان بەشداری ئەو ڕێوڕەسمەیان کرد.
شایانی باسە کە ماوەی چەندین ساڵە فدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان و رایەلەی سویدی- کوردی، بە هاوکاری حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان لەو کلیسایە کۆڕی ڕیزلێنان لە شەهیدانی هەڵەبجە ڕێکدەخەن.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی سوید

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 686 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact