. . . .


9 Mar 2014

بەرێوەچوونی سمیناری بەرەو هەشتی مارس لە شاری ستۆکهۆڵم لە وڵاتی سوئ?


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٠٨ ـ ٠٣ ـ ٢٠١٤ کۆمیتەی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد بە مەبەستی ڕێز لێنان لە ڕۆژی ٨ ی مارس ڕۆژی جیهانی و نێونەتەوەیی ژن سمینارێکی یەک ڕۆژەیان بە بەشداری چەندین کەسایەتی دیار و خوازیارانی یەکسانی لە شاری ستۆکهۆڵم بە شکۆوە بەرێوە برد.

سەرەتای بەرنامە بە سروودی یەکسانی بۆ ڕێزگرتن لە ژنانی خەباتکار و یەکسانیخواز و بە تایبەت ئەو ژنانەی گیانی خۆیان لە پێناو ئامانجەکانی یەکسانی دا بەخشیوە دەستی پێکرد و بە ڕاوەستانی خولەکێک بێدەنگی بەرنامەکە ڕاستەخۆ دەستی پێکرد. پاشان لە لایەن خاتوو موژدە عەزیزی ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکێتی ژنان لە سوئێد بەرنامەی سمینارەکە پێشکەش کرا و هاوکات بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی یەکێتی ژنان بەخێرهێنانی گشت لایەکی کرد و ئامانجی سمینارەکەی بۆ بەشداربووان باس کرد.

لە بەشی یەکەمی پانێل‌دا هەر یەک لە بەڕێزان ماریان رێدیگ کۆمەڵناس و سەلمە ئاکان کۆمەڵناس باسیان لە تووندوتیژی دژی ژنان کرد، ماریان رێدیگ وەک کۆمەڵناس باسی لە تووندوتیژی خێزانی و تووندوتیژی شاراوە لە نێو ژنان دا کرد، کە زیاتر لە چوارچێوەی خێزان و لە لایەن کەسانی نزیکەوە ئەنجام دەدرێ، لە بەشێکی دیکەی باسەکەی دا ئاماژەی بە تووندوتیژی سێکسوالی کرد و لە کۆتایی باسەکەشی دا کۆمەڵێک ئامار و داتای لە سەر پێشێل کردنی مافەکانی ژنان خستە ڕوو و لە بارەی مافەکانی ژنان لە سوئێد دا کووتی لەگەڵ ئەوەدا سوئێد بە وڵاتێک ناسراوە کە مافەکانی مرۆڤی تێدا پەیڕەو دەکرێ، بەڵام تا ئێستاش لە نیوەی ڕێگاین. دوایی سەلمە ئاکان لە باسێکی کورت دا باسی ئەزموونە پراکتیکیەکانی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ دیاردەی تووندوتیژی دژی ژنان کرد، پێی وابوو کە ئەوانەی توندوتیژیان بە دژ دەکرێ سەر بە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانن و ئەو دیاردەیە پێوەندی بە ڕادەی خوێندەواری و پلەوپایەی کۆمەڵایەتیەوە نیە، هەر لە بەشی یەکەمی سیمینارەکەدا بۆدیل سێبا لویس ئەندامی پەرلەمانی سوئێد لەسەر لیستی پارتی ژینگە، لە ڕوانگەی خۆیەوە باسی لە تووندوتیژی کرد و لەو سۆنگەیەوە ڕۆلی پیاوانی لە کەمڕەنگ کردنەوەی ئەو دیاردەیەدا بە گرینگ لە قەڵەم دا و پێی وابوو کە پیاوانیش دەتوانن داوای هاوکاری بکەن، کاتێک بوون بە سەرچاوەی دروست بوونی تووندوتیژی. لە بەشێکی دیکەی باسەکەی دا ئاماژەی بە چەمکی خاوەندارێتیی جەستە کرد بەو واتایەی کە ژن بریار لەسەر جەستەی خۆی بدا و تەنانەت لە پێوەندی خێزانیش دا تووندوتیژی سێکسی کارێکی نایاساییەو ئەوان وەک پارتی ژینگە دەیانهەوێ ئەو پرسیارە لە یەکێتی ئوروپاش دا بوروژێنن، لە کۆتایی باسەکەشی دا بە کورتی سیاسەت وبەرنامەی داهاتووی پارتی ژینگەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خستە ڕوو.

لە بەشی دووەمی سیمینارەکەدا وتەبێژی پارتی فێمێنیستی سوئێد سیسیێلا بلانکۆ باسی لە بەرنامەو پرۆگرامی پارتەکەی کرد وەک ڕێکخراوێکی نوێ لە گۆڕەپانی سیاسەتی سوئێد دا کە جاری دووهەمە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و پرسیارە فێمێنیستیەکانیان بۆ گرینگە، پێیان وایە کە پارتەکانی دیکە وەک پێویست ئاوڕ لە فێمێنیزم نادەنەوە و بۆیە هەبوونی پارتیەکی لەوجۆرەی بە گرینگ دانا، لە وڵامی پرسیار و بۆچوونی بەشدارانیش دا سیاسەتەکانی ڕێکخراوەکەیانی لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی کۆچبەران و سیاسەتیی دەرەوە، ڕوون کردەوە. شایانی باسە کە کاک کاروخ محەممەدپوور وەک کۆمەڵناس وێرای یارمەتیدان بە وتاربێژانی سوئێدی و وەرگێرانەوی قسەکانیان بە کوردی هاوکات هەندێک بابەتی کۆمەڵناسی لە سەر مەسەلەی ژنان باس کردن و هەوڵ درا لە نیوان کۆرگێڕان و بەشداربووان دیالۆگێکی ئازاد پێک بێ.

دواتر لە لایەن خاتوو شلێر حەسەن‌پوور بەرپرسی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد پەیامێک بەو بۆنەوە پێشکەش کرا، نێوەرۆکی پەیامەکە جیا لەوە ئاوردانەوەیەکی کورت بوو لە خەباتی یەکسانیخوازی ژنان بەگشتی، ئاماژەی بە یاسای دژه‌ژن‌و کۆنه‌په‌رستانه‌ی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و بەتایبەتی کوشتن و خۆکوژی ژنان لە کوردستان کرد و لە هەمان کات دا شێوەی خەباتی ژنانی لە داهاتوو دا کە خوێندن و خۆ پێگەیاندنی ژنان لە بوارەکانی زانستی و حزووری ژنان لە مەیدانی کار و تێکۆشاندایە، کرد.

دوایین کۆڕگێڕی بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٨ی مارس ، دوکتوری یاریدەدەر خاتوو سۆزان ی فەتحی بوو کە باسێکی زانستی لەسەر سەرەتانی لوولەی ڕەحەم (cervical cancer) لە نێو ژنان دا پێشکەش کرد، ئەو لە ڕێگەی پاوەرپۆینتەوە نیشانە و هۆکارەکانی تووشبوونی ژنان بە ڤیرۆسی hpv ی ڕوون کردەوە و ئەو مەترسیانەی باس کرد کە لە ئەنجامی تووشبوون بەو نەخۆشیەوە ژنان لەگەڵی بەرەوڕوو دەبنەوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە وڵاتەدواکەوتووەکان دا بەهۆی نەبوونی چاودێری تەندروستی و بێئاگایی نەخۆش لە تووشبوونی بەو نەخۆشیە، ڕێژەی تووشبوان ‌لە سەرێیە، پاشان چۆنیەتیی خۆپاراستن و چارەسەرکردنیشی بۆ بەشداربووان خستەڕوو، کە ڤاکسین و کۆنترۆلی بەردەوام دوو ڕێگەی سەرەکی چارەسەرکردنن. پاش ڕاوبۆچوون و پرسیارەکانی بەشداران، کۆڕگێر زانیاری زیاتری لەو بارەیەوە خستەڕوو.

لە لایەن کاک سەید عەزیزنژادیان چەند وتەیەک لەسەر هەڵبژاردنەکانی چەند مانگی داهاتووی وڵاتی سوئێد و چۆنیەتی بەشداربوونی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دا پێشکەش کرا.

شایانی باسە کە بەشدارانی سمینارەکە لە ماوەی بەرنامەکە دا زۆر چالاکانە بەشداریان لە باسەکان دا کرد و بە دانی پێشنیار و پرسیار لە کۆرگێران باسەکانیان دەوڵەمەندتر کرد و دواتر لە لایەن کۆرگێرانەوە وەڵامی پرسیارەکانیان درایەوە.

دواتر لە لایەن خاتوو جەمیلە کرمانج سوپاسنامەی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان پێشکەش کرا و بە گەرمی سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە هاوکاریان بوون بۆ بەرێوەبردنی ئەو سمینارە.

دوایین بەشی سمینارەکە ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری جارێکی دیکە وەک پانێل دانیشتن و وێرای خۆناساندنێکی سەرەتایی باسیان لە ئەرک و کارەکانی ئەو ڕێکخراوەیە کرد و داوایان کرد کە بەشداربووان بە شێوەی دەربڕین هەڵسەنگاندنێک لەو سمینارە بکەن و ئەوەش سمینارەکەی زیاتر دەوڵەمەند کرد.

دوای نانخواردنی ئێوارە لە دەوری یەک ئەو جار بەشی هونەری سمینارەکە لە لایەن هونەرمەندی لاو ڕەهێڵ قادر و بە دەنگی بەهرەمەندانی دەنگخۆش باوان کەریمی و سیروان ڕافیپوور تا کاتژمێر ١٠ ی شەو بەرنامەکە درێژەی کێشا و بەم شێوەیە کۆتایی بە سمیناری یەک ڕۆژەی بەرەو هەشتی مارس هات.

کۆمیتەی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 660 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact