. . . .


13 Mar 2014

رۆژی نێونەتەوەیی ژن لە نۆروێژ بە بەشداری چەندین نەتەوەی جیاواز بە??


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: رۆژی شەممە، رێکەوتی ٨ی مارسی ٢٠١٤ی زایینی، بەرامبەر بە ١٧ی رەشەممەی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە وڵاتی نۆروێژ جێژنی نێونەتەوەیی ژن بە بەشداری سەدان کەس کە لە چەندین نەتەوەی جیاواز پێک هاتبوون بەرز راگیرا.
کاتژمێر ٦ی ئێوارە بە کاتی ئوروپا، جێژنەکە بە سروودی بۆ یەکسانی لە لایەن خاتوو سازگار ئەمینی و بە هاوکاری کۆرسی ژنانی کوردەوە پێشکەش کرا و بە زمانی نۆروێژی تەرجوومە کرایەوە دەستی پێکرد.
پاشان "ئینگە ئۆسە" لە لایەن شارەوانی شێشمۆ چەند وتەیەکی لە مەڕ ٨ی مارس پێشکەش بە بەشداربوان کرا.
ئینجا پەیامی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەوە لە لایەن بەرێز مەحبوب رەحیمی بەرپرسی یەکێتی ناوبراو لە نۆروێژ بە زمانی نۆروێژی پێشکەش کرا، رەحیمی لە سەرەتادا لە لایەن یەکێتی ژنانەوە پیرۆزبایی لە هەموو بەشدارانی جێژنەکە و ژنانی دونیا، بە تایبەتی ژنانی کورد کرد و ئاواتی خواست کە ژنی کوردیش رۆژێک بێ کە وەک ژنانی وڵاتانی پێشکەوتوو بە مافەکانی خۆیان بگەن، ناوبراو لە درێژەی پەیامەکەیدا وتی، بەرێزان، دروست بوونی ٨ی مارس له‌ ناوه‌ڕاسته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م هاته‌ ئارا‌‌وه‌، ٨ی مارسی ساڵی ١٨٥٧ی زایینی، ژنانی کارگه‌ی پارچه‌ سازی له‌ ئه‌مریکا، دژ به‌ زۆر بوونی ساعاتی کار و نه‌دانی مووچه‌ی باش، ڕژانه‌ سەر شەقامەکان و داوای زیادکردنی مافی کار و که‌م کردنه‌وه‌ی ساعاتی کار و بیمه‌ی ژیانیان کرد، هەربۆیە ئه‌وه‌ بوو به‌ خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو ژنانی جیهان که‌ ٨ی مارسی ١٨٥٧ هه‌ر ساڵ یاد بکه‌نه‌وه‌ و به‌رده‌وام بن له‌ سه‌ر داواکاریه‌کانیان.
زیاتر لە ٥٠ ساڵه‌‌ که‌ ژنانی جیهان بۆ گه‌یشتن به‌ مافی به‌رابه‌ری تێکۆشانی بێ‌وچانیان خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی خۆیان و هه‌ر ساڵ له‌ ٨ی مارس‌‌دا، بە شێوەی جۆراوجۆر داواکانی خۆیان ئاراستەی دەستهەڵاتداران دەکەن، بەڵام بەداخەوە کەس بە پیر داواکانیانەوە نایەن و تا ئێستا پیاوسالاری بەشێوەیەکی بەرچاو لە زۆر وڵاتان بە تایبەت لە ئێران بەرچاو دەکەوێ.
لە ئێران کە وڵاتی ئێمەیە، بە هۆی نەبوونی یاسا و رێژیمێکی دژە ژن و پیاوسالارەوە، ژنان لە سەرەتاییترین مافەكانیان بێبەشن و هەڵاواردن و نایەكسانی، هەموو ژیانی ئەوانی تەنیوە، هیچ یاسایه‌ک نیه‌ که‌ پشتگیری له‌ ماڤی ژنان له‌ ئێران دا بکات، کەم هەیە کچ به‌ بێ‌ڕه‌زامه‌نده‌ی باوک یان برا هاوسه‌ری خۆی هه‌ڵبژێرێ، کچ ژیانی هاوبەش پێک ناهێنێ، بەڵکوو ژیانی هاوبەشی بۆ پێک دێنن، ژن وه‌ک پله‌ دوو سه‌یر کر‌اوه‌ و هیچ کات قسه‌ی له‌ ناو کۆمەڵگاو تەنانەت بنه‌ماڵه‌شدا ڕێزی لێ نه‌گیراوه‌.
ژنی کورد سەرەرای كەندوكۆسپی سەر رێگایان، بەردەوام بە گژی دواكەوتوویی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی بوونەتەوە، كەم نین ئەو ژنانەی لە رابردوودا كەوتوونەتە زیندان و ئازار و ئەشكەنجە دراون، بەڵام هەر سوور بوون لە سەر گەیشتن بەمافەكانیان.
هەر لێرەدا جێگای خۆیەتی ئاماژە بەوە بكەین كە لە ١٠ی رەشەممەی ئەمساڵدا تەرمی دانیشجووی كورد، شەیدا حاتەمی لە زانكۆی ورمێ دۆزرایەوە كە ئاسەواری لێدان و ئازار بە جەستەیەوە دیار بووە و هۆكاری مەرگیشی هەتاكوو ئێستا روون نەبووەتەوە.
دوایین بەشی جێژنەکە، شایی و گۆرانی بوو کە تا کاتژمێر ١١ی شەو بەردەوام بوو.
پێویست بە ئاماژەکردنە کە جێژنی ٨ی مارس بە هاوکاری شارەوانی شێسمۆ و ١٢ رێکخراوی ژنان بەرز راگیراو یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان یەکێک بوو لە بەرێوەبەرانی جێژنەکە.
یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، نۆروێژ
٨ی مارسی ٢٠١٤

وێنەگر: چنوور ئەکبەرپوور


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1239 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact