. . . .


23 Feb 2014

وتووێژی کچە سینەماکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان " بێری شەڵماشی" لەگەڵ روو??


سەرچاوە : ڕووداو
بێری شەڵماشی سینەماكار و مامۆستای زانكۆ، نزیكەی 10 ساڵە لەنێو سینەمای كوردی و هۆڵەندیدا كار دەكات، لە چایخانەی مەچكۆ لە هەولێر، بە دەم چاخواردنەوە باسی لە كارەكانی و رەوشی سینەمای كوردی كرد.
شەڵماشی ناوی تەواوی بێری مستەفا ئەحمەدە، لە باوكێكی خەڵكی سەردەشت و دایكێكی خەڵكی مەهاباد لەدایك بووە. دایك و باوكی شەڵماشی پێشمەرگەی حیزبی دیموكرات بوون و هەر لە پێشمەرگایەتیدا یەكدییان ناسیوە، كاتێكیش زەماوەندیان كردووە، د. عەبدولڕەحمان قاسملوو رێبەری تیرۆركراوی ئەو حیزبە بە خاولییەك سەرچۆپی شاییەكەی بۆ گرتوون.

خۆی لە فەرەنسا لەدایكبووە و لە هۆڵەندا گەورە بووە، هەر لەوێش سینەمای خوێندووە و ماوەیەكیش لە هۆلیوود سینەمای خوێندووە، شەڵماشی ماستەری لە سینەما هەیە و ئێستا مامۆستای بەشی سینەمایە لە كۆلیژی هونەرە جوانەكانی هەولێر.

رووداو: بەشێك لە رەخنەگران دەڵێن دەرهێنەرە كوردەكان فیلمەكانیان زیاتر بۆ فێستیڤاڵەكان دروست دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لە فیلمەكان كورد وەك میللەتێكی دواكەوتوو، توندوتیژ وێنا دەكەن، رای تۆ چییە؟

بێری شەڵماشی: راستە ئەو كارانە كراون، بەڵام بەداخەوە دەبوو یەكەمجار كێشەكانی نێو كۆمەڵگا نیشان بدەین، هەم بە خۆمان هەمیش بەدەرەوە، نەهامەتی و ناخۆشییەكی زۆرمان بینیوە بۆیە فیلمەكانمان بۆ هاواركردن بەكارهێناوە، ئێستاش باكوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی كوردستان لە نێو ئەم كێشانەدا ماونەتەوە، بەڵام ئیدی كاتی ئەوە هاتووە ژیانی ئاسایی خەڵكیش نیشانی جیهان بدەین، هەمیشە كورد خۆی پێ كەمتر بووە لە خەڵكی دیكە. ئێستا لە هەولێر كەم شوێن هەیە گۆرانی و هونەری كوردی نمایش بكات هەمووی عەرەبی و فارسی و توركییە، هەڵبەتە رۆڵی سینەماش وەك ئاوێنەیەكە كە دەبێت خۆمانی تێدا ببینینەوە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری فیلمەكەی بەهمەنی قوبادی بكەین (كیسەڵەكانیش دەفڕن) فیلمێكی زۆر جوان و سەرنجڕاكێشە، بەڵام ئەكتەرەكان هەموویان چڵكنن و گوندی و نەخوێندەوارن، لەمەشدا خۆمان زۆر بەكەم دەبینین، ئێستا من فیلمێكم دروستكردووە لەسەر خۆسووتاندنی ئافرەتان، تەنیا لە كوردستان نیشانم داوە، بۆ خەڵكی دیكەی نمایش ناكەم، چونكە پێویست ناكات بیانی بەمە بزانێت.

رووداو: بەردەوام گلەیی ئەوە لە بەشی سینەمای زانكۆی سەڵاحەدین دەكرێت كە بەشێكی قوتابیان و مامۆستایانیان ئاستیان لاوازە و گرنگی بەو بەشە نادرێت ، تۆ وەكو مامۆستایكی زانكۆ لەوبارەیەوە چی دەڵێی؟

بێری شەڵماشی: راستە حەقی ئەو گلەییانەیان هەیە، كێشەكە لەوەوە دەستپێدەكات كە سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین هونەر و سینەما بە جددی ناگرێت، هەست دەكەم لای ئەو بەشی سینەما هەر گرنگ نییە، بەداخەوە لێرە وەك سەردەمی سەددام وایە كە ئەگەر تۆ لە قوتابخانە نمرەیەكی باشت نەهێنا ئەوە دەڵێن بڕۆ كۆلیژی هونەر، كەواتە تاوەكو ئێستاش هونەر بە كەم سەیر دەكرێت، هەر بۆیە بەشێك لە قوتابیەكان فێری خۆ ماندووكردن نین، تەنیا لایان گرنگە بڕوانامەكە بەدەستبێنن، بەڕای منیش ئەمە خەتای خۆیان نییە، بەڵكو خەتای سیستەمەكەیە.

شەرم دەكەم ئەوە بڵێم بەڵام ئێستا ئێمە وەك زەمانی كۆن دەبێت چاكێت و شتی باش لەبەر بكەین ئینجا بچینە ناو پۆلەكان وانە بڵێینەوە، چونكە زۆر سەرمایە و كەلوپەلی باشیان نییە، بینای باشمان نییە، ئینجا چۆن دەتوانی هونەر پێشبخەی. من داواكارم یان بەشی سینەما دابخەن یاخود چاكی بكەن.

من زۆر بە پەلە گەڕامەوە كوردستان بۆئەوەی ببمە مامۆستا، بەڵام بینیم نە جێگایەكە شایانی ئەوەیە نە هیچ رێزێكیان بۆ من هەبوو، دوای پێنج مانگ دەوامكردن ئینجا گرێبەستیان بۆ كردووم ، پاش هەشت مانگ ئینجا مووچەیان پێدام، من ئەگەر هێندە عاشقی كوردستان نەبوومایە دەمێك بوو گەڕابوومەوە هۆڵەندا.

رووداو: فیلمی دایك دەنگدانەوەیەكی باشی لە كوردستان و دەرەوەی كوردستانیش هەبوو، چی وایكرد ئەم فیلمە بەو ئاستەی بگات؟

بێری شەڵماشی: فیلمی دایك فیلمێكی تەلەفزیۆنی بوو كە 50 خولەكە و لە هۆڵەندا دروستمكردبوو، هەروەها لە هۆڵەندا بۆ چەندین خەڵاتی گەورە كاندید كرابوو، هەر بەو فیلمەش لە ئەوروپا و هۆڵەندا ناسرام و جێگای خۆم كردەوە، هەر لەوێشەوە توانیم باز بدەم و شتی گەورەتر بكەم، منیش بۆ خۆم ئەم فیلمەم لە هەموویان پێ جوانتر و گەورەتر بوو.

رووداو: بەنیازی دورستكردنی فیلمێكی درێژی لەسەر كوردستان، ئەم فیلمە باس لە چی دەكات و چیرۆكی فیلمەكە چی دەگێڕێتەوە؟

بێری شەڵماشی: ئەو فیلمە لەسەر شاری هەولێرە و هەموو گرتەكانیش هەر لەنێو هەولێر دەبێت، فیلمەكە باس لە چوار داستان دەكات كە لە نێو فیلمەكەدا تێكەڵ دەبن، یەكێك لە چیرۆكەكان باس لە پیاوێكی پیر دەكات كە لەناو قەڵاتی هەولێر گەورە بووە و ژیاوە، بەڵام چەند ساڵێكە بەهۆی نۆژەنكردنەوە لە قەڵات راگوازراوە، بەناچاری دەچێتە گەڕەكێكی هەولێر، بەڵام ئەو هۆگری ماڵە كۆنەكەیەتی و هەموو رۆژێ دێتەوە ناو قەڵات و دەچێتەوە ماڵەكەی. هەروەها چیرۆكێكی دیكەش هی كچێكی كوردە لە ئەوروپا دەگەڕێتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە باس لە فلیپینیەك دەكات كە بۆ كار هاتووەتە هەولێر، پاشان باس لە خێزانێكی رۆژئاوای كوردستان دەكات كە پەنایان بۆ هەولێر هێناوە، من لە رێگای ئەم فیلمەوە دەمەوێت كەلتوورە جیاوازەكانی نێو شاری هەولێر وێنا بكەم، بۆ نموونە ئێستا تۆ ئەگەر بچیتە هوتێلێكی پێنج ئەستێرە لە هەولێر وادەزانیت لە لۆس ئەنجلسی، پاشان بێیتە ناو بازاڕی هەولێر و بچیتە چایخانەی مەچكۆ دونیایەكی دیكە دەبینی، منیش دەمەوێت ئەو جیاوازیانە لە تەنیشت یەكدی دابنێم تاكو هەست بە جیاوازییەكان بكەین، بەڵام لەوانەیە هەموویان خەم و خەفەتەكانیان لە یەكتر نزیك بێت، بۆیە هەموویان هەوڵدەدەن هەولێر بكەنە ماڵی خۆیان. سیناریۆیەكە تەواو بووە، بەڵام ریسێرچی ماوە.

رووداو: خەریكی فیلمێكی دیكەشی لەسەر ئێران كە بەهاوكاری بەهمەنی قوبادی دروستی دەكەن، بۆچی ئێرانت هەڵبژارد تاوەكو فیلمی لەسەر دروست بكەیت؟

بێری شەڵماشی: ئێستا لەگەڵ دەرهێنەر بەهمەنی قوبادی ئامادەكاری دەكەین بۆ فیلمێكی نوێ بەنێوی خانووی تەنیشت مزگەوتەكە كە رەنگە بۆ ساڵێكی دیكە یان زیاتر دەست بە وێنەگرتنی بكەین، فیلمەكە باس لە كاتی دەستپێكردنی كودەتای ئێران دەكات كە لە كتێبێك وەرمگرتووە و نووسەرێكی فارس بە هۆڵەندی نووسیویەتی، هەڵبەتە بەهمەن هەمیشە وەك مامۆستایەك بووە بۆ من.

ئەو وتووێژە لە ماڵپەڕی ڕووداو، لێرەوە ببینە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1022 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact