. . . .


23 Feb 2014

بەڕێوەچوونی سمینارێکی سیاسی تەشکیلاتی بە بەشداری بەرێز کاک خالید عە


ناوەندی هەواڵ- سوئد: ‌ڕۆژی شەممە ٢٢ ـ ٠٢ ـ ٢٠١٤ سمینارێکی سیاسی تەشکیلاتی بۆ بەرێز کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەشداریی زۆربەی ئەندامانی حیزب لە سوئێد و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لە وڵاتەکانی فینلاند و دانمارک و چەند کەسی دیکەی لە ئەندامی رێبەریی حیزب و کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حدک، لە شاری ئورێبرۆی سوئێد بەڕێوە چوو.
‌سەرەتای سمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێ دەنگی بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی پێکرد. پاشان لە لایەن بەرێزان کاک نەبەز عەلیدووست و کاک ئەسعەد یوسفی ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەری کۆمیتەی سوئێد بەخێرهاتنی گشت لایەک کرا و هەروەها ئامانج و مەبەست و کار و بەرنامەی سمینارەکەیان بۆ بەشداربووان شی کردەوە.
دوای ئەم بەشە بەرێز مامۆستا سیروان حەفیدی وەک کەسایەتی دیاری ریزەکانی حدک و ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری شاری ئورێبرۆ چەند وتەیەک وەک دەستپێکی ئەو سمینارە پێشکەش بە بەشداربووان کرد. پاشان لە لایەن حەمەرەسووڵ کەریمی ئەندامی ڕێبەڕی حیزب کورتە باسێک لە سەر قسەکانی بەرێز کاک خالید عەزیزی و کارو ئەرکەکانی کۆمیسیونی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات و کۆمیتەی سوئێدی بۆ بەشداربووان باس کرا.
دواتر بەرێز کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزب زۆر بە وردی سەبارەت بە مەسەلە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باسە پێوەندیدارەکانی ناوخۆیی حیزب بۆ بەشداربووان دوا . کاک خالید عەزیزی لە بەشێکی باسەکەیدا مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاستەنگ و دەرفەتەکانی بەردەم نەتەوەکەمانی هێنایە بەرباس و هەروەها باسی چلۆنایەتی کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەت و مەجالانە باسکرد کە ئێراندا دێنە ئاراوە. بەشێکی باسەکانی کاک خالید سەبارەت بە پرسی پڕۆسەی لێکنزیکبوونەوەی دێموکراتەکان و رێگاکانی چارەسەری ئەم گرفتانە و هەروەها بەرەو ڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێران و ناوچەکەدا تەرخان کرا و زۆر بە وردی تیشکی خستە سەر هەموو ئەو بابەتانەی کە لەو سمینارەدا پێشکەشی کردن.
‌لە بەشێکی دیکە ئەو سمینارەدا بەشداران بە شێوەی ڤۆرکشۆپ و گرووپی لە سەر نێوەرۆکی باسەکەی کاک خالید قسەیان کردو و دواتر نوێنەری هەر یەک لەو گروپانە باسەکانی ڤۆرکشۆپەکەیان بۆ نێو سمینارەکە گوازتەوە و بەشێک لە هاورێیانیش بە شێوەی تاک بیروڕا و تێ‌بینی و پێشنیارەکانی خۆیان ئاراستەی سکرتێری گشتی حیزب و کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات کرد. دوایین بەشی ئەو سمینارە بۆ وەڵامدانەوە و تێ‌بینی‌یەکانی کاک خالید عەزیزی تەرخان کرا بوو و هەروەها لە لایەن هاوڕێ حەمەرەسووڵ کەریمی بە نوێنەرایەتی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات، وەڵامی پرسیاەکان درایەوە و دواتر بەرێز کاک ڕەحیم محەممەدزادە ئەندامی ڕێبەری حیزب و بەرپرسی دارایی کۆمیتەی دەرەوی وڵات باسێکی چەند خولەکی لە سەر مەسەلەی دارایی و شێوەی یارمەتیدان و چۆنیەتی هاوکاری کردن بە ڕەوتی شۆرش و بزووتنەوە و حیزب پێشکەش بە بەشداربووان کرا و لەو پەیوەندی‌یەدا چەندین نموونەی بۆ گشت لایەک هێنایەوە. سەرئەنجام دوای ٧ کاتژمێر کاری بەردەوام سمینارەکە بە دڵگەرمیی و هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ حیزبەکەمان و بۆ دەستەبەر کردنی درووشم و ئاواتەکانی حیزبەکەمان کۆتایی پێهات.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی سوید

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1345 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact