. . . .


10 Feb 2014

کۆبوونه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به‌ “مادده‌ سڕکه‌ره‌کان - هۆکار?


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: به‌شی په‌روه‌رده‌ و راهێنانی کۆمیته‌ی حیزب له‌ نۆروێژ، رۆژی 8ی مانگی فێورییه‌ی 2014 کۆبوونه‌وه‌یه‌کی سه‌باره‌ت به‌ “مادده‌ سڕکه‌ره‌کان - هۆکار، زه‌ره‌ر و ئاکامه‌کانی" بۆ به‌ڕێز هاشم رۆسته‌می پێکهێنا.
له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ دا که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی حیزب تێی دا به‌شدار بوون، به‌ڕێز هاشم رۆسته‌می به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی خێرا له‌ مێژووی چه‌ند سه‌د ساڵه‌ی به‌رهه‌مهێنانی مادده‌ سڕکه‌ره‌کان و هه‌روه‌ها ناوه‌نده‌ سه‌ره‌کییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و مادده‌یه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان و ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تی ئه‌فغانستان و ئێران کرد و، به‌ڕێزیان له‌و به‌شه‌دا وێڕای ئاماژه‌ به هۆکاره‌کانی چاندن و په‌روه‌رده‌ کردنی مادده‌ سه‌ڕکه‌ره‌کان وه‌ک له‌باربوونی باری جوغڕافیایی، باسی له‌ هۆکاره‌کانی کولتووری و ئابووریش کرد. به‌ڕێز رۆسته‌می له‌و باره‌وه‌ باسی له‌ هۆکارێکی گرینگی رووکردنی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ چاندنی خه‌شخاش و دواتر په‌روه‌رده‌کردنی مادده‌ سڕکه‌ره‌کان و بڵاوکردنه‌وه‌یان کرد که‌ ئه‌ویش هۆکاری ئابووری بوو. ناوبراو له‌و بواره‌ پێی وابوو که‌ هه‌رچه‌نده‌ هۆکاری سه‌ره‌کیی ئه‌م کاره‌ قازانجی ئابووری بووه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ خزمه‌ت به‌ بووژانه‌وه‌ و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئابووریی ئه‌و وڵاتانه‌ بکات و، وه‌ک نموونه‌ش ئاماژه‌ی به‌ ئابووریی داڕماوی پشت په‌ستووی وڵاتی ئه‌فغانستان به‌و شێوازه‌ له‌ بازرگانی کرد.
هاشم رۆسته‌می له‌ درێژی کۆبوونه‌وه‌که‌ دا هه‌روه‌ها باسی له‌ جۆر و شێوازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی مادده‌ سڕکه‌ره‌کانی کرد و، دواتر ناوبراو به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی تر باسی له مێژووی چاندن و په‌روه‌رده‌کردن و دواتر بازرگانی پێکردنی مادده‌ سڕکه‌ره‌کان له‌ ئێران کرد. له‌و به‌شه‌دا به‌ڕێز رۆسته‌می، باسێکی تێروته‌سه‌لی سه‌باره‌ت به‌ سه‌رده‌می قاجاڕییه‌کان و هۆکاری په‌ره‌پێدانی چاندنی ئه‌و مادده‌یه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌ داکرد. لێره‌دا ناوبراو باسی له‌ سێ هۆکاری ئابووری، گیرۆده‌بوونی پاشاکانی قاجاڕ و به‌شێکی زۆر له‌ خه‌ڵکی ئێران و هه‌روه‌ها ده‌ستتێوه‌ردانی ئیمپریالیزمی ئه‌وکاتی بریتانیا و بازرگارنی پیکردن به‌و ماددانه‌ی له‌ لایان ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ردوولا کرد.

ناوبراو له‌و کۆبوونه‌وه‌دا هه‌روه‌ها باسی له‌ سه‌رده‌می دوای قاجاڕییه‌کان واته‌ سه‌رده‌می دامه‌زرانی رژێمی په‌هله‌وی کرد. ناوبراو له‌و به‌شه‌دا باسی له‌وه‌ کرد که‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تا دا ره‌زا شا هه‌وڵی پێشگرتن به‌ چاندنی خه‌شخاشی ده‌دا، به‌ڵام به‌هۆی ئالووده‌بوونی به‌شێکی زۆر له‌ خه‌ڵک به‌و مادده‌یه‌ و هه‌روه‌ها تێوه‌گلانی به‌شێکی زۆر له‌ به‌رپرسان به‌ بازرگانی کردن و سوود وه‌رگرتنێکی زۆر، نه‌یتوانی له‌و هه‌وڵه‌ی دا سه‌رکه‌وتوو بێ. به‌ڕێز رۆسته‌می به‌ پشت به‌ستن به‌ ئامارێکی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان، باسی له‌وه‌ کرد که‌ نزیک به‌ 50 له‌ سه‌دی خه‌ڵکی ئێران له‌و سه‌رده‌مه‌ دا که‌ڵکیان له‌ مادده‌‌ سڕکه‌ره‌کان وه‌رگرتووه‌.
هه‌روه‌ها به‌ڕێز رۆسته‌می به‌ ئاماژه‌ به‌ “انقلاب سفید"ی حه‌مه‌ ره‌زا شا، پێی وابوو که‌ ئه‌م کاره‌ هۆکارێکی دیکه‌ی په‌ره‌گرتن و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان و به‌کارهێنانی مادده‌ سڕکه‌ره‌کان له‌ ئێران بووه‌، چونکه‌ زه‌وی له‌ ئاغاکانه‌وه‌ درایه‌ ره‌عیه‌ت و، ئه‌وجاره‌ خه‌ڵکیکی زیاتر روویان له‌ چاندن و دواتر که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و ماددانه‌ کرد. کۆڕگێڕ هه‌روه‌ها له‌و به‌شه‌د ا باسی له‌ سیاسه‌تێکی حه‌مه‌ ره‌زا شا بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی مادده‌ سڕکه‌ره‌کان له‌ کوردستان کرد و، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا که‌ له‌و سه‌رده‌م دا به‌ ره‌سمی دوو پارێزگای کوردنشینی ئیلام و کرماشان وه‌ک ناوه‌ندی چاندنی خه‌شخاش و په‌روه‌رده‌ کردنی مادده‌ سڕکه‌ره‌کان ده‌ستنیشان کران...
به‌ڕێز هاشم رۆسته‌می له‌ به‌شی کۆتایی باسه‌که‌ی دا، به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی تر باسی له‌سه‌رده‌می کۆماری ئیسلامی و سیاسه‌ته‌کانی رژێم بۆ بازرگانی کردن به‌و مادده‌ سڕکه‌رانه‌ کرد. ناوبراو له‌و به‌شه‌دا باسی له‌وه‌ کرد که‌ کۆماری ئیسلامی له‌و ماددانه‌ وه‌ک چه‌کێک بۆ ده‌سته‌مۆ و کزکردنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌ نێو گه‌لانی ئێران که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و، هه‌میش له‌و رێگایه‌وه‌ به‌هره‌یه‌کی به‌رچاوی ئابووری ده‌ست ده‌که‌وێ که‌ ئه‌ویش بۆ پشتیوانی کردن له‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرێ. کاک هاشم له‌و به‌شه‌ دا وێڕای ئاماژه‌کردن به‌ ده‌یان زه‌ره‌ری ماڵوێرانکه‌رانه‌ی ئه‌و ماددانه‌، باسی له‌ په‌ره‌گرتنی کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد. به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها باسی له‌ تازه‌ترین پیلانی رژێم به‌ دژی خه‌ڵکی کوردستان واته‌ به‌رهه‌مهێنانی “شیشه‌" له‌ شاره‌ کوردنیشه‌نه‌کان و به‌ تایبه‌تی دوو شاری سه‌رده‌شت و مهاباد کرد و، ناوبراو پێی وابوو که‌ کۆماری ئیسلامی به‌ تووندی ده‌یهه‌وێ زه‌ربه‌ی نه‌هایی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی وه‌ک یه‌کێک له‌ سه‌ره‌کیترین به‌رهه‌ڵستکارانی رژێم، بوه‌شێنێ. کاک هاشم له‌و نێوه‌ دا هه‌م ره‌خنه‌ی تووندی له‌ خۆفرۆشه‌ خۆجێییه‌کان بۆ قازانجی شه‌خسی کرد و، هه‌م پێی وابوو که‌ رژێم به‌ ده‌ستنیشانکردنی ئه‌و دوو شاره‌ وه‌ک مه‌کۆی شۆرشگێڕی، ده‌یهه‌وێ تۆڵه‌ی خۆی له‌ خه‌ڵکی کوردستان بکاته‌وه‌ و، له‌و رێگایه‌وه‌ش هێرشێکی به‌رفراوانی ته‌بلیغاتی بۆ سه‌ر کوردستان و ناساندنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ وه‌ک ناوه‌ندی سه‌ره‌کیی به‌رهه‌مهێنانی ماڵوێرانکارترین مادده‌ به‌ خه‌ڵکی ئێران بناسێنی تاوه‌کوو له‌م رێگایه‌وه‌ش زه‌ربه‌ له‌ پرستیژی کورد له‌ بیروڕای گشتیی خه‌ڵکی ئێران دا بدات...
ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ دوای دوو کاتژمێر و به‌ به‌شداریی چالاکانه‌ی به‌شداران له‌ باس و خواسه‌کان دا، کۆتایی پێهات.


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 856 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact