. . . .


25 Jan 2014

بەڕێوەچوونی جێژنی ٢ی رێبەندان لە وڵاتی نۆروێژ


ناوەندی هەواڵ_نۆروێژ: رۆژی هەینی رێکەوتی 24.01.2014، کۆمیتەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە هاوکاری یەکیەتی‌یەکانی ژنان، لاوان و کۆمەڵەی کولتوری کوردی، ٦٨مین ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان جەژن گرت و شەوئاهەنگێکیان بەم بۆنە پیرۆزەوە بۆ کوردانی دانیشتوویی نۆروێژ پێکهێنا.
سەرەتا لە لایەن بەڕێوەبەری رێورەسمەکە، هاورێ خوسرەو قادری وێرای پیرۆزبایی جێژنی ٢ ی رێبەندان، بەخێرهاتنی بەشداربوانی کرد.
ئینجا جەژنەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب لە لایەن کۆرسی یەکیەتی لاوان و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزب لەلایەن هاورێ ئەسعەد خزری، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ پێشکەش کرا. بەڕێزیان دوای پیرۆزبایی کردنی جەژنی دووی رێبەندان لە بەشداران، کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی شەهیدان، ئاوڕێکی لە مێژوو و هەل‌ومەرجی سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان داوە و ڕۆڵی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و سەرۆک کۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەدی بەرز نرخاند و لەسەر ئامانجە بەرزەکانی کۆمار ئاماژەی بەوە دا کە : ''هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سەروەری و دەسەڵاتی نەتەوەیی، نوختەگۆڕانێکی گرینگە لە مێژووی کرد دا کە ئەویش لە کۆماری کوردستان دا بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی مۆدێڕن و سەردەمیانە ڕووی دا.'' هەروەها لە بارەی هەڵ‌ومەرجی ئێستای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان وتی: '' لە کاتێک دا یادی ٦٨ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان دەکەینەوە کە کۆمەڵگای جیهانی بە گشتی، ئاڵ‌وگۆڕێکی قووڵ و بنەڕەتی بەخۆیەوە بینیوە کە کاریگەری ئەو ئاڵ‌وگۆڕانەش ئاسۆیەکی نوێی لەبەردەم چارەنووسی کورد دا کردۆتەوە.'' بەرێز خزری خەباتی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە ئەرکی سەرشانی هەموو لایەک زانی ولەو نێوەدا ڕۆڵی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی خستە روو. لە چوارچێوەی سیاسەتی بەرپرسانەی حیزب دا وتی: ''بە ئەرکی سەرشانی حیزبی دیموکڕاتی دەزانین کە بە شێوەیەکی نوێ و خوێندنەوەیەکی زانستی و سەردەمیانە بڕوانینە بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان، ناوچە و جیهان. پێویستە تواناکانمان بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی و ماف ویستانە چڕوپڕتر بکەینەوە و بە چاوی ڕەخنە و چاکسازییەوە بڕوانینە ڕابردوو وهەوڵ بدەین لە هەموو شێوەکانی خەبات بۆ چەسپاندن و دەستەبەر کردنی ئامانجەکانی ٢ی ڕێبەندان کەڵک وەرگرین و پێکەوە هەڵکردن، هاوکاری و هاوخەباتی بکەین بە هەوێنی کار و تێکۆشانمان.''
دواتر پەیامی هاوبەشی یەکیەتی‌یەکانی ژنان، لاوان و کۆمەڵەی کوردی لە لایەن بەرپرسی یەکیەتی ژنان، خوشکە مەحبووبە ڕەحیمی پێشکەش کرا، ناوبراو لە پەیامەکەیدا وتی: " ٢ی رێبەندانی ئەمساڵ، ٦٨ ساڵ بەسەر دامەزرانی کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێ، ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، گەلی کورد بە رێبەرایەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە هەلومەرجی رەخساو و لەباری ئەو کات کەڵکی وەرگرت و کۆماری کوردستانی دامەزراند و پێشەوای مەزن، قازی محەممەدی بە سەرۆک کۆمار دیاری کرد.
هەرچەندە ئەم کۆمارە تەمەنی کەمتر لە ساڵێک بوو، بەڵام تێکۆشانێکی بەرچاوی هەبوو، توانی لەو ماوە کورتەدا ئەو ئامانجانەی کە لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتدا بوون، بەدی بێنێ. زمانی کوردی ببوو بە زمانی فەرمی ئیدارەکان و پەروەردە و بارهێنان بە شێوازێکی باش بەڕێوە دەچوو.
چەندین رۆژنامە و گۆڤاری کوردی لە چاپ دران، لەوانە: رۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، گۆڤارەکانی هەڵاڵە، ژنان و "گڕوگاڵ" بۆ منداڵان بڵاو کرانەوەو یەکەم شانۆگەری کوردی بەڕێوە چوو.
ژنانیش بۆ یەکەم جار لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیاندا لە حکومەتی کۆماری کوردستاندا نەخشی بەرچاویان هەبوو."

تیپی هەڵپەڕکێی یەکیەتی لاوان چەند جۆر هەڵپەڕکێی جوانیان پێشکەش بە بەشداربوان کرد.
دوا بڕگەی بەرنامە تەرخان کرابوو بۆ شایی و گۆرانی کوردی، لەم بەشە لە بەرنامەکەدا هونەرمەندی دەنگ خۆش و بە سۆزی کورد، خاتوو تارا رەسووڵ چەند گۆرانی پێشکەش کرد کە لەگەڵ پێشوازی گەرمی بەشداران بەرەوڕوو بوو. لە بەشی هەڵپەڕکێ دا هونەرمەندی لاوی ناوچەی شنۆ، ئەنوەر پورمحەممەدی تا درەنگانی شەو کۆڕی شایی و هەڵپەڕکێی بەڕێوەبرد و جەژنەکەی ڕازاندەوە.
جەژنەکە ١٢ی نیوەشەو لە نێو خۆشی و شادی بەشداربوان دا کۆتایی پێهات.


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1338 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact