. . . .


21 Jan 2014

پێکهێنانی سمینارکی ئامووزشی بۆ لاوانی کورد لە وڵاتی نۆروێژ


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: رۆژی ١٨ی ژانویەی ٢٠١٤، بەشی پەروەردە و راهێنانی کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ سمینارێکی سیاسی بۆ بەڕێز مەریوان سەبارەت بە "لاوانی کورد لە دەرەوەی وڵات" پێک هێنا. بەڕێز نستانی کە باسەکەی بەسەر چەند تەوەرێک دا دابەش کردبوو، ئاماژەی بە مێژوو و هۆکارەکای کۆچکردن، باس لە شوناسی کوردبوون و ئەرکەکانی لاوان کرد. ناوبراو لە سەرەتای باسەکەی دا وێڕای ئاماژە بە هۆکارەکانی کۆچی لاوان بۆ هەندەران، باسیشی لە لە لایەنێکی گرینگی ئەو بابەتە واتە مەسەلەی ناسنامە، کولتوور و هەروەها شێوازی خۆگونجاندنی ئەو توێژە لەو کۆمەڵگایانە و چۆنیەتی کەڵکوەرگرتن لە هەل و دەرفەتە رەخساوەکان بۆ خۆ پێگەیاندن کرد. مەریوان نستانی لەو بەشە دا باسی لەوە کرد کە لاوانی کورد دەتوانن سەرەڕای پاراستنی ئێتنیک و ناسنامە و کولتووری کوردانەی خۆیان، کەڵک لەو دەرفەتانەی کە لە کۆمەڵگەی ئەوروپایی بۆ خۆپێگەیاندن رەخساوە، وەربگرن و، لەو رێگایەوە دەتوانن هەم روویەکی باشتر لە پەنابەری کورد لەو وڵاتانە نیشان بدەن و، هەمیش دەتوانن لەو رێگایەوە هێزو پوتانسیەلێکی زۆر و بەرفراوان بۆ خزمەت بە گەلەکەیان لە داهاتوو دا بەرهەم بێنن. بەڕێز مەریوان نستانی، لە درێژەی قسەکانی دا باسی لە ئەرکە هەنوویەکانی لاوانی کورد و بە تایبەتی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و، ناوبراو لەو بەشە لە باسەکەی دا پێی وابوو کە ئەندامانی ئەو رێکخراوە وێرای خۆپێگەیاندنی خۆیان لە بوارە جۆراوجۆرەکان دا، دەبێ بە جیدی لە خەمی پاراستن و هەروەها ناساندنی کولتووری نەتەوەیی خۆیان دابن و، هەوڵی زیاتر بدەن تاوەکوو کێشەی نەتەوەیی و سیاسیی کورد بە دونیای دەرەوە و کۆمەڵگەی رۆژئاوایی بناسێنن... نستانی لە کۆتایی باسەکەی دا، باسی لە چاوەڕوانیی دوو لایەنە و ئەرکەکانی حیزب و رێکخراوەکانی سەر بە حیزب کرد و ئاماژەی بەو فاکت و رێکارانە کرد کە دەتوانن رێکخراوی لاوان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ئەکتیڤ بکەن و پەرە بە چالاکییەکانی بدەن. شایانی باسە لاوانی بەشدار پێشوازیەکی گەرمیان لە باسەکەی ناوبراو دا کردو چالاکانە باشداری باسەکان بوون. لە دوای باسەکەی نستانی دا، کاک شۆڕش ئوستادی باسێکی لە شێوەکانی کاری ڕێکخراوەیی لاوان لە وڵاتی نۆروێژ کرد. هەروەها بەڕێز کاک ئەبوبەکر قەدیکورد لەسەر پشتیوانی و گرینگیدانی حیزب بە توێژ و رێکخراوی لاوان قسەی بۆ بەشداربووان کرد. لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا کۆمیتەی بەڕیوەبەریی لاوانی نۆروێژ وێڕای پێشکەشکردنی چەپکە گوڵێکی رێزلێنان بە کاک مەریوان نستانی، خەڵاتی بەسەر بەشێک لەسەر ئەو ئەندامانەی لاوان دا دابەش کرد کە لە دوو مانگی دوایی دا زۆرترین چالاکییان هەبوو. لە کۆتایی بەرنامەکەش دا هەموو بەشدارانی سیمینارەکە پێکەوە نانی ئێوارەیان خوارد کە لەلایەن یەکیەتیی لاوانەوە ئامادەکرابوو.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 939 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact