. . . .


15 Jan 2014

خالید عه‌بدوڵڵازاده‌ و رازه‌کانی "قه‌ندیل" و "به‌ربنه‌"


ئا: هەمزە ئاگوشی

-- دەکرێت خۆت بە خوێنه‌ران بناسێنی و لە قۆناغی منداڵی و مێرمنداڵیی خۆت بۆمان بدوێی؟

سەرەتا دەمەوێت قەدرزانی و ڕێز لەو ماندوبوون و دڵسۆزی تۆی بەڕێز بگرم کاک هەمزە کە هەستاوی بەم کارە قورسە ، چونکه‌ کارێکی هاسان نییە تۆ خەڵکانێک کە ساڵانیک خزمەتیان بە خاک و گەلەکەیان کردووە و ئێستا بەهەرهۆیه‌ک روویان لە هەندەران کردووە و وەک تۆوی زەوی بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، تۆ دانە دانە بیاندوزێیه‌وەو دووبارە بە خەڵکیان ئاشنا بکەیەوە .
من خالید عه‌بدوڵڵازادە، کوڕی رەحیمە ڕەش ساڵی ١٣٥١ لە ناوچەی لاجانی سەر بە شاری پیرانشار گوندی گردکسپیان چاوم بە دنیای پڕ مەینەتی کورد هەڵێنا. لە بنەماڵێکی فەقیر و دەستکورت هاتمە دنیاوە. ئێمە گەرچی لە دێ دەژیاین بەڵام یک میتر زەویمان نەبوو کە پیوازانیشی تێدا بچێنین. بابم هاتوچۆی ئەودیو سنووری دەستکردی دەکرد و به‌ قاچاغی چای دەهێنا. دایکیشم سێ چوار سەر مانگامان هەبووون و بەوانه‌وه‌ سه‌رقاڵ بوو . بەهاری ١٣٥٧ بە فشاری دایکم، گەسکمان لە مەڕ و ماڵات دا و ڕوومان لە شاری پیرانشار کرد و لەوێ گیرساینەوە . قۆناغی چوونە قوتابخانه‌ی من لە پیرانشار دەستی پێکرد .ئەو کاتێش شار زۆر ئاڵۆز بوو. خۆپێشاندانه‌کانی بە دژی رژیمی شا دەستیان پێ کردبوو، بەڵام ئەوکات من زۆر منداڵ بووم و نەمدەزانی چ باسە. بە هاتنەسەر کاری کوماری ئیسلامی، بارودۆخه‌که‌ هێندەی دیکە تێک چوو و بەشی ئێمە بەس هەڵات هەڵات بوو .هەر چۆنێک بوو، لە ژێر رەهێڵەی تۆپ و تەیارەی هەردووک دوژمنی کورددا توانیم تا ئەوەڵی راهنومایی دەرس بخوێنم ، بە هۆی ئه‌وەی کە پیرانشار لە نزیک سنوور بوو هەروەها بە سێ پادگانی گەورەی نیزامی دەورە دراوە، لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا کە تەیارە هەڵدەستا، یه‌کسەر لە ناو شاری دەدا و بە داخەوە لەم بوردومانانەدا ١١کەس لە بنەماڵەی من شه‌هید بوون وەک براو مام و براژن و ئاموزا. بە ناچاری بەهاری ٦٣ شارمان بەجی هێشت روومان لە گوندی سێڵوێ کرد و لەلای ماڵە خاڵم گیرساینەوە. دەبێ بڵێم قۆناغی مێرمنداڵیم لە ناو حیزبدا دەستی پێکرد.
xalid2.jpg
-- حیزبی دێموکراتت چون ناسی و چۆن ئاشنایەتیت دەگەڵ ئەم حیزبەدا پەیدا کرد؟
ئەوەی راستی بێت حیزبی دێموکرات بۆ هەموومان ئاشنا بوو و منداڵێکی دوو سێ ساڵەش حیزبی دەناسی، چونکه‌ حیزبی دێموکرات هەڵقوڵاوی ناو دەروونی خەڵکەکەی بوو و لە جێگایه‌کی دیکه‌وه‌ نه‌هاتبوو، داگیرکەر نەبوو بە ڵکوو پارێزەری خاک ونشتیمان بوو، تاکە حیزبیش بوو لە ناوچەی پیرانشار کە خەبات و تێکوشانی هەبوو.
ئاشنایەتییه‌کەم دەگەڕێتەوە بۆ ئه‌وه‌ کاتانەی کە من تەعتیلاتی هاوینیم هەبوو، بە سەردان دەڕویشتم بۆ ماڵە خاڵم، خاڵم مەڕدار بوو و منیش ئاشقی کێو و تەلان و قاسپە قاسپی کەوان بووم. لە کوێستانەکانی بەربنە ئاشناێەتیم دەگەڵ پێشمه‌رگه‌ و حیزب و ئامانجەکانی په‌یدا کرد.

-- چون بۆ بڕیارت دا چەکی پێشمەرگایەتی بکەیتە شان؟
ئەوەی راستی بێت چۆن گەنجێک ئاشق به‌ کچه‌ حه‌یران دەبێت، منێش ئاوا ئاشقی چوونە ناو شۆڕش ڕٶژ بە ڕۆژ زیاتر بڵێسەی دەستاند تەوای وجوودی داگیر کردبووم، شەو و ڕۆژ بیرم لە پێشمەرگایەتی و بندەستیی گەلەکەم دەکردەوە و زۆر بەپه‌له‌ بووم کە زوو گەورە بم، چونکه‌ دەمزانی وەرم ناگرن .ساڵی ١٣٦٤ بڕیاری خۆم دا و ئەم شانازییه‌م پێ بڕا بوو کە چەکی شەرەف و به‌رگری لە خاکەکەم لە شان بکەم و لە رێزی تێکۆشەراندا خۆم ببینمەوە.

-- یه‌کەم بنکەی حیزب کە خۆت پێ ناساند ناساند کوێ بوو و لە کام هێز و کومیتە شارستان سازمان درای؟
ئەوەی راستی بێت چۆن گەنجێک ئاشق به‌ کچه‌ حه‌یران دەبێت، منێش ئاوا ئاشقی چوونە ناو شۆڕش ڕٶژ بە ڕۆژ زیاتر بڵێسەی دەستاند تەوای وجوودی داگیر کردبووم، شەو و ڕۆژ بیرم لە پێشمەرگایەتی و بندەستیی گەلەکەم دەکردەوە و زۆر بەپه‌له‌ بووم کە زوو گەورە بم، چونکه‌ دەمزانی وەرم ناگرن .ساڵی ١٣٦٤ بڕیاری خۆم دا و ئەم شانازییه‌م پێ بڕا بوو کە چەکی شەرەف و به‌رگری لە خاکەکەم لە شان بکەم و لە رێزی تێکۆشەراندا خۆم ببینمەوە.

-- یه‌کەم بنکەی حیزب کە خۆت پێ ناساند ناسان کوێ بوو و لە کام هێز و کومیتە شارستان سازمان درای؟
سالی ٦٤ حیزب بنکەی لە ناوچەدا نەمابوو، بەڵام پێشمەرگە هەموو دەم لە ناو خەڵکدا حزوریان هەبوو هەر رۆژە و سەرکەوتنیکیان تۆمار دەکرد، منیش بە پەلە بووم کە لەو سەرکەوتنانەدا بەشدار بم . هاوینی ٦٤ لە ناوچەی لاجان گوندی گردەبن توانیم پێشمەرگەکان بدۆزمەوەو خۆمیان پێ بناسێنم . سەرەتا رازی نەبوون گوتیان تۆ منداڵی بڕو دەرس بخوێنەو دوایی وەرەوه‌، شۆڕش بەپەلە ناکرێت، بەڵام من هەر قبووڵم نەکرد! یه‌کێک لە کوڕەکان کە خەڵكی گردکسپیان بوو هەروەها تێکەڵاویی بنەماڵەییشمان هەبوو بە ناوی عوسمان مامەش وابزانم ئەو کات سەرپەل بوو، بە دیتنی من زۆر خۆشحاڵ بۆ منیش هەروەها گوتم پشتیوانیکم هەیە کاک عوسمان وەجواب هات گوتی خالید من ئاگام لێت دەبێت . پاش چەند رۆژ مانەوە لە ناوچە، منیان دەگەڵ دوو پێشمەرگەی تر ناردەوە بۆ بنکەی سابیت. بنکەمان لە قەندیل، لە گوندی سوورەدێ بوو، پێیان گوتین تا ئێمە دێینەوە، بنکە ئاوەدان بکەنەوەو داران بۆ زستانی په‌یدا بکەن. خولاسە من لە هێزی قەندیل دەستەی شەهید سولیمانی حاجی عەوڵا سازمان درام. .دەمهەوێت ئەوەی پێوە زیاد بکەم کە ساڵی ٦٦ لەسەر داوای حیزب گەڕامەوە بۆ ناوخۆ و زۆریان پێ گوتم کە باوکت پیرەو کەسی کارێتان نییە دەبێ بڕویەوە وەک ئەندام کاری خۆشت بکە، بۆیه‌ بە ناچاری گەڕامەوە بۆ باوەشی بنەماڵە کە هەر لە گوندی سێڵوێ بوون. لەوێ شه‌هید رەحیم سێڵویان پێ ناسانم کە هەستەی ناوخۆی ئەم ناوچەیە بوو. دەگەڵ وی دەستم بەکار کرد ، لە لایه‌کی دیکه‌ش رژیم وازی لێ نەدەهێنام و داوای هاوکاری لێ دەکردم به‌ڵام هەر نەچوومە ژێر باری ئەم داگیرکەرانە. ساڵی ٦٧ شه‌هید رەحیم تەقەی لە فەرماندی پاسگای سێڵوی کرد کە خەڵکی زۆر ئازار دابوو. ئاشکرا بوو و هاتەوە نێو ریزەکانی حیزب و دوای ئەم کارە منیش ئەوێم بەجێ هیشت و چەند مانگێک لە ناوچەی ورمێ خەریکی کار بووم . بەهاری ٦٨ ئەو رۆژەی کە خومه‌ینی مرد، من دەگەڵ هاوڕێیه‌کی تر خۆمان گەیانده‌وە کوێستانەکانی بەربنە. لەم رۆژەدا رژیم تەواو ئامادە باش بوو و دەورەی تەواوی ناوچەکانی دابوو، بەڵام من بەم حاڵەش خۆم گەیانده‌وە ناو پێشمەرگەکان. لەم رۆژه‌دا جاش و پاستارەکان هێرشیان کرد، بەڵام وەک هەمیشە بە سەرشۆڕی گەڕانەوە. دەمهەوێت لێرەدا بیرەوەرییه‌کی تاڵ و شیرین بگێڕمەوە: ئێمە چە ند رۆژیک بوو لە کوێستانەکانی بەربنە گیرمان کردبوو، رژیم دەورەی ناوچەی دابوو و تەواوی رێگاکانی لێ گرتبووین، مەڕدارەکانیش لە ترسان هەموو داگەڕابوون بۆ پشت ئاواییەکان . وردە وردە برسێتی و بێ سیگاری فشاری بۆ هێناین
هەفتەیه‌ک پیشتر لە کوێستانیک بە ناوی چیغه‌دەرێ دوو کاوڕمان سەر بڕیبوون، گەڕاینەوە بۆی کە لە سنووری دەستکرد نزیک بوو. پێشمەرگەیه‌ک بە ناوی کاک مستەفا مەناف کوڵەپشتی هەمووانی هەڵتەکاند و تۆزێک ورکە نانی دۆزییه‌وە و کۆنه‌ قابڵەمەیه‌کی بەجێماوی هه‌وارچییه‌کانی پڕ کرد لە ئاو و ورکە نانەکەی تێکوشی و ئەو ئێسکانه‌ی کە هەفتەیه‌ک بوو لەوێ بوون، ئەوانیشی دەپاڵ کرد و تۆزێک جاترەی شاخیشی پێوە زیاد کرد تا قش قش کوڵی! دوایی گوتی کێ بێزی دێت با بێ بیخوات، لە برسان کەس نەما کە نەیخوات بەراستی بە تامیش بوو. بۆ سیگاریش کولەپشتی کادرەکانمان هەڵتەکاند دەفتەرمان دوزێوە و بە گەڵا تاڵوو و چای وشک سیگارمان هەڵبەست.
xalid3.jpg
-- پلەکانی پێشمەرگایەتیت چۆن بڕی و دوایین بەرپرسایەتیت لە حیزب دا چی بوو؟
ساڵی ٦٨ کە لە ناوچە گەڕاینەوە بۆ بنکەی سابیت و مقەرمان لە لێوژی بوو لە بناری قه‌ندیل. لە لکی دووی هێزی قه‌ندیل سازمان درام کە رەحیم سێڵوێی یه‌کێک لە سەرپەلەکان بوو. دووبارە یه‌کمان گرتەوە و هەر لەسەر داوای ئه‌و، کاری دەرمانیم هەڵبژارد و هەر ئەو ساڵە بۆ دەورەی دەرمانی رەوانە کرام. ساڵی ٦٩ دووبارە دەوری سه‌رووترم دیت و تا ساڵی ٧٢ وەک بەشی دەرمانی کارم کرد، بەڵام ساڵی٧١ نێردرام بۆ دەورەی سیاسی، ده‌وره‌ی سیاسیم بە سەرکەوتوویی بڕی و پلەی کادری درەجە٤ م پێدرا. لە سازماندەیی سالی ٧٣ وەک کادری سیاسی و هاوکاری کاک علی دیواری دەستنیشان کرام کە فەرماندەی لکی دوو بوو. سالی ٧٤ وه‌ک کادری تەشکیلاتیی ناوچەی نەڵین و بەری مێرگان دیاری کرام و سالی ٧٥ کە ئاخرین سالی ناوچە بوو، وەک کادری تەشکیلاتیی ناوچەی لاجان و بەربنە دیاری کرام کە بە داخەوە لەو ساڵەدا بەرەبەرەی هاتنەوەمان بوو لە گوندی بەردەقەل خەریکی کاری تەشکیلاتی و ماڵی بووین ساعت دەی شەو کەوتینە کەمینی جاشە خۆفرۆشەکان و بە داخەوە دوو ڕوڵەی تێکۆشەر، دوو کادری بەوەج ، دوو فەرماندەی قارەمان بە ناوەکانی شەهید سەعدوون خاڵدار و شه‌هید سولیمان حەیدەری چوونە نێو ریزی کاروانی نەمران. هەزاران سلاو لە روحی پاکیان!.

-- پەیوندی خەڵک و پێشمەرگە و کادرەکانی حیزبی لە ناوخۆ لە چ ئاستێک دابوو؟
پەیوەندی خەڵک و پێشمەرگە له‌ لوتکەدا بوو، چونکە پێشمەرکە هەڵقوڵاوی باوەشی ئەم خەڵکە بوو و لە وڵاتێکی دیکه‌وه‌ نەهاتبوو. سەرکەوتنەکانمان بە هاوکاری خەڵک تەواو دەبوو، هەر خەڵک بوو زانیاری دەدا بە ئێمە و لە جموجۆڵی دوژمن ئاگاداری دەکردینەوە، تەداروکاتی بۆ دابین دەکردین ، برینداری بۆ رادەگواستین، یارمەتی ماڵی دەکردین و دەیان شتی تر...! هەر خەڵک بوو کادرەکانی دەشاردەوە و سوور سوور دەیزانی ئەگەر ئاشکرا بێت تەواوی ماڵ و منداڵ و دارایی تیدا دەجێت، لەسەر ئەم حاڵەش بە دڵێکی فراوانه‌وه‌ وەریان دەگرتین و خزمەتیان دەکردین. بە بڕوای من پەیوەندی ئێمە لە په‌یوەندی دایک و باب بۆ کورپەکه‌ی پتەوتر بوو. من هەردەم خۆم به‌ قەرزداری ئەم خەڵکه‌ ده‌زانم و سەری رێز و نەوازێشیان بۆ دادەنوێنم. هیوام وایە کە ڕۆژێک بێت ئاواتی نه‌ته‌وه‌که‌مان که‌ رزگارییه‌، وه‌دی بێت و بتوانین قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌موو زه‌حمه‌تانه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ بکه‌ینه‌وه‌. بکەینەوە
xalid-4.jpg
-- قورسترین شەر کە توشی هاتووی کام شەڕ بوو؟
لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا تووشی چەندین شەڕی قورسی دەستەو یه‌خە و کەمین و شکاندنی کەمین هاتوومە. یه‌کیک لەم شەڕانە ساڵی ٦٩ که‌ بە شەڕی سێ ڕۆژە بەناوبانگ بوو. لە گه‌شتێکی سیاسی - نیزامیدا بووین و لە ناوچەی نەغەدە لە گوندی "سێلەکە" مابووینەوە. بەرەبەری کاتژمێر ١٢ نیوەڕۆ بوو چاوەدێرەکان خەبەریان هێنا کە دوژمن بەرەو لای ئێمە دێت، ئێمەش خومان تەیار کردو چاوڕێی دوژمن ماینەوە . کاتژمێر دوو شەڕێکی گەرم و دەستەو یه‌خە دەستی پێکرد و دوژمن بە کوژراو برینداریکی زۆر پاشەکشەی کرد و وەک پیشه‌ی هەمیشەیی شوێنی ئێمەی بە خەستی توپ و خومپارە باران کرد و هەروەها کوپته‌رەکانیش پەیتا پەیتا ئاوربارانیان دەکردین .لەم شەڕەدا یه‌کێک لە کوپته‌رەکانمان بەرداوە. بەداخەوە لەم شەرەدا کورێکی قارەمان کە جێگر پەل بوو بە ئاگری تۆپ خانە شەهید بوو و هەروەها دوو بریندارمان هەبوو. بۆ شەوەکەی کە بەرەو شوێنی دیاریکراو دەڕویشتین، دیسان لە کەمین کەوتین و کەمینەکەشمان بە سەرکەوتوویی شکاند. بەرەبەری بەیانی گەیشتینە شاخەکانی پشت "به‌یره‌م بوغه"،‌ کە توزێک رووناک داهات، زانیمان هه‌موو شاخه‌کانمان لێ گیراوە، چی وا نه‌خایاند که‌ شه‌ڕ ده‌ستی پێکرد و له‌و شه‌ڕه‌دا ده‌وری١٠ کەسمان به‌دیل گرت و شەڕ تا ئێوارە بەردەوام بوو و دوژمن کوژراو بریندارێکی زۆری دا، به‌ڵام ئێمە ئەو روژه بێ زیان بووین. کاتێک به‌ره‌به‌ره‌ دنیای به‌ره‌و تاریکی ده‌ڕۆیشت، ئیتر پاش قسە بۆکردن، دیلەکانمان ئازاد کردن و ماندوو و شه‌کەت بەرەو بەردەکانی خورینجی شۆڕ بووینەوە .ئەو رۆژە توزێک پشوومان دا ئێوارە چووینە ناو گوندی "خورینج" و دوای نانخواردن و پشوویه‌ک، ئه‌و گونده‌مان به‌جێ هێشت.
هێشتا چی وا له‌ گوندی خورینج دوور نه‌که‌وتبووینه‌وه‌ که‌ دیسان کەوتینەوه‌ کەمین و لە یه‌کەم دەستڕێژدا دوو تێکۆشەری دیکە به‌ ناوه‌کانی عه‌زیمه‌ عوسمانی و مام قادر حه‌سه‌ن زاده‌ به‌ بە کاروانی شەهیدانه‌وه‌ زیاد بوون. پاش شەڕێکی گەرم توانیمان کەمینەکە بشکێنین و راویان بنێین. پاشان کە یه‌کمان گرتەوە، سازماندەیمان کردو شەهیدەکانمان لەبن باقە وێنجان شاردەوەو بووین بە دوو بەش. من بە هۆی ئه‌وه‌ بەشی دەرمانی بووم، دەگەڵ دوو بریندارەکان که‌وتنیه‌ گه‌ڵ کادرەکانی ناوچە و لە ‌هێز هەڵبڕاین تا هێز بتوانیت زووتر دەرباز بن لە ناوچە. هێز تا گەیشتبوونەوە بناری قەندیل، جاریکی تر تووشی شەڕ ببوون و به‌داخه‌وه‌ شەهیدێکی دیکەشمان دابوو..
xalid4.jpg
-- پێشمەرگایەتی چی پێ پەخشی و چی لی ئەستاندی؟
پێشمەرگایەتی زور شتی پێ بەخشیوم! خۆڕاگری، فیداکاری، بە سەربەستی ژیان، هاوڕێی گیانی بە گیانی، ناسینی خاک و گەلەکەم هەروەها ناسینی دوژمنان و فرتوفێڵەکانیان.
هەروەها شۆڕش زۆر هاورێی خۆشەویستی لێ ستاندم. جەرگی دەوێت کەسێک هاوڕێی گیانی بە گیانیت بێت چەند ساڵ پشت و پەنات بێت، بە دەستی خۆت برینەکانی بپێچی و لە کن تۆ وەسیت بکات و تەسلیم بە خاکی بکەی! پێشمەرگایەتی سەردەمی لاوەتی لێ ستاندم، بەڵام من هیچ گله‌ییه‌کم نییە، چونکە بە دڵخوازی خۆم ئەم رێگایەم هەڵبژارد و هەردەم شانازی بەم ڕۆژانەوە دەکەم و هیچ کاتێکیش خۆم بە پەشیمان نازانم.

-- دواوتەت بۆ خوێنەران چییە؟
له‌ پێش هەموو شیتێک هیوام وایە خوێنەرانم تووشی سەرئێشە نەکردبێت، داوام لە خوینەران و رووناکبیران و نووسەران ئەوەیە قەڵەمەکانیان بکەن بەیه‌ک و هەوڵ بدەن بۆ یه‌کڕیزیی ماڵ کورد. چیتر با دوژمنانمان یاریمان پێ نەکەن و لە دوورەوە پێمان پێنەکەنن. هەوڵ بدەین بە هەموومان ریزەکانی حیزب یه‌ک بخەینەوە بۆ ئه‌وه‌ی دڵی بنەماڵەی شەهیدان و گەلەکەمان شاد بکەین.
هەر شەکاوە بێت ئاڵاکەمان . مردن و سەرشۆڕی بۆ داگیرکەران .
خالید عه‌بدوڵڵازادە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 2903 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact