. . . .


16 May 2009

نوێنه‌ری پێوه‌ندیه‌کانی حدک ‌له‌ گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی وه‌زا


ناوه‌ندی هه‌واڵی ده‌ره‌وه‌ی وڵات:رۆژی چوارشه‌ممه‌ رێکه‌وتی 13ی مانگی مه‌ی، نوێنه‌ری به‌شی پێوه‌ندییه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ فینلاند به‌ یاوه‌ریی وه‌ڤدێکی پێکهاتوو له‌ چه‌ندین که‌سایه‌تيی چالاکی بواری مافه‌کانی مرۆڤ له‌ وڵاتانی ئوروپا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فینلاندیان کرد. وه‌ڤده‌که‌ له‌ گه‌ڵ پێشوازیی گه‌رمی به‌رپرسی گشتی به‌شی کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئه‌فریقای وه‌زاره‌ت و هه‌روه‌ها لێپرسراوی یه‌که‌ی کاروباری ئێران و کارناسی بواری مافه‌کانی مرۆڤی وه‌زاره‌ت، به‌ره‌وڕوو بوو.
له‌ ماوه‌ی دوو کاتژمێر باس قسة كردن دا سه‌ره‌ڕای شیکردنه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوانی هه‌لومه‌رجی مافی مرۆڤ و گرفته‌ بنچینه‌ییه‌کانی سیستمی ده‌سه‌ڵاتدارێتی نادێموکراتیکی کۆماری ئیسلامی له‌ ئێراندا، وه‌ڤده‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاویش هه‌لومه‌رجی سیاسیی کوردستان و پێشێلکارییه‌ به‌رفراوانه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤی له‌و مه‌ڵبه‌نده‌دا بۆ نوێنه‌رایه‌تی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فینلاند باس کرد.
دیارده‌ی ئیعدامی منداڵان و ئیعدام به‌ گشتی له‌ ئێراندا، مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماری و ئه‌گه‌ر و ئاکامه‌کانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌، پرسی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ ئێران و شێوه‌ی مامه‌ڵه‌کردنی دنیای رۆژاوایی له‌ گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی، هه‌وێنی به‌شێک له‌ پرسیاره‌کانی وه‌ڤدی خانه‌خوێی پێکهێنابوو که‌ له‌ لایه‌ن وه‌ڤدی میوانه‌وه‌ وه‌ڵامی چڕوپڕیان پێ درایه‌وه‌.
پیلانی شوومی نێوان تورکیه‌ و ئێران بۆ سه‌رکوتی بزووتنه‌وه‌ی کورد به‌ به‌رچاوی ئامریکاوه‌ و بێده‌نگی دنیای رۆژاوا له‌ به‌رامبه‌ریدا له‌ لایه‌ک و شێوازی مامه‌ڵه‌ی حکومه‌تی نوێى ئێراق له‌ گه‌ڵ هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی حکومه‌تی ئێران له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، به‌شێکی تر له‌ قسه‌ و باسی دوو لایه‌نی پێک ده‌هێنا.
شیاوی باسه‌ که‌ له‌ په‌راوێزی باس له‌ دیارده‌ی ئیعدام کردنه‌کان له‌ کۆماری ئیسلامیدا، نوێنه‌ری حیزب باسی سه‌پاندنی حوکمی ناڕه‌وای سی ساڵ زیندان به‌ بێ مافی دیدار، بۆ رۆژنامه‌ نووس و تێکۆشه‌ری کورد که‌ماڵی شه‌ریفی کرد و ئه‌و حوکمه‌ی وه‌ک جۆرێک له‌ ئیعدامی نه‌رم نرخاند، که‌ ده‌زگای به‌ ناو دادوه‌ریی شۆڕش له‌ کۆماری ئیسلامیدا گرتویه‌تیه‌ به‌ر.
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی باسه‌کاندا نوێنه‌ری پێوه‌ندییه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ وڵاتی فینلاند، باسی بیست ساڵه‌ی کاره‌ساتی تیرۆری د. عبدالرحمن قاسملوو سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی به‌ ده‌ست دیپلۆمات تیرۆریسته‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ وڵاتی ئۆتریش بۆ وه‌ڤدی خانه‌خوێ کرد و دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش دوو لایه‌ن سه‌باره‌ت به‌ شێوه‌ی به‌ گه‌ڕخستنه‌وی که‌یسی تیرۆری د. قاسملو به‌ هۆی که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ مێکانیزمه‌ سیاسی و حقووقییه‌کانی ناو یه‌کیه‌تیی ئوروپا، راوبۆچوونیان ئاڵوگۆڕ کرد.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1244 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact