. . . .


22 Dec 2013

خات ئەستی، نێوێکی ئاشنا و ژنێکی بەتوانا


سکاڵا حەکیم زادە
خات ئەستی ئەو ژنە ئازایە بوو کە لە زۆربەی زۆری سەفەرەکانم بۆلای دایکم و بابم هاوسەفەرمان بوو. من هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ دایکم و بابم نەژیاوم بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەگەڵ دایک و بابی دایکم ژیام و گەورە بووم.
باپیرم ژنێکی قاچاخچی دەناسی ناوی خات ئەستی بوو بابە عەلیم متمانەی زۆری پێ بوو هەربۆیەش زۆربەی سەفەرەکانم بۆلای دایکم و بابم لەگەڵ خات ئەستی بوون. من و باپیرم و نەنکم بۆ هەموو ئەو شوێنانەی کە دایکم و بابمی لێ نیشتەجێ بوون چووین و سەردانمان کردن، بەڵام وەکوو ٤ خوشکەکەی دیکەم ناخۆشی و نەداری و دەربەدەری و بەدبەختی و ئاوارەیەم نەکێشاوە.
یەکەمجار کە خات ئەستیم دیت بەلامەوە سەیر بوو، ژنێک قاچاخچی بێت و بەتەنیا لەگەڵ دوو ئێسترەکەی لەو شاخ و داخە چۆلە هەر حەبەسا بووم.
بە بابمی کوت (باپیرم) "برای منت لەو چاوانە ئەو هەموو شتومەکە چیە پێتانە"، بابم چاوی شین بوون. چاوێکم لێکرد هیچم نەگوت بەڵام لە دڵەوە پێم ناخۆش بوو جنێوی بە بابم دا. ههههه جا جنێوەکەشی بۆ من نوێ بوو قەتم نەبیستبوو.
دەستەکانی خات ئەستی گەورە بوون، رەق و زوور بوون وەکوو دەستی ژنان نەدەچوون، لێچکێکی لەنێو چاوان بەستبوو و موەکانی خەنە لێدابوو. لەلای دایکم ( نەنکم) راوەستابووم رووی تێکردم و بەمنی کوت لەگەڵ عەلیە چاو شینی سواری ئەسپی دەبی یان لەگەڵ فاتمێ، مەبەستی دایکم بوو؟ منیش کوتم لەگەڵ بابم هەر ئەوەندەم کوت و نەمزانی ئەو ژانە چی بوو کە هەستم پێکرد، ئەگەر وەکوو تەوارێک چۆن نێچیر دەگرێت منی ۳٠ كیلۆی بەرز کردەوە و لەسەر ئێسترەکەی دانام، ماوەیەکیشی پێچوبوو من ئازاری بەن هەنگڵ و پەراسووم هەر هەبوو.
لە رێگادا هەزار پرسیارم بۆ دروست بوو باشە بۆ ئەو کارە دەکات؟ ئەرێ بەراستی ژنە یان نێرەمووکە؟ مێرد و ماڵ و منداڵی هەیە؟ چۆن دەتوانێت ئەو کارە بکات چۆن ناترسێت؟
تا بڵێی ژنێکی ئازا و چاونەترس و بەتوانا بوو، تا ( سەفرە ) کە بازاڕێکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بوو لە سەر سنووری نیوان باشوور و ڕۆژهەلاتی کوردستان، بەلام لە بەشی باشوور دا هەڵکەوتبوو، بە پێیان رۆیشت. نازانم چۆنی توانی، تەلیسێکش کەل و پەلی ئێمەی تێدا بوو ئەویشی لەکۆڵی خۆی بەستبوو. هەتا گەیشتینە سەفرە سیگاری کێشا، بابیشم چونکا لە بوردمانە شیمیاییەکەی شاری سەردەشت دا بەر گازی شیمیایی ڕژیمی بەعس کەوتبوو، زۆر بە بۆنی سیگار ناراحەت دەبوو. سەیرەکەی ئەوە بوو بابم هەستی بۆن کردنی نەمابوو بەڵام بۆ بۆنی سیگار زۆر هەستیار بوو زوو بۆنی دەکرد. ئێستاش ئەو پرسیارانەم وەڵامیان نەبوو بەڵام منیش ئەو پرسیارانەم لەکەس نەکردن تەنیا لە مێشکمدا دەهاتن و دەچوون و هەموو جارێ کاتی سەفەریش دوبارە دەبوونەوە.
ئەورۆ کە وێنەی چەند ژنی کۆڵبەرم دیت کەوتمەوە بیری خات ئەستی ئازا و بەتوانا.

من ئەو کەسەم هەموو رۆژێ هەی ژین هەی ژین
ژیانی ئەمرۆم ئەفرۆشم بۆ کڕینی نانی سبەی
وێنەی چەند ژنێکی کۆڵبەر

سکاڵا حەکیم زادە

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 917 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact