. . . .


3 Dec 2013

کۆمپانیای ئامازۆن کە بازاڕێکی ئینتێرنێتییە، بە نیازە لە فڕۆکەی پێ??


کۆمپانیای گەورەی ئامازۆن کە بازاڕێکی بەناوبانگی ئینتێرنێتییە، بە نیازە لە چوار- پێنج ساڵی داهاتوو دا لە دەیان هەزار فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی بچووک بۆ ناردنی کەلووپەلە فرۆشراوەکانی بۆ بەردەگای ماڵی کڕیارەکان کەڵک وەرگرێت. " جێب بیزوس"ی بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیا ئەمریکاییە ڕۆژی دووشەممە بە هەواڵدەری فەڕانسەی ڕاگەیاند کە بە کەڵک وەرگرتن لەو فڕۆکە بچووکانە کە لە ڕێگەی دوورەوە چاوەدێری دەکرێن، لە ماوەی تەنیا نیوکاتژمێر دا کەلووپەلی کڕدراو ڕادەستی کڕیارەکانیان دەکەن. ناوبراو وتی: پێهبادەکانمان توانای هەڵگرتنی کەلوپەلی ٢ تا ٣ کیلۆیان هەیە و ئەو ئەشیا و کەرەستانەش کە ئێمە دەیانفرۆشین، هیچیان لەو کێشە قورستر نین. بیزوس وتی: لەوانەیە ئەو بیرۆکەی ئێمە وەک فیلمە خەیاڵییەکان وابێت، بەڵام لە کاتێکدا ئەو ئامێر و تێکنۆلۆژییە لە بەر دەست دایە بۆچی کەڵکی لێ وەرنەگرین.
بە پێی یاساکانی ئەمریکا کەڵک وەرگرتن لەو جۆرە فڕۆکانە بۆ کاروباری بازرگانی و شەخسی قەدەغەیە، هەر بۆیە لە ئێستا کۆمپانیای ئامازۆن و چەندین کۆمپانیای گەورەی هاوشێوەی ئەو، داواکارییان بۆ وەرگرتنی ڕۆخست بۆ بەکار هێنانی ئەو جۆرە فڕۆکانە پێشکەش بە فەرمانگەی هێزی ئاسمانی وڵات کردووە و چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە بە زووترین کات وڵامیان بدرێتەوە و ئەوانیش دەست بە کار بن.
ئەو پڕۆژەیە ناوی " پرایم ئایر،ی" لێ نراوە و ئەو فڕۆکانەی کە بڕیارە بۆ لە پڕۆژەکە دا بەکار بهێندرێن تایبەتن و بە هەشت باڵی تایبەت کە بە وزەی کارەبا کار دەکەن، ئەشیا فرۆشراوەکە لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن و بەرەو ئادرەسی دیاری کراو، کە لە ڕێی ئنتێرنێتەوە دیاندرێتێ بەڕێ دەکەون و کەرەستەکە ڕادەستی کڕیارەکە دەکەن.
جێگەی ئاماژەیە کە ماوەیەک لەمەوپێش لە وڵاتی چین لە کارێکی هاوشێوە داشیرکەتێکی چینی کەلوپەلەکانی بۆ بەردەرگای کڕیارەکانی نارد و ئەو چالاکییە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. لە ئێستا دا لە وڵاتانی ئوروپایی بە تایبەت لە هولەند و بلژیک کڕین و بەکار هێنانی ئەو فڕۆکە بچووکانە لە لایەن خەڵکی ئاساییەوە بووتە کارێکی ڕۆژانە و تەنانەت بووتە هۆی کێشە و مایەی سەر ئێشە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە، چونکا خاوەنەکانیان بە شێوەیەکی نایاسایی کەڵکیان لێ وەردەگرن و بۆ وێنەگرتن و سیخوڕی بە سەر ژیانی شەخسی هاووڵاتیانەوە بەکاریان دێنن و ئەوەش بووتە هۆی نارەزایەتی خەڵک و تاکوو ئێستا چەندین سکاڵا ئاراستەی پۆلیسی ئەو وڵاتانە کراوە.
لە زریان و لافەکەی ماوەیەک لەمەوبەر وڵاتی فیلیپین تیمەکانی فریاکەوتنی وڵاتی دانمارک، بۆ دۆزینەوە و فریاکەوتنی خەڵکی لێقەوماوی ئەو وڵاتە لەو فڕۆکە بچووکە بێ فڕۆکەوانانە کەڵکیان وەرگرت و لە راستی دا هاریکارێکی باش بوون بۆ ڕزگار کردنی گیانی دەیان کەس.
لە فیلمێکی کورت دا کە لە لایەن ئامازۆنەوە ئامادە کراوە، چۆنیەتی بەڕێکردنی کەلوپەل بەو فڕۆکە بچووکانە نیشاندراوە.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 909 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact