. . . .


25 Nov 2013

بەڕێوەچوونی سیمینارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتی نۆروێژ


ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: کاتژمێر 1ی دوانێوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 24ی نوامبەری2013ی زایینی، بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی بەرئەنگا بوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، کۆمیته‌ی یەکێتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان، کۆمیتەی نۆروێژ لە شاری لیللەستـرۆم، سیمینارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ بەرێزان حوسێن مەدەنی، نووسەر و سیاسەتمەداری گەڵی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان و خاتوو خەندە جەزا چالاک لە بواری ژناندا و بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنەری بەشێک لە حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان پێک هێنا.
سەرەتا سمینارەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شه هیدان کورد و کوردستان دەستی پێ کرد، پاشان لە لایەن خاتوو مەحبوب ڕەحیمی بەرپرسی یەکێتی ژنان لە نۆروێژ وێرای بەخێر هاتنی بەشدار بووان، باسێکی کورتی لە سەر 25ی نوامبەر، رۆژی بەرەنگاربوونەوە تووندو تیژی دژ بە ژنان پێشکەش کرد، ناوبراو وتی: کۆمەڵگای کوردەواری و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی، یەکێک لەو ناوچانەیە کە ژن تێیدا زۆر بە توندی چەوسێندراوەتەوە، لەو کۆمەڵگایانەدا ژن وەکوو نیوە ئینسان و تەنانەت لەوەش کەمتر رێزی بۆ دادەندرێ، هەر بۆیە بەو جۆرە کەسایەتی ژن خراوەتە ژێر پرسیار و لە جەوهەری خۆی دوور خراوه‌ته‌وە.‬
‫ژن وەکوو کاڵایەک چاوی لێکراوە و وەکوو مرۆڤێک دەرفەتی ئەوەی پێک نەدراوە کە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەشداری بکات و دەرفەتی گەشەسەندنی تواناکانی لێ زەوت کراوە.
ئینجا نۆرە گەیشتە خاتوو خەندە جەزا. بەرێزیان باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر گیرو گرفتی ژنان لە دونیادا، بەتایبەت لە کوردستان پێشکەش بە ئامادە بووان کرد. ناوبراو لە باسەکەی دا وتی: وا 25 نوامبەری ئه‌مساڵیش وه‌ک نوامبرە‌کانی تێپەڕی، بەڵام شتێک له‌ مەبەست نه‌گۆڕا، توند و تیژیه‌کان زیاتربوون و جه‌سته‌ میهره‌بانه‌کان به‌رده‌وام ده‌سوتێن، ئه‌و ئاگره‌ بێ به‌زه‌ییه‌ هه‌ر کڵپه‌ ده‌دات، که‌سیش له‌ خه‌می کوژانه‌وه‌ی دا نیه.
توندوتیژی یەكێكە لە دیاردە ترسناكەكانی جیهان، كە هەڕەشەیەكی گەورە لەبونیادی كۆمەڵگا دەكات، گەرچی پیاوان ئەنجامدەری ڕاستەوخۆی توندوتیژین، بەلام ژنانیشیان لەم هەڵسوکەوتەوە تێوە گلاندوە و زۆر جار باوک بەتەکبیری دایک پێکەوە کچێک دەبەن بۆ مەرگ. ئەوەی جێی هەلوێستەیە، سەرەڕای دەرئەنجامە خراپەکانی، بەگشتی ئەکرێ بلێین دیاردەیەكە کە جوانییەكانی شێواندووە و بەرنامەی ژیانی لەناو كۆمەڵگادا تێكداوە. بەرێز خەندە جەزا لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە دەور و کاریگەری ئایین کرد لە پرسی توندتووتیژی دژ بە ژنان و وتی: دەبوو ئایین بۆ چاكسازی كۆمەڵگا و یەكسانی نێوان مرۆڤەكان بەكاربێت، بەلام مخابن هۆكارێكە بۆ بەکارهێنانی توند‌وتیژی. ئایینەكان لەمێژووی خۆیاندا رۆڵی گەورەیان لە حوکم کردن و یاسا دانان بۆ سنورد دارکردنی تاک لەناو کۆمەلگادا گێراوە، بەلام ئاینی ئیسلام ئەتوانی بلێی زۆر وردترو تایبەت تر چۆتە نێو ژیانی شەخسی تاکەوە و تەنانەت تا نێو جێگەی خەوەکانیشمان هاتووە و تەداخول لە سەرجەم ماف و خواست و خۆزگەو حەزەکانماندا دەکات.
بەشی دووهەمی سمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە سیاسییەکانی تێکۆشەر و سیاسەتمەداری گەورەی گەلەکەمان بەڕیز کاک حسێن مەدەنی، کە ئەو بەشەش بە بەرێز کەریم ئەڵڵاوەیسی، بە پێشکەش کردنی پێناسەیەکی کورت لە سەر ژیان و ڕابردووی سیاسی بەرێز حوسێن مەدەنی دەستی پێکرد.
ئینجا بەڕێز مەدەنی دەستی بە قسەکانی کرد و لە بەشێک لەو بابەت و لێکدانەوە زانستییانە دا کە پێشکەشێ کردن هەوڵی دا پێناسەیەکی ڕوونتر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەی و دۆخی سیاسی جیهان و ناوچەکە دەرحەق بە کورد، بە گوێران و بەشدارانی کۆرەکە بگەیەنێت.
بەڕێز حسێن مەدەنی لە بەشێک لە قسەکانی دا وتی: مەسەلەی کورد وەک واقعبینی ئاسویەکی روونی هەیە، بەهاری کوردی لە پێشە کە کورد پێویستە خۆیندەوەی سەردمیانە و لێکداندوەی سیاسی وردی لەسەری هەبێ . لەسیاسەت دا دەبێ لەسەر سێ ئاست کاربکرێ: جیهانی، ناوچەیی و لوکالی. کارێگەری جیهانی زۆر زیاترە پاشان ناوچەیی و ئەم جار لوکالی‌یە و.کاریگەری ئەوانە لە سەر یەکتر هەیە. کە هێزی لوکالی خۆی لەگەڵ هێزی ناوچەیی وجیهانی تەتبیق نەکا سەرناکەوێ.
بە پێ نەزمی جیهانی و ناوچە و هەڵکەوتی هەستیاری کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەراست کە رێگای ئازادی دریایی نییە، بە بێ پشتیوانی وڵاتێکی بە هێزی جیهانی واتە ئەمریکا مەسەلەی کورد سەرناکەوێ.
دوای جەنگی جیهانی یەکەم، شیخ مەحموودی حەفید لە سلیمانی حکومەتی کوردی دامەزراند. هەرچەند شێخ مەحمود شەخسیەتێکی رۆحی و زۆر خۆشەویست بوو لە نێو خەلکی کوردستاندا و تەنانت لەنیو عەرەبی عیراقی و تورکیەی عوسمانی رێز و خۆشەویستی هەبوو، بەوحاڵەش چوونکە لە دامەزاندنی ئەو حکوومەتە دا، بریتانیا بەرژەوەندی خۆی تێدا نەدەدیت، نەک هەر پشتی نەگرت بەلکوو بە هێرشی هەوایی و زەمینی تێکی شکاند.
کۆماری کوردستان، دوای جەنگی جیهانی دووهەم بە هۆی بۆشایی دەسەڵات لە کوردستان و کشانە و لاواز بوونی هێزەکان ناوەندی لە ئێران، دەرفەتێک بۆ کوردی ڕۆژ‌‌هەڵات رەخسا بە رێبەری قازی مەحەمەد کۆماری کوردستان دامەزرێنن. هەرچەند ئەو کۆمارە دەسکەوتێکی زۆر بە نرخی فەرهەنگی، کۆمەلایەتی و سیاسی لەو بەشەی کوردستان بەدەست هێنا کە لەگەڵ هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان بەراورد نەدەکرا، بەڵام بە هۆی ئەوە کە ئەم کۆمارە لە ڕاستای سیاسەتی وڵاتە زلهێزەکان، بە تایبەت ئەمریکا وئینگلیس دا نەبوو و کۆماری کوردستانیان زیاتر لە بەرژەوەندی رووسەکان و دژ بە خۆیان دەزانی بۆیە پشتیوانیان لێ نەکرد و تێکیان شکاند.
پێویستە بگوترێ کە هێچ دەسەڵات وهێزیک نەیتوانیوە لە باری سەربازییەوە بە سەر چوار پارچەی کوردستان دا زاڵ بێ و بە درێژایی مێژوو شکستەکانی کورد زۆرتر سیاسی بوون هەتا سەربازی. شعوری نەتەوەیی بە دامەزرانی حکومەتی هەریمی کوردستان بەرزبۆتەوە. کورد لەو سێ ناسیونالیزمە داخۆی دەبێنێتەوە. ناسیونالیزمی عەرب، فارس و تورک. ئەم سێ‌ ناسیونالیزمە دەیانەوێ ناسیونالیزمی کورد خەفە بکەن کە نەبێتە دەولەتی کوردی.
ڕۆژهەڵاتی نێوەراست پرکێشەترین ناوچەی جیهانە. 60% ئەنباری نەوتی جیهان لەو ناوچە هەڵكەوتووە، ژیئوپولیتیکی جیهان بە چاوی تەماحەوە دەرۆانیتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و یەگەر ڕوونتر بڵێین شەری ئێستا شەری نەوت و ئێنرژیە.
لەگەڵ هەموو دژایەتیەکان حکومەتی هەریمی فاکتورە، رخنەی رۆخینەر بە زیانی کوردە. دەستکەوتەکانی کورد  ئاسان بەدەست نەهاتووە و مەودای جیهانی هەیە. پێوستە بە سەرکەوتنەکان و حکومەتی هەریمی کوردستان شانازی بکەین. 
کە باسی سیاسەتی جیهانی دەکەین ، پێویستە بگۆتری کە کەمپنشین بی یان لە شاخ بی، لە ڕاستای سییاسەتی جیهانیدا حەرەکەت نەکەێ شکست دەخۆی ودەدوڕێی. لە ژیئوپولیتیکدا ڕاگرترنی سەنگ و سوکی دەسەڵات ئەساسە. سیاسەتی ڕۆژ‌هەڵاتی نێوەڕاست لەسەر هاوسەنگی هێز دارێژراوە. ئەوەی کە لە ناوچە وجیهان حیساب بۆ کورد دەکەن دەبێ ئەوە بە دەسکەوت دابنێن.
یاساکانی کات و ساتە لێک گریدراوەکان زۆر گرینگن. بە پێ ئەم قانوونە نابێ لاسەنگی نێوان پارچەکانی کوردستان  بمینێ. حکوومەتی هەریمی کوردستان نابێ بهیڵێ لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، کورد بچەوسێتەوە.
پێویست بە ئاماژەکردنە لە هەر دووک بەشی ئەو سیمنارە دا، ئامادەبووان زۆر چالاکانە بەشداری باسەکان بوون و بە هێنانەگۆڕی پرسیار و تێبینی زۆر پڕ نێورۆک سیمنارەکەیان دەوڵەمەندترکرد.
سیمنار لە کاتژمێر 13.00 دەستی پێکرد لە کاتژمێر 17.30، لە ناو ڕەزامەندی بەشداران دا کۆتایی پێهات.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 946 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact