. . . .


24 Nov 2013

بەرێوەچوونی سمیناری دژ بە تووندوتیژی لە ستۆکهۆڵم پێتەختی وڵاتی سوئ??


ناوەندی هەواڵ- سوید: ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ ـ ١١ ـ ٢٠١٣ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی به‌ره‌نگار‌بوونه‌وه لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان دوو ڕێکخراوەی ژنانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ‌چوارچێوه‌ی کارێکی هاوبه‌شدا سمیناریكی تایبەتیان بۆ چەند چالاکی بواری مافی ژنان و چالاکی بواری سیاسی له ‌ستۆکهۆڵم پێتەختی وڵاتی سوئێد به‌رێوه برد.
سەرەتا لە لایەن خاتوو لەیلا محەممەدی ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد بەخیرهاتنی بەشداربووان کرا و پاشان خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان و بە تایبەت شەهیدانی ئەم چەند مانگەی ڕابردووی نێوخۆی ئێران و کوردستان ڕاگەیاندرا. دوای خوێندنەوەی پارچە هەڵبەستێک و پێشکەش کردنی بەرنامەی کاری سمینار داوا لە خاتوو شلێر حەسەن‌پوور بەرپرسی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد کرا کە پەیامی هاوبەشی دوو ڕێکخراوەی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش بکات. نێوەرۆکی پەیامی هاوبەشی ئەو دوو ڕێکخراوە پێکهاتبوو لە ئاوڕدانەوەیەک لە خەباتی خوشکانی میراباڵ و چۆنیەتی دەستنیشان کردنی ٢٥ نوامبر وەک ڕۆژی بەرنگاربوونەوەی دژبە تووندوتیژی ژنان لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەشێکی دیکەی ئەو پەیامە پێک هاتبوو لە خەباتی گەلی کورد و ژنانی نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد و هاوکات چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ژنان بە دژی زوڵم و زۆری نێو کۆمەڵگا و بنەماڵە و هەروەها حکوومەتی و دەوڵەتی نێوخۆی ئێران.

لە بەشێکی دیکە پەیامی خاتوو شلێر دا هاتبوو کە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پشت بەستن بە شەرع و ئایین و لە ژێر ناوی ئایینی ئیسلام دا بەوپەری بێ‌ڕێزی و تووندوتیژی‌یەوە لەگەڵ ڕەگەزی ژن و بە تایبەت ژنانی تێکۆشەری بواری یەکسانی جووڵاوەتەوە و بە بەندکردن و دەستبەسەرکردن لە زیندانەکان دا هەوڵیان داوە کە زیاتر ئەم تووێژەی کۆمەڵ سەرکوت بکەن.

لە پەیامی ئەو دوو ڕێکخراوەیەدا داوا لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ژنانی کورد بە تایبەتی کرا بوو کە هەوڵ بۆ یەکسانی لە کۆمەڵگادا بدەن و بە یەکگرتوویی بەگژ بریارە چەوت و نامرۆڤانەی رژێم دا بچنەوە و چیدی نەهێڵن کە لە کۆمەڵگادا وەک کۆیلەو بەندکراو چاویان لێ بکرێ و هەروەک چۆن لە شاری مەریوان بە یەکگرتوویی بەگژ رژێم داچوونەوە لە هەموو شوێنێک بەگژ ناعەداڵەتی و نابەرابەری دا بچنەوە.

پانێلی یەکەم لە لایەن خاتوو نیشتمان مینایی ئەندامی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەرێوەچوو، بەرێزیان وێرای بەرێوەبەری ئەو بەشە داوای لە کۆڕەگێرانی ئەو بەشە خاتوو سەکینە جەوانمەردی چالاکی بوارەکانی سیاسی و مافی ژنان و هەروەها کاک سالار شەڵماشی کۆمەڵناس و کارناس و شارەزا لە بواری دەروونناسی کرد کە باسەکانیان پێشکەش بکەن.

سەرەتا خاتوو سەکینە جەوانمەردی چالاکی بوارەکانی سیاسی و مافی ژنان وێرای دەستخۆشی لەو دوو ڕێکخراوەیە بۆ کاری هاوبەش، باسەکەی خۆی لەسەر ئەزموونی ژیان و باس و خواستەکانی نێوکۆمەڵگا بە نیسبەت ژنانەوە دەست پێکرد. خاتوو سەکینە بە ئاوڕ دانەوەیەک لە سەرچۆنیەتی دەستنیشان کردنی ڕۆژی ٢٥ ی نوامبر هاتە نێو باسەکەی خۆی و گووتی: دایکەکانی کوردستان وێرای خزمەتی زۆر بە کۆمەڵگا و بە منداڵەکانیان زۆرجار بە هۆی عەیبە و شەرمی زۆر لە نیو کۆمەڵگادا هەوڵیان داوە کچانی خۆیان و نێو کۆمەڵگا بە شەرم گەورە بکەن و لەوە بیان ترسێنن کە لە نێو کۆمەڵگادا نابێ وەک کوڕ هەڵسوکەوت بکەن و نابێ وا بجووڵێنەوە کە عەیبەیان بێتەوە سەر و ئەوەش وایکردووە کچ و ژنی کورد بەردەوام لە هەموو کارەکانی خۆی بترسێ و کەمتر بە دوای ماف و ئازادیەکانی خۆیان بکەون. خاتوو سەکینە گووتی: ئەوەندە ئازادی‌یە کە بەشێک لە ژنان و کچانی کوردستان هەیانە بە هەوڵ و چاونەترسی خۆیان وەدەستیان هێناوە و پیاوی کورد لەو بوارەدا کەمتر و یا هیچ هاوکاری‌یەکی ئەوتۆی بۆ ویست و مافی ژنان و ئازادی ژنان نەکردوە و کارەکانی پیاوان زۆرتر لە چوارچێوی درووشم دا خۆیان نیشان داوە. نابەرابەری لە نێوان پیاو و ژنان دا تەنیا تایبەت بە کورد نییە و لە نێو زۆربەی کۆمەڵگاکان و نەتەوەکانی دیکەش دا کەم و زۆر دەبیندرێ و تەنانەت لە هەندێک وڵاتی ئازاد و دێموکراتیش دا مووچەی ژنانی فەرمانبەر کەمترە لە مووچەی پیاوان و تەنانەت لە کاتی دوو گیانی ژنان و لە دایکبوونی منداڵەکانیان دا لە لایەن ساحەب کار و شوێنی کاریانەوە داوای جۆراوجۆریان لێدەکرێ کە ئەوەش نیشان دەدا کە نایەکسانی لە کۆمەڵگادا باڵی بە سەر ئەم توێژەی کۆمەڵ دا کێشاوە.

جەوانمەردی گووتی: تووندوتیژی تەنیا لە لێدان و ئەشکەنجە دا خۆی نابینێتەوە، بەڵکوو تووندوتیژی زۆرجار بە شێوازی تەوهین و جنێودان، بەکەم گرتن، کار بە زۆر پێکردن، وەڵام نەدانەوە بە ویست و داخوازیەکان، گوێ نەدان بە حەز و ئاواتەکانیش ڕوو دەدا. بە زۆر بە مێردانی کچان و نەبوونی مافی تەڵاق لە لایەن ژنان و ژن بە ژنە و گەورە بە چووک و بە دوو ژن بە یەک پیاو حیساب کردن هەموویان لە کۆمەڵگادا بوونە خۆرکە و ژەنگ بە سەر ژنانی کوردستانەوە و پێویستە کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناحەز و نامرۆڤانەیە بکرێ.

بەشی دووهەمی ئەم پانێلە، کۆرگێر کاک سالار شەڵماشی کۆمەڵناس و کارناس و شارەزا لە بواری دەروونناسی باسێکی زانستی و عیلمی لە سەر کاری جینسی و شێوازی تووندوتیژی و چۆنیەتی هەڵس و کەوتی کۆمەلگا لە گەڵ ئەم دیاردانە پێشکەش کرد. گێرانەوەی هەندێک بەسەرهاتی منداڵی و چۆنیەتی ڕوانینی کۆمەڵگا بە نیسبەت قەیرە کچان، بێوەژنان، بێ سەرپەرەستان و ژنانی بێ کار و بێ مووچەی بە وردی باس کرد و ئاماژەی بە هەندێک خاڵی هەستیار لە نێو کۆمەڵگای کوردستان دا کرد و ڕوانینی پیاوی کوردی لە ئاست ئەو نموونانە دا باس کرد، بۆ نموونە ئەگەر کچێک بە دووچەرخە بچێتە بازار، کچێک بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیەکان و یا جوان راگرتنی لەش و لاری وەرزش بکا و ڕابکا، بە تەنیا بچێتە سەفەر و یا کارێک بکا کە کۆمەڵگا پێ وایە تایبەتە بە پیاوانە، ئەوە کۆمەڵگا چۆن دەروانێتە ئەو بەشە لەو کچانەی کە نەترسانە دەست بۆ کارێک دەبەن کە لە کۆمەلگا دا بە کەمی لە لایەن ژنانەوە کراون.

بەشێکی دیکەی وتەکانی کاک سالار ئاوڕدانەوەیەک بوو لە کارکردنی لەگەڵ کچان و کوڕانی گەنج و تەنانەت ژنان و پیاوانی بە تەمەن لە کۆمەڵگای سوئێد دا، بەرێزیان بە خستنە ڕووی هەندێک زانیاری لە سەر کێشەکانی نێوان ڕەگەزی نێر و مێ و ئاماژەی بە کێشە کۆمەڵایەتیەکان و کارە جینسی‌یەکان و شێوازی بە یەکەوە بوون و جووڵانەوەیان و زۆر خاڵی‌تر و مافی هەر دوو ڕەگەز لەگەڵ یەکتری کرد و یاساکانی تایبەت بەم بەشەی بۆ بەشدارن باس کردن.

هەر لە درێژەی سمینارە کە دا خاتوو سۆزان فەتحی ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان باسێکی چەند خولەکی لە سەر ناساندنی کتێبی ئەقیانووسێک لە تاوان لە نووسینی خاتوو خەندان حەمە جەزا بۆ بەشدارنی سمینارەکە هەر وەها چەند پاراگرافێکی لە سەر ژیان و بەسەرهاتی یەکێک لە کاراکتێرەکانی نێو ئەو کتێبەی بۆ بەشداران خوێندەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەو کتێبە لە چەند ڕووداو و ووتوێژی ڕاستەقینەی نێو کۆمەڵگا دا پێکهاتووە.

پانێلی دووهەم لە لایەن خاتوو حەبیب محەممەدی ئەندامی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەرێوەچوو، بەرێزیان وێرای بەرێوەبەر و کارەکانی ئەو بەشە داوای لە کۆڕەگێرانی ئەو بەشە دوکتور خالید خەیاتی مامۆستای زانکۆ لە لینشۆپینگ و چالاکی بوارەکانی سیاسی و مەدەنی و هەروەها خاتوو ئەڤین عەزیز نووسەر و ڕۆژنامەنووس، کارناس و شارەزا لە بواری ڕەگەزی نێر و مێ و هەروەها زانستی ڕەفتارناسی لە وڵاتی سوئێد کرد کە باسەکانیان پێشکەش بکەن.

لە پانێلی دووهەم دا دوکتور خالید خەیاتی باسێکی لە سەر سیستەمی ئەمرۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاست تووندوتیژی لەگەڵ نەتەوەکانی بن دەست و ئایینە جیاوازەکانی ئێراندا کرد. ئەو بە گەرانەوە بۆ پێش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری حەسەنی ڕوحانی و هەڵبژێرانی ناوبراو هاتە نێو باسی سیستەمی دەسەڵاتداری ئێران و بە ئاماژەدان بە نەگۆڕی سیستەمی کاری کۆماری ئیسلامی ئێران و یا چاوەروانی‌یەکانی خەڵک بە هاتنە سەرکاری ڕووحانی و ئاڵ‌وگۆڕەکردن بە سیستەمی نێوخۆی دەسەڵاتی ئیران باسێکی لە ڕوانگەی خۆیەوە پێشکەش کرد. بەرێزیان ئاوڕێکی لە گوتاری دەوڵەتی بە تەدبیر و ئومێد کە دروشمی سەرەکی ڕووحانی بوو دایەوە و شیکاری لە گووتاری مانیفێستی ڕووحانی لە باری نێوخۆیی و دەرکی و واتە چاکسازی لە نیوخۆی ئێران بە نیسبەت نەتەوە بن دەستەکانی نێوخۆی ئێران ئایینە جیاوازەکانی نێو ئێران و ئەهوەن کردنەوەی باری دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و گوێدان بە سازمانی نەتەوە یەگرتووەکان لە ئاست مەسەلەی چەکی هەستەیی و ناوەکی ئێران کرد.

بەرێزیان بە ئاماژە کردن بە ١٠٠ ڕۆژ دەسەڵاتی ڕووحانی هەندێک خاڵی لە ئاست کاری دیپلۆماسی لەگەڵ دونیای ڕۆژئاوا باس کردن و هاوکاتیش باسی لە ئێعدامەکانی چەند مانگی ڕابردووی دوای بە دەسەڵات گەیشتنی ڕووحانی لە نیوخۆی ئێران کرد و جیاوازی نێوان دەوڵەتی ڕووحانی و دەوڵەتی ئەحمەدی نژادی بۆ بەشدارن باس کرد و لە ڕوانگەی خۆیەوە لە چەند بواردا و لە چەند بڕگەدا ئاماژەی بە جیوازی‌یەکانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە کرد.

لە پانێلی دووهەم دا خاتوو ئەڤین عەزیز باسی خۆی لە سەر تووندوتیژی و دەستنیشان کردنی کارەکانی ژنان و پیاوان و جیاکردنەوەیان لە کۆمەڵگادا کرد و گووتی هێشتنەوەی ژنان لە چوارچێوەی کاری ماڵەوەدا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لە ڕوانگەی منەوە بە سیاسەت ئەو دابەش کردنە کراوە بۆ ئەوەی لە باری سیاسی‌یەوە پیاوان دەسەڵاتدار و ساحەب پرۆژەی تایبەت بە خۆیان بن بۆ حوکمرانی و دەسەڵات لە کۆمەڵگا دا و لەو پەیوەندی‌یەدا چەندین نموونەی جۆراوجۆری لە دەورانی یونانی باستان و کەسە دیارەکانی یونان دا بۆ بەشدار بووان باس کرد.

خاتوو ئەوین لە بەشێکی دیکەی باسەکەی دا تیشکی خستە سەر چۆنیەتی بیروڕای هەندێک لە پیاوانی دەسەڵاتدار بۆ ئەوەی زیاتر لە دەسەڵاتدا بمێننەوە و گووتویانە مێشکی ژن بچووکترە لە هی پیاوان و بۆیە پێویستە کارەکانی دەرەوە بە پیاوان بێ و کارەکانی ژوورەوەش واتە ئی ماڵ بە ژنان بێت بۆ ئەوەی پیاوسالاری هەروا لە کۆمەڵگادا باڵادەست بێ، بەرێزیان ئاماژەشی بەوە دا کە پیاوسالاری لە هەموو قۆناخەکانی لیبرالیست، مارکسیست و سوسیالیست دا خۆی نوێ کردۆتەوە بەڵام لە فۆرمی جیاواز دا، ئەو گووتی ئەوە فمینیستەکانبوون کە ئەو بۆچوونە چەوتەیان ڕەد کردەوە و هاوکاتیش چەندین نموونەی لە هیممەت و ئیرادەی ژنان بە گشتی بۆ شکست پێهێنان بە پیاوسالاری هێناوە و گووتی: بەر لەوە کۆمەڵگا درووست بکەین پێویستە پێشتر لە بنەماڵە و چواردیواری ماڵەوە را دەست پێ بکەین بۆ ئەوەی چیدی پیاوسالاری و سیاسەتی بیری چەوساندنەوەی ژنان لە لایەن پیاوانەوە لەوە زیاتر گەشە نەکا و دەبێ بە کارو تێکۆشانی ژنان ئەو بەربەستە بشکێندرێ.

بەشی کۆتایی ئەو سمینارە بەشداری چالاکانەی ژنان و پیاوانی بەشداربووی ئەم سمینارە بوو کە بە دانی پرسیار و تێ‌بینی و پێشنیار لە سەر بابەتە پێشکەش کراوەکان و مەسەلەی تووندوتیژی خێزانی و کۆمەڵگا و دەوڵەتی سمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و دواتر لە لایەن کۆڕگێرانەوە وەڵامی پرسیارەکان درایەوە.

لە دوایین بەشی سمینارەکە دا لە لایەن خاتوو سکاڵا حەکیم‌زادە ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێدوە سوپاسنامەی دوو ڕێکخراوەی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوێندرایەوە و بەم شێوەیە دوای ٥ کاتژمێر کاری سمینار کۆتایی پێهات.

یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی سوئید

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 860 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact