. . . .


16 Nov 2013

هەشتەمین فستیواڵی فیلمی کوردی لە لەندەن دەستی بەکارەکانی کرد


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٥ی نوامبری ٢٠١٣ کاتژمێری ٦ی ئێوارە بۆ هەشت و نیوی شەو ئێوارە بە کاتی لەندەن، فستیڤاڵ بە ئێوارەخوانێک (گالە) و دیدارێکی یەکتر ناسین بۆ ئامادەبووانی، بە فەرمی دەستی بە کارەکانی کرد.
ئەم ئێوارە خوانە بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە میوانانی کورد و بیانی هەروەها چەندین دەر‌‌هێنەر کە فیلمەکانیان لە فستیوالە دەچنە سەر ئەکران بەرێوە چوو. پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو ئێوارە خوانە لە سەر ئەرک و ماندووبوونی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیانەی دۆستی کورد کە سپۆنسەری فستیڤاڵەکە دەکەن ڕێکخرابوو.
لە دڕێژەی ڕۆژی یەکەمی ئەو فستیڤاڵە دا، شارەداری ناوچەی هەکنی لە لەندەن و خاتوو بەیان سامی عبدالرەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بریتانیا،فەلەک ناز ئەندامی پارلمانی کورد لە پارلمانی ئەوروپا، عیسا موسا وەکیلی پێشووی بەڕیز نلسۆن مەندێلا هەرکام بەجیا وتەیان پێش کەش کرد و سەبارەت پیوەندییەکانی لەگەل کورد و سینمای کوردی و هەروەها سەرکەوتنەکانی فسیڤاڵ و بەرێوەبەران و پشتیوانانی ئەم پرۆژەیەو هەروەها زیاتر کارکردن بۆ هەرچی باشتر و دەوڵەمەندتر کردنی فستیوالی فیلمی کوردی قسە و لێداوانیان کرد و پشتگیری خۆیان لە کۆمیتەی بەڕێوەبەری فستیڤاڵ دەربڕی. بەشێکی تری ئەم ئێوارە خوانە بەشداری کۆری تایبەتی کچان بە دەف لێدان و هەڵپەرکەی کوردی بە دەهۆل و زورنا بوو.
جێگەی ئاماژەیە کە کاناڵە تەلەفزیۆنە کوردییەکان بوونێکی بەرچاویان لەو فستیڤاڵە دا هەبوو و هەر یەکەو لە ئاست خۆیەوە هەوڵی گواستنەوەی ڕووداوەکانی ڕۆژی یەکەم فستیڤاڵیان دەکرد، کە دەکرێ لە ناویاندا ئاماژە بە تەلەفزیۆنی کوردکاناڵ بکرێ.

فیلمی "پێش بارینی بەفر" لە دەرهێنانی هیشام زەمان، یەکەم فیلمی کوردی بوو کە لە ڕۆژی دەستپێکی فستیوالەکە دا چووە سەر ئەکران. ئەم فیلمە لە پیکچێر هاوس لە ناوچەی هاکنی لە لەندەن دوای ئێوارە خوانەکە نمایش کرا و لە سەرەتا و کۆتای فیلمەکەش کە بۆ پرسیار وەلام دانراوبوو لەلایەن دەرهێنەر هیشام زەمانی قسەی لێ کراوە هەروەها وڵامی پرسیاری ئامادەبووان و بینەرانیان دایەوە.
بەهمەن قوبادی، هونەر سەلیم، هیشام زەمانی لەو دەرهێنەر و سینەما گەورە بەناو دەنگە گەورە کوردانەن کە لەو فستیڤاڵە دا بەشدارن. وا بڕیارە لەو فستیڤاڵە دا ١٢١ فیلم کورت و درێژی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان نیشان بدرێن کە ٤٦ فیلمی دۆکیمنتی و ٥٢ فیلمی کورت، کۆی ئەم فیلمانەن، هاوکات چەندین فیلمی تایبەتیش بە دۆزی ژنان، مافەکانی مرۆڤ و تایبەت بە منداڵان لەو فستیڤاڵە دا دەچنە سەر ئەکران.
جێگای ئاماژەیە کە بەڕێز مەولوود سوارە نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوڕییەتی کاك لوقمان معروفزادە ئەندامی ح.د.ك لە بریتانیا بەشداری ئەم فسیوالە بوون و لەگەڵ بەشێک لە دۆستان و دەرهێنەرانی گەورەی سینەمای کوردی دیدارو چاوپێکەوتنیان پێک هێنا و بەتایبەت لەگەل بەرێز بەهمەن قوبادی لەنزیکە سەبارەت بە هەلوێستی بەرێزیان لەپیوەندی لەگەڵ ئیعدامی رۆلەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نامەی بەرێزیان بۆ سەرۆک کۆماری ئێران لەلایەن نوێنەری حیزبەوە دەست خۆشی و سوپاسیان لێکراو هەلوێستەکەیان بەرز نرخێندرا.
پێویست بە ئاماژەیە کە فستیڤاڵی فیلمی کورد لەندەن تا ڕۆژی ٢٤ی نوامبری ٢٠١٣ بەردەوام دەبێت.

نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان- بریتانیا



بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 591 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact