. . . .


13 Nov 2013

‌به‌ڕێوه‌چوونی هه‌شته‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ له‌نده?


به‌ئاماده‌بوونی چه‌ند ئه‌ستێره‌ی گه‌شی دنیای فیلمسازیی كوردی و ژماره‌یه‌كی زۆر ‌ فیلمی سینه‌مایی درێژ، به‌ڵگه‌نامه‌یی، كورته‌فیلم و ئانیمه‌یشن، هه‌شته‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ دوو سینه‌مای به‌ناوبانگی له‌نده‌ن (هه‌كنی پیكچه‌رهاوس) و (وێستبۆرن ستودیۆز) به‌ڕێوه‌ ده‌چێ.

ئه‌م فستیڤاڵه‌ له‌ ڕۆژانی ١٥ بۆ ٢٤ ی مانگی نوامبر، واته‌ 24 ی خه‌زه‌ڵوه‌ر تا 2 ی سه‌رماوه‌ز به‌ڕێوه‌ ده‌چێ‌و فێستیڤاڵه‌كه‌ش‌ به‌ پیشاندانی فیلمی "پێش به‌فربارین" ده‌کرێته‌وه‌.
له‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌و فستیڤاله‌دا پارێزه‌ر و دادوه‌ری ناودارو چالاكوانی بواری مافی مرۆڤ له‌ ئه‌فریقای باشوور "عیسا موسا"،‌ یه‌كێك له‌ پارێزه‌ره‌كانی نێلسۆن ماندێللا، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌فریقای باشوور وتاری ده‌بێ.
ناوبراو ئێستا سه‌رۆكی بۆردی گرووپی ئاكسیۆنی مافی مرۆڤی كوردی له‌ "كه‌یپ تاون"ی پایته‌ختی ئه‌فریقای باشووره‌ كه‌ رێكخراوێكه‌ هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ توركیه‌ ده‌دا.
جێی بیرهێنانه‌وه‌یه‌ که‌ فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ له‌نده‌ن‌ ته‌نیا فێستیڤاڵێكه‌ هه‌ڵبژارده‌یه‌كی وا گه‌وره‌ له‌ فیلمی كوردیی هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌ی كوردستان‌و جیهان پێكه‌وه‌ كۆ بكاته‌وه‌و تیمی به‌ڕێوه‌به‌رانی فێستیڤاڵه‌كه‌‌ له‌و باوه‌ڕه‌دان سینه‌ما رۆڵێكی به‌رچاو ده‌گێڕێ له‌ پێكه‌وه‌گرێدانی به‌شه‌ جیاوازه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی دابه‌شبووی كوردا. ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك‌ له‌ڕێگای پاراستن‌و پێشخستنی هونه‌ر و كولتووری ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ و له‌لایه‌كیش به‌ ناساندنی ئه‌م كولتووره‌ به‌ جیهان مه‌یسه‌ر ده‌بێ.
شایانی باسه‌ له‌ فێستیڤاڵی ئه‌مساڵ‌دا ١٢١ فیلمی سه‌رنجڕاكێش پیشان ده‌درێ‌و له‌وانه‌ ٢٣ ‌فیلمی درێژ، ٤٦ فیلمی دۆكیومێنتاری و ٥٢ كورته‌فیلم كه‌ ٢٠ کورته‌ فیلم یان به‌شداری له‌ چواره‌مین پێشبڕكێی كورته‌فیلمی (یه‌ڵماز گونای)دا ده‌كه‌ن كه‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا راده‌گه‌یه‌نرێ‌

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 867 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact