. . . .


13 Nov 2013

پشتیوانیی ح د ک له‌ بانگه‌وازی هاوبه‌شی ڕێکخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌کا??


بۆ ئه‌وه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو ببێته رۆژی ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕینی گشتی‌ پشتیوانی له‌ بانگه‌وازی ڕێکخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌کان ده‌که‌ین.

6رێکخراو و دامه‌زراوه‌ی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، له‌ به‌یاننامه‌یه‌کی هاوبه‌ش دا داوایان کردوه‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو،23ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ببێته‌ رۆژی ماته‌مینیی گشتی و له‌م رۆژه‌ دا، خه‌لکی کوردستان سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی به‌ندییه‌ سیاسییه‌کان بکه‌ن و بچنه‌ سه‌ر مه‌زاری شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی و دیموکراسی.

چاوه‌ڕوانیی واژۆکه‌رانی بانگه‌وازه‌که‌ له‌ خه‌لکی کوردستان ئه‌وه‌‌یه‌ له‌ رۆژی23 خه‌زه‌لوه‌ردا، به‌ پشتیوانی کردن له‌ بنه‌ماڵه‌ی به‌ندییه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کان، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان دژی به‌ڕێوه‌چوونی سزای ئێعدام وه‌ک تاوانێکی دژه‌ مرۆیی به‌رز بکه‌نه‌وه‌ و له‌ ڕیگا هێمنانه‌ و مه‌ده‌نییه‌کانه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان به‌ گوێی خه‌ڵکی جیهان بگه‌یه‌نن. ئه‌و 6 رێکخراوه‌ داواشیان له‌ حیزب و ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کان و راگه‌یه‌نه‌ گشتییه‌کان کردوه‌ پشتیوانی له‌م بانگه‌وازه‌ بکه‌ن و خه‌ڵک و لایه‌نگرانیان بۆ پشتگرتنی هان بده‌ن.

حیزبی دیموکراتی کوردستان،هه‌ر وه‌ک له‌ بانگه‌وازی ڕۆژی7ی خه‌زه‌ڵوه‌ری خۆی دا رای گه‌یاندوه‌، له‌و باوه‌ڕه‌ دایه‌ که‌ به‌ هه‌ڵوێستێکی گشتی و یه‌کگرتووانه‌ له‌ ئاستی حیزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کان و کوردستانیان و ئێرانییانی ئازادیخواز له‌ نیوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ولات ده‌توانین به‌ر به‌ شه‌پۆلی ئێعدامی به‌ندییه‌ سیاسییه‌کان بگرین.

هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌، سوپاس و ڕێز و پێزانینی خۆمان به‌ هه‌موو کوردستانیان و ئێرانیان له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات راده‌گه‌یه‌نین که‌ له‌ ماوه‌ی دوو حه‌وتووی رابردوو دا، له‌ ئاکسیۆن ورێپێوان و که‌مپه‌ینه‌کانی دژ به‌ سزای ئێعدامی به‌ندییه‌ سیاسییه‌کاندا، چالاکانه‌ به‌شدار بوون. سوپاس و پێزانینی تایبه‌تیشمان بۆ خه‌ڵکی شاره‌کانی مه‌ریوان،سه‌قز و نه‌وسوود که‌ له‌ ئاست تاوانه‌کانی ئه‌م دوایانه‌ی کۆماری ئیسلامی بیده‌نگ و بێهه‌ڵوێست نه‌بوون.

ئێمه‌ پشتیوانیی خۆمان له‌ بانگه‌وازی ڕێکخراوه‌کانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ راده‌گه‌یه‌نین بۆ ئەوەی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 23ی خه‌زه‌لوه‌ر، بکرێتە ڕۆژی ماته‌مینی گشتی، به‌ڵکوو ببێته‌ رۆژی ناره‌زایه‌تیده‌ربڕینی گشتی و بەوشێوەیە، خه‌ڵکی کوردستان یه‌کپارچه‌ و یه‌کگرتووانه‌، ئێعدامی به‌ندییه‌ سیاسییه‌کان له‌ لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ مه‌حکووم بکه‌ن.

خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ هه‌ر ڕۆژه‌ی هه‌واڵی ئێعدامی ڕۆڵه‌یه‌کی ئازادیخوازی خۆتان پێ نه‌گا،

ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ کۆماری ئیسلامی چی دیکه‌ ڕۆڵه‌‌کانتان و خه‌باتکارانی ڕێگای سه‌ربه‌رزیی و ئازادیی ئێوه‌ له‌ دار نه‌دا،

ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ ئه‌و به‌ندییه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییانه‌ی هه‌ر ئیستا له‌ چاوه‌روانیی به‌ڕێوه‌چوونی سزای ئێعدام دان، له‌ مردن رزگاریان بێت،

ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ په‌یامتان که‌ داوای ئازادیی به‌ندییه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانه‌،بگاته‌ گوێی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئینسانکوژی کۆماری ئیسلامی،

هه‌ر چی یه‌کگرتووانه‌تر و راشکاوانه‌تر، رۆژی پینج شه‌ممه‌ 23ی خه‌زه‌لوه‌ر،ماته‌م و ناره‌زایه‌تیی گشتیی خۆتان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و به‌ جیهان نیشان بده‌ن.



بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌و حه‌ره‌که‌تێکی یه‌کگرتوانه‌ و سه‌رانسه‌ری

دژی ئێعدامی به‌ندییه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کان!

حیزبی دیموکراتی کوردستان

ده‌فته‌ری سیاسی

21ی خه‌زه‌لوه‌ری 1392

12/11/2013







بۆ ئاگاداریی زیاتر:

ئه‌و 6 ڕیکخراوه ‌که‌ پێکه‌وه‌ بانگه‌وازه‌که‌یان راگه‌یاندوه‌، بریتین له‌:

سازمان دفاع از حقوق بشر کردستان (ڕێکخراوی داکۆکی له‌ مافی مرۆڤ له‌ کوردستان)

گروه دفاع از حقوق بشر كرد ( گرووپی داکۆکی له‌ مافی مرۆڤی کورد)

کمپین دفاع از زندانیان سیاسی و مدنی (که‌مپه‌ینی داکۆکی له‌ به‌ندییه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کان)

کوردوسایتد واچ - چاک -کمیته شرق کردستان ( کوردوسایتد واچ، چاک- کۆمیته‌ی رۆژهه‌لاتی کوردستان)

كميته كردهاى مقيم امريكا براى دموكراسى و حقوق بشر در ايران (کۆمیته‌ی کوردانی دانیشتووی ئه‌مریکا بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ له‌ ئێران)

زنان صلح مريوان (ژنانی ئاشتیی مه‌ریوان)

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 2183 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact