. . . .


10 Nov 2013

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک دژی رژێمی ئیسلامیی ئێران لە ستۆکهۆڵم بۆ ??


ناوەندی هەواڵ- سوید: دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر لەسەربانگەوازی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوئێد و هەروەها کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان، خۆپێشاندانێک بەبەشداری کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان، چالاکانی مەدەنی و کەسانی سەربەخۆ، دژ بەو شەپۆلی ئێعدام و لەسێدارەدرانانەی رژێمی ئیسلامیی ئێران لە گۆڕەپانی '' سێرگێل تۆریەت'' ی شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو.
شایانی ئاماژە پێکردنە کەش و هەوایەکی زۆر گەرم و دۆستانە لە ناو بەشدارانی خۆپێشاندانەکە، هەستپێدەکرا و هەموو بە تامەزرۆییەوە باسی گرینگیی پێکەوە کارکردنیان دەکرد. ئەم کەش و هەوا دۆستانەیە لەناو هەموو بەشداران بە گشتی و لە ناو ئەندامانی هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکراتدا بە تایبەتی، هەستیپێدەکرا.
لەم خۆپێشاندانەدا ژومارەیەک پارلمانتاری سوئێدی وتاریان خوێندەوەو لە قسەکانیاندا بەتوندی ئەو ئێعدام و کوشتنەی چالاکانی سیاسی و زیندانی‌یان لە لایان رژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە مەحکووم کرد و داوایان ئەوە بوو کە سوئێد و یەکیەتی ئوروپا هەرچی زووتر ئەم کردەوانەی رژێم مەحکووم بکەن و رێگایەک بۆ بەرگرتن لەو ئێعدامانە بدۆزنەوە.
شایانی ئاماژە پێکردنە کەش و هەوایەکی زۆر گەرم و دۆستانە لە ناو بەشدارانی خۆپێشاندانەکە، هەستپێدەکرا و هەموو بە تامەزرۆییەوە باسی گرینگیی پێکەوە کارکردنیان دەکرد. ئەم کەش و هەوا دۆستانەیە بەتایبەت لە ناو ئەندامانی هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکرات بە روونی هەستیپێدەکرا.
دواتر وتاری چەندین حیزب و رێکخراوی دیکەی کوردستانی و هەروەها کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ خوێندرایەوە.
وتاری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی حیزب '' ئەسعەد یۆسفی'' خوێندرایەوە کە لە بەشێکی وتارەکەدا پێویستیی هاوکاری و هاودەنگیی هێزە سیاسییە خەباتکارکانی کورد وەک پێداویستییەکی گرینگی هەنوکەیی باسکرابوو.
خۆپیشاندانەکە لە هەوای سارد و تاریکی مانگی نوامبری سوئێد، دوای دوو کاتژمێر بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب کۆتایی پێهات.

ئەوەش دەقی پەیامی ئێمە بۆ خۆپێشاندانی سوئێد:

هاونیشتمانانی بەڕێز!
خەڵکی ئاوارە و تاراوی دەستی رژێمی ئیسلامیی ئێران!
بەشدارانی بەڕێزی ئەم خۆپێشاندانە !
خەزەڵوەرەو تەرمی لاوانمان وەک گەڵای پاییز هەڵدەوەرێن!
سەرەتا سپاسی بەشداریتان دەکەین کە بەم ئێوارە سارد و تاریکەی ستۆکهۆڵم، بەشداری ئەم خۆپێشاندانە بوون.
بەڕێزان ، لێرە کۆبووینەوە تا دەنگی نارەزایەتی خۆمان دژی ئێعدامی باشترین رۆلەکانی نەتەوەکەمان بەگوێی خەڵکی دنیا رابگەیەنین.
رژێمی سەرکوت و سێدارەی ئیسلامیی ئێران، هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری، جگە لە شەڕ و کوشتار و دار و ئێعدام، هیچ دیارییەکی بۆ نەتەوەکانی ئێران پێنەبوو.
بەڕێزان ئەمڕۆ لەکاتێکدا لەدەوری یەکتر و پێکەوە هاواری خۆمان دەگەیەنینە گوێی دەوڵەتانی دێموکرات، رێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و ئینسانە مرۆڤدۆستەکان کە ژومارەیەکی بەرچاو لە رۆڵەکانی نەتەوەی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران،لە زیندانەکانی رژێم‌دا چاوەڕێی بەڕێوەچوونی حوکمی ناڕەوای ئێعدامن.
جێی ئاماژەیە، ئەم ئێعدامانە لە دەوڵەتێکدا بەڕێوەدەچن کە چەند مانگ لەوە پێش، بە دروشمی '' ئیعتدال و هاوبەشی'' سرنجی گەلانی ئێرانی بۆ لای خۆی راکێشا و دەنگەکانی ئەوانی وەرگرت. بەڵام رەوتی کارەکان دوای هاتنە سەرکاری '' رووحانی'' بەشێوەیەکە، کە تەنانەت دەوڵەتی پێش ویش بەم شێوە بێ پەروایانە و بێرەحم نەکەوتبووە گیانی بەندییە سیاسییەکان.
ئەم سیاسەتی زەبر و زەنگ و ئێعدام و هەڵاوەسینە، لەکاتێکدایە کە رژێمی ئیسلامیی ئێران خەریکی نەرمی نواندن تا رادەی تەسلیم و خۆبەدەستەودان لەگەڵ شەش وڵاتی زلهێزی جیهان چووەتە پێش و روخسارێکی ئاشتی خوازانە لە خۆی نیشان‌دەدا. بەلام لە ناوخۆی وڵات بە دەستی ئاسنین بەرەو رووی خەڵک بە گشتی و زیندانییە سیاسییەکان بە تایبەتی دەبێتەوە.
خەڵکی خەباتکار و نەسرەوتووی کوردستان، کوردانی نیشتەجێی سوئێد، هەمووی ئێمە قوربانی و تاراوی دەستی رژێمێکین کە ئەوە ٣٤ ساڵە بێ جیاوازیی‌دانان لە نێوماندا، خەریکی کوشت و کوشتار و دەربەدەر کردنمانە. سیاسەتی ئەم رژێمە هەر لەسەرەتاوە، لەسەر بنەمای '' پەرتەوازەکردن و حکوومەت کردن'' بەڕێوە چووە. لەگەڵ ئەوەی رژێم بە فرتوفێڵ و دەستبادان توانیویەتی تا ئێستا خۆی بە پێوەراگرێ، بەڵام ناکرێ بە تەنیا هەر ئەو بە تاوانبار بزانین، تاوانی ئێمەی سیاسی، رووناکبیر و خەباتکاریشی تێدایە. تاوانی ئێمە پەرتەوازەیی، دوو دەستەیی و چەند دەستەییە. ناکرێ و ناگونجێ پۆلێک خەباتکار کە هەموویان مەبەستیان رزگاری نەتەوەکەیان و دابین کردنی دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤە، نەتوانن پێکەوە کاربکەن و لەسەر لانیکەمی ویستە هاوبەشەکانیان رێککەون!
بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم رژێمە فاشیستی- مەزەبییە، ئەگەر بە یەکگرتوویی کارنەکەین و لەسەر لانیکەمی ویستەکانمان هاودەنگ نەبین، بێشک دەبێ هەروا لە تاراوگە و بێ هێز، هەموو رۆژێ شاهیدی ئێعدام و لەسێدارە درانی باشترین رۆلەکانمان بین.
هاونیشتمانانی بەڕێز!

حیزبی دێموکراتی کوردستان وێرای ئەوەی ئەم ئێعدام کردنانە بە توندی مەحکووم دەکا و خوازیاری کۆتایی هێنانیانە، هەروەک هەمیشەش رایگەیاندووە و باوەڕی قووڵیشی پێیەتی، دەستی هاوکاری بۆ هەموو ئەو هێز و رێکخراوانە درێژدەکا کە باوەڕیان بە رزگاری، ئازادی ، دێموکراسی و مافی نەتەوەکان هەیە. پێشمان وایە ئەوەی دەبێ لە هیچ هەلومەرجێکدا لەبیرنەکرێ ئەوەیە کە: یەکگرتن سەرکەوتن دەستەبەر دەکا.
بەرز و شەکاوەبێ ئاڵای رزگاریی نەتەوەکەمان!
سەرکەوێ هاوخەباتی و هاوکاریی نێوان هێزە خەباتکار و ئازادیخوازەکانی کورد!
بژی هاودەنگی نێوان نەتەوەکانی ئێران!
نەمان بۆ رژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامیی ئێران!

حیزبی دێموکراتی کوردستان/ کۆمیتەی سوئێد
١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی
١٠ی نوامبری ٢٠١٣

--------------------------------------------------------------------------------------------------------


 

 

 


بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 794 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact