. . . .


1 Nov 2013

درەوشانەوەی سینەماکارانی کوردستان لە فستیڤاڵی فیلمی ئەبووزەبی دا


ئا: ئازاد بانەیی
حەوتەمین دەورەی فستیواڵی فیلمی ئەبووزەبی بە بەشداری دەیان فیلمی کورت و درێژ، لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە کە ڕۆژی ٢٤ی ئۆکتۆبر دەستی پێکرد و تا ڕۆژی ٢ی نۆڤامبر درێژەی دەبێ، بووە مەیدانی دروەشانەوەی چەندین فیلمی کوردی. هەرچەندە وا چاوەڕوان دەکرا کە لە ئەنجامدا فیلمێکی عەرەبی خەڵاتی کۆتایی بباتەوە، بەلام دەرهێنەری بەناوبانگی چینی " ژیا ژانگکە" خەڵاتی کۆتایی فستیواڵی بردەوە. هاوکات دەرهێنەری بەناوبانگی گەلەکەمان " هونەر سەلیم"، بە فیلمی خاکی تاڵ و شیرینم، براوەیەکی دیکەی ئەو فستیڤاڵە بوو.
شەوی پێنجشەممە بە شەوی درەوشانەوەی فیلمی کوردی لەو فستیڤاڵە دا دێتە ئەژمار، بە جۆرێک کە دوو دەرهێنەری کورد توانیان بە نیشاندانی فیلمەکانیان، دوو خەڵاتی پەنجا هەزار دۆلاری بۆ خۆیان بە دەست بێنن. فیلمی خاکی تاڵ و شیرینم کە چیرۆكێکی ئەویندارییه‌و باس له‌په‌یوه‌ندیی نێوان كوڕێک بەناوی باران‌ و مامۆستایەک بەناوی گۆڤەند ده‌کات، به‌ڵام له‌به‌رده‌وامی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌دا به‌هۆی ئه‌وه‌ی کچه‌که‌ دوانزه‌ برای هەیە دەبنە هۆی دروستبوونی كێشە بۆی، خەڵاتی تایبەتی دەستەی بەڕێوەبەرانی فسیتیڤاڵی بە دەست هێنا. لەو فیلمە دا کچە ئەکتەری بەناوبانگی ئێرانی گولشیفتە فراهانی دەوری گۆڤەندە دەبینێ، کە بە وێنا کردنی ژیانی کچ و ژنانی کوردستان لە کۆمەڵگایەکی ئایینی و دواکەوتوو دا بەرەوڕووی چەندین کێشەی گەورە دەبێتەوە. پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو فیلمە پێشتر لە فستیڤاڵی فیلمی کان دا بەشدار کردبوو.
هاوکات هشام زەمان سینەماکارێکی دیکەی کورد بوو کە لەو فستیڤاڵە دا بە نیشاندانی فیلمی سینەمایی " پێش بەفر بارین"، کە بە بەرهمی هاوبەشی وڵاتانی ئاڵمان، نۆروێژ و کوردستان ناوی دەبرێ، توانی خەڵاتی تایبەتی بەشی نەوی نوێ بە دەست بێنێ. فیلمەکەی هیشام،یش هاوشێوەی فیلمەکەی هونەر سەلیم، باس لەو کلتووری توند تیژی و تێکشاندنی ئەو دابو نەریتە نەخوزراوانە دەکات کە لە ژێر ناوی کلتوور و ئایین دا دەست و پێی کۆمەڵگەی کوردەواری بە تەواوی بەستووەتەوە و بووتە هۆی چەق بەستن و قەتیس مانەوەی لە چوارچێوەیەکی بەرتەسک دا، کە دەرهێنەر هەوڵی داوە دژایەتی چەمکی کۆن و مۆدێرن لە کۆمەڵگای تازە پێگەشتووی کوردستان دا لە فیلمەکەی دا وێنا بکات. فیلمەکەی هیشام هاوینی ئەمساڵ لە فستیڤاڵی فیلمی گۆتێنبێرگ لە وڵاتی سوید نمایش کرا و بووە جێی سەرنجی سینەماکارانی جیهانی.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 800 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact