. . . .


30 Oct 2013

دیداری نوێنەری حدک لەگەڵ سکرتێری گشتی ئەنترناسیۆناڵی سوسیالیست، لە


ناوەندی هەواڵ- بریتانیا: بەڕێز مەولوود سوارە ئەندامی رێبەری حیزب و نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئەنترناسیۆناڵی سوسیالیست، هاوڕێ لەگەل هەیئەتێکی ئیتلافی ئوپۆزیسیۆنی سوریە بەسەرپەرستی بەرێز ولید سەفوور،ی باڵوێزی ئیتلافی سوریە لە بریتانیا و هەروەها عەزیزی تالانی و هەیئەتێکی ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سوریە، کات ژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٣، سەردانی بارەگای سەرەکی ڕێکخراوی ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیست،یان کرد و لەگەڵ بەرێز لویس ئەیالا سکرتێری گشتی ئەو ڕێکخراوە دانیشتن.
سەرەتای کۆبونەوەکە کورتەیەک باسێک لەلایەن بەرێز لویس ئەیالا لەسەر ئێس ئای و هەروەها چالاکیەکانی ئەم رێکخراوەیە پێشکەشی بەشداران کرا. پاشان بەرێز وەلید سەفوور،ی باڵوێزی ئیتلافی سوریە لە بریتانیا، لەسەر دواین ڕووداوەکانی سوریە و پێشێلکاریەکانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد دوا و نیگەرانی خۆی لە دەستێوەردان و پشتیوانی مسکۆ و ئێران لە ڕژیمی ئەسەد دەربڕی.
لە بەشێکی تری قسەکانی سەفوور ڕخنەی لە وڵاتان و رێکخراوە سۆسیالیستەکانی جیهان گرت کە لە ماوەی رابردوو دا بەرامبەر بە دۆخی نالەباری سوریە و ئەو کارەساتەی کە بە سەر خەڵکی ئەو وڵاتە هاتووە بێدەنگن!
بەرێز لویس ئەیالا لە وڵامدا وتی: هیچ رێکخراو و حیزبێکی سۆسیال دێموکرات پشتیوانی لە بەشار ئەسەد و مانەوە ناکات و پێویستە هەموو لایەکمان هەول بدەین و کار بکەین بۆ لابردنی ئەم ئاستەنگەی سەرڕێگای ئاشتی و دیموکراسی لە سوریە دا. من لە دواین دیداری چەند رۆژ پێشم لە ترکیە کە بۆ کاروباری کۆبوونەوەی شوڕا کە بڕیارە رێکەوتی ١١ و ١٢ی نوامبری ٢٠١٣ لە ئیستانبوڵ ببسترێت، لەگەل هاوڕێیانی جەهەپە دواوم و ئەوانیش پشتیوانی لە دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک لە سوریە دەکەن.
لە بەشی دووهەمی ئەو چاوپێکەتنە دا، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان بە جیا و بۆ جاری دووهەم لەگەڵ بەرێز لویس ئەیالا دانیشتەوە و باسێکیان لەسەر ئەنترناسیونال و گیرو گرفتەکانی ئەم دوایانەی ئێس ئای و هەروەها رێکخراوی تازە دامەزراوی هاوپەیمانیەتی پێشکەوتوو دواین کۆبونەوەیان واتە ٢٤ی ئۆکتوبر کە لە سوئید گیرا کرد. پاشان نوێنەری حیزب لەسەر دواین رووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئیعدامی ڕۆڵەکانی کورد بەدەستی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت دوایین ئیعدامەکانی زیندانیانی سیاسی و ئیعدامی حەبیبوللا گوڵپەری پوور لە زیندانی ورمێ و هەروەها ڕەزا ئیسماعیلی لەزیندانی سەلمان و ١٦ چالاکی سیاسی و فەرهەنگی بلوچ لە شاری زاهیدان، بێ رێزی کردن بە شوێنکەوتووانی ئایینی یارەسان و گرتنی زیاتر لە ٣٠ کەس لێیان، بەشێکی دیکەی باسەکان بوون. نوێنەری حیزب لەبەشێکی تری قسەکانی دا گلەیی و گازەندەی لە وڵاتانی زلهێز و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا و بریتانیا کرد کە مەسەلەی چەکی ناوەکی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانیان کردووەتە تەوەری سەرەکی باس و خواسەکانیان لەگەڵ نوێنەرانی ئەو ڕژیمە دا و ئەو هەموو پێشێلکارییانەی کە دەرحەق بە خەڵکی ئێران، بە تایبەت ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەکرێ پشتگوێ خستووە. نوێنەری حیزب بە ئاماژە بە نەبوونی دێموکراسی و ئازادی تاکەکان، وتی: بی رێزی بە یارەسانەکان، پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و لاوان و ئیعدام لە سەردەمی دەسەڵاتی نوێی ڕوحانی دا، بۆتە کاری رۆژانەی ئەم دەوڵەتە. ناوبراو داوای لەبەڕێز لویس ئەیالا کرد کە لە کۆبونەوەی داهاتووی شوڕای ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیست کە رۆژی ١١و ١٢ی نوامبر لە ئیستانبول دەگیرێت، لە باس و خواسەکان و بڕیارنامەی کۆتایی ئەو دانیشتنە دا بەشێوەیەکی جیدی ئاوڕ لە دۆخی نالەباری خەڵکی ئێران و کوردستان و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و ئیعدام و کەشی ترس و تۆقاندنی نەیاران لە لایەن رژیمی ئاغای رووحانی،یەوە بدەنەوە و جگە لە لە قاودانی، بە توندی مەحکومی بکەن.
لە کۆتایی ئەو دانیشتنە دا نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ئەنتێرناسیۆناڵی سوسیالیست، لۆگۆیەکی ڕێکخراوی ئێس ئای،ی لە لایەن حیزبەوە پێشکەش بە لویس ئایالا کرد و هاوکات داوای لێبووردنی کرد کە بە هۆی هێندێک گرفتی شەخسییەوە ناتوانێ لە دانیشتنی ڕۆژانی ١١ و ١٢ی نۆڤامبر دا بەشداری بکات و داوای سەرکەوتنی لە کارەکانیاندا بۆخواستن.

نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان- بریتانیا

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 605 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact