. . . .


14 Oct 2013

ئەخلاق و هەلسوکەوت لە کۆمەڵگادا


ئەسعەد قەیدی
ئەخڵاق وەک هزرێکی نادیار لە هەندێک پێناسەی دەروونی و فەلسەفیدا ناکرێ بە هەند وەر نەگیریت لە سەر ئەو تاکانەی کە لەناو کۆمەلدا گۆشەگیر بوون. بۆ ئەم مەبەستە ئیمە پێویستیمان بە پسپۆری و شارەزایە کە قوتابخانیەک یا خود شوێنی حاوانەوەیەک بنیاد بنێن و کار لە سەر ئەم دیاردە شاراوەیە بکەن و مرۆڤە بریندارکراوەکان و کەسانێک کە توشی هەڵەی نەخوازراو هاتوون؛ بە بیرێکی سالم و مێشکێکی ئاسودەوە بنێرنەوە ناو کۆمەڵگا.لە سەر "ئەخلاقە" دیارەکانی کەسیەتی مرۆڤ؛ زۆر قسە و باس هەڵدەگرێت کە لە توانای خامەی لاوازی مندا نییە بتوانێ ئیشارە بە گشت لایەنەکانی بکات.،هەربۆیە تەنیا ئەو لایەنەی باسدەکەین کە راستەوخۆ کاردەکاتە سەر کردارەکانی مرۆڤ { ئاکار }.
خوێندنەوەی مرۆڤ بە شێوەیەکی باباتیانە ،بە هیچ شێوەیەک ئاسان نایتە بەرچاو . خودی مرۆڤ بە گۆرانێکی نادیاردا هەنگاو دەنیت لە ئاند رووداوەکانی دەورووبەری خۆیدا ،کە رەنگە نەتوانرێ پەنجە لە سەر خاڵە دیارەکانی هەڵسوکەوتکردنی مرۆڤ بە شێوەیەکی رەها دابنرێت.مرۆڤ ئەو بونەوەرەیە کە لە سەرەتایی هاتنە ناو کایەکانی ژیانەوە، توانی بەسەر گشت زیندەوەرێکی دیکە دا زاڵ بیت و کارێکی واشی کرد کە زۆر بە باشی سروشت و گیانلەبەرەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.
هەر لە دەورانی بەرەوپێشچونی بەشەرەکان، پاشان لە دەوری یەکتر هاڵان و کاری بە کۆمەڵ کردنیان ، وردە وردە شتەکانیان لە لا بە قیمەت و بەنرخ دەهاتە بەرچاو .هەر ئەم جۆرە بیرکردنەوەی مرۆڤەکان وایی لێهات کە لەگۆناغی گەراندا خۆ بخزێنە ناو چوارچێوەی شتە مانادارەکا و ئەو بیرۆکەیەش وایکرد کە بیر لە شتە مانادارە باشەکان و خێردارەکان بکەنەوە . ئەوە یەکەم قۆناغی گەشەی ناسینەوە بۆ ئەخلاق دێتە ئەژومار. لە کۆمۆنی سەرەتایدا سەرەتا بە شکڵ و پاشان کێشانەوەی هەندێک وێنە و دەست پێکردنی وشە ،سەرەتای دابەش بونی دوو مانایی لە هزریی مرۆڤ دا بنیادنا کە یەکیان وەک وشە و ئەوی تریشیان وەک جوڵە لە ناو کۆمەڵگادا جێگیر بوون . دوایی گەشە و بە رووکاری نوێ هاتنە مەیدانی مرۆڤ، وایکرد کۆمەڵگایەکی مۆدرێن لە سەربناغەی ئەو کۆمۆنانە بێتە کایەوە . هەر وشە بوو کە لە دواجاردا بو بە یاسا و هەر کرداریش بوو وەک هەوێنی ئەخلاق هاوتا لە گەڵ ئاخافتن لە دایک بوون دیارە ئەم پێناسانە لە ناو هزری فەلسەفیدا لێکدانەوەی وردترو و قوڵتری بۆ دەکریت کە جێگایی ئەو باباتەی ئێمە نییە .دوایی سەرهەڵدانی مانایی چاکە و لە پاشان دەرکەوتنی مانای خراپە بوون بە دوو دیاردەی ڵێکگرێدراو بۆ دەرکەوتنی خێر و شەر.هەر ئەم دوو واتا مانادارە وایکرد کە مرۆڤەکان لە ناو خۆیاندا کەسانی چاکەکار و کەسانی ئاکار ناپەسەند لە چاوەکانی یەکتردا بخوێنەوە و ئەم دوو لایەنە وەک چاکە وخراپە لێکجیاکەنەوە
پێناسەی “ ئەخڵاق “ بەشێوەیەکی گشتی ؛ لێکدانەوە و شرۆڤە و تێرامانێکی وەرد و زانستیانەی دەوەێ؛ کە رەنگە لە توانای پێنوسی کڵۆڵی نوسەری ئەم دێرانە دا نەبێت .بەڵام شرۆڤە کردنێکی رووکەشی "ئەخلاق" و دیاردە نەریتیەکانی ئەخلاق لە ناو کۆمەڵگای مرویی و کۆمەڵگەی کوردیدا ، رەنگ بێت زەرەری نەبێت بۆ پەز . هیوام وایە ئەو کەسانەی کە شارەزایەکی باشیان لەسەر ئەم چەمکە و رەهەندەکانی لە ناو جومگەی کۆمگادا هەیە؛بێنە مەیدان و قۆڵی لێهەڵماڵن و پێنوسەکانیان بخەنەگەر لە پێناو ئاشنا کردنی ئەم دوو چەمکە بە نرخەدا. بۆ روونکردنەوە و بەرچاوروونی تاکی کۆمەڵگا لە لایەک و لەلایەکی دیکەش بۆ ئەوەی زیاتر سود ببەخشیت بە نەسلی داهاتومان لە پێناو گۆرانکاریە کۆمەڵایەتیەکاندا . بۆ سەرخستنی پرۆسەی دێمۆکراتیزە کردنی کوردستانێکی کراوە و دوور لە توندوتیژی و پاراستنی ئەخلاق و پارستنی ئەخلاقە شۆرشگیری و مەدەنییەکان؛بە ئەرکێکی پیرۆز دابنرێت. زۆر جار لەبەر نائاگاهی تاک و سیستمی سەقەت و لاوازی پەروەردە لە ناو کۆمەڵگایی "رۆژهەڵاتیەکاندا" بە بێ گوێدانە پرنسیپەکانی " ئەخلاق"؛ بەناوی " بێ ئەخلاقی " کەسیەتی و کەرامەتی مرۆڤ دەکرێتە ئامانج و هەوڵی تێکشکاندنی تاکەکان دەدرێت . بەداخەوە لە ناو کۆمەڵگایی رۆژهەلاتدا { ئاسیا } لە سەر شتێکی زۆر بەسیت و بێ نرخ کەرامەتی تاکەکان وەها دەشکێنن کە نەتوانن جارێکی دیکە خۆیان بگرێنەوە و بێنەوە مەیدان. سیستمی گۆران لە ناو هەناوی کۆمەلگادا زۆر بە هێواشی هەنگاو دەنێت و خودیی ئەو هێواش رۆیشتنەش دەگرێتەوە سەر نەبونی سیستمێکی باش و پشکەوتووی پەروەردە و چارەسەری دەروونیەکان بەشێوەیەکی مەدەنی و زانستی وەک دەزگایەکی سەربەخۆ. ئەو دەزگایەش دەبێ ببێت بە پەناگەیەکی ئارام و بتوانێت ئەکتیڤ بێت و ببێت بە قوتانخانەیەکی دەروونی بۆ پشتیوانی ئەو کەسانەی کە غەدریان لێدەکرێت یاخود لە کۆمەڵگادا پەراوێز دەخرێن.
ئەخلاقی گشتی
لە ناو فەرهەنگی دواکەوتوودا تیرۆر کردنی کەسێتی مرۆڤەکان بۆتە رۆتینێکی رۆژانە . هەر ئەم ئەقڵیەتەش وایکردووە کە تاکەکان هەرکات کەرامەتو کەسێتی یەکتریان تێک شکاند ئەوە شایی ولۆغان دەگێرن و بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خۆیان بە حیساب دێنن .درۆ و بوختان هەڵبەستن ،دۆزینەوەی عەیبێکی کەسەکان ،بەلارێدابردنی کەسانی سادە و ساکار ،کڵاوبەرداری و هۆقەبازی ،وەک ئەخلاقێکی گشتگیر خەریەک پەرەدەستێنێ .گۆمان لەوەدانییە کە لەوەها فەرهەنگێکدا هیج کەس نابێت لە خۆی ئەمین بێت.،لەبەر ئەوەی لەمجۆرە ئەقڵیەتانەدا جیاوازی ناکرێت بە رەش وسپی ،گرینگ ئەوەیە هەرکەسە بۆ سەرکەوتنی خۆی پێ لە سەر سەری دیگەران دادەنێ بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی . ئەم ئاکارەش وایکردووە بۆتە سیستمی بەرێوبەری لەناو کۆمەڵگادا .ئەم کەلتورە بۆگەنە لە ناو هێزە سیاسیەکانیشدا رەنگی داوەتەوە و بە هەمان شیوە پەیرەو دەکرێت کە لە ناو کۆمەڵ و حکومەتکانیاندا بەرێوە دەچێ.لەم جۆرە سیستم و کۆمەڵگایانەدا رێزی مرۆڤ بە هەند وەر ناگیرێت. چ لە چوارچێوەی دیندا و چ لە چوارچێوەی عیلمانیدا بەها مرۆیەکان دەست نیشان نەکراون ،یان ئەگەر دیاریشکرا بێت؛ ئەوە بەندێک نەبۆتە بریار بۆ پاراستنیان وەک خاڵێکی سەرەکی نەبوونەتە رێچکەی کرانەوەیەکی کۆمەڵایەتی .لە لایی ئەم جۆرە سیستمانە مرۆڤ تەنیا هەر ئەوەندە بە قیمەتە کە لەگەلیاندا هاوتەریب و هاوخان بێت و بە قازانجی ئەوان هەلسوکەوت بکات ،یان هەر ئەوەندە رێزی هەیە کە تا کارەکانیان بۆ مەیسەر دەکات.واتە وەک کالا سەیری کەسیەتی مرۆڤ دەکریت و هەر وەک کالا بەکاری دەهێنن. کۆنترۆڵکردنی تاکەکان لە ناو بازنەی سیاست و ئەمنییەتدا بەجوریکە کە تاکی لایی خۆمان ناوێرن و مەجالیان نییە بێنە مەیدان و هزر و بیروراکانی خۆیان بە ئارەزوو پەرە پێبدەن ،یاخود بڵاو بکاتەوە .ئەو هەنگاوانەش وایانکردووە مرۆڤەکان نەتوانن خۆیان پەروەردە بکەن و سود بە کۆمەڵگاش بگەیەنن تەنانەت ئەوانەی کە شتیشیان لە دەست دی لە هەموو بوارە جیا جیاکاندا، هەر هەمان ترسیان هەیە و ناویرن لە کۆمەلگایی کوردی و غەیرە نیزیک بنەوە لە ترسی لەکەدارکردنی کەرامەتی خۆیان . ئەو ترسەش تاکەکانی کورد لە کارکردن و هەوڵدان بۆ بەئامانج گەیاندنی ئەو تێزو رەشتانەی کە دەیانزانێ سارد دەکاتەوە ، کەبیانخاتە خزمەتی وڵاتەکەی خۆیان .بە رایی بەندە ئەگەر تاکی کورد سەربەخۆ بێت و ئازادیی تاکی لێ زەوت نەکرێت {ئەڵبەت دوایی پەروەردەیەکی سالم } ئەوە لە گەشەی خۆ پێگەیاندن دا سەرکەوتن بەدەست دێنێ . ئەگەر بەوردی لە ئەخلاق و رهەندەکانی ئەخلاق شارەزا بین و هەموو شتێک نەبەستینەوە بە رەسەنایەتی یا خود دابوو نەریت، ئەوە بێ گومان هیچ کەس و لایەنێک هەوڵنادات بەرانبەرەکەی بە شێوەیەکی نائەخلاقی لەکەدار و عەیبدار بکات.هەر ئەم بەکەمگرتن و چکۆلەکردنەوەی تاکەکان لەناو کۆمەڵگادا گاریگەری نەرێنی دەبیت و ئەو روودەوانەش راستەوخۆ کاردەکەنە سەر مرۆڤەکە و توشی دەیان رووداویی نەخوازراوی دەکات کە رۆژانە گوێ بیسیان دەبین . لەناو بەستێنی ئەم پەرچەکردارانەدا و لە ئاکامی ئەم بەربەستانەدا؛ کەسیەتێکی نامۆ و توندرەو لە ناو منداڵدانی کۆمەڵگادا لە دایک دەبێت . هەر ئەو جۆرە مرۆڤانەش بە چوکترین هەڵسوکەوتی نامۆ لە خۆیان ،لە خۆیان و لە ژیانیان بێزار دەبن و پەرچەکردار لە خۆ نیشان دەدەن .ئەم جۆرە کەسانە هەموو ئاکارێکی بەرانبەرەکەی لەلا دەبێتە پرسیار و هیچ شتێکی خۆی نابینێ. واتە هەمیشە خۆی بەراست دەزانێ و دیگەران بە ناراست .ژن و کج کوشتن بە ناویی شەرەفەوە یەکێکە لەو ناهۆشیاریە کە لە ناو کوردا بەرچاوە و بەداخەوە بە باشی لە مانا و رەندەکانی ئەخلاق تێ نەگەیشتوون .بەستنەوەی ئەخلاق بە ئاین و رێساکانی دینی و ئاسمانی ؛گەورەترین زەربەی لە خودیی پێناسەی ئەقلاق داوە و کاریکردۆتە سەر سیستمی پەروەردە لە ناو کۆمەڵگادا.بۆ ناسینەوەی ئەخلاقی باش و کرداری باش پێویستیمان بە گۆرانیەکی قوڵوبنەرەتی هەیە لەناو بازنەی پەروەردەدا .ئەم گۆرانەش لە توانایی کەسانی خاوەن سەرمایە و خاوەن هزر و خاوەن هێزێکی باشدایە کە خۆ بخزێنێتە ناو چوارچیوەی دەسەلات و ئەم گۆرانە دروست بکات و سەرکەوتن بەدەست بێنێت ..
وەک خوێندنەوەی هەندێک لە زانا و کۆمەڵناسان لە سەر پابەند "مولزەم " بونی بەشەر بە داب و رێساکانی کۆمەڵگاوە ،دەریدەخات کە مرۆڤ له‌ گه‌ڵ ئه‌و به‌هایانه‌ی كه‌ به‌ پێی لێكدانه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵگا بە باش په‌سه‌ند دەکرێت ، دیسان جێاوازیه‌كانی ڕه‌وشتی مرۆڤ لە ناو چاکە و خراپەدا نیشان دەدات.پێش ئەوەی کۆمەڵگا بریار لە سەر ئاکار و کردەوەکانی خۆدی مرۆڤ بدات ،رەفتارەکانی تاک راستەوخۆ دەبنە بەشێک لە کردارەکانی ناو کۆمەڵگا .بۆیە ئاكار ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵسوکه‌وت و ڕه‌فتاری مرۆڤه‌ به‌پێی ئه‌و به‌هایانه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگا بۆ مرۆڤی دیاری ده‌كات دەردەکەوێت . ئه‌و به‌هایانه‌ش به‌ درێژایی مێژوو كۆمه‌ڵگا و تاك له‌ ڕێگای په‌یوه‌ندی و هاو نشین بوون و چالاكی كرداری هاوبه‌ش لە سەرەتایی هۆشەوە تا مردن به‌ ده‌ستیان هێناوه‌ ، كه‌ بریتیه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ پرێنسپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ تاكه‌كان له‌ سه‌ری ڕێك كه‌وتوون و بووه‌ته‌ كولتورو داب و نه‌ریت و ده‌بێت مرۆڤ پابه‌ند بێت پێیه‌وه‌ و ناوی نراوه‌ " ئه‌خلاق " . گه‌ر مرۆڤ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌هایانه‌ ڕه‌فتارو هه‌لسوكه‌وت بكات به‌ لای كۆمه‌ڵگاوه‌ ده‌ر چوونه‌ له‌" ئه‌خلاق " و به‌ كرداری نائه‌خلاقی ناو ده‌برێت ..هه‌روه‌ها مەعریفەی چاكه‌خوازی ئه‌خلاق ئاراسته‌یه‌كه‌ بۆ گەورەیی . هەر ئەم سەرکەوتنەش وایی کردووە کە زۆر داهێنان و تێرامان لە ناو ژیانی خۆیدا دروستبکات .
بەرایی بەشێک لە زانایان کە پێیانوایە ،بە پێی گۆران لە ژیانی مرۆڤدا، دەکرێ بڵێن ئەخلاقیش بە شیوەیەکی نادیار دەگورێت و کاردەکاتە سەر هەلسوکەوتەکانی مرۆڤ.شێوەی بیرکردنەوە ،کرداری تاک ،بە هەموو لاینەکانیەوە ،لە ناو کلتوردا بەستراوەتەوە بە ئەخلاقی کۆمەلایەتیەوە .بڵام ئایە کلتور وەک ئەخلاق دەکرێ پێناسە بکردێت .؟
کولتوور بریتییە لەو کۆمەڵە تایبەتمەندی‌ و ڕەفتارەی‌ کە لە نێوان ئەندامانی‌ کۆمەڵگەیەکی‌ تایبەتدا ھەن بە شێوەیەکی‌ گشتی‌ وەک (زمان، ئایین، بەھا پیرۆزەکان، بیروباوەڕ، ئەدەب، ھونەر، یاسا، تەکنەلۆژیا و گەلێک تایبەتمەندی‌ دیکەش دەگرێتەوە. ھەموو کۆمەڵگەیەکی‌ مرۆڤایەتی‌ بەو کۆمەڵە گرووپە دەوترێت کە ماوەیەکی‌ دوور و درێژ لە ناوچەیەکدا وەک یەکەیەکی‌ کۆمەڵایەتی و جیاواز لە گرووپ و کۆمەڵی‌تر ژیان دەبەنەسەر.کۆمەڵگە و کولتوور بێ‌ یەک نابن.کلتور لە ئەخلاق جیا ناکرێتەوە ،دیارە زۆر ئاسانییە کە کلتۆر بە ئەخلاقەوە بناسێنی یان ئەخلاق بە کلتورە .،بەڵام بە رایی من کلتورە ئەخلاق بنیاد دەنێ . ھیچ کۆمەڵگەیەک بە بێ‌ کولتوور ناتوانێت شارستانییەتی‌ تایبەت بە خۆی‌ ھەبێت. کولتوور لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا بەو شێوازە ڕێک دەخرێت کە تاک و گرووپەکان بتوانن لەو چوارچێوەیدا پێکەوە بە شێوەیەکی‌ کاریگەر ھەڵسوکەوت بکەن و ھەر ڕەگەزێکی‌ کولتووریش بریتییە لە کۆمەڵە شتێک وەک: ھەستان بە کارێک، یان ئەو چالاکییانەی‌ کە لەو ڕەگەزەدا دیاریکراون، لە ھەموو کۆمەڵگەیەکیشدا بنەمای‌ خێزانی‌، یەکەی‌ ئابووری‌ و کۆمەڵایەتی و سیاسی‌ و دینی‌ ھەن بۆ پڕکردنەوەی‌ پێویستییەکانی‌ ژیان، لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا سەرەڕای‌ ئەمانە یەکەی‌ سەربازی‌ گەشتوگوزاریش ھەن. ھەرچەندە خەڵک بەشێوەیەکی‌ گشتی‌ لە پابەندبوون بەو بنەما سەرەکییانەوە کە بەشیکە لە ئەخلاقی تاکەکان؛ لە کولتوورەکەیاندا ھەن بەردەدوامن و زۆرجاریش بەرەنگاری‌ چەمک و گۆڕانکارییە نوێکان دەبنەوە، بەڵام بەدرێژایی‌ مێژوو ھیچ کولتوورێک نییە کە لە سەردەمانێکی‌ درێژدا گۆڕانی‌ بەسەردا نەھاتبێت و بگرە زۆریکیش ھەن لەناوچوون. بەڵام پلە و ئاستی‌ لە ناوچوونەکەشیان جیاوازە، ئەو کاتانەی‌ کە ڕەگەزێک، یان کۆمەڵە ڕەگەزێکی‌ نوێی‌ شارستانی‌ دەردەکەون، دەبینین ڕەگەزە کۆنەکان بەرە و پووکانەوە و فەوتان دەڕۆن،.کەواتە لێرەدایە ئەخلاقیش کە بەشیکە لە هەلسوکەوتەکانی ناو کۆمەڵگا گۆرانیان بەسەردابێت . کاتێکیش شارستانییە نوێکە دەتوانێت ڕیشە داکوتێت و گەشە بکات کە توانای‌ چاکسازی‌ ھەبیت و لەوەی‌ پێشتر بەھێزتر و گونجاوتر بێت، ھەر تاکێکیش کاتێک دەچێتە ناو کۆمەڵگەیەکەوە کولتوورێکی‌ جیاوازی‌ لەوەی‌ خۆی‌ ھەبێت و ھەوڵبدات لەگەڵ دۆخە نوێکەیدا بگونجێت، ئەوە تووشی‌ زیان لێکەوتنی‌ کولتووری‌ دەبێت و دواجار بەھاکانی‌ کۆمەڵگە نوێکە ئاوێتەی‌ کەسێتی‌ خۆی‌ دەکات.
بۆ گەشە پێدانی ئەخلاقی تاک کە بتوانێ کاریگەری هەبێت لە سەر کۆمەلگا ،ناکرێ لە چەمکی دێمۆکراسی لە ناو خەڵک وحکومەتدا بەهەند وەرنەگرین .زۆر کەس پێناوایە کە خودیی دێمۆکراسی هەنگاوێکی زۆر خراپە لە سەر خانەکانی ئەخلاق لەناو تاکەکاندا .واتە دێمۆکراسی هانی تاکەکان دەدات کە پابەند نەبن بە بەها مروییەکانەوە . تاک وایی لێدی کە ئەوەی بۆ خۆیان پیان خۆش بوو ئەنجامی بدەن .بەلام ئەگەر بێت و مرۆڤ لە قالب بدرێت واتە ببستریتەوە بە ئیدەیەک یان دینێک و دیانەتێک ئەوە ناچار دەبێت پەیرەوی لە بەها ئەخلاقیەکان بکات . ئەمە لایەنێکی بیرکردنەوەی هەندێک زانا و بیرمەندن بۆ پاراستنی ئەخلاق .ئەوان پیانوایە دێمۆکراسیە کە کاردەکاتە سەر گۆرینی ئەخلاق و نا روونی لە چەمکەدا پێکدێنێت .بە پێچەوانەی ئەم بیرووبۆچوونە ،بە رایی من سیستمی پەروەردە و دێمۆکراسی لە ناو کۆمەڵدا بە هاوتا دەتوانن ببنە بەردی بناغەی ئەخڵاقێکی ساڵم و جوان لە ناو کۆمەڵگادا .ئەگەر لە سەرەتاوە مناڵ فێری ،لاسەکردنەوە ،شاردنەوەی راستیەکان لە دایک و باوک ،چوککردنەوەی کەسیەتی ،رێگا پێنەدانی لە هەلسوکەوتەکانی رۆژانەی ،شکاندنەوەی بەردەوام ،دوورخستنەوەی لە رووداوەکانی کە رۆژانە دەبیندرین و بە هەڵە تێگەیاندیان ،هاندانیان بۆ خۆ زال کردن بە سەر بەرانبەریاندا و دەیان کردار و ئاکاری دیکە دەبنە ئەو کەسانەی کە پابەند نەبن بە ئەخلاقە کۆمەڵایەتیەکانەوە .هەر بەستێنەیەکدا بێت .
بە چاوخشاندنیک بەسەر گەشە ئابوری و سیاسیەکاندا دەتوانین نمونەی دەیان وڵات بێنینەوە کە لە کۆڵۆنی ژیانێکی ئادیدەلۆژیەوە خۆیان گەیناندۆتە ناو سەنتەری ئازادیە بەهادارەکان و لەم نێوەندەشدا بونەتە کۆمەڵگایەکی سالم و دوور لە هەرەزەکردنی کۆمەڵ ژیان بەردەوامدەکەن .نەک بە شکڵی رەها بەلکو بەشیوەیەکی نیسبی.لە هەر کۆمەڵ و نەتەوەیەکدا ئەگەر بەها مروییەکان لە بەر چاو نەگیرا ،ئەگەر یاسا سەروەر نەبوو ،{ئەو یاسایەی کە دور بێت لە بەندو زنجیر }.ئەگەر ریزی تاک وەک خۆی لەبەر چاو نەگیرا ،بەها ئەخلاقیەکانیش لەبەرچاو ناگیرێن .وەک نمونە .: لە ناو رۆژهەڵاتیەکاندا بێگوێدانە هەست و شعوری بەانبەر کەرامەت وکەسایەتی تاک دادەروشێنن وەکی ئیشارەمان پێکرد .واتە ئەخڵاق لەناو ئەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا هیچ بەها و ئەرزشێکی نییە .ستیسمی پەروەردە بە جۆرێکە کە هەر لە سەرەتایی مناڵیەوە کەرامەتی مناڵەکە وەرد دەکەن،رەزیل و بی دەسەڵاتی دەکەن .ئەمکردەوانەش گوایە بۆ ئەوەی ئەوانی دیکە چاوترسێن بکەن یان گۆران لە سەر مناڵەکە بنیاد بنیێن، بەو شێوەیەی کە بۆ خۆیان دەیان هەوێ .بەڵام بە پێچەوانە ئەم کردارە دەبێتە بناغەی بێ ئەخلاقی تاکەکان و هەر ئەم تاکەش لە کۆتاییدا دەسەلات دەگرێتە دەست و هەمان کردەوە ئەنجام دەدات کە لە ناو ماڵ و لە ناو قوتابخانە لە گەڵیدا کراوە .نمونەی ئەو سەرکردانەش کەم نین کە بە شێوەیەکی زۆر وەحشیانە هەڵسوکەوتیان لە گەڵ خەڵکی خۆیاندا کردووە .
شاخە و لک و پۆپی ئەخلاق راستە لە کرداردا وەک یەک نین ،بەڵام لە ئاکامدا هەر لە یەک شوێن ئاو دەخۆنەوە کە لێوەوەی هاتوون .مرۆڤ ناکرێ جیا بکرێتەوە لە رووداوەکانی دەورووبەیدا.هەر ئەو رووداوانە دەبنە هۆکاری ئەخلاقی باش و ئەخلاقی ناپەسەند .دیارە لە سەر خودی ئەخلاقی باش و ئەخلاقی ناپەسەند بیروبۆچونی جیا لە ناو زانا و کۆمەڵناساندا هەیە . بۆچوونی سفستایه‌كان لە تیئوری ئاكار دا ... تیئۆری ئاكار ، لقێكی زۆر گرنگه‌ ، چونكه‌ پشكنین و به‌دواداچوون ده‌كات بۆ ڕه‌فتارو هه‌ڵس و كه‌وت و شێوازی مامه‌ڵه‌ كردنی مرۆڤ له‌ گه‌ڵ ئه‌و به‌هایانه‌ی كه‌ به‌ پێی لێكدانه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵگا بە باش و سالم په‌سه‌ند دەکرێت‌ ، ئەوەش وادەکات کە جێاوازییه‌كانی " باشە و خراپه‌" ی ڕه‌وشتی مرۆڤ دیاری بکات، کردار سەرئەنجامی هه‌ڵسوكه‌وت ئاکاری مرۆڤه‌ به‌پێی ئه‌و به‌هایانه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگا بۆ مرۆڤی دیاری ده‌كات . ئه‌و به‌هایانه‌ش به‌ درێژایی مێژوو كۆمه‌ڵگا و تاك له‌ ڕێگای په‌یوه‌ندی و هاونشین بوون و چالاكی كرداری هاوبه‌ش له‌ سەرەتای فامەوە تا مردن به‌ ده‌ستیان هێناوه‌ ، كه‌ بریتیه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ پرێنسپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ تاكه‌كان له‌ سه‌ری ڕێك كه‌وتوون و بووه‌ته‌ كولتورو داب و نه‌ریت و ده‌بێت مرۆڤ پابه‌ند بێت پێیه‌وه‌ و ناوی نراوه‌ "ئه‌خلاق . گەر مرۆڤ پێچەوانەی ئەم نەریتانە براوات واتە لە ئەخلاق لایداوە .بە رای بەندە ئەم جۆرە بیرکردنەوە لە سەر ئەخڵاق تێروانێنێکی زۆر هەڵەیە ناکرێ ئەوەی بە پێچەوانەی نەریتە باوەکان بێت ئەوە بە ئەخلاق نزم یاخود دور لە ئەخلاق دابنرێت .گه‌ر مرۆڤ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌هایانه‌ ڕه‌فتارو هه‌لسوكه‌وت بكات به‌ لای كۆمه‌ڵگاوه‌ ده‌ر چوونه‌ له‌ ئه‌خلاق یاخود به‌ كرداری نائه‌خلاقی ناو ده‌برێت .

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 1268 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact