. . . .


8 Oct 2013

ئه‌وانه‌ی میژوویان دروست کرد


وچانێک له‌ هه‌وشار و پشوویه‌ک له‌ کوێستانه‌کانی ماینبڵاغ

ئا: هەمزە ئاگووشی

-- داوام لە نەوەی داهاتوو ئەوەیە کە مێژووی پر لە سەروەری و حەماسەخوڵقێنیی نەوەکانی پێش خۆیان لەبیر نەکەن

*کاک حه‌سه‌ن سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی که‌ به‌ ئێمه‌ت دا، بۆ ئاشنایی زیاتری خوێنه‌ران ده‌کرێ خۆت بناسێنی و له‌ قۆناغی منداڵی و مێرمنداڵیت بۆمان بدوێی؟

-- منیش سوپاسی ئێوەی بەڕێز دەکەم کە ئەو دەرفەتەتان بۆم ڕەخساندم.
من حەسەن ئوستادی ، کوڕی عەبدوڵڵای میرزا شوکروڵڵام. لە ساڵی ١٣٣٤ ی ههتاوی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی له‌ گوندی قۆزڵووی هەوشار چاوم بە دونیا هەڵێناوە. لە تەمەنی ٧ ساڵیدا نێردراومەتە بەر خوێندن لە قوتابخانەی گوندەکەمان. ئەمن تا پۆلی پێنجی سەرەتاییم خوێندووە. قۆزڵوو زیاتر لە ٤٠٠ تا ٥٠٠ ماڵی تێدابوو، بەڵام قوتابخانەکەی تا پۆلی پێنجی سەرەتایی بوو. ئەو خوێندکارانەی کە مەبەستیان بوو بەردەوام بن لە خوێندن دەبوو ڕوویان لە شاری تیکاب یان سایەنقەڵا کردبا. ئەو دوو شارە لە نەتەوەکانی کورد و تورکی ئازەری پێک هاتوون، بەڵام تورک باڵادەست بوون و لە بواری کولتووری و مەزهەبیشدا جیاوازیمان زۆر بوو. تورکەکان به‌ مه‌زهەب شیعە بوون و ئێمەی کوردیش سوننی بووین.،هەر بۆیە فەرق و جیاوازی زۆریان لەگەڵدا دەکردین.
بەشێک لە خزم و کەسمان لە سایەنقەڵا دەژیان، بۆیە ڕووم لەو شارە کرد بۆ بەردەوام بوون لە خویندن. لەگەڵ منداڵی پورێکمدا دەچووم بۆ قوتابخانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە پورەکەم هاوسەرەکەی تورکی ئازەری بوو، منداڵەکانیشیان شانبەشانی باقی تورکە ئازەرییەکان لە قوتابخانە بە چاوی سووکەوە سەیران دەکردم.
تا شەش مانگ بەردەوام بووم لە خوێندن، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆریان ئازار دهدام، ڕۆژێکیان بۆ سەردان ڕووم لە گوند کرده‌وه‌و ئیتر بڕیارمدا نه‌چمه‌وه‌ قوتابخانه.
لە ئەوەڵی بەهاری هەمان ساڵدا، باوکم ناردمییە بەر خوێندنی ئایینی لە لای مەلا شێخ جەلالی ئەسعەدی. بەڕاستی مەلایەکی زۆر باش و کوردپەروەر بوو، سەد ڕەحمەت لە گۆڕی. هەر لە لای ئەو لەگەڵ چەند هاوڕێیەکمدا بۆ ماوەی چوار ساڵ خویندنی قورئان، گولستان و بوستانم تەواو کرد.
لەدوای کۆتاییهێنان بە خویندن، براکانم نەیانهێشت کاری وەرزێری بکەم و هەر لە گوندەکەی خۆمان دوکانێکیان بۆ دانام و لەگەڵ باوکمدا دەستم دایە کاسبی . هەر بەهۆی کاسبیکردنەوە زۆر هاتووچۆی شارەکانم دەکرد و لاوێکی چاو کراوە بووم. خەڵکی ناو گوندەکەمان بەزۆری خەریکی فەرشکردن بوون و ئەمن کەرەستەی چنینی فەرشم لە شارەوە بۆ بەشێکی زۆریان دەهێنا کە قازانجەکەی شەریکی بوو.


*ده‌کرێ باسێک له‌ هه‌وشار و هه‌ڵکه‌وتی جوغرافی و لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و ناوچه‌یه بۆ خوێنه‌ران بکەی؟

-- هەوشار سەر بە پارێزگای ورمێیه، بە پێی ئەو دابەشکردنە ئیدارییەی کە کۆماری ئیسلامی کاری پێ دەکات، به‌ڵام بەبێی دابەشکردنی ناوچەیی لە کوردستاندا هەوشار سەر بە پارێزگای موکریانە. هەروەها کەوتووەتە بەینی شاری تیکاب، سایەنقەڵاو فەزوڵابەگیی بۆکان. هەوشار ناوچەیەکی بەربڵاوە کە ٢٨٠ تا ٣٠٠ گوند لە خۆ دەگرێت و هەڵدەکشێت بۆ تەختی سولەیمان و لەگەڵ زەنجان هاوسنوورە. دیارە ژمارەی دانیشتووانی ناڕوونە بۆ من، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە لە شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە ئاگاداری سەرژمێری ئەو ناوچەیە نیم. ژمارەی هەرە زۆری دانیشتووانەکەی لە کورد پێکهاتووە، بەشێکیش تورکی ئازەری و چەرداوڕوویی تێدا نیشتەجێیە. چەرداوڕوویەکان لە شارۆچکەی مەحموودجخ و دێهاتەکانی دەورووبەری نیشتەجێن.

هەوشار بەسەر دووناوچە دا دابەش دەکرێت.
١. ناوچەی محاڵی سەروو کە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ڕێگای تیکاب- سایەنقەڵا
٢. ناوچەی محاڵی خواروو کە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی ڕێگاکە بەرەو سایەنقەڵا و دۆڵی موسڵان و زاخۆران دەڕوات کە چۆمی جەغەتوو سنوورەکەی پێک دێنێت. لە بەشی باکوورییەوە موسڵانیەکان و زاخۆرانیەکان نیشتەجێن. بە پێی سەرچاوەکان ئەم خەڵکە لە موسڵ و زاخۆوە ڕوویان لە هەوشار کردووە. ئەم خەڵکە خۆیان وەک کورد لە قه‌ڵه‌م دەدەن و زاره‌وه‌یان لە کوردەکانی هەوشار جیاوازه‌و هەروەها دابونەریتی تایبەت بە خۆیان هەیە و مه‌زهه‌بیشیان شیعەیه.
بەشەکانی تری هەوشار بە زاراوەی سۆرانی و کەلهوڕیی کرماشانی دەئاخڤن.
دوو ڕێگا ناوچەو شارەکانی سەر بە هەوشار بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە بریتین لە ڕێگای تیکاب بۆ تەختی سولەیمان و ڕێگای تیکاب بۆ سایەنقەڵا.
کوێستانەکانی ناوچەی ماینبڵاغ سەرچاوەی ئاوی زۆرە کە چۆمی قەورە پێک دێنێت، بە نێوان گوندی قسقۆپی و تۆمەراغاج دا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە ناو چۆمی جەغەتوو. پاشان چۆمێکی تری هەیە بە ناوی چۆمی سارۆخ کە لە سەرچاوەی ئاوی کوێستانەکانی ئاغدەرە و قسقاپان پێک دێت.
شایانی باس کردنە کە لە زنجیرە چیاکانی سەهەند و سۆڵان بەفر ساڵەوساڵ دەمینێتەوە و هەر ئەو بەفرەیشە کە دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی ئه‌و چۆمانە.
چۆمی سارۆخ دەڕژێتە ناو سەدی کورشی کەبیر کە دەکەوێتە بەینی هەوشار و بۆکان.
ئەو ڕووبارانە بوونەتە هۆی سەرچاوەیەکی گرینگی ئابووری لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا. هەروەها چۆمەکان دەوڵەمەندن بە بوونەوەری ژێر ئاوی کە ئەویش سەرچاوەیەکی گرینگی ئابوورییە.
هەروەکوو باسمان کرد کە خاکی هەوشار خاکێکی بە پیت و بەرەکەتە، لە هەمان کاتیشدا شاخەکانی لە بواری کانزاییەوە زۆر دەوڵەمەندن وەکوو زێڕ، زێو، زەڕنێق، مس و گۆگرد. لەوانیش کانگای زێڕی ئاغدەرەو زەنجان. هەروەها بەردی مەڕمەڕ کە لە پشت گوندی گێچەقەڵاسی کە هەتا ئێستا حکومەت کارخانەی لێ دروست کردووەو بەردەکەی دەفرۆشێت. پاشانیش کارخانەی چیمەنتۆ لە بەینی گوندی ئاغەجەری و قسقۆپی. شاخەکانیشی بریتین لە بەیان، ئاسمان بڵاغی، کێوەڕەش، سوروسات، بێژنگ بەسەرە، شاخ شاخ، تەوێڵەکۆ و سوورە قەڵا.
ostadi-1.jpg
شوێنە مێژووییەکانیشی وەکوو تەختی سولەیمان، قەڵای کەرەفتوو، زیندانی نەبی کەندی، قەڵای کچان، ئەشکەوتی بەیان، کونە ورچ و کونە مانگا. شایانی باسە تەختی سولەیمان ئاوێکی گەرمی هەیە کە بۆ زۆر نەخۆشی که‌ڵکی لێ وهردەگیرێت. ئاوی گەڕاویش هەیە کە بۆ نەخۆشی پێست سوودی خۆی هه‌یه. شارێکی کۆنی مێژووییش هەیە کە لە بەر کێوی بەیان و پشت گوندی قۆزڵووی هەوشار هەڵکەوتووە.
لە بواری هونەریشدا خەڵکەکەی دەستڕەنگینن و یەکێک لە کارە دەستییەکانیشیان فەرشی هەوشارە کە لە کوردستان، ئێران و جیهان دا بەناوبانگە.


*چۆن بوو تێکه‌ڵ به‌ سیاسه‌ت بووی؟

-- بۆ سەردان چووم بۆ شاری تاران بۆ لای چەند هاوڕێیەکەم کە لەوێ کاریان دەکرد. پاش چەند ڕۆژێک مانەوە شاری تارانم زۆر پێ خۆش بوو، بۆیە هەر لەوێ مامەوە بۆ کارکردن. هەر لەوێ دوای ماوەیەک ئاشنایەتیم لەگەڵ چەن خوێندکارێکی زانکۆ پەیدا کرد. هەر لەو خەتەوە بوو لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەدا دەستم دایە کاری سیاسی. یەکێک لەوان ناوی کاک ئەبوبەکر بوو کە خەڵکی بانە بوو. مرۆڤێکی تێگەیشتوو و زانا بوو. ناوبراو داوای لێ کردم کە لە متینگێکی زانکۆدا بەشداری بکەم کە ڕۆژی هەینی بوو. متینگەکە کاتژمێر ٢ی نیوەڕۆ دەستی پێ کرد. خەڵکێکی زۆر بەشدار بوون. کاک ئەبوبەکر لەو متینگەدا لەگەڵ چەند کەسانێکی تر کە من نهمدهناسین، وتاریان پێشکەش کرد. ساواک و چڵکاوخۆرەکان، هەر کە زانیان متینگەکە بەئاقاری سیاسیدا دەڕوات، تێکیان داو خەڵکەکەیان بڵاوە پێکردو بەشێکیشیان گرت، ساڵی ١٣٥٦ بۆ ٥٧ بوو. ئەمن لەدوای ئەو ڕووداوە گەڕامەوە بۆ گوندەکەی خۆمان. وردە وردە لە شارەکان دەنگۆی ناڕەزایەتی دژ بە ڕژێمی پاشایەتی دەستی پێ کرد. ئەمنیش ئەو بەسەرهاتەی تارانم بۆ باوکم گێڕایەوە. ئەویش زۆری پێ خۆش بوو. لەبەر ئەوەی ناوبراو پێشمەرگەی دەورانی کۆماری کوردستان بوو. ناوبراو لە خوای دەخواست کە شتی وا ڕوو بدات. باوکیشم هەندێک باسی دەورانی خۆی بۆ کردم کە لەو کاتەدا کۆمار چۆن دامەزرا و کۆتایی پێ هات. بەهۆی باوکمەوە زۆر شت لە بارە ی کوردایەتییەوە فێر بووم.
هەر ئەوە بوو بە بنەما و هەوێنی بەشداریکردنم لە دامەزراندنی یەکیتی لاوان لە گوندەکەی خۆماندا. لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی وه‌ک کەریم خزری، حەمە ساڵح وەلیزادە، عەبدولڕەحمان قسمەتی و ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتی لاوان بووین . لە ماوەیەکی کورتدا ژمارەی ئەندامەکانمان گەیاندە ١٠٠ کەس. لە ناو ئەندامەکانماندا سەرمایەیەکمان کۆ کردەوەو دوکانێکمان پێ دانا، لە دژی ئەو دوکاندارانەی کە گرانفرۆشیان دەکرد.
لە شیرکەت تەعاونی شاری سایەنقەڵا کەلوپەلمان بە هەرزان دەهێناو بە نرخێکی گونجاو دەماندایەوە بە خەڵک. خەڵکی گوندەکەی خۆمان ئەو هەنگاوەی ئێمەیان زۆر پێ باش بوو و ڕازی بوون. لە گوندەکانی دەوروبەریش یەکێتی لاوانمان دامەزراند. لە ڕێپیوانەکانی ناو شاری سایەنقەڵایش بەشداریمان کردووە.
لەدوای دامەزراندنی یەکێتی لاوان و پاش ماوەیەک، بەرێز کاک سەید ڕەسووڵی بابی گەورە لە لایەن حیزبەوە بۆ جەولەیەکی سیاسی و نیزامی هاتە ناوچەی هەوشار. بە هاتنی سەید ڕەسووڵ، خەڵکەکە زۆر خۆشحاڵ بوون. ناوبراو بنکەو بارەگای حیزبی لە قۆزڵو و گوندەکانی دەوروبەر دانا. خەڵکەکەیش بەدەم بانگەوازی ناوبراوەوە هاتن و چەکیان لە شان کرد. باوکم چەکی بۆ خۆی و منیش کڕی و هەر لەو کاتەوە بووم بە پێشمەرگە. لە دوای گەڕانەوەی سەید ڕەسووڵ بۆ دەفتەری حیزب، لە لایەن حکومەتەوە هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ مەجلیس دەستی پێ کرد. حیزبیش کاک یوسفی ڕزوانی وەک نوێنەری هەوشار دیاری کرد بۆ مەجلیس.
به‌ڵام به‌ هێندێک هۆکار کاک یوسف له‌ ناوچه‌ی هه‌وشار ده‌نگی نه‌هێناوه‌ و پاش ڕۆیشتنەوەی کاک یوسف بۆ لای ده‌فته‌ری سیاسی، حیزب کاک سەدیق باباییان ڕەوانەی ناوچەی هەوشار کرد. کاک سەدیق بابایی مرۆڤیکی هەڵکەوتوو بوو، هەم لە بواری سیاسی و هه‌م له‌ باری نیزامیدا. زۆر هەنگاوی باشی هەڵگرت.
ناوچەی هەوشار هێزی خۆی نەبوو، لکێک بوو لە هێزی بەیان. لە دوای هاتنی ناوبراو بڕیار درا کە لکی هەوشار لە هێزی بەیان جیا بکرێتەوەو ببێت بە هێزی شەهیدانی هەوشار. لەدوای پەسەندکردنی ئەو بڕیارە پۆل پۆل لاوانی خوێنگەرمی هەوشار لەو هێزەدا چەکیان کردە شان. حکومەتیش له‌کۆکردنه‌وه‌ی هێز غافڵ نەبوو و ڕۆژ بەڕۆژ هێرشەکانی بۆسەرمان زیاد دەکرد و شەڕ هەر بەردەوام بوو. لە هەمان کاتیشدا کاک سەدیق دەستی کرد بە دانانی ڕێکخراوەکان. کە پێکهاتبوو لە ٧ کومیتە ناوچە. بۆ هەر کومیتەیەکیش ٥ کادری بۆ دیاری کرا. لە هەندێک ڕێکخراودا کادرمان کەم بوو، هەر بۆیە کاک سەدیق داوای کرد کە لە کومیتە شارستانەکانی ترەوە هاوکاریمان بکەن. حیزبیش کاک مەلا برایمی جەهانگیری ناسراو بە مەلا برایمی حاجی وەک بەرپرسی ڕێکخراوی جەغەتوو دیاری کرد. عومەر حامیدی، حەمەساڵە وەلیزادە و ئەمن لەو ڕێکخراوەدا دەستمان کرد بە کارکردن.
لە بەهاری ساڵی ١٣٥٨ لە لایەن کومیتە شارستانەوە بڕیار درابوو ئه‌و مه‌ڕدارانه‌ی کە دەچوون بۆ مایەنبڵاغ، ئاغدەرە و قسقاپان ، هه‌وارانه‌یان لێ وەربگرێن. ئەمن وەک بەرپرسی ئەو بەشە دیاری کرام. لەگەڵ پەلێک پێشمەرگە بەرەو هەوارگەکان بەڕێ کەوتین. ئەوە بۆ یەکەمین جار بوو کە حیزب هه‌وارانه‌ لە کوێستانچییه‌کان وەربگرێت. حکومەتیش دەستی دایە پیلانگێڕی بۆ ئەوەی ڕێگریمان لێ بکات، بەڵام بەهۆی قارەمانەتی و چاونەترسیی پێشمەرگەو هاوکاریی خەڵک، ئەو هەوڵەی ڕژێم سەری نەگرت و ئێمەیش کۆڵمان نەداو بەردەوام بووین لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانمان.
حکومەت زۆر جار بە شەو هێرشی دەکردە سەرمان، بەڵام زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ لە ناوچەکە ماینەوەو لە دوای وەرگرتنی هه‌وارانه‌ گەڕاینەوە بۆ کومیتە شارستان. بە ئەنجامگەیاندنی ئەو ئەرکە، کومیتە شارستان زۆر خۆشحاڵ بوون. کاک مەلا برایمیش لە ناوچەکەدا هێزی بەرگری دامەزراند. شایانی باس کە ناوبراو زۆر چالاک بوو و خەڵکیش زۆریان خۆش دەویست.
لە دوای ئەو مەئمورییەتە ئەمن وەک کادری بەشی ماڵی ڕێکخراو دیاری کرام. لە لایەکی تریشەوە هێزی هەوشار بەردەوام بوون لە چالاکیکردن و کاک سەروان سابیر بۆ ماوەیەکی کورت وەک فەرماندەی هێز نێردرا بۆ هەوشار. لەو کاتەدا چەند چالاکییەکی بەرچاویان ئەنجام دا. پاش ٢ مانگ کاک سەروان سابیر بۆ دەفتەری سیاسی ڕەوانە کراو لە جێگەی ناوبراو کاک عەلی پێشکاری دانرا. شەڕ هەر بەردەوام بۆ لەو ماوەیە دا و لە هێزەکانی بەیان، پیرانشار و سەردەشتەوە کۆمەک بۆ هەوشار دەنێردرا. بۆ نموونە لەو هێزانەوە شەهید کەریم عەلی فه‌رمەرز و شەهید سەعدون بارزان لەگەڵ پەلێک پێشمەرگە هاتن و پاش چەند چالاکییەک گەڕانەوە.
هەر لەو ماوەیەدا شەهید ئەحمەد خانزاد ناسراو بە ئەحمەد ڕەسووڵی لەگەڵ پەلێک پێشمەرگەی پیرانشار هاتنە هەوشار و بەشداربوون لە چالاکییەکاندا. بەڕاستی کاک ئەحمەد ڕەسووڵی پێشمەرگەیەکی زۆر قارەمان و چاو نەترس بوو. لە ناو پێشمەرگەو خەڵکدا زۆر خۆشەویست بوو.
ostadi2.jpg

*به‌رپرسانی ئه‌و کاتی حیزبی له‌و ناوچه‌یه‌ کێ بوون؟

-- هەروەکوو لە سەرەوە ئاماژەم پێ کردووە، ئەو کەسانەی کە من لەبیرم ماوە بریتی بوون لە کاک یوسف ڕزوانی نوێنەری حیزب بۆ مەجلیس، سەدیق بابایی بەرپرسی کومیتە شارستان، سەروان سابیر فەرماندەی هێز، سەعید خانی ئەفشار فەرماندە هێزی دیواندەرە بوو. بۆ ماوەیەکی کورت وەک هاوکار لە هەوشار بوو، عەلی پێشکاری فەرماندە هێز، مراد قادری بەرپرسی تەشکیلات، سەروان وریا و سەروان جەلالی (ئەفسەری تورک بوون) فەرماندەی هێز و خودادادی بەشی ماڵی کومیتە شارستان.
پاشان مەلا ڕەسوڵی پێشنماز بەرپرسی کومیتەی شارستان بوو، مەلا محەممەدی عەباسی فەرماندەری هێز. مەلا ڕەسووڵی لەشکری به‌رپرسی ڕێکخراو پاشان کرا بە بەرپرسی کومیتە شارستان. عومەر بابامیری و مەلا ئەحمەد مرادی وەک بەرپرسی بەشی قەزایی. مەلا محەممەد سەمەدی وەک بەشی تەشکیلات. مەلا سەیفوڵڵا وەک بەرپرسی بەشی ماڵی. خالیدی محەممەدیان بەرپرسی ڕێکخراوی سوروسات و پاشان کرا بە بەرپرسی بەشی شەهیدان. سەدیق فەڕوخیان جێگری کومیتە ناوەندی و بەرپرسی کومیتە شارستانی هەوشار بوو. سەید کامیل حەیدەری بەرپرسی کومیتە شارستان. جەعفەر کۆمەڵە فەرماندەی هێز و شۆڕش باشماغی فەرماندەی هێز. ئەحمەد عوسمانی گروهبانی شارەبانی بوو کە لە حیزب دا کادری قەزای بوو.
ostadi3.jpg

بەرپرسەکانی کومیتە ناوچە: شەهید محەممەد قوربانی، حەمەساڵح وەلیزادە، خالیدی محەممەدیان،حەسەن ئوستادی.
جێگری هێز: محەممەد زوڵفەقاری (سەرلک) و عەباس ئەکرەمی (فەرماندە لک).
فەرماندە لک و (عەمەلیات): شەهید سمایل سەمەدی (مامۆستای شۆڕش)، سەدیق ئەدیمی، کەریم عەبدی( کادری ناوچە)، هادی شاهمرادی (فەرماندەی عەمەلیات)، ئیرەج بوزێر جەمهوری (فەرماندەی عەمەلیات)، عەبدولڕەحمان ڕەزایی، عەبوبەکر فەیازی، موزەفەر تەیموری فەرماندەی عەمەلیات، شەهید سەعدوون دۆمینە، شەهیدان عەلی ئەمینی و عەلی نەسیری فەرماندەی دەستە.

*ئه‌رکه‌کانی حیزبیت له‌کام هێز و کومیته‌ شارستان ده‌ست پێکرد؟

-- هەر وەکوو لە سەرەوە ئاماژەم پێ کردووە، ئەمن لە کومیتە شارستانی هەوشار دەست پێ کردووە. ئەو ئەرکانەی کە بەمن سپیردراوە، بریتی بوون لە کادری بەشی ماڵی، بەرپرسی ڕێکخراو و تەشکیلات، بۆ ماوەکەیه‌ک شۆرایی لەگەڵ دوو هاوڕێ بە ناوەکانی حەمەساڵە وەلیزادە و محەممەد زوڵفەقاری کومیتە شارستان و هێزمان بەيڕێوە برد. لە کۆتایشدا پاش شەهیدبوونی سەید کامیل حەیدەری ئەمن وەک بەرپرسی کومیتە شارستان دانرام. ئێستاش وەک ئەندامی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بەردەوامم لە ئەنجامدانی ئەرکی حیزبی.
ostadi-3.jpg

*ده‌کرێ به‌ کورتی باسێک له‌و شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوونانه‌ بکه‌ی که‌ دژ به‌هێزەکانی کۆماری ئیسلامی تێیاندا به‌شدار بووی؟

-- ئەو دەرگیری و شەڕانەی کە من ئێستا لەبیرم ماوە بریتین لە:
شەڕی قسقۆپی کە وەلی پۆسکەن فەرماندەی سپای پاسدارانی بۆکانی تێدا کوژرا، کە قەولی دابوو ناوچەی هەوشار پاکسازی بکات. ناوبراو مرۆڤێکی دڕندە بوو کە زۆری بۆ خەڵکی شاری بۆکان هێنابوو.
شەڕی ئاغەجەری کە بە فەرمادەیی شەهیدان کەریم عەلی فه‌رامەرز و سەعدوون بارزان کرا، گوندی حەسەن لەولان کە لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە سووتێنرا بوو، ئازاد کرایەوە.
شەڕی پایەگای قشڵاغ لە خوارووی گوندی قۆزڵوو بە فەرماندەیی مەلا محەممەدی عەباسی و شەهید عەلی باڵدار کە لەو شەڕەدا زەبرێکی کوشندەمان لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی وەشاند. لەو شەڕەدا ١١٠ پاسدار و بەکرێگیراو بەشدار بوون تەنها دوو کەسیان دەرچوون. ئەو دوو کەسەش لە تاریکیدا لە خوار پایەگا چووبوونە سەردار کە پێشمەرگەکان نەیاندیبوون ڕزگاریان بوو.
شەڕی سەرپردی ساحێو کە دەکەوێتە نێوان شاری سەقز و دیواندەرە، بە فەرماندەیی یەدوڵڵای حاجی کە بە بەشداری ٢٥ پێشمەرگە لە کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ دەستی پێ کرد. لەو کەمینەدا زیاتر لە ٢٠ ماشین تێکشکێندرا و سەرنشینەکانشی کوژران تەنها یەک جاش لەو شەڕەدا دەرچوو. لەپاش دەستکەوتی سەربازی، ١٨ تۆن جۆ کە ماڵی جیهاد سازندەگی بوو، گیراو بەسەر دێهاتەکانی دەوروبەردا دابه‌ش کرا .
شەڕی کانی سپی کە بە شەو هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەوریان گرتبووین . لە کاتژمێر پێنجی بەیانی شەڕ دەستی پێکرد و تا شەشی ئێوارە بەردەوام بوو. لەو شەڕە دا ژمارەیەکی زۆر بەکرێگیراو کوژران کە نزیکەی ٣٠٠ کەس دەبوون. شەڕەکەش بە فەرماندەیی یەدەی حاجی بوو، کە هێز و کومیتە ناوچەکانی تر بەشدار بوون و شەڕی ماڵەوماڵ بوو کە لە گوندی کانیە سپی سەروو کرا. فەرماندە لکێک بەناوی هەڵۆ سەقزی و مام سەلیم خەڵکی سانجووت و چەند پێشمەرگەیەکی تر شەهید بوون کە بەداخەوە ناوەکانیانم لەبیر نەماوە.
بەشداریکردن لە شەڕی کوڵتەپە کە لکی ٢ی هێزی هەوشار کردی بە هاوکاری لکی ١ و ٣ کە لە گوندەکانی دەوروبەرەوە هاتن . لەو شەڕە دا پاسدار لە سێ لاوە هێرشیان کرد کە ئێمە لە بەشی ساروقامیش بە فەرماندەیی شەهید سەعدوون دۆمینە بەرەنگاریان بووینەوە. تا کاتژمێر ٤ی دوای نیوەڕۆ شەهید سەعدوون بەرەنگاری هێزی ڕژێم بووەوە لەگەڵ سێ پێشمەرگەی تردا بە ناوەکانی حەمەکەریم پیرانی، حوسێن دەستبەست و بەداخەوە ناوی یەکێکیانم لە بیر نەماوە کە هەرسێکیان شەهید کران و لە کۆتاییدا شەهید سەعدوون بە شاهیدی خەڵکی گونده‌که‌ هەستابووە سەر پێ و گوتبووی کە " جاش و پاسدارەکان نەڵێن سەعدوونمان کوشت، ئەوە ئاخرین فیشەک کە بەخۆمییەوە دەنێم بۆ ئەوەی بە زیندووی نەکەومە دەست ئێوە".
لە شه‌ڕگه‌کانی تری ئەو شەڕە کە لە گوندی کوڵتەپە کرا ، ٧ پێشمەرگەمان بەداخەوە ئەسیر کران و ٣ پێشمەرگەیشمان شەهید بوون ناوی دوو پێشمەرگەم لە بیرە بە ناوەکانی ڕەسووڵ ئەولادی خەڵکی قۆزڵوو و کەریم قارەمانی خەڵکی ئەحماوا، بەڵام بە داخەوە ناوی ٣یەم کەسم لەبیر نەماوە. زەرەری دوژمن یەکجار زۆر بوو. کوژراو و بریندارێکی زۆریان هەبوو.
بەشداریکردن لە شەڕی شارۆچکەی هۆڵەسوو، کە بە شەو چووینە ناو شار و هەڵمانکوتایە سەر پایەگای دوژمن. لەو شەڕەدا ژمارەیەکی زۆر بەکرێگیراو کوژران و تەنها دوو پێشمەرگە بریندار بوون.
شەڕی سەر ڕێگای سەقز بۆ دیواندەرە کە لەو شەڕە کەمینمان بۆ هێزی دوژمن داناو زیاتر لە ١٥ سەرباز و بەسیج ئەسیر کران.
شەڕی ناو گەندی قۆزڵوو کە پایەگایەکی ڕژێمی لێ بوو. لەو شەڕە دا ئێمە چوار نەفەر چووینە ناو دێ کە لە ڕاستیدا مەبەستمان شەڕکردن نەبوو، بە پێچەوانەوە بۆ کاری سیاسی چووبووین. ئەو سێ پێشمەرگەی کە لەگەڵمدا بوون، شەهید عەباس ئەکرەمی، شەهید فەرەج زارعی، مەنسوور سۆفی بوون. هەروەها چەند پێشمەرگەیەکی تر لە ناو گونددا خۆیان حەشار دابوو. ئێمە پێشوو ئاگادار بووین کە بەکرێگیراوەکانی ئەو پایەگایە خەڵکیان ئازار دەدا. ئەو ڕۆژە کە چووین بۆ ناو دێ و لەوێ شەومان بەسەر برد، کاتێک بەیانی هەستاین بۆ نان و چایی خواردن، دیتمان کە پاسدار لە پایەگاکەیانەوە بەرەو ناو گوندەکە بە ماشین بەڕێ کەوتن. ئێمەیش بڕیارماندا کە کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ لێیان بدەین. لە کاتژمێر ٢دا کاتێک کە بە ماشێن دووبارە هاتنەوە بۆ ناو دێ بۆ ئاوبردن لە کانی ئەو گوندە، ئێمە هەڵمانکوتایە سەریان و ماشێنەکەمان سووتاند و سی سەرنشینەکەیش کوژران. لە دوای ئەو چالاکییە و دەرچوونی ئێمە لە ناو دێ، ئەو پێشمەرگانەی کە لە ناو دێ مابوون، لە گەل گرووهی زەربەت دەرگیر بوون. تا کاتژمیر ٦ی ئێوارە ڕزگاریان نەبوو. ئەوەبوو کە لە خوارەوەی دێ یەکمان گرتەوەو لە دێی حەسەنلوو نانمان خوارد و بەرەو شاخی بەیان بەڕێ کەوتین کە دەکەوێتە ڕووبەڕووی گوندی قۆزڵوو.
ostadi5.jpg

*په‌یوه‌ندی خه‌ڵک له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ چۆن بوو؟

-- پەیوەندی خەڵک لەگەڵ پێشمەرگە زۆر توندوتۆڵ بوو. لە ڕاستیدا هەر پێداویستییەکی پێشمەرگە بیخواستبایە خەڵکی هەوشار بۆیانی دابین دەکرد، چونکە پێشمەرگە کوڕو کچی ئەو خەڵکە بوون، بۆیە لە ناو خەڵکەکەشدا خۆشەویست بوون.

*خۆشترین و ناخۆشترین بیره‌وه‌رییه‌کانی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیت چی بوون؟

-- خۆشترین بیرەوەری کە من لە یادم بێت لە کاتی پێشمەرگایەتیدا ئەوە بوو کە چ کاتی سەرکەوتن لە شەڕدا و چ له‌ کاتی زه‌ربه‌خواردندا، پێشمەرگەکان قه‌ت ورەیان لەدەست نەدەداو دەستان دەکرد بە هەڵپەڕکێ و خۆشی. سروودی "هیچ هێزێک نییە کورد لەناو بەرێت" یان ده‌گوته‌وه‌ ورەیان بەرزتر دەبوو. ostadi6.jpg
ناخۆشترین بیرەوەریم لە شەڕی زستانی ١٣٦٣ بوو کە هەوشارمان شەش مانگ بەجێ هێشتبوو. یەکەم جار بوو گەڕاینەوە بۆ جەولەیەکی سیاسی و نیزامی. ئەوەبوو کە لە ناو بەفری کوێستانەکانی ماینبڵاغ، قسقاپان و ئاغدەرە دەرگیر بووین کە دوو شەو و ڕۆژ ماینەوەو پێنج پێشمەرگەی ئەسیر و پێنج تا شەش پێشمەرگەیشمان شەهید و بێسەروشوێن بوون . هەروەها زیاتر لە هەشت پێشمەرگەیش دەست و پێیان سەرما بردی.

*حه‌ز ده‌که‌ی دوا وته‌ت بۆ خوێنه‌ران چی بێت؟

-- من داوام لە نەوەی داهاتوو ئەوەیە کە مێژووی پر لە سەروەری و حەماسەخوڵقێنیی نەوەکانی پێش خۆیان لەبیر نەکەن کە لە پێناوی گەیشتن بە ئازادی و سەرفرازی نەتەوەکەیاندا گیانیان بەخت کردووەو درێژەدەری ڕێبازەکەیان بن بۆ وەدەستهێنانی ئاوات و ئارەزووەکانیان بۆ ڕزگاری نیشتمان لە دەست داگیرکەران.
هەر شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی نەتەوەکەمان کە بە خوێنی شەهیدان نەخشێنراوە.

بگه‌رێوه‌|ئەم بابەتە 2438 جار بینراوە| بینێره‌| چاپ
Facebook| My Yahoo| Twitter| google




start|copyright © 2009 kdpmedia.org|contact